مه‌رگی کاک حه‌مه‌ده‌مین بناوه‌یی و بیره‌وه‌ریه هه‌رده‌م له یاده‌کان
نووسینی: عه‌لی دره‌ختی
رۆژی ١٩ ـ٠٢ ـ ٢٠١٤ هه‌واڵی کۆچی دوایی کاک حه‌مه‌ده‌مینم بیست. هه‌واڵی مه‌رگی کاک حه‌مه‌ده‌مین بۆ خزم و که‌س و هاوسه‌نگه‌رانی غه‌م و خه‌فه‌تێکی گه‌لێک گران بوو و بۆمنیش وه‌کو هاورێ و هاورێبازێکیپێشمه‌رگایه‌تی ماته‌مینه‌که‌ی تێکه‌ڵ به ده‌ریایه‌ک بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرینی ده‌ورانی پێسمه‌رگایه‌تی بوو.
ساڵی ١٣٦٨ ی هه‌تاوی به‌هۆی چه‌ند جار بریندار بوونمه‌وه، به‌ناچاری خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تیم له گومرکی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت درێژه پێدا، ئه‌وکات شه‌هیدان مامۆستا ره‌حمان شلماشی و عەبدڵڵا موساپوور و کاک حه‌مه‌ده‌مینی ره‌حمه‌تی له‌وێ بوون. له‌و ماوه‌یه‌دا بوو که پاکی و سه‌داقه‌تی کاک حه‌مه‌ده‌مینم بۆ ده‌ر که‌وت، ئه‌و که پێشتریش کاری گومرکی کردبوو، نه‌ک هه‌ر هیچ گه‌نده‌ڵی‌یه‌کی له کاره‌که‌ی نه‌کرد بوو، به‌ڵکوو رێگریش بوو له‌سه‌ر رێی که‌سانی گه‌نده‌ڵ. ئه‌وه‌ی بۆ کاک حه‌مه‌ده‌مین گرنگ بوو خزمه‌تکردن به‌حیزب و ئامانجه‌کانی شۆرش بوو. ئه‌و له‌کاتی ئەنجامدانی وه‌زیفه‌کانی رۆژانه‌ی دا براو هاوسه‌نگه‌رێکی دڵسۆز‌و له‌کاتی پشوودانی شه‌وانه‌شدا ماڵه‌که‌ی جێگای حه‌سانه‌وه‌ی ئێمه بوو. لێره‌دا ناکرێ خزمه‌ته به‌رچاوه‌کانی حەبیبه خانی هاوسه‌ری وه‌به‌رچاو نه‌گرین که وه‌کو پێشمه‌رگه و هاوسه‌رێکی به‌وه‌فای کاک حه‌مه‌ده‌مین هه‌میشه ماڵه‌که‌یان شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی ئێمه بوو. ئه‌وان و سه‌دانی وه‌کو ئه‌وان له پێناو کوردایه‌تیدا ماڵه‌کانیان له‌و خانوه کۆن و قوڕینانه دا بوون که له ماوه‌ی که‌متر له مانگێکدا شه‌ش ماری گه‌وره‌مان ته‌نیا له ماڵه‌که‌ی کاک حه‌مه‌ده‌مین و باجی حه‌بیبه دا کوشت، ئه‌وه سه‌ره‌رای تۆپبارانی رێژیم که شه‌و و ڕۆژ و وه‌خت و بێوه‌ختی بۆ نه‌بوو.
ئه‌وان هه‌مووی ئه‌و سه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریان به‌دڵ و گیان قه‌بوڵ بوو، چونکه ئاواتێکی گه‌وره‌تر له دڵ و ده‌روون هه‌ر هه‌مووماندا هه‌بوو، ئه‌ویش خه‌بات بوو له پێناو رزگاریدا.
چه‌ند ساڵ دواتر کاتێک ناچارکراین بنکه‌و باره‌گاکانمان بگوازینه‌وه قوڵایی باشوور، کاک حه‌مه‌ده‌مین له سه‌ر پێشنیاری کۆمیته‌ی شارستان ماڵه‌که‌ی له شاری قه‌لادزێ جێگیر کرد تا وه‌کو بنکه‌یه‌کی شاراوه بۆ کادره‌کانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له پێناو ده‌ستراگه‌یشتن به رۆژهه‌لاتی کوردستان که‌ڵکی لێوه‌ربگیردرێت. ئه‌و به بێ گوێدانه ئه‌و مه‌ترسیانه که له سه‌ر کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزب هه‌بوو ئه‌و پێشنیاره‌ی قه‌بووڵ کرد و به‌کرده‌وه ماڵه‌که‌ی کرده بنکه‌یه‌کی حیزبی.
دوای بیست ساڵ تێپه‌ڕین له‌و سه‌رده‌مه، قه‌ده‌ر جارێکی دی له شاری قه‌ڵادزێی باشووری کوردستان منی به‌و دوو هاوسه‌ره به‌رێزه شاد کرده‌وه. ماڵ هه‌مان ماڵی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، خانوو هه‌مان خانوو!! ئه‌وه‌ی له گۆڕان به‌دیم کرد: به جێگای قوڕ و به‌رد بلووک، به جێگای ئاوی ساردی گه‌ڵوە‌ره‌زی بناری مامه‌نده، به‌رمیلێکی فافۆنی پڕ له ئاوی شیله‌تێن ، به جێگای شنه‌با و سێبه‌ری دار هه‌نجیره‌کان، کۆنه فێنککەرەوە‌یه‌کی چکۆڵه که ته‌نانه‌ت ژووره چکۆڵه‌که‌ی ئه‌وانیشی فێنک نه‌ده‌کرده‌وه! به‌ڵام ئاماج و هیواکانیش هه‌ر له جێگای خۆیانبوون. ئه‌وان له به‌رهه‌ق بوونی رێبازه‌که‌یان دڵنیا بوون و به هیوای وه‌دیهاتنی ئاوات و ئاره‌زوەکانیانەوە بوون که خۆی له رزگاری گه‌لی کوردا ده‌دی.
رووحی کاک حه‌مه‌ده‌مین شاد‌و سه‌لامه‌تی بۆ براژنه حه‌بیب و که‌س و کاریان.