دوای تێپه‌رینی ٢٧ ساڵ به سه‌ر بومبارانی شیمیایی سه‌رده‌شت دا، ئێستاش ڕێژه‌ی قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته دیار نیه. نووسینی: حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی
هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت بۆ کاره‌ساتی جه‌رگ‌بڕی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاویی به‌رامبه‌ر به ٢٨ ـ ٠٦ ـ ١٩٨٧ ی زائینی دێنه سه‌ر شه‌قام‌و کۆڵانه‌کانی شار و به چه‌ند چالاکی‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی یادی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌م کاره‌ساته ده‌که‌نه‌وه.
کاتژمێر چواری دوا نیوه‌رۆی ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاویی چوار شوێنی پڕ حه‌شیمه‌ت له شاری سه‌رده‌شت که‌وتنه به‌ر هێرشی فرۆکه‌کانی عێراقی و به بۆمب و گازی خه‌رده‌ل به خه‌ستی بۆردوومان کران، دیاره هاوکات له گه‌ڵ بۆردوومانی شاری سه‌رده‌شت گوندی “ڕه‌شه‌هه‌رمێ و ده‌شتی که‌پران”یش که‌وتبوونه به‌ر ئه‌و په‌لاماره. له‌و کاره‌ساته سامناکه دا زیاتر له هه‌شت هه‌زار که‌س له دانیشتوانی “سه‌رده‌شت” ئه‌و شاره کوێستانی‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان شه‌هید و بریندار بوون، ئێستا دوای ٢٧ ساڵ به سه‌ر ئه‌و تراژیدیایه دا هیچ که‌س ئاوڕی له خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت نه‌داوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ر که ڕۆژی بوردومانی شاری سه‌رده‌شته له ڕۆژمێره‌کانی ئێرانی دا به هه‌شتی پوشپه‌ر ناسراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ یه‌کێک له ڕۆژه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران یه‌ک بگرێته‌وه، دیاره هه‌تا ئه‌مرۆش ناوی ته‌واوی شه‌هید و برینداره‌کانی ئه‌و کاره‌ساته تۆمار نه‌کراوه و هیچ ڕێز و حورمه‌تێک له که‌س و کاری به جێ ماوی ئه‌و قوربانی‌یانه نەگیراوه و ناگیرێ، هه‌ر بۆیه خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت له هه‌موو کاتێک زیاتر هه‌ست به بێ که‌سی و لێنه‌پرسینه‌وه ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه که ئازاری زۆر به‌م بێ موبالاتی‌یه‌وه بکێشن.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ٢٧ ساڵ له‌مه‌و‌به‌ری شاری سه‌رده‌شت بده‌ینه‌وه، ئه‌و کات دانیشتووانی سه‌رده‌شت نێزیک به ٢٥ هه‌زار که‌س بوو، ماوه‌ی ٨ ساڵ بوو، له نێوان دوو دیکتاتۆری به خوێن تینوی کوردان “ئێران و عێراق” شه‌ر داگیرسا بوو، پێش ئه‌و کاره‌ساته چه‌ندین جار له لایه‌ن عێراقه‌وه ناوچه‌ی پڕ سه‌وزه‌ڵانی سه‌رده‌شت بۆمباران کرا بوو و هه‌ر جاره‌ی چه‌ندین که‌سی لێ ببوونه قوربانی. به‌ڵام په‌لاماری ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاویی، وه‌ک هێرشی جاره‌کانی دیکه نه‌بوو که ته‌نیا به دانی چه‌ند قوربانی‌یه‌ک ئه‌و ڕۆژه به فه‌رامۆشی بسپێردرێ و یا چه‌ند ڕۆژ دواتر دانیشتوانی شار و ئه‌م ده‌ڤه‌ره، ده‌ست بکه‌نه‌وه به کاری ئاسایی و ڕۆژانه‌ی خۆیان، به‌ڵکوو ئه‌و په‌لاماره دڕندانه‌یه ئه‌وه‌نده قورس و به ژان بوو که ئێستاش دوای ٢٧ ساڵ به سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی‌یه دا، زامدارانی ئه‌و کاره‌ساته به ئێش و ئازاره‌وه ده‌تلێنه‌وه و هه‌موو ساڵێک چه‌ندین که‌س به‌ره‌و مه‌نزڵگه‌ی ئاخره‌ت کۆچ ده‌که‌ن و له ته‌نیشت قوربانی‌یه‌کانی دیکه له گۆرستانی گرده‌سوور مه‌نزڵ ده‌گرن.
به داخه‌وه له به‌ر ئه‌وه ئه‌و کات هیچ که‌س و یا هیچ ئۆرگانێکی حکومه‌تی نه‌بووه که ناوی قوربانی‌یه‌کان و یا به‌ڕێ کراوه‌کان و شه‌هیده‌کان له کاتی خۆی دا ناونووس بکات، ئێستاش ڕێژه‌ی ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که بوونه قوربانی دیار نی‌یه، زۆرجار دوای ئه‌و کاره‌ساته، زامدارانی ئه‌و ڕووداوه بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی‌یه‌کانی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و بێ ئیشتیایی له خواردن دا و زۆر نه‌خۆشی دیکه که دوای گیرۆده بوونیان به گازی خه‌رده‌ل تووشی هاتوون په‌یوه‌ندی‌یان به بنکه‌ی به نێو “جانبازان”وه گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه کارێکیان بۆ بکرێ، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تیان له به‌ر ده‌ست دا نی‌یه و له کاتی خۆشی دا ناویان تۆمار نه‌کراوه ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و له ئاکام دا له به‌ر بێ ده‌ره‌تانی و هه‌ژاری له جێگا دا که‌وتوون و یا به ئازاره‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه.
بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران به ناوی زامدارانی کاره‌ساتی شیمیابارانی سه‌رده‌شته‌وه، ساڵانه چه‌ندین تۆن دا‌و و ده‌رمانی تایبه‌تی له رێکخراوه به شه‌ردۆسته‌کان وه‌ر ده‌گرێ و له لای خۆیان ڕایده‌گرن و یا ده‌یده‌نه شوێنی دیکه، و بۆ شوێن بزر کردن، ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م له‌و ده‌رمانه ده‌نێرنه شاری سه‌رده‌شت و ئه‌و بڕه ده‌رمانه‌ش ناده‌ن به هه‌موو که‌س و ئه‌گه‌ریش دایان ئه‌وه پێیان ده‌فرۆشن.
ئه‌گه‌ر چاوێک به نووسراوه‌کانی به‌رێز عوسمان موزه‌یه‌ن به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی دا بخشێنین به پێی لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک که ناوبراو کردوویه‌تی و له زمان دوو به‌رپرسی پایه‌به‌رزی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه بیستوویه‌تی بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ که ڕێژه‌ی شه‌هید و زامداره‌کانی ئه‌م په‌لاماره زیاتر له هەشت هەزار که‌سن.
ڕێژه‌ی شه‌هید و برینداره‌کانی ئه‌و کاره‌ساته له زمان ئایه‌تووڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی‌یه‌وه که له نوێژی هه‌ینی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٨٢ دا باس کرد بوو ٨٠٢٤ که‌سن و پارێزگاری ورمێ له ساڵی ١٣٦٦ و ٦٧ دا له وتارێکی خۆی دا ئاماژه به شه‌هید و بریندار بوونی دە هەزار که‌س له دانیشتووانی شاری سه‌رده‌شت ده‌کات و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر ئه‌و کات لیسته‌یه‌کی ٤٦٠٠ که‌سی له برینداران و شه‌هیدانی شیمیابارانی سه‌رده‌شتی دا بوو به ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. هه‌ر به پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی دابوونی به ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، قوربانی‌یه‌کان خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و ئاسایی بوون و پادگان و بنکه سه‌ربازی‌یه‌کانی حکومه‌ت نه‌که‌وت بوونه به‌ر ئه‌و په‌لاماره و زه‌ره‌ر و زیان به بنکه و باره‌گاکانیان نه‌که‌وت بوو و داوایان له خێرخوازان ده‌کرد که بێن یارمه‌تی به خه‌ڵکی زامدار و بێ په‌نای ئه‌م ده‌ڤه‌ره بکه‌ن، به‌ڵام ئێستا بۆ خۆیان هیچ ئاوڕێک له‌م شاره به گاز خنکێندراوه ناده‌نه‌وه و به ته‌واوی دوای ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاویی به فه‌رامۆشیان سپاردوه.
لێ نه‌پرسینه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی ئێران له زامدارانی شیمیای سه‌رده‌شت نه‌بۆته هۆی نائومێدی به‌شێک له دڵسۆزانی شاری سه‌رده‌شت، به‌ڵکوو چه‌ند که‌سێکی دڵسۆز و له‌خۆبردوو له چه‌ند ساڵی دوای بوردوومان و له ساڵرۆژی بۆردوومانه‌که دا ده‌هاتنه شوێنی رووداوه‌که و دوایه‌ش به ڕێپێوان ده‌چوونه سه‌ر مه‌زاری شه‌هیده‌کان و بۆ چه‌ند ساتێک به بێ ئه‌وه هه‌ست به که‌می بکه‌ن له گه‌ڵ ئازیزانی له ده‌ست چوویان راز و نیازیان ده‌کرد و هاواری مه‌زلوومه‌یه‌تی ئه‌وان و خه‌ڵکی شاریان ده‌گه‌یانده گوێی کاربه‌ده‌ستانی شاره‌که، چه‌ندین ساڵ خه‌ڵکی شار هه‌روا بۆ خۆیان ئه‌و یادواره‌یان پێک ده‌هێنا تا وای لێهات که به‌شێک له خه‌ڵک و بنه‌ماڵه قوربانی‌یه‌کانی شار هاتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ره که ده‌بێ ڕێکخراوه‌یه‌کی تایبه‌ت به شیمیابارانی سه‌رده‌شت درووست بکه‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و دوای وه‌دوا که‌وتنێکی زۆر توانیان له ساڵی ١٣٨٠ ی هه‌تاوی دا ئیجازه بۆ ئه‌م کاره له کاربه‌ده‌ستان حکومه‌ت وه‌ر بگرن و ئێستا له ساڵی ١٣٨٠ وه ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی شاری سه‌رده‌شت دامه‌زراوه، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه به ئیمکاناتێکی که‌م کاره‌کانی په‌یوه‌ندی‌دار به زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت ڕاده‌په‌رێنێ و له کاتی درووست بوونیه‌وه، به‌رده‌وام بۆ باشتر کردنی باری ژیانی زامداران هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌شێک له کاره‌کانیان ته‌رخان کردووە بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که تا ئێستا ناویان تۆمار نه‌کراوه به پێی شاهید و به‌ڵگه وه‌ره‌قه‌ی ڕه‌سمی‌یان بۆ وه‌ر بگرن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که له ڕێگای ئه‌و پێناسه‌وه، دا‌و و ده‌رمانه‌کانی خۆیان به هه‌رزان‌تر وه‌ده‌ست بخه‌ن و قه‌ره‌بووی به‌شێک له ئازار و زامه‌کانیان بدرێته‌وه.
جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا به هه‌موو هێز و ڕێکخراوه سیاسی‌یه‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵیین که چیدی له ئاست ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی‌یه دا بێ ده‌نگ نه‌بن و چاو و گوێی خۆیان له ئاست ئه‌و تراژیدیایه دا نه‌به‌ستن، مێژوو له بێ ده‌نگی و چاو نوقاندتان له ئاست ئه‌م جه‌نایه‌ته سامناکه دا لێتان خۆش نابێت و خه‌ڵکی کوردستان، چی دیکه ده‌لیل و به‌ڵگه‌ی بێ‌جێتان لێ قه‌بووڵ ناکه‌ن و پسپۆران و نووسه‌ران له سه‌ر بێ ده‌نگی و چاو نوقاندنتان له ئاست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه لاپه‌ره‌کانی خۆیان له سه‌ر ئێوه به ڕه‌شی ده‌نووسن، با له ٢٧ ساڵه‌ی ئه‌م کاره‌ساته دا به یه‌کده‌نگ هه‌موومان هاوخه‌م و هاوپشتی شاری سه‌رده‌شت بین.
له کۆتایی دا ئەوە وەبیر دێنمەوە کە ئەگەر حکوومەتی بەعسی عێراق سەردەشتی شیمیاباران کرد، ئەوە کۆماری سێدارەی ئێران بە ئەنفالی سپی سەردەشت و ناوچەکەی و لاوانی ئەو شارەی تووشی چارەڕەشی و نەهامەتی کردووە و خەریکە بە بڵاو کردنەوە و درووست کردنی شیشەو ماددە هۆشبەرەکانی دیکە هەستی لاوانی سەردەشت و کوردستان خەوشدار دەکات. بۆ بەگژداچوونەوە و بۆ گەراندنەوەی هەیبەتی لاوان، پێویستە هەموو لایەک دەست بدەنە دەستی یەک و بەرێوەبەران و درووستکەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە سزای خۆیان بگەیێنن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەردەشت و شارەکانی دیکە لە ژێر ناوی ئەنفالی سپی دا خاپوور و وێران نەکرێ.
سڵاو له خه‌ڵکی خۆراگری کوردستان و شه‌هیدانی کاره‌ساتی ٧ی پوشپه‌ری سه‌رده‌شت
ته‌ندرووستی و باش بوونه‌وه بۆ زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت به ئاوات ده‌خوازین و مه‌رگ نه‌فره‌ت بۆ خوڵقێنه‌رانی ئه‌و جه‌نایه‌ته سامناکه.