ڕۆمانێکی پێشمەرگانە! سەلاح پوورئەسەد

سەرئەنجام لەو سەری دنیا ڕۆمانی “جامانەی خوێناویی پێشمەرگەیەک”م بەدەست گەیشت کە نووسەری کتێب بۆی ناردبووم. ئەمە دووهەمین نووسینی “هەڤاڵ” لەو چەند ساڵەی دوایی دایە کە هیوادارم نووسینی دیکەشی لێ ببینین.

بە هۆی ئەوەی هەم نووسەر و هەم قارەمانەکانی نێو ڕۆمانەکە لە نیزیکەوە دەناسم ویستم بە نووسینی چەند دێڕێک هەم دەستخۆشیی لە هەڤاڵ بکەم و هەم یادێکی ڕابوردوو بکەمەوە. با ئەوەش بڵێم نە ڕەخنەگری ئەدەبیم و نە دەمەوێ سوپاسی بکەم کە ناوی هێناوم و نە دەخوازم بە شان و باڵی خۆم هەڵ بڵێم.

کاتێک هەڤاڵ لە یەکێتیی لاوانەوە بارگە و بنەی پێچایەوە و هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی بەیان، هێشتا لاوێکی تازە پێگەیوی کەم ئەزموون بوو. بەو حاڵەش زۆر زوو توانی خۆی دەگەڵ شەرایەتی سەختی نێو پێشمەرگەکان ڕابێنێ و جێی خۆی بکاتەوە. لەو ڕێگایەدا هەڤاڵ وێڕای باقی پێشمەرگەکانی دیکە برسیەتی و تینوویەتیی زۆری تەحەممول کرد، لە زۆر مەترسی دەرباز بوو، زۆری بێخەوی چێشت، ساردی و گەرمی زۆری دیت و هەوراز و لێژی زۆری بڕین. من ناڵێم تانکی دەخوارد بەڵام کوڕێکی نەترس و بە ئیمان و جێگای باوەڕی هاوڕێیانی بوو. ئەو زوو سەلماندی کوڕی ڕۆژی تەنگانەیە. هەڤاڵ کۆڵە پشتیی پڕ لە دەرمان بە پشتەوە لە سەنگەر دا برینداری دەرمان دەکردن و لە کاتێک دا گیانی خۆی دەکەوتە مەترسی دەی ویست گیانی هاوڕێیانی بپارێزێ. ئەو بە قسە خۆشەکانی دایمە ڕووحیەی دەدا بە هاوسەنگەرانی و لەکاتی پێویست دا گۆرانی بۆ دەگوتن و سروودی شۆڕشگێریی دەچڕین هەتا ورەیان بەرزتر بێ. تەنانەت لە بنکە سابیتەکان دا شانۆی دادەنا و لە ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی حیزبی کە لە بناری قەندیل دەگیران دایمە سیمای دیار بوو. هەڤاڵ هەرچەند ئەزموونی کەم بوو بەڵام ئاشنا بە کۆمەڵناسی و دەروون ناسیی خەڵکەکەی بوو و هەر بۆیەش دەیزانی چۆن هەڵسوکەوت بکا. هەڤاڵ تەنیا هونەرێکی نەبوو، ئەو خاوەن هونەری زۆر بوو کە نووسینیش یەک لەوانە. ئەم نووسینەی هەڤاڵ دەری دەخا تا چ ڕادە دەروونی کارەکتێرەکانی ناسیوە و دەگەڵ بیر کردنەوەیان ئاشنا بوە.

بەڵام لە سەر کتێبەکە، جامانەی خوێناویی پێشمەرگەیەیەک:

خاڵی بەهێزی ڕۆمانەکە لەوە دایە کە بە زمانێکی ساکاری کوردی نووسراوە و دەوڵەمەندە بە وشەی ئەسڵیی کوردی. فەرهەنگی گوند، ئەدەبیاتی ڕازاندنەوە بە وشەی جوان و کەڵک وەرگرتن لە سروشت وەک مانگ و ئەستێرە و خۆر و شتی دیکە کتێبەکەیان بۆ خوێنەر شیرینتر کردوە.

هاوکات ڕۆمانەکە نە لەدایک بووی خەیاڵە و نە خەونە. بەڵکوو چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی پێشمەرگەیە کە دیارە لەو نموونانە لە نێو خەباتی تێکۆشەراندا زۆر هەبوون. ڕاستیی ڕووداوەکە کە ژمارەیەک پێشمەرگە دەکەونە کەمینی هێزەکانی دوژمن و بریندارێک بەجێ دەمێنێ بە ڕاستی هەبوو. عوسمان پێشمەرگەیەکی تازەلاو، بەڵام فیداکار و بە ورە هەڵدەبڕێ و تاقەتی ڕۆیشتنی نامێنێ. چەندین سەعات بە تەنیا لە نێو پۆلە گەنمێکدا بە برینداری و لاق شکاوی، بە تینویەتی و برسیەتی و ماندوویی، لەبەر گەرما و ژانی زۆر، لەحاڵێک دا چوار دەوری بە هێزی دوژمن تەنراوە، چاوەڕوانی هەموو پێشهاتێک دەکا جگە لە تەسلیم و خۆ بەدەستەوەدان. ئەو ترسی ئەوەی هەیە بە زیندوویی بکەوێتە دەستی هێزەکانی دوژمن و تووشی شکەنجەی زۆر بێ. ترسی هەیە لە ژێر تیشکی بە تینی خۆر دا بسووتێ و لە تینوان بخنکێ. ترسی هەیە ڕەحمان و ئەنوەر پێشمەرگەکانی دیکە نەدۆزنەوە و نەتوانن بگەڕێنەوە لای و ڕای گوێزن. بە گشتی دەورانێکی سەختی مەرگ و ژیان سانیە بە سانیە دەگەڵ عوسمان تێپەڕ دەبێ. بەڵام هەرچی هەیە مەرگ بۆ وی زۆر هاسانترە هەتا خۆ بەدەستەوەدان و دیارە لە پێشمەرگەش هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێ.

ڕۆمانەکە سەرەڕای نیشاندانی ورەی بەرزی پێشمەرگە، باسی ترسەنۆکیی هێزەکانی ڕێژیم دەکا. بێ بەزەیی و جینایەتەکانیان دەردەخا، لە سووتاندنی مووچە و مەزرای خەڵک دەدوێ و بە گشی گۆشەیەکی چووک لە نەهامەتییەکانی خەڵکی لادێ بەدەست هێزەکانی ڕێژیم ڕوون دەکاتەوە.

هەروەها لەو ڕۆمانەدا ئازایەتی و فیداکاریی ژنانی کورد بە ڕوونی خۆ دەنوێنێ کە زۆر لە زیاتر لە پیاوان هاوکاری خەباتکاران بوون. لە ڕۆمانەکەدا “فریشتە” بۆ هاوکاریی عوسمان شێلگیر، بەڵام مێردەکەی ڕارایە. باوکی دوو منداڵەکەی فریشتە ڕەحمان و ئەنوەری دیوە بەڵام هێندەی ئازار بە دەست پاسدارەوە دیوە بە ترسەوە لێی دەڕوانێ و وەک فریشتەی هاوژینی بێ باکانە ناجووڵێتەوە.

لە هەمان کاتدا نووسەر دەستی لەسەر کەم و کووڕییەکانی پێشمەرگەش داناوە. کاتێک ڕەحمان دەڵێ “بەو هەموو هێزەوە ئێمەیان بەجێ هێشت”. یان کاک عەوڵا دەڵێ: “هەموومان هەڵەمان کرد”، ئەوەی دەردەخا کە شڵەژان و بێ بەرنامەیی و پچڕ پچڕ بوون لە نێو هێزی پێشمەرگەدا ڕووی داوە بۆیە دوای چەندین سەعات تازە دەزانن کە سێ لە هاوسەنگەرانیان دیار نین.

بە بڕوای من هەڤاڵ دەبوایە کەم و کووڕییەکانی زیاتر شی کردبانەوە. ئەوەندی من لەبیرم بێ کاتێک تەقە دەستی پێ کرد کە پاش پشوودان و قسە کردن و سیگار کێشانی گۆرین دەمانەویست درێژە بەڕێگا بدەین. دیارە بێ ورەیی و ترسەنۆکی هێزەکانی ڕێژیم وای کرد زەبری قورسمان وێ نەکەوێ دەنا دەبوو تەلەفاتی زۆر بدەین. بەو حاڵەش سەرلێ شێواوی و بێ بەرنامەیی وای کرد کە ئەو چەند کەسە بەجێ بمێنن و کەس نەزانێ. هەڵبەت هەڵەکە هی پێشمەرگە نەبوو بەڵکوو لە بەرپرسانی سیاسی نیزامییەوە بوو کە نەدەبوو وەپشت گوێ بخرێ. هەڤاڵ بۆ وەی نەکەوێتە بەر ڕەخنە خێرا بەسەر ئەو بەشەدا دەرباز بووە .

پێم وایە شتێکی دیکە کە نووسەر دەبوو سەرنجی دابایە کەڵک وەرگرتن لە وشەی دادە و کاکە و مامە و خاڵە و نەنەیە کە نەدەوبوو کەڵکی لێ وەرگرتبا، هەرچەند ناوی فریشتەی بۆ ئەو ژنە بە جوانی دیاری کردوە.

نووسەری ڕۆمان بە باشی دەورگێڕەکانی ناسیوە و باسی کردوون. ئازایەتیی مەجید و تاسەی بۆ جگەرە، توند و تۆڵیی خاڵە حەسەن و ناڕوونیی لە دەربڕینی وشەکان دا، کەللە ڕەقیی ڕەحمان و نەترسییەکەی، مەندی و لەسەرخۆیی کاک عەوڵا شێنانی، بێ ڕیایی و دەست و بردی عەلیزادە و محیەددین، ورە و کورد پەروەریی عومەر سەلیمی و زۆر کەسی دیکەی بەجوانی دەرخستوون کە خوێنەر هەست دەکا زۆر لە قارەمانەکانی ئەو داستانە نیزیکە.

دیارە ئازایەتیی پێشمەرگە دەکرێ سەدان داستان و ڕۆمانی بۆ بنووسرێ و ببێتە مایەی بەرهەمهێنانی فیلم و زۆر بواری دیکەش. بۆ نموونە ئەو تیمە تەشکیلاتییانەی “ئەبووبەکر و جەلیل” ئاسا دەچوونە قەتڵگا و دەبوونە خەڵووز بێ ئەوەی کەس بەرپرسایەتیی شەهید بوونیان وەئەستۆ بگرێ. یان شەهید کرانی قاسمی باقی و ئەحمەدی خزری و گەلێک باسی دیکەی نێو ژیانی پێشمەرگە کە هیوادارم هەڤاڵ کۆڵ نەدا و ئاوڕیان لێ بداتەوە.

هەر خوێنەرێکی کورد “جامانەی خوێناویی پێشمەرگەیەک”ی خوێندبێتەوە بێگومان ئافەرین بۆ کاک ڕەسووڵی سوڵتانی دەنێرێ کە بەو پێشەکییە جوانەی بایەخی کتێبەکەی بەرزتر کردوە و هەروەها بە زەحمەتەکانی کاک عەلی لالە و کاک ئەیووب شەهابی ڕاد دەست خۆشی دەڵێ.