رۆژهەڵات خۆی لە خۆیدا ببینێتەوە (کورتە سەرنجێک لە دڵگرانیی رۆژهەڵاتییەکان لە سیاسەتی باشوور) عهولا بههرامی
ئەمرۆژانە دڵگرانییەکی سەیر چالاکانی سیاسیو چالاکە رۆژهەڵاتییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو دەکرێ بڵێین کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە. هەرچەند دڵگرانیی رۆژهەڵاتییەکان لە رێبەرانیی سیاسیی باشوور مێژوویەکی درێژی هەیەو، دڵگرانییەک لە بیر کراوەو یەکی دیکە جێگای گرتۆتەوە. بۆیە ئەم دڵگرانییەی ئەمجارەش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوانی پێشوو نیە. ئەی کەواتە دەکرێ بڵێین بۆ دیسان؟
ئەم دڵگرانییە بە دوای نیگەرانی لە هەڕەشەیەکو کارەساتێکدا هات کە باشووری کوردستانی گرتەوە. ئەو نیگەرانییە راست لە جێی خۆیدا بوو. بۆیە پێویست بوو ئەو شەپۆلی هاوپێوەندیی نەتەوەییە وەک ساڵانو دەیەکانی رابردوو، بگرە زۆر زۆر بە گوڕتریش وەڕێ بکەوێ. بەڵام ئەم دڵگرانییە بۆ؟ ئەم دڵگرانییە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە رێبەرانی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە وڵامی ئەم شەپۆلی هەستو سۆزی کوردانەیە بدەنەوە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی بەرگری لە خاکی باشوور دەکەن، بەکردەوە خەریکی کایەکردن لە نێو سیاسەتی ناوچەیی دان یان کەوتوونەتە نێو ئەو کایەیەوە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتییەکان وڵامی ئەو هەستە پڕ جۆشە نەتەوەییەی خۆیان وەرنەگرنەوە. چونکە پێیان وابوو دەبێ بە بێ لەبەرچاوگیرانی هیچ چەشنە تێبینییەکی سیاسی لە شەڕی بەرگری لە باشووردا بەشدار کرابایەنو بەگشتی رێبەرانی باشوور وڵامێکی شیاویان بەو هاوپێوەندییە نەتەوەییەی ئەوان دابایەوە.
بە بڕاوی من ئەو دڵگرانییە ناکرێ بەتەواوی لە جێی خۆیدا بێ، یان دەکرێ لە جێی خۆیدا نەبێ. چونکە ئەو دڵگرانییە راست لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە تاکی کورد هەر دەیەوێ بە چاوی هەستو سۆزەوە لە سیاسەت بڕوانێ. پاساوی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەش چەمکی نەتەوەیی بوونە. راستە هەستی هاونەتەوەیی بوون لە ناخی هەر کوردێک دایە، بەڵام ئایا دەکرێ بەم هەستەوە لە نیشتمانێکدا لە نوێترین دابەشبوونی بۆ لانیکەم ٩٠ ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە سیاسەتیش بکرێ؟ وڵامێکی زۆر کورت بەم پرسیارە ئەوەیە، نا. چونکە بمانەوێ یان نا، لە مێژە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە، هاوکێشە سیاسییەکانیان جیاوازەو تەنانەت تێگەیشتنی رێبەرە سیاسییەکانیشیان لە سیاسەت بەم پێیە کە پێرەوی لە بەرژەوەندە سیاسییەکانیان دەکا، جیاوازە.
ئەگەر نەمهەوێ پاساو بۆ سیاسەتی هەڵەی رێبەرانو هێزە سیاسییەکانی بەشێک لە بەشەکانی کوردستان دەرهەق بە بەرژەوەندییەکانی بەشەکانی دیکە بێنمەوە، کە ئەوەیان بابەتێکی جیاوازەو ئێستاش نمونەکانی بە زەقی دەبینرێن، دەبێ بڵێم بە کورتی راستیی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان ئەوەیە کە کورد بەگشتی ناتوانێ خاوەنی یەک بەرژەوەندی سیاسیی هاوبەش بێ، تەنانەت ئەگەر سبەینێ کۆنگرەی نەتەوەییش دامەزرێنێ. ئەوەش هۆکارەکەی راست بۆ دابەشبوونی کوردستان دەگەڕێتەوە. پێم وایە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی راستەقینەو پڕ بە مانای وشە بە بێ خوڵقانی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ کە پێگەی کورد زۆر بەهێز بکەن، خەیاڵێکی دوورە دەستە. لەم دۆخەی ئێستادا باشترین سیاسەتی نەتەوەیی بۆ رێبەرانی سیاسیی بەشەکانی کوردستان ئەوەیە زیان بە بەرژەوەندییەکانی بەشەکانی دیکە نەگەیەننو نەکەونە نێو کایەی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییە نکۆڵی لێنەکراوانە، کوردی رۆژهەڵاتی کودستان پێویستە بە دوور لە هەستو سۆزی کوردانە، جۆرێکی دیکە لە چاوەڕوانییە سیاسییەکانی لە پاڕچەکانی دیکە، بە تایبەت باشووری کوردستان بڕوانێ. لە باشووری کوردستان بە دروست یان نادروست بە پێی بەرژەوەندە سیاسییەکانی ئەم پارچەیەو تەنانەت بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکان سیاسەت کراوەو دەکرێ. ئەمەش راستییەکە لەبەر دڵی کوردی رۆژهەڵات ناگۆڕدرێ.
نکۆڵی لەوە ناکرێ دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکرێ وەک دەسکەوتی هەموو کورد چاو لێبکرێن، بەڵام لە پلەی یەکەمدا دەسکەوتی باشوورن. هەروەک بەهێز بوون یان لاوازبوونی پێگەی سیاسیی باشوور لە پلەی یەکەمدا سوودو زیانەکانی بۆ خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان دەگەڕێتەوەو لە پلەکانی دووەمو سێیەمدا بۆ بەشەکانی دیکە. بە بۆچوونی من ئەوە کە چاوەڕوان بکرێ باشوور توانایی ئەوەی هەیە لە خۆی بۆ پارچەکانی دیکە مایە دابنێ، چاوەڕوانییەکی نابەجێیە. تەنیا چاوەڕوانیی بەجێ دەتوانێ ئەوە بێ باشوور بە قازانجی خۆی لە سەر حیسابی بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مامەڵە نەکا. بەڵام باشووری کوردستان دەتوانێ لە دوو بواری ئابووریو فەرهەنگییەوە تارادەیەکی باش دەستئاوەڵا بێو پاڕچەکانی دیکەو بەتایبەت رۆژهەڵات لە دەرەتانو پوتانسێلەکانی بەهرەمەند بکا.
کەواتە قاڵبوونەوەی رۆژهەڵاتییەکان لە رووداوەکانی بەشەکانی دیکە کوردستان جگە لە دروستبوونی ئەو جۆرە دڵگرانیانە، خەسارێکی دیکەشی لەم بەشەی کوردستان داوە کە راست لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران دایە. ئەویش بریتییە لە دروستکردنی هێندێک خاڵی تێرامان لە دەرەوەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەبنە هۆی پەراوێزخرانی رووداوەکانو کەم بایەخبوونی تێکۆشانە سیاسی، مەدەنیو فەرهەنگییەکانی ئەم بەشەی کوردستان. ئەو بەشە لە کوردستان کە لە پێشدا دەبێ رۆژهەڵاتییەکان لە خەمی دابن.
رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا مێژوویەکی درێژی لە خەباتی نەتەوەییدا هەیە، ئەمرۆکە خاوەنی پوتانسێکێکی بەهێزی سیاسی، مەدەنیو فەرهەنگییە. بەشداری سیاسییانەو ئامانجداری رۆژهەڵاتییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانو کوردستانداو هەوڵدان بۆ قۆزتنەوەی دەرفەتە هەر بچووکەکانو بەگشتی شکاندنی تابۆی پرسی کورد لە ئێرانو گەشەی رۆژ لە رۆژ زیاتری کولتوری کاری مەدەنی بەشێک لەو کە دەکرێ دەسکەوتی گەورەتریان لە سەر بنیاد بنرێ.
راستە ١٨ ساڵە خەباتی چەکداری لە پێشدا لە بەر پاراستنی دەسکەوتەکانی باشوور راوەستاوەو دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران لەم ماوەیەدا بە تێچوویەکی ماددیو مرۆیی کەمترەوە رووبەڕووی بزووتنەوەی رۆژهەڵات بۆتەوە. بەڵام ئەم راستییە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک سەلماوەتەوە کە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بەستراوە بە یەک میتۆدی خەبات نیەو دەکرێ هاوکات لە چەند میتۆد کەلک وەرگرێ.
لەم پێوەندییەدا خاڵێکی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەگەر چاوەڕوانی لە خەڵکی رۆژهەڵات ئەوەیە بە چاوەڕوانییەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بچنەوە، پێویستە حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتیش بە جدی بیر لە رێگاکانی دەربازبوون لە “ئاچمەز”ی ئێران ــ باشوور بکەنەوەو لەسەر بنەمای پوتانسێلو فاکتۆرە بەرهەستەکانی رۆژهەڵات بیر لە هەستانەوە بکەنەوە.