دووفاقیی حكومەتی كوردستان! هێمن عەبدوڵڵا، مێدیاکاری ‫رووداو

حكومەتی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا سیاسەتێكی دووفاقییانە بەرامبەر هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پەیڕەو دەكات. لەلایەكەوە دەست بەڕووی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتەوە دەنێت و هاریكارییان رەتدەكاتەوە، لەلایەكیشەوە رێگە دەدات گەریلاكانی PKK تێریتۆریای تایبەت بەخۆیان لە باشوور دابمەزرێنن و باسی دروستكردنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال و كەركووك بكەن.
ئەگەر بڕیار بێت حكومەتەكەمان كوردستانییانە بیربكاتەوە و پێویستی بە هاوكاریی هەمووان بێت، نابێ دەستی هاریكاریی رۆژهەڵاتییەكان رەتبكاتەوە، ئەگەر بڕیاریش وایە مامەڵەی دەستووری لەگەڵ هێزەكانی پارچەكانی دیكە بكات و چیدیكە هاوكارییان پێویست نەبێت، نابێ چیدی رێگە بدات گەریلا لە باشوور بمێنن.
لەو دیبەیتە تەلەڤزیۆنییەدا كە هەفتەی رابردوو لە سلێمانی لەگەڵ نوێنەری هەندێك پارتی رۆژهەڵاتی كوردستان كردم، لە تۆنی دەنگی میوانەكانەوە هەستم بە نیگەرانی دەكرد بەرامبەر بڕیاری كێشانەوەی پێشمەرگەكانیان لە بەرەكانی شەڕدا. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان داكۆكییان لە بڕیارەكەی حكومەتی كوردستان دەكرد و وەك خۆیان دەیانگوت، لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی ئەو حكومەتە تێدەگەن. ئەوكات بیرم بۆ ئەوە چوو كە زۆرتر لە بیست و سێ ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە. بەدرێژایی ئەو بیست و سێ ساڵەش حیزبە رۆژهەڵاتییەكان یان ناچاربوون یان ناچاركراون ئاگایان لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی حكومەتە تاقانەكە بێت.
ئەمە بۆ ئەوان بەمانای بێدەنگیی خنكێنەر و پووكێنەر بووە لەنێو جەماوەری خۆیان لە بەشە كوردستانەكەی خۆیاندا، بەڵام رۆژێك لە رۆژان ئەو بێدەنگییەیان لە میدیاكاندا نەتەقاندەوە. بیست و سێ ساڵە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی كوردستان چەكی لەشانە، كەچی هەمیشە یان بۆ بەرگری لەخۆكردن بەكاریهێناوە، یان لەبەر “هەستیاریی هەڵوێست”ی برا باشوورییەكانی بۆ ماوەی درێژ گوللەیەكی پێ نەتەقاندووە. بۆیە پێم عەیب نەبوو لە یەكێك لە میوانەكانی دیبەیتەكە بپرسم: “بەر لە شەڕی داعش، چەند دەبوو پێشمەرگەكانتان تەقەیان نەكردبوو؟”
كاتێك دیسان ئاوڕ لە بیست و سێ ساڵی رابردوو دەدەینەوە، دەبینین PKK لە هیچ قۆناغێكدا رەچاوی “هەستیاریی هەڵوێست”ی حكومەتی كوردستانی نەكردووە. ئایا تاوەكو ئێستا ئەو حیزبە لەو هەستیارییە تێنەگەیشتووە یان نەیویستووە لێی تێبگات؟ لە ویكیلیكسدا زۆر بەڵگە هەن دەریدەخەن لە قۆناخی جیاجیادا گوشاری گەورەی ئەمریكی و توركی لەسەر بارزانی و حكومەتی كوردستان هەبوون بۆئەوەی PKK لە باشوور بێدەنگ بكەن، بەڵام ئەو گوشارانە ئەنجامیان نەبووە. لەو بەڵگەنامانەدا دەردەكەوێت كە حكومەتی كوردستان هەوڵیداوە لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی PKK و ئەو نوشوستییەی دوای گیرانی ئۆجەلان تووشی بووە تێبگات، نەك بەپێچەوانەوە! واتە ئەوەی رۆژهەڵاتییەكان لەبەرخاتری باشوور نەیانكردووە، PKK بەبێ خاترگرتنی باشوور كردوویەتی و بۆشی چووەتە سەر.
زەكی شنگالی كە یەكێكە لە سەركردە باڵاكانی PKK، بەمدواییانە بە رۆژنامەنووسانی گوتووە “شنگال و كەركووك پێویستیان بە خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەیە”. واتە ئەو دوو ناوچەیە پێویستیان بە كانتۆنەكانی هاوشێوەی رۆژئاوای كوردستان هەیە كە تەنیا لەلایەن PKKەوە بەڕێوەدەبردرێن. ئەمەش بەو مانایەیە كە گەریلای PKK بۆ هاوكاریی پێشمەرگە و پاراستنی هاونیشتمانیانی نەهاتووەتە باشوور، بەڵكو بۆ ئاڵۆزتركردنی كێشەی ناوچە گەڕێندراوە پێشتر دابڕێندراوەكان هاتووە. بۆیە راستوایە هەولێر كۆتایی بە سیاسەتی دووفاقیانەی بەرامبەر هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان بهێنێت. ئەویش بەوەی كە یان رێگە بە بەشداریی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات لە شەڕی دژی داعش، یان بەرلەوەی گەریلا گێچەڵێكی نوێ بنێتەوە بڕیاربدات مانەوەی نایاساییان لە باشوور كۆتایی پێبهێندرێت.