وەڵامی فراکسیۆن بە نامەکەی ئیلخانیزادە. تکایە با لە ئاست بەرپرسایەتیەکانماندا بین!

دوێنێ رێکەوتی ١٨ مانگی ئاپریل ٢٠١٤، سکرتاریەتی بەرێزی ک،ز،ک بڵاوکراوەیەکی بڵاوکردەوە. لەم بڵاوکراوەیەدا کە نامەیەکی هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادەی هاوپێچکراوە و، لەژێر سەردێڕی: “لەبارەی کرداری هەندێک لە هاوڕێیانەوە” لە سەر ماڵپەڕەکان دانراوە، راگەیاندنی فراکسیۆن بە نایاسایی و ناڕەوا باس کراوە.

هەرچەندە ناونیشانی نامەکە زۆر هەڵدەگرێت و دەکرا هاوڕێیانەتر سەردێڕ بۆ ئەم دەقە هەڵبژێردرێت و پێویست بە لێکدانەوەیەکی زمانەوانیی و دەرووناسیی و فامکردنی کۆمەڵایەتیی دەکات چونکە لە تۆرە و کولتوری کوردەواریدا دوو واژە و دەستەواژەی (ئەتوار و کردار) وەک ئیددۆم جێ کەوتوون پێوەندیەکی تاڕادەیەک ناسراوی دال و مەدلولی لە نێوانیاندا  هەیە. (وەک کردار جوان، یان ئەتوار جوان) چون نامانەویت بیچینە ئەم بەستێنە و لەمە زیاتر گلەییمەندبین لە زمانی بەکارهاتوو، ئەوەندە ئاماژە بە پێویست دەزانین.

لە دەقی ناوبراودا دەگوترێت کە ئێمە رێگاو رێچکەی یاسایی و پێڕەوی ناوخۆمان بۆ بە فراکسیۆن بوون نەبڕیوە. سەرەتاو پێش هەموو شتێک ئا لێرەدا و هەرچەند بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە دروستبوونی فراکسیۆن و مل نەدان بۆ ئازادیی و دیموکراسیی حیزبیی باسی پێڕەوەی ناوخۆ دەکرێت، هێشتا هەر خۆشحاڵین و وەک ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ وەریدەگرین. بە بەڵگە و لەسەر بنەمای پێڕەوی ناوخۆیش ئەگەر ئێمە هەموو ئەو خاڵانەمان رەچاو نەکردبوو کە پێڕەو باسی دەکات، ئامادەین رەخنە لە خۆمان بگرین و بە ئاسانی بیسەلمیێین هەڵە هەڵەیە لە هەرکوێنە و لە هەر لایەکەوە بێت.

بۆ هەموو ئەوانەی کە رەنگە پێڕەوی ناوخۆی ک.ز.ک ـیان نەدیتبێت لەم پێڕەوەدا تەنیا بە پێنج خاڵ ئاماژە بە دروستکردنی فراکسیۆن دەکات.

ماددەی سێی بەشی یەکەمی پێڕەوی ناوخۆی ک.ز.ک  لە سەر فراکسیۆن ئاوها دەڵێت:

١- خوازیارانی فراکسیۆنی ناوخۆیی حیزب، بەرپرسیارن لەوەی پلاتفۆرمی سیاسیی خۆیان بخەنە بەردەست ئۆرگانی رێبەریی حیزب.

٢- رێبەریی حیزبیش بەرپرسیارە لەوەی کە پلاتفۆرمی سیاسی و بوون و تایبەتمەندیی ئەم دەستەبەندییە سیاسیە بە بێ دەستکاریی بخاتە بەردەست کۆی تەشکیلاتەوە.

٣- گرووپ بەندیی یان رەسمییەتی فراکسیۆنێک لە سەر بنەمای پێڕەوی ناوخۆ ئەو کاتەیە کە لانی کەم ١٠٪ی هەموو ئەندامانی رێکخراو  پشتیوانیی لێ بکەن تا بتوانن بە شێوەی فەرمی لە مافەکانیان بەشدار بن.

٤- پابەندبوونی تەواوی فراکسیۆن بە رەچاوکردنی رێساو دیسیپلینە حیزبیەکان و بەرەوپێشبردنی ئەرکە تەشکیلاتیەکانیان پێویستە.

٥- رەچاوکردنی رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەوەی ئەندامانی کەمایەتیی سیاسی راگەێندراو بتوانن بە پێی قورسایی خۆیان لە حیزبدا، لە کۆنگرەکان، کۆبوونەوە حیزبیەکان و بەو پێیە لە کۆمیتە و ئۆرگانەکانی رێبەرایەتیدا نوێنەرایەتیی بکرێن. هەروەها لە رووی داراییەوە نەکەونە ژێر گوشارەوە و خاوەنی مافی یەکسان لەگەڵ باقی تاکەکانی تەشکیلات بن.

ئێستا پرسیار ئەمەیە کە ئێمە کام لەم خاڵانەمان رەچاو نەکردوە و زۆرینەی ک.ن. چەندە بە خاڵی دووهەم و پێنجهەم پابەند بووە و زەمینە و بەستێنی گونجاوی بۆ بوون و راگەیاندن و بەدەستهێنانی مافەکانمان رەخساندووە؟

ئێمە ئەگەرچی زیاتر لە ١٠ مانگە بە شێوەی جۆراوجۆر باسمان لە راگەیاندنی فراکسیۆن کردوە و دەیکەین، هەرچەندە لەسەر قسەی هاوڕێ عومەر چەندین جار ئێمە ئەم داخوازییەی خۆمان بە دوا داوە و بۆمان گرینگ بووە و هەیە لە کەشێکی هاوڕێیانە و دۆخیکی ئارامی سیاسیدا هەنگاو هەڵبگرین و ئەم فراکسیۆنە دابمەرزێت، بەڵام خۆ ناکرێت تا ئەبەد ئێمە چاوەڕووان بین و چاکسازیش نەکرێت و دەر لە سەر هەمان پاژنە بسووڕێتەوە. هەر بۆیە لە رێکەوتی ٥/٤/ ٢٠١٤ نووسراوەیەکمان بۆ هاوڕێ عومەر ناردوە و داخوازی راگەیاندنی فراکسیۆنمان کردووە. کاک عومەر لە رۆژی ٦ هەمان مانگدا نامەی هاوپێچی روونکردنەوەکەی سکرتاریەتی ناردووە. دواتر و لە رێکەوتی ٧/٤ لە لایەن ئێمەوە نامەیەک ئاراستەی هاوڕێ عومەر کرایەوە کە بەشێکی لەگەڵ ئەم دەقەدا بڵاو دەکەینەوە و هەر ‌ئەوەندە بە پێویست دەزانین.

لەرۆژی ٩ مانگی چواردا هاوڕێ عومەر بە سێ خەت ولامێکی بۆ ئێمە ناردۆتەوە کە لەگەڵ ئەم دەقەدا بڵاوی دەکەینەوە.

دوای ئەم وڵامەی هاوڕێ عومەر ئێمە لە رێکەوتی ١٣/٤/٢٠١٤ پلاتفۆرمی سیاسیی خۆمان رەوانەی لای کاک عومەر و ئەندامانی ک.ن. کرد بۆ بلاوکردنەوەی لە حیزبدا. کەتا ئیستاش بڵاویان نەکردۆتەوە، ئێمە تەنیا بە یەک خەت وڵام رازی بووین کە بڵێن: پلاتفۆرمەکەتان گەیشت و دواتر وڵام دەدەینەوە.  بەداخەوە  ئەمەش نەکرا. بۆ بەرچاو روونی  هەموو لایەک  دەقی پلاتفۆرمەکە  لەگەڵ ئەم نووسراوە بڵاودەکەینەوە

سەرەڕای ئەوەی ئێمە هەموو ئەم خاڵانەمان رەچاوکردوە ئێستا بە لە بەرچاونەگرتنی پێڕەوی ناوخۆ تاوانبار دەکرێین لە لایەن زۆرینەیەکەوە کە لە ماوەی کۆنگرەی سێزدەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێڕەو  ژێر پێ دەخات. بریا تەنیا یەک خاڵی ئەم پێڕەوە لەم ماوەیەدا جێ بەجێ دەکرا ئەوسا بە راستی رەوا بوو کە باسی پێڕەو بکەن. روونە کە قسەکانی نێوانمان ماوەی ١٦ مانگە درێژەی هەیە و کۆی بابەت، نامە و نووسراوەکانی ئێمە خۆی کتێبێکی ٢٠٠ لاپەڕەییە کە بە روونیی دەی سەلمێنێت ئەم گرفتە یەک شەوە لە دایک نەبووە و لە ئەگەری پێویست، هەمووی دەخەینە بەرچاوی رای گشتیی، چون ئێمە لە پێناو خەڵکدا و بۆ ئەوان سیاسەت دەکەین و پەنهان هێشتنەوەی هەندێک باسی گرینگ لە زەرەری بزووتنەوەکەماندایە، نەک لە قازانجی.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە نامەکەی سکرتاریەتدا هەندێک خاڵ هاتوون کە شیاوی وەڵامدانەوەن.

بەڕێزان دەڵێن: بۆلەتن نیوز باسی کردووین، سەرەتا پرسیار ئەمەیە بە ڕاستی پێویست بوو ئەم رستە  هەرزانە باس بکەن؟ ئایا بە چ مەبەست باسی دەکەن؟ ئەگەر ئەوە  گرینگە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێكە هەندێک لە هاوڕێیانمان بوونەتە ئامانجی بێپسانەوەی ئەم جۆرە سایتە رووهەلماڵراوانە و کەس یا سکرتاریەت نوتقی دەرنایەت، بۆ؟ چون سیاسەتی بانێکە و دوو هەوا، با هەندێک بکەونە بەر پەلامار و هەندێک لە پەراوێزی ئەمندا بمێننەوە؟! تکایە، با ئەم جۆرە باسانە ئاستی دیالۆگی هاوڕێیانەمان دانەبەزینێت.

دەڵێن لە پلۆنۆم داوای سزا بۆ دوو هاوڕێ کراوە و هەندێک لە هاوڕێیانی فراکسیۆنیش بە ڕەوایان زانیوە. ئەم خاڵە پێویستە وەک خۆی باس بکرێت. ئەگەر هاتینە باسی پلۆنۆم قسەی لەسەر دەکەین. ئایا ئەوە پلۆنۆم بوو یا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی و پێشتر ئامادەکراو؟ سەرەڕای ئەوەی پلۆنۆم بە هەر چەشنێک بوو، رێژەی پێویستی بۆ گرتنی لە بۆ سازکرا، بەڵام چۆن و بە چ  میکانیزمێک؟ با بمێنێت. بەڵێ، باسی سزای دوو هاوڕێ کرا یەکیان بەو تاوانەی ئەوەی کە سمینارێکی لا زەبت کراوە و پاشان چەند چرکە لەو بابەتە چووەتە دەرەوە و بڵاو بۆتەوە. گومانمان نییە ئەمە راستە، راست بەو مانایەی کە بەرپرسیارەتیەکەی لە ئەستۆی ئەو هاوڕێیەیە، نەک بەو مانایە کە ئەو هاوڕێیە حەتمەن ئەو ئەم کارەی کردووە. هاوڕێی دووهەم تەنیا لەسەر بنەمای کولتوری قسەی پاشملە داوای سزای بۆ کراوە کە هیچ بەڵگە و بنەمایەکی نییە. دیارە هاوڕێیان خۆیان دەزانن کەسانێک هەبوون کە دەبووایە سزای جدی بدرانایە،  بەڵام بە ئاشکرا لە تاوانەکەیان چاوپۆشی کرا، یان بە پێی نووسراوە و دێکومێنتە نێردراوەکان ئاگادارن کە چەندین جار پێڕەوی ناخۆ، راستەوخۆ و لە پێش چاوی هەمووانەوە پێشێلکراوە و دواتر چاوپۆشیی لێکراوە.

بەرێز کاک عومەر، بەڕێزان ئەندامانی ک. ن. پێمان باشە هاوڕێیانە و زۆر راشکاو و روون لەسەر بابەتی فراکسیۆن و ئازادی حیزبی کە ک.ز.ک ئەم دیاردە بە فەزیلەتی خۆی دەزانێت، رای خۆتان بەیان بکەن. لە رووانگەی ئێمەوە  فراکسیۆن تەنیا ئەبزارێک بۆ خەباتی ناو حیزب نییە، لای ئێمە ئەم دیاردە یەکێکە لە پرینسیپەکانی دیموکراسیی حیزبی و باوەڕ بە ئازادیی و فرە چەشنی سیاسیی، هەر لەبەرئەوەشە بە لامانەوە دروستە کە بیخەینە بەر دەست ڕای گشتیی کوردستانیی و دڵسۆزانی نیشتیمانپەروەر، تا ئەوانەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی جیددیەتی سیاسیی و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئازاد، کۆمەک بە بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیی حیزبی بکەن.

فراکسیۆنی داکۆکیکار لە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدەی کۆمەڵە

١٩/٤/٢٠١٤

پاش نامەی داخوازیی فراکسیۆن کە وڵام نەدرایەوە، هاوڕێ هێرش ئەم نامەیەی خوارەوەی نارد بۆ هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە

سڵاو کاک عومەر

کاکە گیان “حتما” ئاگاداریت کە نامەیەک لە لایەن ئێمەوە بۆ تۆ و باقی هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی نێردراوە/ ئەگەر وڵامێکت هەیە، تکایە ئاگادارمان بکەوە/ بۆ ئاگاداریت، ئێمە بڕیارمان داوە کە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا نامەکە میدیایی بکەینەوە/ هەر بۆیە پێمانباش بوو کە بە فەرمی جانابت ئاگادار بکەینەوە.

بە سپاسەوە

هێرش عەلیزادە

٧/٤/٢٠١٤

لە وڵامدا هاوڕێ عومەر نامەی هاوپێچی سکرتاریەتی نارد کە لە خوارەوە وڵام دراوەتەوە.

وڵامی نامەی کاک عومەر کە هاوپێچی راگەێندراوەکەی سکرتاریەت بوو:

بەڕێز کاک عومەر ئیلخانیزادە

سڵاو لە بەڕێزتان

دوێنێ، ٦/٤/٢٠١٤ وەڵامنامەیەکت لە وەڵامی داوای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی فراکسیۆن بۆ ئێمەت بەڕی کردووە.

بەڕێز، کاک عومەر ئێمە وەک هەمیشە و هەمووکات خۆمان بە پارێزەری پێڕەوی ناوخۆ و بەرنامە دەزانین.  راگەیاندنی فراکسیون لە لایەن ئێمەوە هیچ شتێک نییە جگە لە مێکانیزمێکی حیزبی و ئەساسنامەیی بۆ باشتر ئیدارەکردنی حیزب و تۆکمەتر کردنی ک. ز.ک بۆیە سەڕای هەموو ئەم تێبینیانەی خوارەوە، ئێمە پێڕەوی ناوخۆ بە یاسایەک دەزانین کە تەنزیمی رابیتەی هەموومان و حیزب دەکات و دەبێت هەموو یەکە و بڕگەکانی حیزب ملکەچی بن، دیارە بە بێ هەڵاواردن و جودایی. ئێمە بە زووترین کات پلاتفۆرمی خۆمان کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کۆنگرەی سێزدەدایە، دەنێرینە خزمەتتان بۆ کاراکردن و رێکخستنەوەی حیزب. لەگەڵ هەموو ئەم تێبینیانەی کە هەمانە.

دیارە لە حاڵەتی ئاساییدا، واتە لە حاڵەتێکدا کە ک ز ک لە سەربنەمای پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەکەی کاری بکردبا ئەو قسانەی تۆ دروست بوون. لەو حاڵەتە ئاساییەدا شایەد هەر ڕاگەیاندنی فراکسیۆنێک پێویستی نەکردایە چون کێشەکان وایان لێ نەدەهات.

ئەو نامەیەی تۆ ئێمەی زۆر خراپ ڕاچڵەکاند. ئێمە پێمان وابوو کە لە ناو هەموو ئەو خراپکاریانەدا کە روو دەدەن شایەد هەر بە شێوەیەک خراپتێگەیشتن و لێکحاڵینەبوون و زیزبوونێکی دۆستانە لە ئارادا هەبێت. بەڵام دیارە وا نیە.

بە سپاسەوە، عەبدوڵڵا کۆنە پۆشی/ بیژەن قوبادی/ باقی تالێبولعێلم/ جەلیل ئازادیخواز/ رێبوار رەشید/ هێرش عەلیزادە/ بورهان رەوشەن/ رەزا لوتفی/ حامید ساعەتی

٠٨/٠٤/٢٠١٤

………………………………………………………………………………………………..

 

بۆ سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڕێز عومەر ئیلخانیزادە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی و ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

 

بابەت: پلاتفۆرمی فراکسیۆن

سڵاوێکی هاورێیانە!

شرۆڤەیەکی پێویست

بەڕێزان، هاوڕێیان، بە چاوخشاندنێکی پەلە بە مێژووی  ١٦ مانگی ڕابردووی پاش کۆنگرەی ١٣ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەبینین کە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری زۆر گرنگی سیاسیی نەمانتوانیووە هیچ پێشرەفتێک ببینین و بە داخەوە کەش و هەوای گومان و دوودڵیی و پەیدابوونی حەساسیەت لە نێوان هاوڕێیاندا، دۆخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وای هێناوەتە ئاراوە کە دەتوانێت زەرەری بەرچاو بە هاوڕێیان و ک.ز.ک بگەیەنێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و دووبارە هێورکردنەوە و ئەوجا هەنگاوهەڵگرتن بەرەو پێشەوە، زۆر بە پێویستی دەزانین کە ئەم پلاتفۆرمە بخەینە بەردەست. دەزانن کە ئێمە لە پلێنۆمی دوودا بەشێک لەم خاڵانەمان هێنایە بەرباس لە بەر بوونی مەحفەلی پێشتر سازدراو، بەداخەوە رەچاو نەکران، دەنا ئێستا ڕێگایەکی زۆر باشمان بڕیبوو. ئێوە دەزانن گیروگرفتەکان زۆرن و هەموومان بە باشی دەزانین کێشەکان لە کوێدایە و ئەو هۆکارانە کامانەن کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی تووشی ئەم قەیرانە جددییە کردووە، بەڵام مەحفەلگەرایی و بە لارێدا بردنی باسەکان و وەکووو خۆیان باس نەکردنیان لەملاو ئەو لا، سێبەری خستووەتە سەر هەموو کارەکان. ئەو خاڵانەی کە خرایە روو لە پلێنۆمدا، لەو گرفتە واقعیانەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەتوانین یەک بە یەکیان شیبکەینەوە و نموونەیان بخەینە بەردەست کە بۆچی خاڵی ئاوا پێشنیار کراوە.

چاوەڕووانیی پشتگیریی لە هەموو ئێوەیەک دەکەین، کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵ و تەقەلای ئێمەتان بینیووە و هاوار و دادمانتان بۆ پەڕاندنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەم قەیرانە دیوە و بیستووە.

 لە سەر بنەمای بەرنامەی سیاسیی کۆمەڵە، فامکردن و تێگەیشتنی ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە چەمکی سۆسیالیزم گرێدراوی پێوەندیی نێو هەناویی سۆسیالیزم و دیموکراسیە. بەم مانایە کە سۆسیالیزمی ئێمە سۆسیالیزمێکی ئۆرتودۆکس و ئەزموونکرای مێژوویی تا ئێستا نییە کە لە شورەوی و چین و هەموو مانگە بچکۆلەکانی دەوری ئەم دوو ناوەندە ئەزموون کراوە. پێمان وایەو پێمان وابووە پێوەندیی نێوان سۆسیالیزم و دیموکراسی، پێوەندیەکی بە تەواوی دیالکتیکیە، بۆیە هەر بانگەشەیەکی سۆسیالیزم بێ دیموکراسی مەترسیی لە چاڵنانی ئازادیە مەدەنیی و فەردیی و کۆمەڵایەتیی و پیشەیی و رەگەزیەکان بە دوای خۆیدا دەهێنێت. هەروەها هەر بانگەشەیەکی دیموکراسیی بێ چەمکی سۆسیالیزم مەترسیی لە چاڵ نانی دادوەریی کۆمەڵایتی و بەرابەریی لە ژیانی تاک و کۆمەڵگادا دووچاری هەڕەشەی جیددی دەکات. هەر بەم هۆیانەیە کە لە هەموو بەرنامەی کۆمەڵەدا سۆسیالیزم و دیموکراسیی دووانەیەکی لێک جیانەکراوەن، بۆیە پێویستە هەر کات لە دیموکراسی دەدوێین، ئاسۆی سۆسیالیزم لە چاو ون نەکەین و هەرکات باسی سۆسیالیزم دەکرێت، دیموکراسی هاورا و هاوەڵی بێت، چ وەک سۆسیالیزمی دیموکراتیک چ وەک دیموکراسیی سۆسیالیستی.

ئێستایش دەرفەتێک لە بەردەستدایە کە بیقۆزینەوە. ئێمە پێمان وایە کە ئیتر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت خۆی لە ژێر پەردەی دوگم و ناتوانایی تیئۆرییدا بهێڵێتەوە. ڕێبازی ”سۆسیالیزم“ ـی ئێمە دەبێت ڕوون و قابیل بە باسکردن و تیئۆریزەکردن و پێداچوونەوەی مێژوویی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونگەرانە بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هێزێکی سەرتاسەرییە لە کوردستاندا، بەم مانایەی کە بازنەی هەڵسووڕانی کاری سیاسیی ئێمە جوغرافیای کوردستانی رۆژهەڵاتەو گەڵاڵە و موتوربە کردنی داخوازیە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلی کوردە بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بە تایبەتی هەژاران، کرێکاران و زەحمەتکێشان. هاوبەشی لە سازدانی گوتاری نەتەوەییماندا بە جۆرێک کە کۆ و تاکی کورد بتوانێت بەشێوەیەکی ئەقڵمەند و ئاوەزباوەڕ و پەروەردەیەکی کولتووریی جێکەوتوو خۆیان و ئەوی دی بناسنەوە و لە ژێر سێبەری گوتاری باڵادەست و نەتەوەی باڵادەست دەرباز بن و لە پێوندیەکی بەرابەری مرۆڤانەدا سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆیان لە هەموو رەهەندەکانی ژیانی نەتەوەدا بپارێزن و گەشە پێ بدەن.

دەرچوون لە سەردەرگومی رۆژێک نەتەوەیی بوون و رۆژێک نەتەوەیی نەبوون، رۆژێک چەپی نەتەوە نەناس و رۆژێک نەتەوەیی چەپ نەناس، تەنیا چارەی ئەمەیە کە ئێمە سۆسیالیستێکی دیموکراسی خوازی کوردین کە لە بازنە و پێناسەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا بیچم و شوناس دەگرین.

گەل و خاکی داگیرکراوی کوردستان مەکۆی خەبات و چەقی ئەندێشەمانە لە هەموو چەمک و رەهەندەکاندا. هاوهەنگاوی، هاوهەڵوێستی و هاوخەباتیمان لە گەڵ هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان وەک هەمیشە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی و ستراتیژیی نەگۆڕاوی رزگاریی نەتەوەییمانە. کۆی ئەم پرس و بابەتانە دەبێت لە کردار و هەڵوێستی رۆژانەماندا بەرجەستە ببێتەوە و بە ئاشکرا خۆی نیشان بدات.

خوێندنەوەی دروست، ناسینی وردی بزاوتە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، پیشەیی، رەگەزیی و کەلتووریەکانی ناوخۆ و، گرنگیدانی پێویست بە مانە و بینینیان وەک میکانیزمێکی بەهێز کە دەتوانن راستەوخۆ مودیریەتی گۆڕانکاری و خواستەکانی ناوخۆی کوردستان بکەن، ئەم راستیەمان لا دەسەلمێنێت کە نابێت لۆژیکی ئۆپوزیسیوونبوونی خۆمان بە سەر مێتودی کارکردنی ئەواندا بسەپێنین. یا ئەگەر لە چوارچێوەی نەزمی فیکریی و مێتودی کاری ئێمەدا نەبوون، بە نەیاری خۆمانیان بزانین.

 رێکخستن و کارکردن لەسەر بنەمای پێڕەوی ناوخۆی حیزب پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدە. کە هەر لە پلێنۆمی یەکەمەوە تا ئێستایش جێبەجێ نەکراوە.  سازماندانی هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان لە سەر ئەساسی پێرەوی ناوخۆ و سپاردنی ئەرک و بەرپرسایەتی بە هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بە پێی توانا و لێهاتوویی سیاسیی و حیزبیی و لێپرسینەوە لەسەر هەمان ئەساس.

 کوردستانی و نەتەوەیی بوون لە دژی داگیرکاریی لە سەر گەلی کورد و سۆسیالست بوونی گرێدراو بە دیموکراتیەوە بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان سێ بنەمای بنەڕەتیە کە بە پێی پرۆگرام و پەسەندکراەوکانی ئەم حیزبە پڕنسیپە، کەس بۆی نییە رەچاویان نەکات و بیانخاتە پەراوێزەوە.

پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە:

قەیران و دابڕانەکانی کۆمەڵە لە سەر هەر بنەمایەکی سیاسی و رێکخراوەیی بێت، نەیتوانیووە کەلێن و لاوازیەکانی بزاوتی چەپی کوردستانی پڕ بکاتەوە و خزمەتێک بێت بە بزاوتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد. پێمان وایە یەکگرتنەوەی کۆمەڵە لە سێ بەستێنی گرنگدا خزمەتی بەرچاو و شیاو بە پرۆسەی رزگاریی نەتەوەییمان دەکات و میکانیزمی بە هێز دەستەبەر بۆ بەریانی دیموکراسی، سۆسیالیستی و رزگاریخوازی نەتەوەیی دەکات.

یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەتوانێت مێکانیزمێکی بەهێز بێت بۆ تاو و تین بەخشین بە کۆمەڵە خۆی و بۆ پەڕاندنەوەی لەم قەیرانانەی ئێستا دووچاری بووە، هەروەها زەمینەیەکی لە بار دەڕەخسێنێت بۆ هەڵدانی چەترێکی هاوبەش بۆ هەموو بیر و رەوتە دادوەریخوازەکانی کۆمەڵی کوردەواریی. یەکگرتنەوە دەتوانێت هەنگاوێکی بە بڕست و باش بێت بۆ بەرەو دروستکردنی بەرەیەکی بەرینی کوردستانیی، هەر بۆیە لامان وایە رەوتی یەکگرتنەوە بە خەسارناسیی ورد و دانووسانی بەرابەر و هەمە لایەن لە خزمەت بەرژەوەندیی باڵای بزووتنەوەی کوردستاندایە.

بەم هۆیانە دەبێت پرۆسەی یەکگرتنەوە خێرا و بێ بیانوو هێنانەوە لە کەشێکی هاوڕێیانە و دۆخێکی ئارام و گفتوگۆیەکی بەرابەردا بە سەرئەنجام بگات و شەرەفی ئەم دەسکەوتە مێژووییە بە هۆکاری بچووک لە دەست نەدرێت.

ئێمە هەموو توانای خۆمان بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم پرسە گرنگە و ویستە بە حەقەی جەماوەری بەرینی کوردستان دەخەینە گەڕ  تا وڵامێکی شیاومان بە خواستی جەماوەر دابێتەوە و لە ئاست بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆماندا هۆشیار و بەرپرس مامەڵەمان کردبێت.

جێی ئاماژەیە سەرەڕای باس و بابەتەکانی سەرەوە ئەم خاڵ و میکانیزمانەی خوارەوە بۆ هەرچی باشترو چالاکتر بوونی ک.ز.ک و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەخەینە روو:

١. دامەرزاندنی ناوەندێکی چاودێریی ماڵی کە کۆی داهات و دەرچوو و سەروەت و سامانی کۆمەڵە لە ژێر چاودێریدا بێت و بەرپرس بێت کە، هەموو سێ مانگ جارێک، پلانی ئابووریی خۆی بە راپۆرت و بەڵگەوە بخاتە بەردەستی کۆمیتەی ناوەندیی.

٢. دروستکردنی هەیئەتێک لە ناو خودی ئۆردوگا لە لایەن دانیشتووانی ئۆردوگا خۆیانەوە کە سەرپەرستیی کڕین و دابەشکردنی شتومەک و ئازووخە و پێداویستیی دیکە بکەن. مانگانە بەرپرسانی ئەو دابەشکردنە بگۆڕدرێت. بەرێزان، ئەم کارە لەبەرئەوە گرینگە کە دانێشتووانی ئۆردوگا خۆیان بە باشترین شێوە کە وەڵامی پێداویستیەکانیان بداتەوە و کە هەست بە پرسیاریی و شێوەی کار و ڕێکخستن بکەن، لە کارەکاندا بەشدار بن.

٣. بە هەموو تواناوە هەوڵدانی لێبڕاوانە بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی دیاردەی گورچکبڕی ”خودی و غەیری خودی”و چەسپاندنی باڵانسێکی پەسەندکراوی ژیانی دانیشتووانی نێو ئۆردوگا.

٤. جارێک و بۆ هەمیشە کۆتاییهێنان بە خۆ خەریککردن بە کاری بەڕێوەبەرایەتیی ئۆردوگا و سپاردنی ئەرک و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بە خودی دانیشتووانی ئۆردوگا و دانانی چاودێرێک لە لایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە بۆ ئەو مەبەستە، و ئازادکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بۆ ئەنجامدانی ئەرک و کاری پێسپێردراوی حیزبی.

٥. هەروەک لە هەر بۆنە و مەراسمێکدا باس لە ناوەوەی کوردستان دەکرێت، داڕشتنی پلان و گەڵاڵەیەکی تۆکمە و تەرخانکردنی هێز و پێداویستیی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.

٦. خۆبەستنەوە بە ئۆردوگا و خجڵکردنی هەموو، هێز، توانا، پوتانسیل و زەرفییەتی حیزب بە ئۆردوگاوە، لە راستیدا غافڵبوون یان خۆ غافڵاندنێکی ئاشکرایە و چاوپۆشی لە بەستێنەکانی تری هەڵسووڕان و چالاکیی حیزبی وەکووو رێکخراوەکانی  کوردستان، درەوەی کوردستان، پێوەندیە دیپلوماسیەکانی کوردستان، ئێران و جیهان. بۆیە پێویستە رێبەریی کۆمەڵە خۆی لە رۆژ بەسەرکردن رزگار بکات و لە چوارچێوەی بەرتەسکی ئۆردوگادا بچێتە دەرەوە چ لە باری فیکری و چ لە باری عەمەلیەوە.

٧. لە بواری ماڵیدا ئێمە وەکووو حیزبێک کە لە باری فیکریەوە بڕووای بە بنەمایی بوون و ژێرخانی ئابووریە، بەڵام بچووکترین هەنگاو لەو بارەوە هەڵنەگیراوە و تەنانەت بیری لێناکرێتەوە و هیچ پلان و گەڵاڵەیەک لەو پێوەندیەدا هەر بوونی نییە. کە راستەوخۆ لەم ماوەی چەند مانگی دواییدا ئەو کەلێنە قورس و گرانە، زۆر بێڕەحمانە خۆی دەرخستووە و خۆی نیشان داوە. بۆیە پێویستە کەسانی شاڕەزا و پسپۆڕ بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکرێن و بەشێک لە حەول و تەقەلای حیزب لە پێوەندی لە گەڵ دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی و داهاتەوە دابمەرزێندرێت.

٨. ئێمە بە هۆی کومەڵێک فاکتەری خوازراو و نەخوازراو, بەداخەوە بووینەتە کۆمەڵێک بابەتی موناسبەتیی و تەنها لە بۆنە و موناسبەتەکاندا دەر دەکەوین و زۆربەی بەستێنە کارییەکانمان لە خۆمان تەنیوەتەوە. بە درێژایی هەموو وەرزەکانی ساڵ جیا لە کۆمەڵێک تاک کە وەکووو کاری تاکەکەسیی خۆیان دەردەکەون، وەکوو حیزب دەرکەوتن و چالاکی و هەڵسووڕانمان چ روو بە دەرەوە و چ رووبە ناوەوەی تەشکیلات لە ئەوپەڕی لاوازیی خۆیدایە. هەمیشە لە کۆبوونەوە ناوە ناوە و جار و باری گشتیی یان تایبەتییدا کۆمەڵێک بەڵێن دەدرێت و بە داخەوە هەر دوای کۆبوونەوە و دانیشتنەکان فەرامۆش دەکرێن. ئەوا سبەی رۆژی کرێکارە، دووسبەی ٣١ی جۆزەردانە، یان ٢٦ی رێبەندانە، ٢٧ی رەشەمەیە و … لەو چەند بۆنەدا و بەو بیانووانەوە لە ئاستێکی زۆر نزم و لاوازدا لە سەر فەیسبووک بە وێنەوە دەردەکەوین یان راگەیاندنێکی چەندپاتکراو دەدەین و دوای ئەوە حیزب تەعتیلە تا موناسبەت و بۆنەیەکی تر.

حیزبێکی سیاسیی ئەمڕۆیی، مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز، ناتوانێت حیزبی بۆنە و مناسبەتەکانی بێت. بەرۆژ کردن و ئاکتیڤ کردنەوەی حیزب و داتاشینی مەشغەڵەی رووبە دەرەوە و مەیدانی راستەقینەی کار، سەرنجدان و زووم کردن و هەوڵدان لە پێناو وەڵامدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵک و چالاکیی سیاسیی و حیزبیی یەکێک لە رێگاکانی بەزاندنی سنوورە دەسکردەکان و بردنەوەی حیزب بۆ ناو کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە حیزبی موناسباتی و بۆنەکان و رەواندنەوەی تەمی بێ هیوایی و ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگا و جەماوەرە لە گەڵ حیزب.

٩. کۆمەڵە وەکوو ئاڵاهەڵگری هێنانە مەیدانی خەبات و چالاکیی سیاسیی ژنان لە کوردستان، ئەمڕۆ پاش سیوشەش ساڵ لە هەڵسووڕانی ئاشکرا، چەندە لەو بەستێنە دا دەسکەوتی بەدەست هێناوە؟ چەندە بەو بۆچوون و رووانگەیە وەفادار ماوەتەوە؟ ئێستا لە و پێوەندیەدا لە چ ئاستێکدایە؟  لە باری عەمەلیەوە لەو بارەوە جانتاکەی چیی بۆ نیشاندان و گوتن تێدایە؟ ئایا تەنیا لە هەشتی مارس دا بەرزکردنەوەی تراکت و پۆستەرێکی چەندپاتکراوە، یان کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کەس لە هۆڵێک بۆ ماوەی یەک یان دوو کاتژمێر و وتاردانێک لەو پێوەندیەدا، وڵامدانەوە بەو پرسە دەداتەوە؟ رێژەی رووهێنانی ژنان و کچانی کوردستان بەرو ئێمە لە ساڵدا چەند لە سەدە؟ لە ماوەی چەندساڵی رابردوودا لە باری رێژەییەوە لە ئاستێکی نێوەنجیدا چ رێژەیەک لە لاوانی کوردستان بە کوڕ و کچەوە روویان لە ئێمە کردووە؟  ئایا ئێمە توانای جەزبکردنی پێنج لە سەدی ئەو کەسانەمان بووە؟ هۆکارەکەی چیە؟ لە باری راکێشانی هێزەوە لاوازین؟ ئیمکاناتی راکێشان و هێشتنەوەی هێزمان نییە؟ یان لە گەڵ گەورەبوونەوەی حیزب گرفتمان هەیە؟ وڵامدانەوە بەو پرسیارانە و دۆزینەوەی رێگا چارە، تەنیا لە حیزبێکی رووبە دەرەوە، راستگۆ، ئاکتیڤ، جیددی، بە پلان و ئەمڕۆییەوە دەوەشێتەوە.

١٠. لەبەر نەبوونی هیچ گەڵاڵەیەکی فێرکردن، بارهێنان، سەرگەرمیی، تەفریح و کات بەسەربردنی ئاسایی و بەکەڵک، مەیدان دراوەتە کۆمەڵێک دیاردەی نێگەتیف لەوانە خواردنەوی “ئەلکول”. ئەو دیاردەیە بۆتە سەرچاوەی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کێشەی تووشبووی رۆژانەی نێو ئەم ئۆردوگایە. کێشەکەش ئەو گەنج و لاوانە نین، ئەوان لە بەستێنێکی ئامادەکراو دەکەون. بە پێی ئەو پەندەی کە دەڵێت” رطب خوردە، منع رطب کی کند”.

کاتێک بەرپرسێک خۆی بە سەرخۆشی بەرەورووی ئەو دۆخە دەبێتەوە، لایەنی بەرانبەر چۆن بیر دەکاتەوە یان چۆن بار دێت؟ لە نێو دیو و ژوورەکانی ژیانیان چی دەبینرێت؟ لە کاتی سەردان و گەڕانەوەیان لە ناوشار لە باتی رۆژنامە، گۆڤار و کتێب چی بەدەستیانەوە دەبینرێت؟ لە شوێنی مانەوە و حەسانەوەیان یان بە گشتیی لە کۆی کەمپەکە ئەوەی بۆ هەمووان لە بەردەستدا بێت، چەند کتێبی لێیە؟ کامە بۆ جێخستنی کولتووری خۆێندنەوە هەوڵدراوە؟

لە لایەکی ترەوە ئەو کەسانەی کە روودەکەنە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان دوو لایەنی بەرچاو لە خۆ دەگرن. یەکێک لەو لایەنانە ئەو کەسانەن کە لە بەشی نهێنی چالاک و هەڵسووڕاو بوون و بە هۆی تێکچوونی باری ئەمنییەتی لە لایەن سیستەمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامیەوە هەڵهاتوون روو دەکەنە ئۆردوگا، کە بەداخەوە بە هۆی هەل و مەرج و دۆخی ئۆردوگاوە ناچارن یان رێی هەندەران و ئاوارەیی بگرنەبەر، یان لە شارەکانی باشووری کوردستان خەریکی کرێکاری بن. لایەنی دووهەم ئەو کەسانەن کە بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە ترسی تووش بوون بە گرفتە فرەچەشنە کۆمەڵایەتیەکان یا بۆ دەرباز بوون لەو کێشانە، پەنا دەبەنە بەر ئۆردوگاکان، بەڵام بەداخەوە ئەم بەشەش لە چاڵی مادەسڕکەرەکان دەر دێن و دەکەونە ناو بیری ئەلکهولەوە. ئەو دیاردەیە بە شێویەکی بەرفراوان هەموو ئاستەکانی گرتۆتەوە کە سەرچاوەی کێشە تووشبووەکانی رۆژانەیە. بەداخەوە بە بڕیای بیر لێنەکراوی پلان بۆ دانەڕێژراو زۆرجار هەوڵدراوە بە زەبرو زەنگ و گوشار هێنان، کە تەنانەت لەم بارەشەوە زۆر زەق و بەرچاو هەڵاواردن لە شێوازی بەرخوردکردندا دەبینرێت کە تا ئەمڕۆ جیا لە ئالۆزترکردنی دۆخەکە، بە هیچ شێوازێک نەیتوانیووە چارەساز بێت. کاری فەرهەنگیی و بارهێنان و هاوکات پابەندبوونی ئاستە جۆربەجۆرەکانی سەرچاوەی بڕیار لە جێبەجێبونی بڕیارەکان و وەفاداربوونی خۆیان بە بڕیار و پەسەندکراوەکانیان دەتوانێت هەنگاوێکی یەک لا کەرەوە بێت بۆ ئەو دیاردەیە.

١١. هیچ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی بۆی نییە بێ ئاگاداریی لانی کەم سکرتێر یان مەسئولی بڕیاردەر بچێت بۆ شوێنێک کە دەر لە مەسئولیەتی کۆمەڵەیە. یان ئەرکی تەشکیلاتی ئەو هاوڕێیە نییە کە لەو شوێنەدا نوێنەرایەتی کۆمەڵە بکات.

١٢. هیچ گفتوگۆ و قسەوباسی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕوو بەدەرەوە نابێت لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆدا جیاواز بێت، ئەوە نەبێت کە ئەو کەسە بە ڕوونیی و بە تۆمارکراوی وەکووو ڕای شەخسیی خۆی بەیانیان بکات.

١٣. حیسابڕەسیی خەرجی کۆمەڵە لە هەر ئۆرگانێکدا بێت دەبێت بە حیسابی ورد بێت و هەر کاتێک بویسترێت لەبەردەم کۆمیتەی ناوەندییدا بێت. (ئەگەر هەتا ئێستا نەکراوە، ئەوا دەبێت لەمەوبەدوا بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێت. هەر جۆرە سەرپێچیکردنێک جێی گومان دەبێت).

١٤. هەموو ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی دەبێت مانگی یەک جار یەک سیمنار، ئەگەر نیوسەعاتیش بێت، ئامادە بکات و پێشکەش بە تەشکیلاتی کۆمەڵەی بکات.

١٥. هەر ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندیی کە دیدار و سەردانەکانیان بۆ لای حیزب و کەسایەتیە ناسراوکان بە شێوەی حیزبیی بێت و وەکووو هەیئەت بەشدار بن، نەک وەکووو شەخس، و ڕاپۆرتیش ئامادە بکرێت. ئەمە ئەو سەردانانە ناگرێتەوە کە هاورێیەک بە ئیستیفادەکردن لە ئیمکاناتی خۆی بۆ سەردان و زیارەتی هاوڕێیەتی شەخسیی دەچێت.

١٦. هیچ کەسێک نابێت دەست لە کاروباری مەسئولی دیاریکراوی تەشکیلات وەربدات تا ئەو کاتەی کە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی بڕیار دەدات هاویار و هاوکاری بۆ دابنێت.

١٧. کۆمیتەی ناوەندیی ئامارێکی وردی کەرەسە و شتومەکی حیزب بە گشتیی و ئەندامان و پێشمەرگەی بە تایبەتیی دەبێت تۆمار بکات.

١٨. ئاییننامەی ”هێزی پێشمەرگە“ لە ماوەی یەک مانگدا ئامادە بکرێت و پێڕەوی بنەماکانی مسەوەباتی کۆنگرە بکات. کۆنگرە ئەو بڕیاریدا بەڵام جێبەجێ نەکرا! فۆرمی ئەندامگیریی و پێشمەرگایەتی بە فەرمیی پیادە بکرێت. سەرەرای ئەوەی کە هەر پاش یەکەم پلێنۆم ئامادە کرا، بەڵام بە ئاشکرا چاوپۆشی لێکرا!

١٩. دروستکردنی فۆرمی ناسنامەی سیاسیی و حیزبیی هەموو تاکێک لە هەموو ئاستێکدا بۆ سەرچاوەی زانیاری و ناسینی کەسەکان و هەبوونی فایلی هەموو کەسێک لە ئارشیڤی پارێزراوی حیزبیدا. فۆرمەکەی لە مێژە ئامادەیە بەڵام بەرگری لە پیادەکردنی کراوە.

٢٠. لەم حیزبەدا یان دەبێت ”ژێنڕاڵ” بیت یان “سەربازی سادە” هیچ ئاستێک بۆ کەس دیاری نەکراوە و کەسەکان بە هیچ پێناسەیەکەوە نا ناسرێن. بۆیە پلە بەندیی و دیاربوونی پلە و پێگەی حیزبی هەموو کەسەکان یەکێک لەو خاڵە گرینگانەیە کە دەبێت لە زووترین کاتی گونجاودا مێکانیزمی بۆ دیاری بکرێت و بە ئەنجام بگەێندرێت.

٢١. دیار بوونی رێژەی ئەندامانی حیزب بە روونی و شەفاف کە هەم سەرچاوەیەکی پتەوە بۆ پلان دارشتن، سازماندان و دابەشکردنی ئەرک و کارەکان و پێسپاردنی ئەرکی شیاو و پێویست بە گوێرەی توانایی و لێهاتوویی ئەندامان.

٢٢. بەرنامەیەکی ئاموزشیی ڕوون بە مەبەستی بردنە سەرەوەی ئاستیی سیاسیی و حیزبیی و وەفاداریی بە بەرنامە و پێڕەوی کۆمەڵە ئامادە بکرێت و وەکووو دەورەی پەروەردەکردن پێڕەوی بکرێت.

٢٣. دانانی مێکانیزمێکی کارناسانەی وردبینانە بە لێکدانەوەی هەموو لایەنەکانییەوە لە سەر رێژەی یارمەتیی مانگانەی حیزب لە سەر دوو  ئاستی”جیرە تەڕ” و “جیرە وشک” بۆ هەر تاکێک کە لە کۆبەندیەکاندا بنەماڵەکانیش دەگرێتەوە و بە لەبەر چاوگرتنی هەڵبەزدابەزەکان و ئاوسانی بازاڕ و ماوەی ساڵیانی مانەوەی کەسەکان لە حیزب‌دا و دیاریکردنی رێژە و دەرسەدێکی ساڵیانە بۆ زیادکردنی یارمەتیە ماددیەکەیان، کە ئەمە خۆی چەشنێک نیشاندانی بایەخدانی حیزب بە تاکەکانە بە پێی ئاستی وەفاداریی و مانەوەی هەرکەسێک لە حیزبدا.

٢٤. بەداخەوە لە بەر نەبوونی هیچ مێکانیزمێکی دیاریکراو ئەگەر کەسێک ماوەی پێنج ساڵیش لە حیزبدا بمێنێتەوە، لە ئەگەری پێخۆش بوون یان لە کێشە لە گەڵ بەرپرسێک، بە بێ لە بەرچاوگیرانی ساڵیان تەرخانکردنی تەمەن و هەڵسووڕان و چالاکیی کەسەکە، وەدەر دەنرێت و کەسیش لە ئاست چارەنووسی بەرپرسیار نییە. کە ئەو دیاردەیە بۆ لایەنێکی سیاسی وەکوو کۆمەڵە کە دروشمی پاراستنی مافی کۆمەڵگا، تاک و بە گشتیی مرۆڤی بەرزکردۆتەوە و بانگەشەی بۆ دەکات و یەکێک لە بنەما فیکریەکانی کۆمەڵەیە و بە ئەو تایبەتمەندیەوە دەناسرێت، خاڵێکی لاوازە و شیاوی پێداچوونەوە و بەرگیری کردن لەو رووداوانە و پاراستنی ماف و کەرامەتی تاکەکانە.

٢٥. دیاریکردنی رێژەی بەشی بوودجەی پزیشکیی و دەرمانیی هەر تاکێک نە بە پێی نۆرمە ئەمرۆییەکانی دنیای پێشکەوتوو، بەڵکو بە پێی دەرەتان و توانایی ماڵیی حیزب، بەڵام لە باری ئاماریەوە بڕەکەی دیار بێت.

٢٦. گەڕاندنەوەی هەموو ئەندامە دەرکراوەکانی کۆمەڵە کە دەرکردنیان لە گەڵ پێوەرەکانی پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە نایەتەوە، سزادانی کەسانی سەرپێچیکەر بە ئەندازەی سەرپێچیەکەی خۆیان و لە چوارچێوەی یاسا و پێوەرەکانی پێڕەوی ناوخۆدا، زامنی چەسپاندنی دیسیپلینی حیزبیە و بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی دەکەین. “خۆمان” و” خۆتانە” کردن و هەڵاواردن و سزای نابەرابەر و نەشیاو دەبێت رابگیرێن و لە کۆمەڵەدا بنبڕ بکرێن. بەپێی پێرەوی ناوخۆ کەسی دەرکراو دەبێت پلێنۆم بڕیاری کۆتایی لە سەر بدات و ئەم هەلە وەکووو مافێک دەبێت پیادە بکرێت کە تا ئێستا چاوپۆشیی لێکراوە.

ئێستایش پێشنیاری ئێمە بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە بە دەربەستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دێن و دڵیان بۆی دەسووتێت، ئەوەیە کە ڕێگا بە برەوداریی نەبوونی ئەو خاڵانەی سەرەوە نەدەن. ئەگەر بێ دەنگ بن و هەڵوێست وەرنەگرن، ئەوا بەری ڕەنجتان وەکووو هەموو ئەو دڵسۆزانەی لێرەولەوێ و یەک یەک و دوو دوو وازیان هێنا و دوورکەوتنەوە. ئێمە دەبێت بەرەو گەورەکردنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەهێزکردنی کۆمەڵە هەنگاوی بە بڕست و جیددی هەڵبگرین.

بە سپاسەوە،

عەبدۆڵا کۆنەپۆشی (عەبە دلێر)، جەلیل ئازادیخواز، هێرش عەلیزادە، ڕێبوار ڕەشید، بیژەن قوبادی،باقی تالیبولعیلم، بورهان رەوشەن، ڕەزا لوتفی، حامید سەعاتی، سەبری بەهمەنی، دیاکۆ زەندی، فەرهاد سەرهەنگی.

٩/٤/٢٠١٤

بەڕێزان، سکرتێری کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی، تکایە بە زووترین کاتی گونجاو، ئەم پلاتفۆرمە بنێرن بۆ ئەندامانی کۆمەڵە و ئێمە چاوەڕووانی وەڵامی ئێوەین.