رۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵ دا ـــ رەزا شوان

جگەرگۆشەکانمان، کوردیلە خوێن شیرین و چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان، کە نەوە و هیوای دواڕۆژی کوردستانن .. گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن .. تۆی ژیانن و، درێژەدەری مانمانن .

منداڵەکانمان سپاردەیەکی زۆر گەورە و هەستیارن، لە ئەستۆ و لە بەردەستی دایکان و باوکاندان .. چارەنووس و دواڕۆژێکی گەشتر بۆ کورد و کوردستان، پەیوەستن بە رادەی بایەخدانمان بە ئامادەکردن و بە راهێنانی منداڵانی ئەمڕۆمانەوە .

هۆشی ناسکی منداڵ، زەوییەکی بەیارە، نەکێڵراوە و تۆو نەکراوە .. لاپەڕەیەکی سپییە و هێشتا هیچ پیت و رستەیەکی لەسەر نەنووسراوە .. هەویرێکی نەرم و شلە و هێشتا نەکراوە بە هیچ .. چۆن گۆش و پەروەردە و ئاراستەی بکەین، ئەوەی لێدێتە بەرهەم .. کورد وتەنی : ” چی بچێنین، ئەوە دەدوورینەوە “

بێگومان گۆشکردنی راست و پەروەردەکردنی دروستی منداڵان ، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نین .. پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان، تەنها دابینکردنی خۆراک و شوێن خەو و جلوبەرگ و بابەتی یاریکردن نییە .. بەڵکو پەروەردەکردنی دروست، بنیاتنانی کەسایەتیی منداڵانە، کە گەورەکانی دواڕۆژن .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە دابمێنین و نەتوانین بەسەر کۆسپ و ئاستەنگییەکانی رێی پەروەردەکرنی منداڵاندا سەربکەوین .. بە تێگەیشتن و بەڵەدبوون لە هەڵسوکەوت و، لە بنەماکانی نەشونما و گەشەکردن و پێشکەوتن و، بە شارەزاییمان لە قۆناغەکانی هەراشبوونی منداڵان و، پێویستییەکانی هەر قۆناغێک، دەتوانین هەل و دەرفەت بڕەخسێنین و کارئاسانی بکەین و، کۆسپ و کێشەکان لغاو بکەین و سەرکەوین بە سەریاندا .. بەر لە هەموو شتێ پێویستە دایکان و باوکان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست .. رۆشنبیر و شارەزابن، خۆیان بۆ ئەم ئەرکە پیرۆز و هەستیار و چارەنووسازە، ئامادەبکەن و رابهێنن .. چونکە دایک یەکەمین مامۆستای منداڵە و، ماڵیش ( خێزان ) یەکەمین قوتابخانە و ژینگەیەتی .

هەندێ لە دایکان و باوکان، هێمنی و بێدەنگی منداڵەکانیان، لە یەکەمین ساڵەکانی تەمەنیاندا، بە مایەی خۆشی و شادییان دەزانن، شانازی بە ئەوەوە دەکەن، کە هێمنی منداڵەکانیان بۆ پەروەردەکردنی راست و باشی ئەمان دەگەڕێتەوە .. بەڵام بەبێ ئەوەی دایکان و باوکان هەست بەم راستییە بکەن .. کە توێژەران و پزیشکە دەروونییەکان، جەختیان لەسەر ئەم راستییە سەلمێنراوە کردوون، کە هێمنی و بێدەنگی و گۆشەگیری و شەرمکردن، زۆر مەترسیدارترن، لە لاساری و لە کەلەڕەقی و لە هاروهاجی .

مەبەستمان لە پەروەردەکردنی منداڵ، پەروەردەیە بە مانا زانستی و فراوانەکەی ، هەندی کەس پەروەردەکردن، بە ملەکەچ بوونی منداڵ بۆ فرمان پێکردن و، بۆ گوێدێری بۆ ئامۆژگارییەکانیان و، رێزگرتن لە گەورەکان و، بێ دەنگی و دەم داخستن دەزانن .. ، ترسیان خستۆتە دڵی منداڵەوە و، هەموو شتێکیان لە کردووە بە ” بڤەیە “

یۆنامات دەڵێ : ” تا تەمەنی سیانزە ساڵیم .. وامدەزانی ناوم ـ دەمەت داخە ـ یە “

مەبەست لە پەروەردەی دروست ، ئامادەکردن و راهێنانی منداڵە بۆ ئەوەی لە هەموو لایەنێکەوە کەسایەتییەکی دروست و ئاسایی و سەرکەوتووی لێبێتە کایەوە، لایەنی جەستەیی، دەروونی، هۆشی، کۆمەڵایەتی .. پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵان، نەوەیەکی هۆشیار و، داهاتوویەکی باشتر و گەشتر و، ژیانێکی شیاوتر دێنێتە ئاراوە .

هەموو خێزانێک، حەزدەکات کە بە ئەوپەڕی باشی و دروستییەوە منداڵەکانیان گۆش و پەروەردە بکەن .. ئەوەی کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان ، ئەوەیە کە پەروەداکار و ئامادەکەر، ئامانجەکانیان راستبن و شیاوی جێبەجێ کردن بن و ، لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵاندا لوا و گونجاوبن ، نەک هەر خەیاڵئامێز و قسە و باسبن .. پێویستە ئەوەش لەبەرچاوبگرن، کە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و زەین و بیر و هۆشەوە جیاوازی لە نێوان منداڵاندا هەیە .

پێویستە منداڵانی ئەمڕۆمان وا پەروەردە بکەین و پێیان بگەیەنین .. کە شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن و، ئینتیما و دڵسۆزییان بۆ کورد و کوردستان هەبێت و، رێزیان بۆ کۆمەڵگاکانی تر و سەرجەم مرۆڤایەتی هەبێت و، بە سۆز و خۆشەویستی پێکەوە گرێ بدرێن و، یەکتری قبۆڵ بکەن و، ڕێز لە را و بۆچونی جیاوازی یەکتری بگرن ، خۆپەرست و خۆسەپێن نەبن و، دووربن لە دەمارگیریی ئایینی و رەگەزی و لە تایفەگەری و، لە خێڵ وعەشیرەتبازی، دووربن لە رکەبەرایەتی و توندوتیژی و لە رق و دووژمنایەتی و تۆڵە سەندنەوە.. هەردەم هیوا و گەشبینی و بڕوابەخۆبوون بخەینە دڵیانەوە ، ئازادبن و تەگەر و کۆسپ نەخەینە بەردەم هیوا و خواست و ئارەزوو و خولیاکانیانەوە ، لێیان بگەڕێین با خۆیان تاقی بکەنەوە .. با لە ئەزموونەکانیانی خۆیان فێربن و کەڵک وەربگرن .. با جیهانی وەنەوەشەیی و پاکی منداڵان نەشێوێنین، خەیاڵ و خەونە سەوز و شیرینەکانیان لێ تێکنەدەین .. رێز لە کەسایەتی و راکانیان بگرین . رەفتارەکانمان و مامەڵەکردنمان لەگەڵ منداڵەکانماندا راست و دروستبن .. هەڵسوکەوت کردنی دروستمان، دەبنە زامنی بەرجەستەبوونی ئەو هەموو ئەو ئامانجانەی سەرەوە و ئامانجی زیاتريش .. ئەمانەش ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی سەرشانی هەموو لایەکمانە، بەر لە هەموو کەس و لایەک ئەرکی دایکە، ئەرکی خێزانە، ئینجا قوتابخانە و کۆمەڵ و میدیا و راگەیاندنەکان، دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە خەمخۆری راهێنان و پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵانن .. هەموو لایەکیشمان لە سایەی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆزەماندا، رەنجبێوەر نابین و، سوودمەند و شاد دەبین .. راستیشیان وتووە : ” باخچەی گوڵ گەش و جوان .. شانازی بۆ باخچەوانە دڵسۆزکەی دەگەڕێتەوە” دەبا ئێمەش پەروەردەکاری دڵسۆزی کوردیلەکانمان بین و .. بۆ ئەوەی نەوەیەکی دروست و گەشبین پێبگەیەنین .. هاتنەدیی دواڕۆژێکی گەشتر لە سایەی پەروەردەکردنی دروستی نەوەی ئەمڕۆماندا .. شانازییە بۆ هەموو دڵسۆز و خەمخۆرێکی ئەم بوارە .

پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ دایکیدا، پەیوەندییەکی سۆزدارییە زیاتر لەوەی کە پەیوەندییەکی پەروەردەیی بێت .. منداڵ لە هەناوی دایکیدا دروست دەبێ و، هەر لە باوەشی ئەویشدا چاوەکانی هەڵدێنێ و، منداڵ لە سایەی سۆز و خۆشەویستی دایکیدا گەورەدەبێت .

دایکان ئەرکێکی گەورەیان لە سەرشانە و، رۆڵێکی گرنگییان لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەیە و، کە لە رۆڵی هەموو کەس و لایەنەکانی تر گرنگتر و کاریگەرترە .. ئەمەو کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی لە دایکاندا هەن، وەکو : سۆز و، خۆشەویستی و، بەزەیی و میهرەبانی و، ئارامی خۆڕاگرتن لە بەخیوکردن و پێگەیاندنی منداڵاندا .. هەموو ئەم خەسڵەتە جوانانە، پیرۆزی و شانازی و خۆشەویستی و رێزگرتن و پێزانینیان بە دایکان بەخشیون و، پلە و پایەیەکی بەرزیان لە دڵی هەموواندا هەیە .. بەشێک لەو خەسڵەتە تایبەتییانە، لە دایکایەتی گیانەوەرەکانی کەشدا هەن .

ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت کە باوکان رۆڵیان نییە و، ئەرک و بەرپرسێتی پەروەردەکردنی  منداڵانیان لە سەرشان نییە .. بەڵام نکووڵی لەوە ناکرێت، کە رۆڵی دایکان، لە گۆش کردن و پەروەردەکردنی منداڵاندا، لە رۆڵی باوکان گرنگتر و کاریگەرترن .

دایکانی رۆشنبیر و زانا و هۆشیاری کورد، سامان و سەرمایەیەکی گرنگی گەلەکەمانن، دەتوانن بە سەرکەوتوویی ماڵ بەڕێوەبەرن و، بە جوانی و بەدروستیش منداڵەکانیان گۆش و پەروردە بکەن .. ( تۆماس ئەدیسۆن ) دەڵێ : ” دایـکم دروستی کـردم “

( ئەلبێرت هۆبارد ) یش دەڵێ : ” ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت هەبێت .. زانا و رۆشنبیربە ” .. بەڵام دایکانی نابەڵەد و بێ ئاگا و نەزان، رۆڵێکی نێگەتیڤ و سەقەتیان لە پەروەردەکردنی منداڵان و، لە بەڕیوەبردنی کاروباری خێزاندا هەیە  .. بۆیە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بایەخ بە راهێنان و ئامادەکردن و رۆشنبیریکردنی دایکان دەدەن .. شای شاعیرانی عەرەب مارف رەسافی کە ( بە رەچەڵەک کوردە ـ جەباری ـ یە) دەڵێ : ” دایک قوتابخانەیەکە ئەگەر ئامادەت کرد … گەلێکی رەسەنزادە دێنێتە کایەوە “

منداڵ گەلێ شت لە دایکێوە وەردەگرێت و فێردەبێت .. چاو لە هەڵسوکەوتەکانی دایکی دەکات .. کەواتە رۆڵی دایک زۆر هەستیارە و، رەنگدانەوەی لە ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی منداڵەکانیدا هەیە و دەبێت .. کورد دەڵێ ” دایک ببینە و .. کچە بخوازە ” .. ئەگەرچی لەم پەندەدا ئاماژە بە دایکی کچ کراوە، با هەمان پەندی کوردی بە دیوەکەی تردا وەربگێڕین و، بڵێین : ” دایکی کوڕە ببینە و .. کچەی لێ مارە بکە “

هەر لەم رووەوە ( جۆن ئادەمیز ) دەڵێ : ” شانازیی ئەو هەموو ناوبانگ و پایە بەرزییانەی پێیان گەیشتووم .. بۆ دایکم دەگەڕێنەوە “

دایکانی دڵسۆز و بە سۆز : زۆر بە کورتی، کۆمەڵێک لە بنەما گرنگ و سەرەکییەکانی پەروەردەکردنی منداڵانم بۆ ریزبەند کردوون، هیوادارم سوودیان لێ وەربگرن :

یەکەم / چەخت لەسەر بنیاتنان و گەشەکردنی ویژدانی منداڵەکانتان بکەنەوە، لەرێی مەستکردنیان بە پێویستییە سروشتییەکانیان وەکو : ئاساییش و سەقامگیری و دڵنیایی، کە لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ، ئارامی و ئاسوودەیی بە منداڵان دەبەخشن .. توێژێنەرە دەروونییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەو کەسانەی بە منداڵی لە سۆز و لە خۆشەویستی  بي بەشبوونە، زۆر زەحمەتە کە کەسانێکی تریان خۆش بوێت، یا بڕوا بە کەسانی تر بکەن، کە ئەویان خۆش دەوێت .. بۆیە پێویستە لە یەکەمین رۆژی لەدایکبوونی منداڵەوە، هەموو ئەندامانی خێزان ( دایک و باوک ، خوشک و برا ، داپیرە و باپیرە ) مەلۆتکەکەیان خۆش بوێت، ئەوەش سەلمێنراوە، کە ئەو کۆرپەلەیە گەرچی هێشتا لە گریان زیاتر، هیچ قسەیەیەک نازانێت ، بەڵام هەست بەو سۆز و خۆشەویستییە دەکات .. دایکانی دڵسۆز و میهرەبان : دەتوانن لە ڕێی ئەم رەفتارانەوە، گوزارشت لە سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی خۆتان بۆ منداڵەکانتان بکەن :

(*) ماچکردنی منداڵەکانتان .

(*) سوعبەت و پێکەنین و یاری کردن لەگەڵ منداکانتاندا .

(*) بە نەرمی دەستهێنان بە سەری منداڵەکانتاندا .

(*) لە باوەشکردنی منداڵەکانتان .. بە روویەکی خۆش و گەشەوە .

دووەم / لە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکانتاندا، وشەکانی منداڵەکانتان و وشەی منداڵانە زۆر بەکارمەهێنن .. لاسایی دەنگیشیان دووبارە مەکەنەوە .. گەرچی منداڵەکانتان ناتوانن وەکو ئێوەی گەورە بدوێن .. بەڵام باش تێدەگەن .. بۆ نموونە گەر بە منداڵەکەت بڵێی  ( ئەو کەوچکەم بدەرێ ) رەنگە نەتوانێت رستەکەت دووبارە بکاتەوە .. بەڵام تێدەگات و دەچێت بۆت دێنێت .. تۆش ماچی بکە یا سوپاسی بکە یا چەپڵەیەکی نەرمی بۆ لێبدە، تێدەگات کە کارێکی باشی ئەنجامداوە .. خۆشی و شادی پێ دەبەخشێ و دەبێتە مایەی هاندان بۆ ئەنجامدانی کارێکی تر .. هیچ شتێکیش نییە کە بە قەی هاندان و ستاییش دڵی منداڵان خۆش بکات .

سێیەم / لە بەردەم ئەندامانی خێزانەکەت وکەسوکار و هاوڕیکاندا .. هەر بە ناوی خۆێەوە ناوی بەرە ، نەک ( کورە) ، ( کچێ ) .. بۆ یەکەمین جاریش بە ناو، خزمان و هاوڕێکانی خۆت و باوکی پێ بناسێنە .

چوارەم / چیرۆکی ژیانی منداڵەکەت خۆی، یا ژیانی منداڵیی خۆت، یا ژیانی منداڵیی باوکی بۆ بگێڕەرەوە .. چونکە منداڵان زۆر حەز بەم جۆرە چیروکانە دەکەن .. کە پاڵەوانی چیرۆکەکە خۆیەتی یا دایکێتی یا باوکێتی، نامۆ نین و ناسراون بە لایەوە .. بۆ ئەم مەبەستەش، دەتوانی سوود لە وێنەکانی ناو ئەو ئەلبوومە وەربگرێ.. کە لە کاتی منداڵیی خۆی یا خۆت یا باوکی گیراون .

پێنجەم / زۆر جار کە تۆ بۆ منداڵەکەت دەدوێی، ئەو ئەو بیر و خەیاڵی لای تۆ نییە و، لە شوێنێکی ترە .. جا بۆ ئەوەی وابکەیت گوێت لێ بگرێت، هەوڵبدە بە ساکاری و سادەیی و خێرایی و بێ گرێ و گۆڵ و، بە دەنگێکی ناسکی مامناوەندی بۆی بدوێی .

شەشەم / کە منداڵەکەت لە ژوورەوە لەسەر زەویدا دانیشتووە و وێنە دەکێشێ، یا ماڵە باجێنە دەکات .. تۆ بە پێوە لەگەڵیدا مەدوێ ، لە گەڵیدا دابنیشە و بەشداریی لەگەڵ بکە و ، سەرنجی بدە و بێدەنگ مەبە و، وا خۆت دەرمەخە کە نەزانیت، را و تێبینیەکانی خۆتی پێ بڵێ و، بە ئەنجامدانی کارەکەی، ئافەرین و دەستخۆشیشی لێبکە .

حەوتەم / هەوڵبدە پەیوەندییەکی باش و خۆش لەگەڵ منداڵەکەتدا  بنیات بنێیت ، رەفتار و هەڵسوکەوتت لەگەڵ منداڵەکەتدا باش و سەرکەوتووبێت ، وەکو کەسێکی سەربەخۆ رێزی لێ بگرە و، هانی بدە کە خۆی بەبێ دەسەڵات نەزانێت و، پشت بە خۆی ببەستێت و، بڕوای بە توانای خۆی هەبێت .

هەشتەم / هەردەم رەخنە لە رەفتارەکانی منداڵەکەت مەگرە، بەڵکو بە نەرمی و بە دڵێکی فراوانەوە ئاراستەی بکە و، هەڵەکانیشی بە هەڵە راست مەکەرەوە .. با جارێک و دووجار و زیاتریش کارەکانی بێ ئەنجامیش بن .. هێوا و گەشبینی بخە دڵیەوە و، هانی بدە کە بەردەوامی بێت و کۆڵنەدات .. دەتوانیت چیرۆکێکی دەربارەی شکستی و کۆڵنەدانی بۆ بگێڕیتەوە .. ( یوسف بۆبێرت ) دەڵێ : ” منداڵان زیاتر پێویستیان بە نموونە هێنانەوە هەیە، وەک لەوەی کە رەخنەیان لێبگرن “

نۆیەم / بە سەرکەوتن و ئەنجامدانی کارە باشەکانی منداڵەکەت، ستاییشی بکە و، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێ بکە .. جاروبار خەڵاتیشی پێشکەش بکە .

دەیەم / زیاد لە پێویست ناز بە منداڵەکەت مەدە و ، واشی لێ مەکە تەنها پشت بە تۆ ببەسێت و، لێی گەڕێ با پشت بە خۆی ببەستێ و، کارەکانی خۆی ئەنجام بدات .

یانزەیەم / لە ژووری منداڵەکەتدا، یەک یا دوو تابلۆ هەڵبوواسە ، کە منداڵەکەت خۆی کێشاوین و بۆیەی کردوون ..هەست بەوە دەکا، کە تۆ دان بە کارە جوانەکەیدا دەنێیت .

دوانزەیەم / شەوان بەر لە خەوتن چیرۆکێکی کورت بۆ منداڵەکەت بگێڕەرەوە .. لەو چیرۆکانە نەبن ، کە ترس بخەنە دڵیەوە .

سیانزەیەم / هەوڵبدە کە کتێبخانەیەکی قنج، لە ژووری منداڵەکەت دابنێیت، بە کۆمەڵێک کتێبی کوردی گۆنجاو بۆ منداڵا ن بیڕازێنەوە .. باشتر وایە ئەو گۆڤارانەشی بۆ بکڕێت کە مانگانە دەردەچن .. پێکەوە بابەتەکانی بخوێننەوە .

چواردەیەم / وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکەت بدەرەوە .. تەنانەت ئەگەر پرسیاری سەیر سەیریشی لێکردی .. بەڵام وریابە کە بە هەڵە وەڵامی هیچ پرسیارێکی نەدەیتەوە .. ئەو هەڵانە لە هۆش و بیری منداڵدا دەچەسپێن و، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت .

پانزەیەم / لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکدا، پەیڕەویی گرنگترین ئامۆژگاری و بنەماکانی پەروەردەکردنی دروستی منداڵان بکە .. ئەگەرچی ئەمە کارێکی ئاسان نییەو ، پێویستی بە ماندووبوون و ئارامی و پشوودرێژی و دانایی هەیە .

شانزەیەم / لە منداڵەکەت گەڕی با خوی ئەو جلانە هەڵبژێرێت، کە حەزدەکات لەبەریان بکات، بەمەش ئەوەی بۆ دەردەخەیت، کە رێز لە بڕیار و حەزەکەی دەگرێت .

حەڤدەیەم / لە ( رۆژی جیهانیی منداڵان ) دا، بە زەردەخەنە و ماچی منداڵەکەت بکە و، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بکە و، بەم بۆنەیەوە دیارییەکی جوانیشی پێشکەش بکە .

هەژدەیەم / لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی کورد دا ( جەژنی نەورۆز ) جلی کوردی لەبەرمنداڵەکەت بکە و ، پێکەوە بەشداریی ئاهەنگی نەورۆز بکەن .

نۆزدەیەم / بە شێوازێکی ساکار و ئاسان .. باسی کیمیاباران و مەرگەساتی ( شاری هەڵەبجەی شەهید) و ، جینۆسایدی کورد ( ئەنفال )ی بەدناوی بۆ بکە .

بیستەم / دایکانی دڵسۆز:  ( کوردایـەتی ) رێبازمانە و، ( کوردسـتان پەروەری ) یش پیرۆزترین ئامانجامانە .. زۆر گرنگ و پێویستە، کە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان ، بە سۆز خۆشەویستیی بۆ ( کورد و کوردسـتان ) گۆش و پەروەرد بکەن .

رەزا شوان