به‌یاننامه: ده‌رباره‌ی شه‌ڕفرۆشیی (داعش) به خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووداوه‌کانی باشووری کوردستان‌و به‌تایبه‌تی په‌ره‌گرتنی شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و چه‌کدارانی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عێڕاق‌و شام- داعش” سه‌رنجی بیروڕای گشتی‌و میدیاکانی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوه. ئه‌گه‌رچی حیزبی ئێمه پێ‌به‌پێی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دوایی‌یانه له‌باره‌ی هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی تازه‌وه هه‌ڵوێستی ئو‌سوولیی خۆی ڕاگه‌یاندوه، به‌ڵام بۆ به‌رچاوڕوونیی زیاتری بیروڕای گشتی به‌پێویست ده‌زانین ڕابگه‌یه‌نین:
1- هه‌ڵوێستی ئێمه به‌رامبه‌ر به خه‌باتی ڕزگاریخوزانه‌ی گه‌لی کورد‌و ماف‌و ئازادی‌یه‌کانی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان هه‌ڵوێستێکی نه‌گۆڕه. ئێمه داخوازه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی گه‌لی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به داخوازیگه‌لێکی ره‌وا ده‌زانین‌و به هه‌موو ڕیگایه‌کی مومکین‌دا له خه‌بات بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی ئه‌و داخوازانه تا گه‌یشتن به مافی دیاری‌کردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌مان پشتیوانی ده‌که‌ین.
2- ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی هه‌رێمی کوردستان له باشووری نیشتمان به ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌ی هه‌موو ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌زانین‌و هه‌روه‌ک له ماوه‌ی زیاتر له بیست‌ساڵی ڕابردوودا نیشانمان داوه له‌پێناوی سه‌رکه‌وتن‌و به‌ره‌وپێش‌چوونی‌دا بۆ هه‌رجۆره هاوکاری‌یه‌ک ئاماده‌ین.
3- ده‌ست‌خۆشی له سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان‌و هێزی وڵاتپارێزی پێشمه‌رگه ده‌که‌ین که وشیارانه ده‌رفه‌تی له‌باری دوای هێرشی چه‌کدارانی داعش بۆسه‌ر شاری مووسڵ‌یان قۆزته‌وه‌و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ناوچه کوردستانی‌یه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیان کۆنتڕۆڵ کرد.
4- هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به تێڕۆرو تێڕۆریزمیش بۆ هه‌موو شاره‌زایان ئاشکراو هه‌رله‌وکاته‌دا نه‌گۆڕه. ئێمه گه‌وره‌ترین زه‌برو زه‌ره‌رو زیانمان له تێڕۆرو تێڕۆریزم به‌ر که‌وتوه‌و هه‌ربۆیه تێڕۆر له هه‌رکوێ‌و له هه‌رکاتێک‌دا‌و به‌ده‌ستی هه‌رکه‌س‌و دژی هه‌رکه‌س بێ، به‌کرده‌وه‌یه‌کی دژی ئینسانی ده‌زانین‌و مه‌حکوومی ده‌که‌ین.
5- به‌شێوه‌یه‌کی ڕوونتر شه‌ڕفرۆشتنی تاقمی تێڕۆریستیی داعش‌و ده‌ست‌دریژی‌و په‌لاماریان بۆ سه‌ر ناوچه کوردستانی‌یه‌کان به‌توندی مه‌حکووم ده‌که‌ین‌و خوازیاری ئه‌وه‌ین که هێزه نیشتمانی‌یه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان پێکه‌وه‌و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه به‌گژ نه‌خشه‌و پڵانه ئاژاوه‌گێڕانه‌کانی ئه‌و گرووپه دژی‌ئینسانی‌یه‌دا بچنه‌وه.
6- جگه له‌وانه‌ش تووڕه‌یی‌و بێزاریی توندی خۆمان له سیاسه‌ت‌و ڕه‌فتاری نامرۆڤانه‌ی داعش له کوشتاری بێ به‌زه‌یی‌یانه‌ی خه‌ڵکی بێ تاوان، ده‌رکردنی ده‌یان‌و سه‌دان هه‌زار که‌س له هاونیشتمانه مه‌سیحی‌یه‌کان‌و کورده ئێزه‌دی‌یه‌کان له‌سه‌ر ماڵ‌وحاڵی خۆیان‌و وێران‌کردنی په‌رستگه‌و زیاره‌تگه پیرۆزه‌کان‌و زۆر کار‌و کرده‌وه‌ی قێزه‌ونی دیکه‌ی ئه‌و گرووپه ده‌رده‌بڕین.
7- پڕبه‌دڵ ده‌ست‌خۆشیی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌که‌ین که سه‌رباری ئه‌و هه‌موو گیروگرفته ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌ی له ئاکامی هه‌شت مانگ بڕانی بوودجه‌ی هه‌رێم‌دا تووشی هاتوه، سه‌خاوه‌تمه‌ندانه باوه‌شی بۆ سه‌دان‌هه‌زار ئاواره‌ی کورد‌و عه‌ره‌ب‌و مه‌سیحی کردۆته‌وه‌و به چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌کانیان ڕاده‌گا. هه‌ر له‌وکاته‌دا ناتوانین دڵگرانی‌و ناڕه‌زایه‌تیی خۆمان له که‌مته‌رخه‌میی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێڕاق‌و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به‌و مه‌ینه‌تی‌یه که ئه‌و ئاوارانه تووشی هاتوون بشارینه‌وه.
8- ئافه‌رین بۆ خۆڕاگریی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ده‌نێرین که وه‌ک له‌مپه‌رێکی پۆڵایین پێشی به چوونه‌پێشی نه‌خشه‌و پڵانه‌کانی داعش گرتوه‌و ئاماده‌یه بۆ وه‌ده‌ست‌هێنان‌و چه‌سپاندنی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌موو جۆره قوربانی‌یه‌ک بدا. له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نین هه‌رکات به پێویست بزانرێ ئاماده‌ین به هه‌موو ڕێگایه‌کی گونجاو‌دا یارمه‌تی به‌و خۆڕاگری‌یه شکۆداره بکه‌ین.
9- له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ده‌ستدرێژیی داعش بۆسه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له ڕۆژئاوای کوردستانیش شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین ، پشتیوانی‌و هاوپێوه‌ندیی خۆمان بۆ خه‌باتی خه‌ڵکی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌و ئاواته‌خوازین هێزه وڵاتپارێزه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانیش ڕیزه‌کانی خۆیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژی‌یه‌کی دوژمنانه یه‌ک بخه‌ن و پێکه‌وه به‌گژ دوژمنانی ماف‌و ئازادی‌یه‌کانی گه‌لی کورد له‌و به‌شه‌دا بچنه‌وه.
سه‌رکه‌وتن بۆ ئیراده‌ی گه‌ل‌و نه‌مان بۆ دیکتاتۆری‌و کۆنه‌په‌رستی.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
سێ‌شه‌ممه 14ی گه‌لاوێژی 1393ی هه‌تاوی (5ی ئووتی 2014ی زایینی)