شەهیدانمان بە ئێران مەگۆڕنەوە. هاوار بازیان

هیچ منەتێك هەڵناگرێ ئەگەر كوردێك بۆ پاراستنی نیشتمانەكەی هەموو فیداكارییەك بكا و  لەو رێگەیەدا تەنانەت گیانیشی بەخت بكا و ئەو كەسەی نایكات و نەیكردووە تەواو قەرزداری وڵات و گەلە، بەڵام ئەوەی لێرەدا وەك دیاردەیەكی ناشیرینی سیاسی باسی دەكرێ، حاشاكردن و شاردنەوەی شەهیدانی كوردستانە ئەویش لەسەر خواستی دوژمن.
شەهیدبوونی دوو كوردی رۆژهەڵاتی لە شەڕی دژی داعش بەناوەكانی نیگار حوسێنی و پێشتریش هەژیر حوسێنی (سمكۆ)، هەندێك هەڵوێستی نامۆی لە هەندێك هێزی سیاسی و میدیاییی باشووری كوردستاندا پیشاندا كە نامۆن و بەهیچ شێوەیەك ناچێتە خانەی نەتەوەیی كە لێرەدا بە كورتی باسیان دەكەین:
1. سیاسەتی حاشا و شۆڕكردن
هەر لە یەكەم ساتەكانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوونی نیگار وەك یەكەم شەهیدی كچی كورد لە شەڕی تیرۆری دژی داعش، زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندنی كوردی كەم و زۆر باسیان كرد، بەڵام ئەوە جێگەی سەرسووڕمان بوو كە میدیای رەسمیی یەكێتیی نیشتمانی نەك هەر باسی نەكرد، بەڵكوو لەسەر زاری سەركردایەتی و فەرماندە باڵاكانی تەنانەت رووادوێكی لەوشێوەی سەرلەبەر رەتكردەوە و دواتریش خۆی راست نەكردەوە تا گومان لەوە بكەین سەرەتا هەواڵەكەیان بۆ پشتڕاست نەبووەتەوە.
یەكێتیی نیشتمانی لە شاردنەوەی رووداوە گەورەكاندا بەتایبەت ئەوانەی پەیوەست بە كەینوبەینی نێوان خۆی و ئێراندا ئەزموونێكی دوور و درێژی هەیە. هەر لە سەرپۆشكردنی شەهید و تیرۆركرانی سەدان رۆڵەی رۆژهەڵات بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئەو حیزبە تا بێ سەروشوێن كردنی رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند كە لە هەموویاندا هەر سیاسەتی حاشا و نكۆڵیكردنی گرتووەتەبەر كە زیاتر وەك شۆڕكردنی ملی سیاسی بەرامبەر ئێران هاتە بەرچاو.
2. ترسە گەورەكەی ئێران
كۆماری ئیسلامی نیگەرانییەكی زۆری هەبوو و هەیە لەوەی دۆخی كوردستان دەرفەتی هەناسەیەك بە خەباتی چەكداری بە كوردی رۆژهەڵات بدا و ترسێكی زۆر لە بەرپرسانی تاران نیشتووە بەوەی كوردی ئێرانیش خۆی بە مافخوراو بزانێ لەوەی بۆچی سەرجەم بەشەكانی تری كوردستان بەرەو رزگارین، بەڵام كوردی ئەو پارچەیە دەبێ هەروا بێدەنگ بێ؟ ترسە گەورەكەی كۆماری ئیسلامی لەوەیە كە شەڕی داعش و بەشداریی كوردانی رۆژهەڵات ئەو گریمانەیە بەهێز دەكات لەوەی كوردەكان خۆیان رەخنەباران بكەن و هان بدرێن بەوەی یەك بگرن چونكە چەك و شەڕ دەتوانێ زۆر شت بكا. تكا و خواستی ئێران لە بەرپرسانی هەرێم بەخێرایی و تا رادەیەك نهێنی گەیەنرایە پارتی و یەكێتی و لەوبارەیەوە تەنانەت هۆشداری ئەوەش درا كە ئەگەر وەڵامی نەدرێتەوە ئەوە كۆماری ئیسلامی خۆی دەتوانێ چارەسەری ئەو پرسە بكا.
3. بەڵێن بە كۆماری ئیسلامی
یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان زوو لە  خەمەكەی ئێران تێگەیشتن و بۆ بەشداریكردنی كوردانی رۆژهڵات لە شەڕی داعشدا بەرامبەر كۆماری ئیسلامی دوو سیاسەتی جیاوازیان گرتەبەر. پارتی دیموكرات توانی بەڵانسێكی دیپلۆماسی لەنێوان خواستی ئێران و حەزی كوردان بۆ پاراستنی وڵات دروست بكا كە ئەویش دوور لە رەخنە نییە. ئەو پارتە هەرچەندە بەڕەسمی داوای كرد هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی چاوەڕێی وەزارەتی پێشمەرگە بن و تا كاتی پێویست خۆیان بگرن، بەڵام وەك بینیمان بە رەزامەندیی بەرپرسانی باڵای ناوچەكە رێگەی بەشداری بە پێشمەرگەی رۆژهەڵات درا و لانیكەم لە 3 میحوەری نیمچەقورسی شەڕدا بەشدار بوون و تەنانەت عەمەلیاتی باشیان كرد و دەستكەوتی سەربازیشیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گەڕاندەوە.
لایەنی یەكێتی ئامادە نەبوو بەڵێنەكەی بە كۆماری ئیسلامی بشكێنێ و پشتی هاوڕێ دێرینەكەی چۆڵ نەكرد و بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوە وەستاوە “كوردی ئێران” شەڕی داعش بكات. لەوبارەیەوە لەناو سەركردایەتیی یەكێتیشدا 2 بۆچوون هەبوو كە دەبێ ئاماژەیان پێ بكەین. بۆچوونێك كە لە باڵی مام جەلال و ئێران نێزیكن پێیان وابوو ئێران مافی خۆیەتی رێگە نەدرێ كوردی ئێران ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بیكاتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی پاش نێزیكەی 20 ساڵ لە دابڕانی سەربازی تامی خەباتی چەكداری بچێژێتەوە، جگە لەوەی دەرفەتێكیش دەبێ تا كوردی ئێران خۆی بەسەر بكاتەوە. ئەو بۆچوونە دیسان باڵادەست بوو بەرامبەر روانینێكی تری سەركردایەتیی یەكێتی كە پێیوابوو ئەو شەڕە رووی لە هەموو كورد و كوردستانە، بۆیە هەموو كوردێك مافی ئەوەی هەیە بەرگری بكا و ناكرێ ئەو مافە زەوت بكەین.
ئەنجام:
لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستە حیزبییانەی باسیان كرا، بەشێكی كوردانی رۆژهەڵات خۆیان گەیاندە بەرەكانی شەڕ كە تا ئێستەش بەردەوامن. لەو پەیوەندییەدا تا ئێستە 2 شەهیدیان داوە كە بەپێی پێویست رێزیان لێ نەگیراوە. راگەیاندنی ناحزبی و ئەهلی تا رادەیەكی باش ئاوڕی لەو شەهیدانە داوەتەوە و بێ جیاوازی وەك شەهیدی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ كردوون، بەڵام راگەیاندنی حزبی بەتایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنانەت هەواڵەكەی رەتكردەوە و لەنێوان كۆماری ئیسلامی و شەهیدی رۆژهەڵاتیدا دڵی تارانی نەشكاند، بەڵام دیسان بارێكی گرانی خستە سەر دڵی رۆژهەڵات كە پێویستە فەرامۆش نەكرێ.
هەندێك سەرچاوە:
http://www.asoyroj.com/Al25insh/detail.aspx?=hewal&jmara=6417&Jor=1
http://www.peshmergekan.com/Al25insh/babetekan/hewalekan/4967-hewal
https://Al25inpost.wordpress.com/2014/09/08/%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%AA%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AF%DB%8C-%D9%86%DB%8C%DA%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%B4%DB%95%D9%87%DB%8C%D8%AF%D8%A8%D9%88%DB%95%D9%88-%D9%85%D9%88%D8%B1%D8%B9%D8%A7%D8%AA%DB%8C/