یادیان بە خێر! حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور

بیر و خەیاڵ هەڵمدەگرێ و دەمباتەوە ئەو دەمانەی کە قوتابییەکی چوست و چالاک بووم. زۆر بیرەوەریم وەک فیلمی سینەما بە پێش چاواندا دێن: ئەو کاتانەی مانگی ڕووژوو دەکەوتە وەرزی گەرمایی سەر سەکۆی ئەمبەر و ئەو بەری دەرگای مزگەوتی سەرچاوەی سەردەشتێ و دوو سۆینەی سووری تەژی لە بەفراو کە ڕۆژووەوانان ڕۆژوویان پێدەشکاند و خۆیان لە تێنوویەتی پازدە شازدە سەعات ڕۆژووەانی دەر دەکرد. یادی بەخێر!

هەڵوای گەزۆی پڕ لە کاکڵە گوێزی یاسەی حاجی خەلیلی و شەربەتە بە تام و چێژەکەی حاجی ڕەحیمی خورشیدێ کە دەیگووت: ” ساردە و خوورەی نایێ …” دەگەڵ بۆنی چزەی سووری کەبابەکەی بەربانگی عەلی و ڕەحمەتی مینەی شێخەی. یادی بەخێر!

فنجانێن، میرگزیر کێن، کڵاوەمستێن و گۆری بازێنی قاوەخانەی حاجی قادری قاوەچی و سەید ئەحمەدی و بانگ و سەڵای بەربانگ و پارشێوانی حاجی ڕەحیمی مام کەریمی، نوێژی تەراویح و تەپڵ لێدانەکەی پارشێوانی ساڵحی مەحموودی کەریمی و کولیچە بەڕۆنی کوردی بیست و حەوتی ڕەمەزانانێم دێنەوە یاد. یادی بەخێر!

دوو کووپە سوورە زلەکەی بەر دەرگای دووکانی خەلیفە ئەحمەدی نازێم دێنەوە یاد کە ئەم مرۆڤە سادە و ساکار و دڵ سافە بەیانی‌یان لە وەرزی هاوین دا دەگەڵ ئەنگوتنی یەکەم گزینگی تاوێ، تاوی دەدایە سەتڵ و گۆزەی ئاوی و لە ئاوە زوڵاڵەکەی سەرچاوێ پری دەکردن و تەژی لە بەفرە سپیەکەی چاڵە بەفرەکانی پشت ماڵەیانی دەکرد کە هەموو زستانان بۆ خێر و خێرات یان بە نرخێکی ڕەمزی و کەم پڕی دەکردن لە بەفر، ئەم بەفراوە سارد و کەللەتەزێنە هێندە خۆشبوو کەم کەس بە خواردنەوەی پیاڵەیەک و دوان لێی تێر دەبوو، ئێستا کە بین بە سەهۆڵاو ئاوی نێو بەفرگرەوە دەنێم ئەو ئاوە سەرتەزێنەم دێتەوە یاد کە قەت تامی ئەوی لێنایە. یادی بەخێر!

کرێکار و زەحمەتکێشانی شار و خەڵکی گوند و دێهاتەکان بە خواردنەوەی ئەو ئاوە سازگارە نەبێ تینوویەتییان نەدەشکا و کاتێک نۆشیان دەکرد هەزار ڕەحمەتیان بۆ مامە خەلیفەی و بنەو بنەچەکەی دەناردن. یادی بەخێر!

مام ئەحمەدی دڵ ساف و سادە هێندە بە خەڵکییەوە ماندوو بوو خەمی خەڵکی لەبەر بوو کە ژن و پیاو و پیر و لاوی ناوچەکە دەیانناسی و ئۆگریبوون. یادی بەخێر!

منی پێنووس کۆڵی ئاوارە و ماڵ بە کۆڵەوە کە لە دەشتی پیرە کۆیە، شاری “حاجی” سڕو سیپاڵم لێ بە عەرزیدا داون یان باشتر وایە بڵێم بە زۆری زۆرداری لێرە سڕو ستپاڵیان پێ بە عەرزیدا داوم، کوا دەتوانم بە نووسینی رێ چوار دێران ئەو چاکەی مام ئەحمەدی نازێ بخەمە ڕوو، بەڵام چبکەم شوانە وێڵەم و دیارییەکەم ئاڵەکۆکە و لەو قوڕەی هەر ئەوەندە تۆزە هەڵدەستێ.

مام ئەحمەد دەگەڵ خات خورشیدی خێزانی دا ئەوەی کە دەڵێن: ” گڵی ژن و مێردان لە یەک جێگا هەڵگیراوە …” لە چاکە و چاکە خوازیدا بۆ خۆیان نەبێ کەس هاوتایان نەبوو، دەتگوت سێوێکن و دوو لەتت کردوون، ئەو دوو زاتە پاکە ئەگەر ڕۆژێکی چەند کاری چاکیان نەکردبایە محازەڵڵا شەوێ بە بیرێکی ئاسوودەوە سەریان نەدەخستە سەر سەرین. یادی بەخێر!

کاتێک کەسێک ئەم دونیایەی بە جێدەهێشت و خواحافیزی لە کۆری یاران دەکرد، مام ئەحمەد بە پاچ و پێمەرە تایبەتییەکەیەوە بە بێ سێ دوو کردن خۆی لە گۆرستانی سارە خنجیلانەکەی سەردەشتێ دەدییەوە و تا خەڵکی دەهاتن نیوەی گۆرەکەی هەڵکەندبوو. مام ئەحمەد حیکمەتێکی دەکارەکەیدا هەبوو هێندە خیبرەیی تێدا وەدەست هێنا بوو کە گۆڕی زۆربەی بنەماڵەکانی سەردەشتێی پێ دەزانی و کاتێک یەکێک لە ڕووی ناشارەزایی‌یەوە بە مەبەستی قەبر هەڵکەندن پاچی دادەوەشاندە شوێنێک، مام ئەحمەد زوو دەیگووت: ” نەکەی قەبرە! ” و کاتێک لەو جێ‌یە هێندێک خۆڵ هەڵدەدرایە دەرێ دەردەکەوت کە قسەکەی مام ئەحمەدی راستە. یادی بەخێر!

کاتێکیش بە گوێرەی ڕەسما یاسای ئەو زەمانی سەردەشتێ، نیرگە ” دارێکی زل و زەبەلاح “یان بۆ مزگەوتێک یان کانی و ئاوێکی شار لە دوورەوە بە شان و پیلان دەهێنا، ئەوە یەکەم کەس مام ئەحمەدی نازێ بوو کە بە نێو شاردا دەگەڕا و خەڵکی و بە تایبەتی گەنجە بە تین و تاقەتەکانی ئاگادار دەکردەوە و بۆ خۆشی تا نیرگەی تایین دەگەیشتە جێ ئارام و ئۆقرەی لێ هەڵدەگیرا ـ یادی بەخێر!

مام ئەحمەد هێندە دەبیر خەڵکیدا بوو خەمی هەمووانی لەبەر بوو خەمەکانیانی دەگەڵدا بەشدەکردن، بە تایبەتی گوندنشینە زەحمەتکێشەکان زۆریان ئارا دەگەڵ ساز بوو هەر بۆیە نۆبەرەی نایابترین میوە لە پێش هەموواندا ئی وی بوو. یادی بەخێر!

باشترین شانە هەنگوین و هەنگوینی شەمەتریلکە کە وەک دەڵێن دەردەداران وەک چاو ئێشەداران بە دوایدا دەگەرێن و لە تاران و تەورێزەوە بۆی دەهاتن لە پێشدا لە لای مام ئەحمەدی نازی نەبێ لە لای کێ دەستدەکەوت. ئەویش بە نرخێکی هەرزان و ڕەمزی دەیدا بە خوازیاران. یادی بەخێر!

کە باسی دایە خورشیدێ خانمی خانمان دێتە نێو باس و خواسان خۆ ناکرێ هەر ئاوا تیژ تێپەرم و لە باسی ئەو هەموو بە مشوورییەی خۆ ببوێرم. هەر کە سەرما و سۆڵە بارگەوبنەی دەپێچایەوە و گیا و گۆڵ سەری لە سوێیان وەدەردەنا هەر لە گەڵا مێوەوە بگرە تا تا ئەو کاتەی سەرما و سۆڵە بە لەقەلەق و وەک میوانی چ جاران نەهاتوو بە سەریدا دەداین و میوەجات لە کەمیی دەدا و دەبڕایەوە، ئەو خانمە لە هەر شتەی هێندێکی بەو سەلیقە جوانەی هەڵدەگرت بۆ لێقەوماو و خوازیاران. یادی بەخێر!

کاتێک دەتدی لە چلەی زستانێدا کە ددان، ددانی مەدەگرت، نەخۆشێک و سێ‌بەرۆدارێک تەبیاتی دەچۆ شووتی، ئەوا بە بێ سێ‌و دوو لێکردن ماڵی مام ئەحمەد و دایە خورشیدی بە مشووریان دەهاتە بیر و بە هەڵەداوان هانایان بۆ دێنا و بە دەستی پڕ دەگەڕانەوە. یادی بەخێر!

خۆ باسی ئەو گژوگیا بۆن و بەرامە خۆشە کوێستانی‌یانەی وەک. هەڵز، بیزا، جاترە، بەیبوون، گیاخاو، ڕازیانە و هی‌تر هەر ناکرێ کە دایە خورشیدی بە مشوور ویشکی دەکردن و دەتوورەکەی خامی خاوێندا هەڵیدەگرتن بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک ڕووی لێنا بە دڵخۆشی بە ڕێی بکا بە تایبەتی ئارەقی جاترە و نەعنا و گولاوی دەستی دایە خورشیدێ چەندان نەخۆش و ژانەزگ گرتووی لە دەردە و ژان ڕزگار کردوون. یادی بەخێر!

دایە خورشید لە گیا دەرمانیدا دەستی هەبوو، زۆر لەم گژوگیایانەی کە لە ناوچەی سەردشتێ‌دا زۆر و زەوەند و بە دەردی دەڵێن بە پای پیلانن، ویشک دەکردن و دەیدا بەو کەسانەی کە پێویستیان پێبوو. نووسەری ئەو دێرانە جارێک نا دەیان جار گوڵە هێرۆ و شیری بە دەستی ئەو خانمە دەچاوان کراوە کە ئەو کات دەیانگووت ” چاوی داهاتوون ” و زۆر جاران کە لە شەڕە گەرەکێ سەر و پۆتەڵاکمان دەشکا و خوێنمان بەلاجانگێ دا دەهاتە خوارێ هانامان بۆ دایە خورشیدێ دەبرد و بۆی دەرمان دەکردین. یادی بەخێر!

خۆ ناکرێ لە باسی ئەو ترشیاتە بە تام و چێژ و هەرمێ کرووزییانە خۆ ببوێرم کە دایە خورشید دە لیتەی ترشیاتی دا هەڵی دەگرتن لە کاتێک دا دەیهێنانە دەرێ وەک کارەبای زەردیان دەنواند و ئەگەر کەسێک ڕۆژی جێژنان یان لە میوانداریدا زیاد لە ئەندازەی دەخوارد و بە کوردی تەبعی دەکرد، خۆی بۆ ترشیاتی دایە خورشیدێ دەکوتا و بە دەستی پڕ دەگەڕایەوە. یادی بەخێر!

زۆرجاران دەگەڵ تاقە دۆستی گیانی بە گیانیم ” محەممەد نەزیر ” کوڕی مام ئەحمەد و دایە خورشیدێ ساتێک بێ یەک هەڵمان نەدەکرد، کاتێکی میوە لە هیچ جێگەیەکی نەدەما، خۆمان بە ژێرخانەکەیان دا دەکرد و ئێستا پێیەکمان لە دیوی دەرێبوو بە بۆنی میوەی جۆراوجۆر سەر مەست دەبووین و نەماندەزانی دەست بۆ کامیان بەرین:

ترێی سەر قووڵە، مام برایمە، بۆڵمازوو، تەیافی، کشمیش کە بە میچی ژێرخانەکەوە میللاق کرا بوو، یان هەرمێ مام سارمە، کرووزی خڕێ مەسێسی، هەرمێ نێوڕەشی شەڵماش و ترشیان و گەوەلان و دەرماناوێ و دۆڵەگەرم وئەسپەمێزەی کە لە هەرزاڵێدا سەرانسوێیان دەکرد.

یان سێوە لا سوورەی زێوەی و هەناری بێتووش و مەزرێ و ئەشکان و خوارەمیر و هەرزنێ یا ڕستە هەنجیر و نانەهەنجیر و باسووخی بێتووش و دولکان و مێرگاسێ. کاتێک بە خۆمان دەزانی مڕ دەبووین و هەر بۆیە بە قسەی خۆمان دەمانویست بە ئەسپایی و بێ چرپە خۆ دەرباز بکەین بێ خەبەر لەوەی کە دایە خورشید لە دیوی سەرێ هەستی پێدەکرد و دەهاتە خوارێ و زوو دەیگوور: ” بۆ ناڵێن بۆتان بێنم؟!”. دەمانگووت: ” شتی دزییەتی خۆشترە … ” چۆن بە دوو سێ هەرمێی تۆ ڕازی دەبین. خوات لێ ڕازی بێ. یادی بەخێر!

یادو بیرەوەری دەگەڵ کوێرەوەریی و جەوری زەمانەی نابار دا هێندە زۆر و زەوەند و پەڕشوو بڵاون کە ناکرێ لە یەک دوو لاپەرەدا کۆیان بکەمەوە. یادی ئەو خەڵکە سادەو ساکارە ئەو هەموو بنەماڵە بەرێزانەی سەردەشتێ دەکەم، ئەو ژن و پیاوە بە شەرەفانە ( ئێستاکە وا بزانم هێندێ سەرەخڕ و نەوە و نەتیجەی ناباریان لێ پاشەکەوت بوون کە داوێنی هێندێکیان خەوشدار بووە ئەوەی جێگەی داخە). لەوانە کە بگوزەرێین ئەوانی دیکە هەر هەموویان جێگای ڕێز و جێگەی هیوا و هومێدن. قەت لە یادم ناچن. یادیان دەکەم، یادیان بەخێر ـ یادی بەخێر.

حەمەرەسووڵ حەسەنپوور

کۆیە

٠٢ ـ ٠٨ ـ ١٣٨٣ ی هەتاوی

٢٥ ـ ١٠ ـ ٢٠٠٤ ی زائینی

تێ‌بینی: ئەم کورتە نووسینە لە کاتی خۆیدا لە ماڵپەری گیارەنگ دا بڵاو کراوەتەوە و لەبەر داخوازی هەندێک لە خوێنەران جارێکی دیکەش بڵاومان کردەوە.

ماڵپەری گیارەنگ