بەڵام دۆستایەتیش کە لەگەڵ دوژمنی خوێن و وڵات بێ، هەر دوژمنە و نابێتە هاونیشتمانی نەتەوەیت! محەممەد سلێمانی

 چەند ساڵیک دەبێت گومانێک کە زۆر هەستیار و سەرنج ڕاکێشە لە لای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات سەری هەڵداوە و بەشێوە و فۆرمی جیاجیا ئاوێزانی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەکرێ و هەتا لە مەجلیسی تایبەتی و بەکۆمەڵدا دێتە گٶڕێ. ئەو گومانەش دەتوانن خۆتان لە وێنەکاندا هەستی پێبکەن.  ” دەگوترێ  شەهیدکردنی دکتۆر قاسملوو بە پلان و ڕیخۆشکردنی جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفا بووە” .

 بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنجی منی وەك ئەندامی حیزب و کادری پێشووی ڕۆژانی سەختی خەباتی شاخ و شار ڕاکێشاوە و بەپەرۆشی ئەو باسەوەین بۆ ئەوەی بچینە بنج‌وبناوانی مەسەلەی پەیوەندیدار بە سەردێری وێنەکان. بەڵام بۆچی ڕێبەری ئێمە، ئەگەر ئەوی دەگوترێ و لە ڕاستیەوە نزیکە، هیچ جۆرە روونکردنەوە و لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە و هەڵوێستی ڕوونی ڕانەگەیاندوە و وڵامیشی بۆ دۆستان و لایەنگرانی خۆی نیە؟ لە بیرمە ئەو کات کە پیاوکوژانی ڕێژیمی تاران کردەوە تیرۆریستیەکەیان ئەنجامدا و لە پیلانەکەیاندا بەئامانجی چەپەڵییان گەیشتن، ئەو وەختی و ڕاست لە پاش ئەو رووداوە دڵتەزێنە، رێزداران مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و حەسەنی شەڕەفی بە مەبەستی بەدواداچوونی کردەوە تیرۆریستیەکە و بەخاک سپاردنی تەرمی گەورەپیاوی مێژووی نوێی گەلەکەمان دکتۆر قاسملوو سەفەری دەرەوەیی وڵاتیان کرد و لە فەڕانسە وتار و لێدوانیان لەو پەیوەندیەدا لە ڕۆژنامە و گۆڤارو مێدای ئەو کاتدا بڵاوکرایەوە و ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئاخوندی بەدارێژەرو ئەنجامدەری ئەو پیلانە دەست نیشانکرا و پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ و هێزو لایەنکی کوردی درێژ نەکرابوو. لە هیچ شوێنێکدا ئەو باسە نەهاتبۆ گۆڕێ کە باس لە دەست تێدابوونی کەسی یەکەم و دووهەمی یەکیەتی نیشتمانی بکا و بڵێن ئەوان ئاگاداری ئەو پیلانەی دوژمن بووبن و زەمینەی ئەوەیان ڕەخساندووە.

ئەوەی ئەمڕۆ دەگووترێ بێگوومان دەبێتە بووختانی سیاسی و ئەگەر وانیە با حدکا وحدک لەو بارەوە بێنە جواب و وڵامی ئەو باسە بدەنەوە. من ئەوکات لە ‌هاوڕێیانی خۆمان زۆر جار بیستبووم کە لە دیداری یەکەمدا ڕێزدار تاڵەبانی بە پارێزەرەوە بەدڕەقەی دکتۆر قاسملووییان کردوە و هەتا کا دکتۆر کە دەزانێت مام جەلال هاوڕێکانی بەچەکەوە لە گەڵ خۆییدا هێناوە، پێیگووتووە” ئەوە چییە مام جەلال لێرەش (نەمسا، ئوتریش) خڕێ ناوزەنگت ژیاندۆتەوە، ئێمە ئێستا لە ئۆروپاین و پێویست بەو نیگەرانیە ناکات. لە وڵامدا مام جەلال دەڵێت، ” کاك کتۆر من باشتر ئەو فارسانە دەناسم، جێگای باوەڕ پێکردن نین. ئەی لە کوێن ئەو مرۆڤانەی ڕۆژگارێک بە شانازییەوە ئەو قسانەیان دەگێرانەوە، بۆچی ئێستا هیچی لەسەر ناڵێن و بە لای ئەو باسەدا ناڕۆن. خۆ ئەگەر ئێستا لە بەر هۆکاری سیاسی و ئەمنیەتی بە سەڵاحی نەزانن و بێ دەنگیان هەڵبژاردبێ خۆیان لە قەرەی ئەو باسە بدەن، دەبێت ئێمەیش لە چوارچێوەی ئەو پرینسیپانەدا هەڵس‌وکەوت بکەین کە ڕێبەری دیاری دەکا. لە ساڵی ١٩٨٩ی زاینیی دا حیزب وەک تاکە هێزی گەورەی کوردستان ئەو ئیمکان و دەرەتانەی هەبووە ڕاستیەکان وەك خۆی بگوازێتەوە لە سەر چۆنیەتی کەیسی دکتۆر قاسملوو. بەڵام سەیرە ئەو مەسەلە بۆچی لە سەر زار و زمان نەکەوێت و بەردەوامی پێدەدرێت. هەر بۆیە پێم وایە کاتی ئەوەی هاتووە مێدیای کوردی بەدوادا چوون سەبارەت بەو بابەتە بکەن.

 هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەی بوو کاربەدەستانی تاران بۆ ئەوەی ساناتر پیلانەکەیان ئەنجام بدەن، لە دانیشتنەکانیتردا، ڕێگا بە کاك دکتۆر نەدرێ یەکیەتی و مام جەلال لە ڕەوتی دانیشتنەکان ئاگاداربن. نوێنەرانی ئێران مام جەلالیان پێ گەورەترین کۆسپ بووە و لە سەر بەڕێوەبردنی پیلانی دوژمنانەیاندا. هەتا دەگێرنەوە کە ئێرانیەکان گووتوویانە نابێت جەلال تاڵەبانی ئاگاداری بەردەوامی دانیشتنەکانی ئێمە و سکرتێری گشتی حدکا بێت. چوونکی ناوبراو (مام جەلال)  زۆر  زاربەهاوارە و لە هەموو شوێنێک باسی وتووێژی دوولایەن دەکات. خۆ هەر ئەو کات نیاز خراپی نوێنەرانی ئێران دیاربووە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی سیاسی گەلی کورد نیە، بەڵکوو لە کەمینی لە نێوبردنی دکتۆر قاسملوو دان. بە داخەوە زۆر بە هاسانی ئەو مرۆڤە گەورەو گرینگەی ئێرانیان لە سەر ڕێگای خۆیان لادە کە ڕیشەی حکوومەتی تارانی لەق کردبوو.

باشە ئەی بۆ ئەندامانی حیزب پرسیاری ئەو بابەتانە لە ڕێبەری ئەو سا و ئێستا ناکرێت و ئەو بەڕێزانەیان نەهێناوەتە زمان لە بارەی ئەو پرسەوە؟ خۆ ئەو کات حدکا وەك ئێستا دەوری “سیمی خاڵدار نەکرابوو و خۆی حوکمڕانی سەر سنوورەکانی بەدرێژای سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵات و گەرمێنی دەکرد و هێزێکی گەورە و ڕێبەرێکی بوێرو چاونەترسی وەك شەهید دکتۆر سەعید، لە نێو رووداو مەسەلەکاندا بوو”. پێتان وایە ئەگەر ئەوکات، ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرچاو دەکەوێت و دەگووترێ، شکی لەسەر بایە، چاوپۆشی لێکردبا و خۆی لێ بێ خەبەر کردبا. من دەڵێـم نەخێر! ئەو شۆڕشگێڕێکی گەورە و بوێرو پشوو درێژبوو، ناهەقی و غەدری سیاسی لە هیچ کەس و هێزێک قبووڵ نەدەکرد. من بۆیەش کۆپی ئەو وێنەیەم داناوە، هەتا هەموو لایەک سەرنجی خۆیان بخەنە سەر ئەو باسە و ئەو قسانەی کە دەکرێن. من زۆر نیگەرانی ئەوەم دەستی دوژمنانی لە پشت بێ و هەوڵی ئەوە بدەن زیان بە ئاستی پەیوەندیە سیاسی و مێژوویەکانی حیزب و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بگەیەنن. منیش پێمخۆشە ئەو مەسەلەیە بۆ هەموو لایەک و خەڵکی کوردستان و مێژوو روون بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو لاپەڕەیە دابخرێت. دەنا بەردەوامی ئەو باسە، لە سەر ئەساسی بێ‌بنەمای و دوور لە ڕاستی  مەسەلەکە،  بێگوومان خزمەت بە ئاستی هاوکاری و دۆستایەتی گەلی کورد لەو دوو بەشی کوردستان ناگەیەنێت و پشتیووانی و بڕیاری سیاسی و مێژووی یەکیەتی نیشتمانی کە لە حیزبی دێمۆکڕاتی کرد، دەخاتە ئەو لاوە و ئەو خوێنانەی کە بۆ بەرگری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەنگەرێکدا تێکەڵ بەیەکبوون لێمان نابوورن ( خوێنی سووری پێشمەرگەکانی حدکا و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ، کە  وەک  هێزی پشتیووان بەهانەی حیزب و دکتۆر قاسملووی هەمێشە زیندووە  هاتبوون و  لە سەنگەری بەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بەیەکبوون و مێژووی سیاسی گەلی کورد هەرگیز ئەو ڕۆژانەی لە بیرناچێت ). مام جەلال و نەوشیروان ئەو دوو کەسایەتیە بوون کە هێزی پشتیووانیان ناردە بەرەکانی شەڕ بەدژی لشکری حکوومەتی ئاخوندی ئێران و بڕیاری سیاسی و مێژوویاندا، هەر ئەو کاتیش دکتۆر قاسملوو روو لە هێزی پێشمەرگە ئەو  ڕاستیەی ڕاگەیاند کە یەکیەتی ئەمڕۆ بریارێکی سیاسی و مێژووی داوە، کە بەهانەی پارچەیەکیتری نیشتمانەوە چوون و بە خوێنی پێشمەرگەکانیان بەرگری لێبکەن.

کاتێک کە دکتۆر سەعید لە بەرلێنی ئاڵمان لە “ڕیستۆرانتی میکۆنووس ” بە دەستی  تیرۆریستەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە گەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی شەهیدکرا. پاش کۆتایی کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست ، مام جەلال بە کاك دکتۆر سەعید دەڵێت لەو سەفەرەتدا دەبێ زۆر ئاگاداری خۆت بی، چوونکی ڕێژیمی ئێران پیاوکوژەکانی ڕەوانەی ئێرەکردوە هەتا ئیوەش لەناوبەرێت، ئێمە لەلایەن حیزبە ئیسلامیەکانی خۆمانەوە ئەو زانیاریەمان پێگەیشتووە و دەبێت زۆر وریایی خۆت بی، ئەو ماوەیەی کە لە دەرەوە دەمێنیەوە . کاك دکتۆر سەعید مام جەلال دڵنیا دەکاتەوە کە هەر ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس و لە بەرنامەیان دا نیە لە ئاڵمان بمێنێتەوە. ئەگەر یەکیەتی و شەخسی مام جەلال  بە پەرۆشی  ژیانی ڕێبەرانی حیزبەوە نەبان، چۆن بەو پەرۆشیەوە ئاگاداری پیلانی دژمنیان دەکاتەوە و بە چەکەوە پارێزگاریان لێدەکات لە دەرەوەی وڵات.

کورد هەرگیز لەسەر ئەوەی ڕانەهاتووە  چاکەی لەبیر بچێ و لە تاریکیدا مەلەی گوومان بکات و ڕێبەرانی شەهیدیش ئەو وانەیان فێری ئێمە نەکردە و ڕاهاتبووین کە ڕاستگۆ و بەهەڵوێست بین و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب دەبێ لە کاتی تەنگانەدا زۆر سەر ڕاستانە بڕیار بدەن و بە چاو نوقاوی بەدوای ڕووداوەکان نەکەوین. ئیستا ڕێبەری حدکا و حدک دەبێت لەو بارەوە هەڵوێستیان هەبێ و لێکۆڵینەوەی ئەو بابەتە بکەن. هەر چەندە من چەند جاڕیک ئەو بابەتەم لەدەرەوەی وڵات لەگەڵ دۆستانی خۆم هێناوەتە گۆرێ و باسم لەوەی کردوە کە لە ڕێگای تەشکیلاتیەوە ئاگاداری هەموو لایەک بکرێ، لە بڵاو کردنەوەی وێنە و گۆتاری هاوشێوە خۆیان بپارێزن. چوونکی حیزبی ئێمە هەرگیز ئەو باسەی نەگواستۆتەوە بۆ نێو ڕێکخراوەکانی و ئەو قسانەش دوورن لە هەڵوێستی سیاسی حدکا. حیزب لە کاتی بەهێزی دا ئەگەر مام جەلال و نەوشیروان هاوبەشیان کرد بێت لە بەڕێوەچوونی ئەو پیلانەدا، حیزب و شەخسی دکتۆر سەعیدی نەمر بەدڵنیایەوە هەڵوێستی خۆی دەگرت و بڕیاری سیاسی لەو بارەوە دەدا. بەڵام زۆر سەیر و سەرنج ڕاکێشە  بەلامەوە، بۆچی مێژووی دەست پێکردنی ئەو باسە زۆر تازەیە و  باوەڕ ناکەم پێی نابێتە ٦ ساڵ. ئەگەر وایە بۆ کەسی یەکەمی حیزب خۆی لەو باسە بە دوور دەگرێ و هیچ  قسەیەکیان لەو پەیوەدنیەدا ناڵێن و خۆیانی لێ پشت ئاو دەکەن و وەك ئەوەی لەو بارەوە هیچ زانیارێکیان بە لاوە نەبێت. زۆر لە هاوڕێیانی ڕێبەری ئەو کاتیش بەرپرسایەتیان هەبوو و بەوردی ئاگادارئ ئەو رووداوەن و ئەگەر ئەو گوومانە ڕاست بووە، بۆچی تائێستایش باس نەکروە و بەداویدا نە چوون. ئەگەر ئەو مەسەلەیە ئەسڵ و ئەساسی نیە چۆن ڕیگا بە دۆستانی حیز ب و ئەندامانی خۆمان بدەین تێکەڵ بەو باسە بن و ڕێچکەی رووداوە و تاوانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە بخەینە گەردنی دۆستانی مێژووی ڕێبەری شەهید دکتۆر قاسملوو. من ئەو گلەیەم بە دۆستان و ئەندامانی یەکیەتی گەیاندوە کە بۆچی دەبێت بکۆژی دکتۆر قاسملوو بەردەوام سەردانی کوردستان بکات و لە نیزێکەوە چاوەدێری کاروباری یەکیەتی بکات. ڕاستە یەکیەتی بە هۆی سروشتی سیاسی و جوگرافیای لەگەڵ ئێران، دۆستی وڵاتی ئیرانن،” بەلام دۆستایەتیش کە لەگەڵ دوژمنی خوێن و وڵات بێ، هەر دوژمنە و نابێتە هاونیشتمانی نەتەوەیت“. ڕێژیمی ئێران بوو نزیکترین هاورێ و دۆستی یەکیەتی نیشتمانی و مام جەلال،  دکتۆر قاسملووی لە سەر مێزی وتووێژ تیرۆرکرد و ئێستا ئەو کەسەی ئەو کردەوەیەی ئەنجامدوە و فیشەکی کۆتایی لە جەستەی ڕێبەری مێژووی کورد خاڵیکردەوە ( محمد جعفر سەحرارودی) نێوە بە نێوە دەگاتە سلێمانی و لە گەڵ بەرپرسانی یەکیەتی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیان لە گەڵ دەکات.  ناوبراو خۆی تاوانبارە و دەستی چۆتە خوێنی ڕێبەرێکی گرینگ و گەورەی گەل . گلەیکردن زۆر شتێکی باشە و هەر دۆست ڕەخنەی لە سەر دۆستی سیاسی و مێژووی خۆی دەبێ.

کۆتای چیرۆک بۆ خوێنەران بەگشتی و بەتایبەت ئەو بەڕێزانەی کە جار بەجار سەری ئەو باسانە دەکەنەوە بە جێدێڵم.