دۆخی نالەباری کوبانی و ئەزموونێک لە مێژووەوە بۆ مێژوو! ئاریتما محەممەدی

لە پاش ڕۆخانی بلوکی سۆڤییەت و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە نێوان بلوکی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بلوکی ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤییەت، بارودۆخی سیاسیی وڵاتانی فرە نەتەوە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەخۆیەوە بینی و دوونیا بەرەو کرانەوەی سیاسیی و کولتووری کەوتەڕێ. چونکە لە سەردەمی شەڕی سارددا و هاوکات لەو قۆناغەدا کە هەردوو بلوکی یەکێتی سۆڤییەت و ڕۆژئاوا لە گەرمەی مانوڕداندا بوون، بلوکی سۆڤییەت خۆی بە پارێزەری مافی نەتەوەکانی بندەست و گەلانی ڕزگاریخواز پێناسە دەکرد و بلوکی ڕۆژئاواش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پشتیوانیان لە سیستەمەکانی دیکتاتۆری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرد. بەو چەشنە ئەگەر چرا و ڕووناکیی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی لە یەکێ لە بەشەکانی کوردستان داگیرسابایە، بێ یەکودوو دەکەوتە ژێر کاریگەری جەمسەری ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤییەت و کۆپییەک لە سیستەمی ڕێکخراوەیی لە چەشن و مۆدێلی سۆڤییەتیی بەخۆیەوە دەگرت، ئیتر جەمسەری ڕۆژئاواش دژایەتی ئەو بزووتنەوانەی دەکرد کە لە ناوچەکەدا دەهاتنە کایەوە و لەو پێوەندییەدا هاوکاری ڕژیمەکانی فاشیست و توتالیتەری دەکرد. بزووتنەوەی کورد یەکێ لەو بزووتنەوانە بوو کە لە سەردەمی شەڕی سارددا بووبووە قوربانی پلان و ئیستراتیژی ئەو دوو جەمسەرە مەزنەی جیهان. بەڵام پشتیوانی ئەو دوو جەمسەرە لە داگیرکەرانی کوردستان پێش درووست بوونی شەڕی ساردیش بە چەشنێ لە چەشنەکان هەمیشە لە گۆڕێدا بووە و ئەمریکا و بریتانیا و ئەورووپا و یەکێتی سۆڤییەت دەیان جار ئەوەیان سەلماندووە کە هیچکات لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی کوردیدا نەبوونە. ئەگەر ئاورێکی خێرا لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی کوردستان بدەینەوە، بە ئاسانی و بە ڕوونی ئەو ڕاستییە خۆ دەنوێنێت کە وڵاتانی زلهێز قەد لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی کوردیدا نەبوونە و هەمیشە دژایەتیان کردووە و تەنانەت لەهەمبەر سەرکەوتنەکانی هێزەکانی چەکداری کورد کە لە شەڕی بێبەرامبەردا لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان بەدەستیان دەهێنا بێ هەڵوێست نەبوونە و بەکردەوە دژایەتی کوردیان کردووە و لە کاتی پێویستیشدا هاتوونەتە نێو هاوکێشەکانەوە و ڕۆڵی کورد و سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی کوردیان کز و لاواز کردووە، بەواتا کورد قەد گۆڕەپانی شەڕی لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان نەدۆڕاندووە، بەڵکوو شەڕی کورد لە مێژووی پانسەد ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان بووە و ئەوان لە بە دەوڵەت بوونی کوردستان ڕێگرییان کردووە و هۆکاری سەرەکیی ئەوان بوونە.
مێژووی نەتەوەی کورد پڕە لە بێ متمانەیی بەرامبەر بە ڕۆژئاوا و وڵاتانی زلهێز. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم یەکێتی سۆڤییەت کە خۆی بە پارێزەری بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەکانی بندەستی وڵاتانی دیکتاتۆری ئەژمار دەکرد، تەنیا وەک تاکتیک کەڵکی لە ڕێکخراوەکانی سەر بەو نەتەوانە وەردەگرت و بەپێی بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووری خۆی مامەڵەی پێوە دەکردن، ئەوەش بۆ هەموو لایەنێک ڕوون بوو، بەڵام دەسەڵاتی هیچیان نەبوو و بیرکردنەوەیان ئەوەبوو کە ئەو چەشنە لە پشتیوانی کردن لە هیچ باشترە و دەکرێ شتێکی لێ هەڵبکڕێنیت. بەڵام دەیان ساڵ دواتر ڕوون بووەوە کە چوونە پاڵ یەکێ لەو دوو جەمسەرە هەڵەیەکی مێژووی کورد بووە. هاوکات لە پاش ڕۆخانی یەکێتی سۆڤییەت و هاتنە کایەی گۆڕانکاری نوێ و پاشەکشە کردنی هەردوو جەمسەری مەزن لە هندێک لە ویست و داخوازییەکانیان لە ناوچەکە، هیوایەکی نوێ بۆ بزووتنەوەی سیاسیی و نەتەوەیی کورد لە کوردستان پێک هات، ئارەستەی ڕووداوەکانی کوردستان بە چەشنێک چووە پێش کە ئیتر بزووتنەوەی کوردستان پشتیوانی نێونەتەوەیی بەدەست دەهێنێت و تینی خەبات و تێکۆشان پەرە دەستێنێت. بەڵام ئەو بۆچوونە زۆری بڕ نەکرد کە هەڵوێستی سیاسیی و پلانەکانی ئیستراتیژیی وڵاتانی زلهێز لە پێوەندی بە پرسی کورد و کێشەی نەتەوەیی کورد بە چەشنێکی نەرێنیی، بەڵام جیاواز لە شێواز و فۆرمی پێشووتردا خۆی دەرخست و پێناسەیەکی نوێ بە پەیوەندی ئیستراتیژیی نێوان داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی زلهێز بەخشی. کۆتایی هاتنی شەڕی سارد ئەو هیوا مەزنەی بە بزووتنەوەی سیاسیی و نەتەوەیی کورد بەخشی کە ئیتر کاریگەری نەرێنیی سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر کوردستان نامێنێت و بزووتنەوەی کورد پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام پاش دوو دەیەونیو لە ڕۆخانی یەکێتی سۆڤییەت و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد دەرکەوت کە وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و ڕووسیە هەروەها بە ئاسانی دەست لە پشتیوانی کردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرنادەن و پێویستە کورد لەوە تێبگات کە دەبێ وەک ڕابردوو پشت بە هێزی گەل و بەرخۆدانی نیشتمانیی ببەستێت و دڵ بە تاکتیک و سیاسەتەکانی وڵاتانی زلهێز خۆش نەکات. دەبێ تەنیا پشت بە هێزی خۆی ببەستێت و وڵاتانی زلهێز وەک ڕابردوو پشتیوانی لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە پێوەندی بە پرسی کورد دەکەن.
پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی دەرەکیی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا و ڕووسیەدا هێندە قووڵ نییە کە پشتیوانی سیاسیی و سەربازی و ئابووریی پێویست بۆ پرسی سیاسیی کورد و نەتەوەی کورد مسۆگەر بکات. کەواتا تاکوو ئیستاش وڵاتانی زلهێز لە چاوێلکەی بەرژەوەندی سیاسیی خۆیانەوە و هاوکات لە ڕوانگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە لە پرسی کورد دەڕوانن. لەوانەیە هەنووکە دژایەتی کردنی مافی کورد وەک ڕابردوو بە ئاسانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بەدەست نەهێنێت، بەڵام خۆ بێدەنگ بوونی ڕۆژئاوا لە پێوەندی بەوەی کە هەنووکە لە کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدات شتێکی کەمتر لە دژایەتی کردنی مافی کورد نییە. کاتێ کە دوونیا دەبینێت کورد قڕ دەکرێت و ڕەشەکووژی لە دژی کوردان بەڕێوە دەچێت و نیشتمانی کوردان دەشێوێنرێت و خەریکە دەکرێتە هێلانەی تیرۆرستان و ژن و منداڵی کورد دەکوژرێت، دیسان بەردەوام بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، ئەوەش لە کاتێک دایە کە کورد بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریسم دەکات و تیرۆرستان تێک دەشکێنێت، کەچی خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نییە، لێرەدایە کە ئیتر ئازادی و مافەکانی مرۆڤ واتای نامێنێت و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسیی باڵ بەسەر هەموو هەڵوێست و دژکردەوەکاندا دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەموو وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا ڕوونە کە تیرۆریسم مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان و بەتاییبەت ئەمریکا و ئەورووپا، کەچی دیسان بێ دەنگن لەوەی کە هەنووکە لە ڕۆژئاوا و کوبانی ڕوو دەدات.
من دڵنیام کە لە ئاکامدا هێزی گەل و ورەی کورد سەر دەکەوێت و پشتیوانیکەرانی تیرۆریسم وەک ڕابردوو ڕووڕەشی مێژوو دەبن. بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئەمریکا و ئەورووپا وەک هەمیشە بەبێ ئیزنی ‌حوکوومەتی ناوەند پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کورد و نەتەوەی کورد ناکەن، ئەوەش لە بارودۆخێکی ناسک و هەستیاری وەک ئەم قۆناغە لە خەباتی سیاسیی بۆ جێگیرکردنی دیموکراتی و ئازادی و کۆڵەکەکانی سەرەکیی مرۆڤپەروەری لە گرینگترین و ئاڵۆزترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک دا. لە لایەکی دیکەوە دەبوو کە ئەورووپا و ئەمریکا پتر هەستیان بە بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتیی و سیاسیی و سەربازیی لە ئاست ئەو ڕووداوانەی ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان کردبایە، چونکە ئەو چەکانەی کە هەنووکە ژن و منداڵی کورد لە کۆبانی و شەنگال پێ دەکوژرێت لە هەرە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتانەن و دەبوو هەڵوێستی مرۆڤایەتیان لە خۆیان بنواندایە. ئەوەش بەو واتایە دێت کە تاکوو هەنووکە سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتانە لە پێوەندی بە کێشەی کورد بە تەواوەتیی ڕوون و یەکلاکەرەوە نییە. دیارە ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا لە پێوەندی بە نەتەوەی کورد پێکهاتووە، بەڵام ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتیی و بنەمایی نییە و تاکوو ئیستاش نەبووەتە ئیستراتیژی و تەنیا لە چوارچێوەی تاکتیکدا بەڕێوە دەچێت، بگرە ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری و چەکی سەردەمی دوو جەمسەرییان بۆ کورد ناردووە، بە تەواوەتی لەوە دڵنیا نین کە هاوکاری کردنی کورد پڕۆسەیەکی درووست و پێویست بووە یانخود هەڵە. بۆیە تێپەڕبوونی زەمەن و سەردەم، قۆناغ و سەدە پێوەندی بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی سیاسییەوە نییە، بەڵکوو ئەوە بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابوورییە کە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیی و بنەماییەکان پێک دەهێنێت و دۆخ و هەلومەرج بۆ پێکهاتنی ڕووداوی نوێ دەڕەقسێنێت. کەواتا تاکوو ئیستاش وڵاتانی زلهێزی جیهان لە چاوێلکەی داگیرکەرانی کوردستانەوە لە پرسی کورد و مافی نەتەوایەتیی کورد دەڕوانن. وەک ئاماژەم پێدا پێویستە کە هەموو لایەنەکانی سیاسیی و مەدەنیی لە کوردستان کێشەکانیان وەلا بنێن و پشتیوانی لە ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانیی بکەن و کورد لەو قۆناغە پڕ مەترسی و هاوکات هەستیارە ڕزگار بکەن. سەرکەوتنی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان دادەنێت و هاوکات لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پتر باییخ بە ڕۆڵیان دەدرێت و لە هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی نوێ لە ناوچەکە گرینگیی بە پێگەیان دەدرێت. کۆمەڵێک لە لایەنەکانی سیاسیی کوردستان لە پێوەندی بە پرسی کۆبانی و ڕۆژئاوا ئەرکی مەزنیان لەسەرە و تووشی هەڵەی زۆریش بوونە، بۆیە پێویستە کە هەڵەکان نۆژەن بکەنەوە و بەشێک لە کێشەکانیان وەلا بنێن و ئاستی یەکگرتوویی سیاسی و نەتەوەیی بەرز بکەنەوە. خاڵێکی لاواز و نەرێنییە کە لایەنەکانی سیاسیی کوردستان لە ئیستاوە شەڕی دەسەڵات دەکەن، لە کاتێکدا کە نەتەوەکەیان خەریکە ڕەشەکوژ دەکرێت و دادەپڵۆسرێت.
ئەرکە لەسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کێشەکانی سیاسیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان وەلا بنێن و هاوکاری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، چونکە ژیانی نەتەوەیەک لە مەترسی دایە. پارتی کرێکارانی کوردستانیش هندێک هەڵەی لە پێوەندی بە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و بەشێک لەو هەڵانەش بوونەتە هۆی ئەوەکە وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکاری خۆرئاوای کوردستان نەکەن، هەر چەند ئەمریکا و ئەورووپا پلانێکی ئیستراتیژییان بۆ کورد لە ڕۆژئاوا پێ نییە و پتر باییخ بە ڕوانگەکانی تورکیە دەدەن و لە ڕوانگەی تورکیەوە لە پرسی کورد لە ڕۆژئاوا دەڕوانن و لە ڕاستیدا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری سیاسەت و پلانی سیاسیی تورکیە، بەڵام جارێ کات ماوە کە پەکەکە بەشێک لە هەڵەکانی نۆژەن بکاتەوە و ئارەستەکە بگۆڕێت و پشتگیری زیاتر بۆ گەلی ڕۆژئاوا بەدەست بهێنێت. هاوکات ‌حوکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسە لە ئاست ئەوەی کە  هەنووکە لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات و پێویستە لەسەری کە لانیکەم پەلەقاژەیەک بکات و ئیزن بە قڕ کردنی گەلی خۆرئاوای کوردستان نەدات. نامهەوێت برینەکانی کۆن و بەسۆ بکولێنمەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدەم کە مەڵهەمێک بۆ برینەکانی نوێ بدۆزمەوە و برەو بە قووڵ بوونەوەی ئەو زامە نوێیە نەدرێت کە خەریکە گەل لەنێو دەبات. نابێ ئیزن بە قووڵ بوونەوەی قەیرانەکان بدرێت و ئەرکە لەسەر هەموو لایەک کە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی ڕۆژئاوا بدات و لە قازانجی کورد کۆتایی پێ بهێنێت. هەنووکە دۆخی ڕۆژئاوا بەرەو ئاڵۆزی و قووڵ بوونەوە دەڕوات و وەرزی زستانیش لەسەر ڕێیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە کارەساتێکی مرۆیی لێبکەوێتەوە، وەرزی زستان ژیانی هاوڵاتییانی ڕۆژئاوا سێ هێندەی دیکە دژوارتر دەکات. ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاش ئەرکە لەسەریان کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن، ئیستا بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوێکی تیرۆرستی نییە، بەڵکوو قوربانی تیرۆریسمە، هاوکات پێویستە کە وەک لایەنێکی بەپێگە چاو لە پەیەدە لەڕۆژئاوا بکەن.