هەر گەل و نەتەوەیەک خاوەنی بڕوابوون بە دۆزەڕەواکانی خۆی نەبێت، …

هەر گەل و نەتەوەیەک خاوەنی بڕوابوون بە دۆزەڕەواکانی خۆی نەبێت، هیچکات نابێت بە ڤێتنامێکی تر کەم وێنە لە یەکگرتنو خۆڕاگری! نووسینی: قاسم ئەحمەد.

جەنگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٥٤ تاوەکو ساڵی ١٩٧٥ بەردەوامی هەبوو بەڵام بۆ یەکەم جار فڕۆکە هەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ئەمڕۆ و دۆڕاوی جەنگی ڤێتنام یەکەم هەڵگری هێلیکۆپتەری خۆی گەیاندە ناوچەی سایگۆن بۆ هاوکاری ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دژ بە چەکدارانی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٦١.
ڤێتنامییەکان لەو جەنگەدا سەلماندیان ئەوە بچوکی هێز نییە لایەنێک دەکات بە براوەی جەنگ، بەڵکو بڕوا بوون و یەکگرتنە کە هاوسەنگی هێزیش دەگۆڕێت و توانای لە ناوبردنی لایەنە بەرابەرەکەی‌تری دەبێت سەرەڕای زلهێزبوونیشی.
نموونەش بۆ ئەوە جەنگی ڕووسەکان ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو١٩٨٩ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دژ بە ئەفغانەکان بە سەرنەکەوتنی ڕوسەکان کۆتایی هات و جەنگی ئەمریکاو ڤێتنامییەکان بە بردنەوەی ڤێتنامییەکان بە هەمان پێوەر، بەڵام بە پەیڕەوکردنی شێوازەکانی جەنگی بەرەیی و پارتیزانی لیوانلێو بە بڕوا بەخۆبوونیان وەک دوو گەلی بەهێز.
لەوە دەچێت بڵێن سەرکەوتن لەچی
لە کاتێکدا زلهێزەکان تاوەکو ئیستاشی لە گەڵ بێت باڵا دەست و خاوەن بڕیارن؟
بەڵێ وایە!
گرنگ ئەوەیە ئەو دوو نەتەوەیە لە ئەنجامدا بوون بە خاوەن ئاسایشی نەتەوەیی، ئاڵا و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا.
نەتەوەی کورد بە هەموو پارچەکانییەوە گەر خاوەنی بڕوا بوون و یەکگرتن بێت بە خۆی بە واتایەکی تر خورەی” پارت و فەرمانڕەوایی تاکە کەس و ململانێی ناوچەگەری” بۆ دوای بەدەست هێنانی سەربەخۆیی بخاتە لاوە، ئیتر هێزی دەرەکی (سونە و شیعە و پاسدار و میت ) ئەو ڕۆڵەیان نەدەگێڕا کە ئیستا بە ڕوونی دەیگێڕن لە سەر هەست و نەستی دواڕۆژی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان.
با باس لەوە بکەین وەک پێویست بۆچی دەبێت تورکیای کەمالیستی بوار بەداعش بدات سەدان هەزار لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارەو بێ دەرەتان بکات؟ لە کاتێکدا لایەنێکی کوردی کەی بیەوێت لە کۆشکی جانکایا حەیران و لاوک بۆ ئەردۆگان و کەسانی دوای ئەردۆگان دەچڕێت!
یان ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەیان ساڵ لە کاری ڕامیاری و خەباتی چەکداری دابماڵێنرێن و هاوشێوەی ئاوارەی دەرەکی هەناسی ئازادیخوازیان بە مەرج پێ بدرێت و چوار دەوریان بەتەلی دڕکاوی بگیرێت؟
لە کاتێکدا جەنراڵ قاسم سولێمانی دژبە مافی نەتەوەی کوردو خاکی کوردستان لە قەسرەوە تا دەگاتە کەرکووک تەراتێن دەکات و پێشوازیکەرانیشی چۆن و کەی بیانهەوێت بە ئاسانی دەگەنە سەرگۆڕی ئیمام و بەڵێنی بەڵێ گەورەم دووپات دەکەنەوە!
ئەگەر گەلێک ئاوەها گەمەی ڕامیاری بکات بێ گومان ناتوانێت ببێت بە ڤێتنامی ئەمریکا بەزێن!
لە بۆچوون و گرتنی ڕەخنەکانماندا ناتوانین پەتای پەنجا بەپەنجا نادیدە بگرین هەر چەندیش چاوپۆشی بکەین، چوونکە ناچارین بڵێن لە هەموو بوارێکدا لە چاکەوە تا دەگاتە یەکتری فرۆشتن و لاوازکردن، ئەو دوو پارتەی کوردستان بە شانازییەوە ئەو کردارە پڕ لە کوێرەوەرییەی پەنجا بەپەنجا پەیڕەو دەکەن.
بیستن و دەرکەوتنی هەواڵ و ڕوداوی ناماقوڵ:
لە دیدارێکی کەناڵی ڕوداودا ڕێکەوتی ٢٢ی٩ی٢٠١٤مستەفا شەفیق ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم  بۆ کاروباری ڕۆژئاوا دەڵێت: ڕۆژئاوای کوردستان ناتوانێت بەسەر ڕوداوو گرفتەکانیدا زاڵ ببێت بەبێ ڕۆڵی پارتی دیمۆکراتی کوردستان!
یان لە هاتنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقدا بۆ سلێمانی ئەوە ئاشکرا دەکات کە بە تەنها ئەوە مالکی نەبووە تاوانبار بووە بە نەدانی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، بەڵکو دوو گەورە بەرپرسی یەکێتی ڕۆڵی کارایان هەبوو لەو تاوانە قیزۆونەدا، تا هەژموونی پارتی لاواز بکەن و ببێتە پەستانێکی بەهێز و جەماوەری کوردستان دژ بە پارتی بێنە سەر شەقام!
ئەگەر شیکارێکی کورت بۆ ئەو دوو خاڵە بکەین هەر دووکیان تاوانباران لە هەموو ڕوویەکەوە، واتە هەر یەکەیان بەرابەر بەویتر کە خۆی لە هەمان یاسای چەسپاوی پەنجا بە پەنجا دا دەبینێتەوە.
کەواتە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەلال تاڵەبانی بێ ئاگایی، یان بەخۆرا نەیدەوت دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە.
خۆ دەکرێت گەلێک بەو هەمو سەرۆک و دەسڵاتدارە خێڵەکییەی کە خاوەنداری کوردستان دەکەن سێ هێندەی ژمارەی هێزی بەرابەر توانای ئامادەکردنی گەنجی هەبێت بۆ بەرگری لە یەکێتی خاکی نەتەوەییمان، ئەگەر نا ئیتر چۆن دەتوانرێت باس لە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت کە سەد ئەوەندەی لاوازی ژێرخانی ئابوری و ئاساێشی نەتەوەیی سەختر و ئاڵۆزترە، لە کاتێکدا هیچ لەو ئامانجانە بە کرداری نەخراونەتە ڕۆژەڤی دەسەڵاتی باشوورەوە.