کارەساتی سەردەشت ورەنگدانەوەی لە حاست نێونەتەوەییدا
بە بیانووی بەشداریم لە بەرنامەی “شرۆڤەی هەواڵ” ی تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ و دوان لە سەر پرسی سەردەشت و هۆی ئەوەی کە بۆ تا ئێستا شیمیابارانی سەردەشت نێونەتەوەیی نەکراوە، بە باشم زانی لەم بابەتە کورتەدا بۆچوونی خۆم دووپات کەمەوە بەتایبەت کە بە هۆی کەمی وەخت نەمتوانی بەشێکی زۆر لە بیر و بۆچوونەکانم بخەمە روو و قسەکانم ناتەواو مانەوە.
کارەساتی شیمیایی سەردەشت لە سادەترین حاڵەتدا وەک ژینوساید و کۆمەڵکوژی نەتەوەیەک ئەژمار دەکرێ کە تەنیا بە نیاز و هەوڵی قڕ کردنی بەشێک لە نەتەوەی کورد لە کوردستاندا ئەنجام دراوە، هەرچەند ئەو دەستدرێژییە لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق دا بووە بەڵام کە سەرنج بدەیە ئەو شوێنانەی کە شیمیاباران کراون دەردەکەوێ کە تەنیا کوردستان و خەڵکی کورد و یەک لەوان سەردەشت ئامانجی هێرشی شیمیایی بوون.
لە وەها کارەساتێکی بەربڵاو و گەورەدا هەوڵی نێونەتەوەیی کردنی لە پلەی یەکەمدا لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانێکە کە ئەوکات و ئێستاش حوکمی سەردەشت دەکەن و بەرپرسایەتی ئەوشارەیان لە ئەستۆیە واتە یەکەمین بەرپرسیار کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە زۆر بە باشی دەتوانێت پرسی سەردەشت نێونەتەوەی بکات و کارەساتی سەردەشت بگەیێنێتە حاستێک کە شیاوی سەردەشتە. بۆ ئەم مەبەستە رەنگبێ یەکێک لە نزیکترین رێگەکان بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو پرسە رێکخراوی پێشگیری و پەرەئەستاندنی چەکی شیمیایی واتە opcw یە. ئەم رێکخراوەیە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و مقەڕەکەی لە لاهەی هولەندە.
ئێران لەم رێکخراوەیەدا دەستێکی باڵای هەیە و زۆر بە نفوزە و دەتوانی هەر کارێک بکات بۆ ئەوەی پرسی سەردەشت نێونەتەوەی بکرێ، بەتایبەت کە لەو رێکخراوەیەدا تۆڕێک هەیە تەنیا بۆ ئەوەی داکۆکی بکات لە قوربانیانی چەکی شیمیایی لە جیهاندا و ئێران لەو بەشەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ و زۆر بە ئاسانی دەتوانی سەردەشت وەک شاری ئاشتی لە جیهاندا بناسێنێ و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ سەردەشت و قەرەبووی هەموو زیان و نەهامەتیەکانی مادی و موعنەوەی قوربانیانی شیمیایی سەردەشت.
بەڵام کاتێک هەموو رێگەکان ئاواڵەن بۆ ئەوەی پرسی سەردەشت نێونەتەوەیی بکرێ پرسیار ئەوەیە بۆ تا ئێستا نەکراوە، وەڵامەکە زۆر سادەیە چوونکە دەسەڵاتدارانی ئێران نایانهەوێ و هیچ ئیرادەیەکیان نیە بۆ ئەو کارە. بە بڕوای من دوو هۆکار سەرەکین کە ئێران خۆی لەم پرسە گرنگە دەدزێتەوە یەکەم ئەوەی کە سەردەشت شارێکی کوردستانییە و دانیشتوانی هەڵگری بیر و باوەڕێکی نیشتمانپەروەرانە و هەستێکی بەتینی کوردایەتین و هەر لە کۆنەوەش سەردەشت و ناوچەی سەردەشت مەکۆی شۆڕشگێران و گەورەپیاوانی دژ بە زۆرداری و زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی حاکم بووە، دەسەڵاتداران هەمیشە ویستوویانە بە هەموو شێوەیەک و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو میکانیزمێک کەش و هەوای دوژمنڕەتێنانەی ئەم ناوچەیە بشێوێنن. هەر بۆیە بەپێی سیاسەتێکی سیستماتیک هەوڵ دەدەن بێدەنگی بە سەر سەردەشتدا زاڵ بێت و نێوی لە نێواندا نەمینێت. دووهەم ئەگەر پرسی شیمیابارانی سەردەشت نێونەتەوەیی بکرێ یا ئەوەی بڕواتە دادگاکان و بەدواداچوونی یاسایی لەسەر بکرێ، بەرپرسیاری ئەسڵی دەوڵەتی ئەو کاتی ئێراقە کە رەنگبێ لە زۆر بوارەوە دەوڵەتی ئێستاش بگرێتەوە کە ئەوەش بۆ ئێران نەخوازراوە چوونکە ئێراق ئەمڕۆ لە باری سیاسییەوە تەنیا رۆڵ گێڕی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدایە و هیچ سەربەخۆیییەکی نیە، زۆر ئاسایییە کە ئێران ئەمڕۆ بۆ شارێکی کوردستانی و سوونە مەزهەب بەرژەوەندی سیاسی و ئایینییەکانی خۆی ناشێوێنێ و بارێکی گرانی مەعنەوی و ماددی ناخاتە سەر شانی دەسەڵاتی شیعە لە ئێراقی ئەمڕۆدا.
لەگەڵ ئەوەش گووتەی ئێران تەنیا یەک شتە، ئیستکبار جیهانی و دونیای غەرب بەرپرسیاری هەموو نەهامەتی و بەڵای جیهانن، لە روانگەی ئێرانەوە تەنیا وڵاتانی رۆژئاوا هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتەن و ئەوانیش دەبێ بەرپرسیارەتی ئەو تراژێدیایە لە ئەستۆ بگرن؛ بەو روانینەشەوە پرسی سەردەشت هەرگیز نێونەتەوەیی ناکرێ. هەرچەند لە کاتی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا بە گشتی هەموو وڵاتانی جیهان بێدەنگیان لێ کرد و هەزاران بریندار و سەدان شەهیدی بێتاوان و مەدەنی ئەو شارەیان کردە قوربانی سیاسەتی شەڕی ئێران و ئێراق کە رەنگبێ ئەو بێدەنگی و گوێپێنەدانەی ئەو کات و ئێستاشی لەگەڵ بێت یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکی ئەوەن کە پرسی سەردەشت نێونەتەوەیی نەکراوە.
بەڵام کاتێک ئێران نایهەوێ کارێک بکات دەکرێ سەردەشت فەرامۆش بکرێت؟ بە دڵنیایییەوە نا! کۆماری ئیسلامی ئێران نایهەوێ کارەساتی سەردەشت لەو جۆرەی کە هەیە گەورەتر بکرێتەوە بۆیە بە پێی پلان و بەرنامەی خۆی لەگەڵ شیمیابارانی سەردەشت هەڵس و کەوت دەکات، ئێمەش دەیبینین کە سەردەشت تەنیا لە ٧ی پووشپەڕ و چەند ساعەتێک بەرنامەی داخراو و هێندێک پێهەڵاگوتندا بچووک کراوەتەوە.
جگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەرپرسیاری یەکەمە، لایەن و کەسایەتیەکانیش دەتوانن رۆلێکی سەرەکی بۆ ئەو پرسە بگێڕن کە بەداخەوە دوای ٢٧ ساڵ لەو کارەساتە شتێک نەکراوە. بەتایبەت حیزبە سیاسیەکان دەتوانن پرسی کۆمەڵکوژی و ژینوسایدی کورد لە شیمیابارانکردنی کوردستان بە تایبەت سەردەشت وەک بەشێک لە سیاسەتی خۆیان کاری لە سەر بکەن و بەرنامە و پلانی بۆ داڕێژن و لە رێگەی نوێنەرەکانیان لە ئوروپا و ئامریکا هەوڵی بۆ بدەن و ئەو بۆشایییەی کە کۆماری ئیسلامی جێی هێشتووە ئەوان بە هەستێکی کوردانە و بەرپرسیارەتی نەتەوەیییەوە پڕی کەنەوە و کارەساتی سەردەشت نێونەتەوەیی بکەرێ. بەتایبەت ئێستا کە ئەحزابی کورد لە مەیدانی شەڕی چەکداریدا نەماوە با لە مەیدانی سیاسەتی نێونەتەوەیی چالاکانە و وشیارانە پرسە گرنگەکانی کورد بوروژێنی و لە داهاتووی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا گلەیی بێدەنگیان لێ نەکرێت.
رێکخراوە مەدەنی و ناحوکمییەکان لە حاست نێونەتەوەییدا دەتوانن زۆر کارگێر بن و لەو بارەوە دەتوانن کاری باش بکەن. ئەو رێکخراو و ئەنجومەنانەی لە نێو خۆی ئێرانن بە دڵنیایییەوە ناتوانین هیچ چاوەڕوانییەکمان لێیان هەبێت لەبەر ئەوەی بەشێک لەوان سەر بە رژیمی ئێرانن و دەوڵەتی ئێران بە دروست کردن و پاڵپشتی مادی و مەعنەوی رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان دەکات و لە رێگەی ئەوانەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بیر و رای گشتی دەکات. کە بە داخەوە ئەم بەشە لە سیاسەتی ئێران بە تایبەت بەرانبەر بە پرسی سەردەشت و تراژێدیای ئەم شارە زۆر باش جوابی بۆ داونەوە. هەر وەک دەبینین چەندین رێکخراوی دەوڵەتی پێک هاتوون کە بە نێو کار دەکەن بۆ بەرگری لە مافی بریندارانی شیمیایی بەڵام لە ئەساسدا دژایەتی کەیسی سەردەشت و ئەنجومەنی شیمیایی سەردەشت دەکەن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن بریندارەکانی شەڕ وەک قوربانی شەڕی داسەپاو بە سەر ئێراندا لە لایەن رۆژئاواوە زەق کەنەوە و سەردەشت و قوربانیەکانی بخەنە پەراوێزەوە. نمونەیەکی زۆر بەرچاو لەم رێکخراوانە “مۆزەی ئاشتی تاران” ە کە ئەمڕۆ وەک یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی ئاشتیخوازی جیهان دەناسرێت و ساڵانە دەیان بەرپرسی گەورەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و باڵوێزی وڵاتان سەردانی دەکەن و وەک ناوەندێکی ئاشتی پارێز دەیناسن بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بۆ یەک جار راستی سەردەشت لەو موزەیەدا نەخراوەتە روو و بەڵکە راستییەکانیشان شێواندوون.
باقی ئەنجومەن و رێکخراوە ناحوکمیەکانیش لە بەر ئەوەی فشار و ترسێکی زۆریان لەسەرە و بەردەوام لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ و بە هیج شێوەیەک دەستیان ئاواڵە نیە ناتوانن کارێک بکەن بۆیە دەبێ ئەوان لەو پرسەدا لەبەر چاو نەگرین، بەڵام زۆر رێکخراوی ناحوکمی و ئەنجومەنی چالاکی کوردیمان هەن کە دەتوانن لە بواری نێونەتەوەییدا کار بۆ ئەو بەشە بکەن و خزمەتێکی گەورە بە قوربانیانی چەکی شیمیایی لە هەموو کوردستان و بە تایبەت سەردەشت بکرێت. کە من پێم وایە هۆی ئەوەی بۆ ئەوانیش تا ئێستا گرنگیان نەداوە بەو پرسە رەنگبێ ئەوە بێت کە ئەوانیش نەزانن یا باوەڕیان بەوەی نەبێ کە شیمیابارانی سەردەشت و ناوچەکانی دیکەی کوردستان خاڵێکی گەورە و بەهێزە بۆ دوارۆژی کوردستان لە حاست نێونەتەوەییدا.
بەڵام گرنگتر لە هەمووی ئەوانە ئێمەی برینداری شیمیایی و کەس و کاری شەهیدان بەداخەوە تا ئێستاش نەمانتوانیوە وەک پێویست ئەرکی خۆمان بە جێ بگەیێنین و بە پێی پێویست کارێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم پرسە نێونەتەوەی بکرێت. ئەگەر زۆربەی بەرکەوتووانی چەکی شیمیایی سەردەشت ئێستا لە نێوخۆی ئێراندا دەژین و دەستیان بە هیچ شوێنێک راناگا، زۆرن ئەو بریندارانەی شیمیایی سەردەشت و بنەماڵەی قوربانیان کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و نموونەیەکی بەرچاو و گرنگن بۆ شایەدیدان و دەوڵەمەند کردنی کەیسی سەردەشت، هەروەها لە رێکخراوە نێونەتەوەیەکان نزیکن و ئەنجومەن و رێکخراوە مەدەنیەکان باش دەناسن بەڵام هەموومان تەنیا سەردەشت و ئازاری برینێکی لە لەشماندایە تەنیا کاتێک پووشپەڕ دێت دێتەوە بیرمان.
هیوادارم بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک رۆژێک بێت کە پرسی سەردەشت نێونەتەوەیی بکرێ و قەرەبووی هەموو لایەنەکانی قوربانیانی سەردەشت بکرێتەوە.
سیروان حەدداد ٨ ی پووشپەڕی ٩٣