کۆبانی و سەر لێشێواوی ڕووناکبیر. جەماڵ عەڵیاڵی

نزیکەی ٢٥ سال لەمەو بەر دوکتۆر قاسملوو، یەک لە ڕێبەرانی لێهاتووی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی نۆێدا، بە دەستی داعەشەکانی ئێرانی لە سەر میزی گفتووگۆ تێرۆر کرا. ئەو کردەوە وەحشییانەیە بە داخەوە خەڵکانێکی کورتەبین و تێنەگەیشتووی کەیف خۆش کرد کە دە نێویاندا سیاسەتوان و شۆڕشگێریشی تێدابوو. ئەو خەڵکانە بە پێوەری ئەو کات بۆ زەرەرمەندی خاوەنەکەیان تەنانەت بە مەرگی خۆیان رازی بوون. کۆمەڵگای کوردەواری هەنووکە لەو تەجرەبە تاڵە ئامۆژگاری وەرگرتووە تا ئەو جێگەیە کە پێی شەرمە باسی بکات. هەر ئەو ڕووداوە تاڵە خەریکە ئەو ڕۆژانە بە ڕواڵەتێکیتر و لە ئاستێکیتردا دووپات دەبێتەوە، تۆ بڵێی بۆ هەر هاوکێشەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی پێویستیمان بە وانەی و ئامۆژگاری نۆێ بێت؟ تۆ بڵێی بۆ هەر ئامۆژگارییەکی نۆێ پێویستیمان بە تەجرەبەی تاڵتر لەوانی ڕابووردوو بێت؟ مەبەستی نووسراوەی بەردەمی خۆێنەری بەرێز لێکدانەوەیەکی خێرا لە کاردانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای وڵات لە سەر ڕووناکبیرە.
پآش کارەساتەکەی شەنگاڵ، ئەوە جەستەی لە خۆێن شڵێژاوی کۆبانییە کە ماندوو و بێ دەرەتان، زۆر بە زەحمەت هەناسەی دێت. داستانی قارەمانێتی، کارامەیی و فیداکاری ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان وەلانێ! داستانی شێرە ژنانی کۆبانی کە بە هەنگاوی بوێرانە، وانەی شەڕەف دەدەنە زۆر پیاوان وەلانێ! حەماسەی بەرخۆدانێکی نابەرامبەر لە هەمبەر چەپەڵترین دەڕەندەکانی دین و ئایین وەلانێ! لە بەڕی ئەوە باسی هەڵوێستی لاوازی ڕووناکبیری کورد بکە، ئەو هەڵوێستانەی کە مڕۆڤ دەخاتەوە بیری شۆڕشی فەرانسە، ئەوکات ڕووناکبیرەکانی قەننە بەدەست لە نادییەکان شەربەتیان دەخواردەوە و هەژارەکانی پاریس دەرگای بەندیخانەکانیان دەشکاند. شۆڕشە سوورەکەی رووسیاش ڕووناکبیری لەو شێوازە هەبوو، ئێرانی بەر لە مەحکەمەی خسرو گلسرخی شایەتی لە بوونی ڕووناکبیری لەو شێوازە دەدات، بەڵام ئەوانەش وەلانێ! لە بڕی ئەوە با سمایلی شەریفزادە بخەینە بیرمان کە گازندەی خۆ لە سەر ڕووناکبیر دەکرد کە ” سەرقاڵی پڕتەقاڵ خواردن لە شۆێنی گەرم و باسی کوردایتی کردنن”.
وەک نووسەری ئەو بابەتە لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم هەرچی کە بێت تێدەگەم، هۆکاری ئەو هەڵوێستە، چۆکدانان بۆ داگیرکەرانی تورک و ئێرانییە بە مەبەستی پڕکردنی گیرفان لە ڕێگەی بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی کوردستان، لە ڕیگەی بە لاڕێدا بردنی ڕەوتی ئازادیخوازی و دێمۆکراتی وڵات و دامراندنی هەستی ئازادیخوازی و دێمۆکراتیخوازی گەلی باشوور لە ڕێگەی ڕاهێنانی چەوت، واتە پەرەپێدان بەو فەرهەنگە کە جگە لە داگیرکەر کەس خێری لێ ناکات.
بەڵام وەک نووسەری ئەو بابەتە لەوە تێناگەم بۆچی ڕووناکبیری کورد لەسەر هەڵویستی دووژمنانەی هەرێم لە هەمبەر ڕۆژئاوا بە گشتی و کۆبانی بەتایبەتی، چ هەڵوێستێکی نیە؟ بە باوەڕی نووسەر ئەشێ بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئەو بێ هەڵوێستییە لە کارتێکەری فەرهەنگی داگیرکەرانەوە دەست پێ بکرێ. ئەوە ڕاستە کە ٢٣ ساڵ بەر لە ئێستا، کاتێک حکوومەتی هەرێم پێکهات، ئەوا چقڵی چاوی داگیرکەران بوو و دەبواییە وەک گلێنەی چاو بپارێزرێ، بەڵام هەر ئەوکات دەبووایە شەرت و مەرج خسترابایە سەر حکوومەت بۆ چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانێکی بە هێز بۆ کوردستانێکی ئاوەدان و سەوز. ئەوەش وەلانێ! باسی ئەوە بکە کە بۆچێ ڕووناکبیری کورد سڵ لە “لەقاودانی” هەڵوێستی حکومەتی هەرێم دەکات؟ ئایا پێویستە ٢٥ ساڵ بە سەرا تێپەڕێ و ئەوکات لە شەرمان کارەساتەکانی کۆبانی لە بیر بچێتەوە؟
جەماڵی عەڵیاڵی ٠٧/١٠/٢٠١٤