خالید عه‌زیزی: تورکیه ده‌بێ بزانێ که کورده‌کان بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ن، به‌ڵام داعش مه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه‌ن
کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له به‌رنامه‌ی ” افق”ی ده‌نگی ئه‌مریکادا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ناکۆکییه‌کانی ئێرانی شیعه‌و تورکیه‌ی سووننی‌و ململانێی هێزو ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی ئه‌و دوو وڵاته وایکردوه سووریه ببێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئه‌و دوو وڵاته. بۆیه‌ش کوبانی خاڵی تێکگیرانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران‌و تورکیه‌یه که به‌هۆی ئه‌و ناته‌باییه که‌وتۆته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داعشه‌وه.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ڕه‌خنه‌ی له‌و پاساوه‌ی تورکیه بۆ خۆدزینه‌وه له شه‌ڕی داعش گرت که ده‌ڵێ په‌یه‌گه هه‌ر هه‌مان په‌که‌که یه، بۆیه نامانه‌وێ شه‌ڕی داعش بۆ یارمه‌تیدانی په‌که‌که بکه‌ین؛ کاک خالید عه‌زیزی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه ئه‌و قه‌یران‌و نائه‌منییه درێژه‌ی ده‌بێ‌و له به‌رده‌وامیی خۆیدا به زیانی تورکیه‌ش ده‌شکێته‌وه. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ستراتیژیی تورکیه ئه‌وه بێ که بیه‌وێ پرسی کورد له وڵاته‌که‌یدا چاره‌سه‌ر بکا، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌وه بسه‌لمێنێ که حیزبه کوردییه‌کان‌و په‌که‌که به‌شێک له‌و پرسه‌ن‌و حاشا کردن له‌و بابه‌ته ده‌توانێ زیانی زۆر له خودی تورکیه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بدا.
کاک خالید عه‌زیزی ئه‌وه‌شی روون کرده‌وه که تورکیه به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته سووننین‌و ئه‌و ناوچانه به‌ستێنێکی له‌بار بۆ په‌ره‌سه‌ندنی بیری توندره‌ویی ئایینین، ده‌بێ مه‌ترسییه‌کانی داعش زۆر به هیند وه‌ربگرێ‌و پێشوازی له سیاسه‌تی ئاشتییانه، مه‌ده‌نی‌و دێموکڕاتیکی کورد له باکوور‌و خۆراوای کوردستان بکا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان جه‌ختی کرده‌وه که ده‌وڵه‌تی تورکیه ده‌بێ بزانێ کورده‌کان‌و شێوه‌ی تێروانین‌و سیاسه‌تی کورد بۆ ئه‌و وڵاته ده‌بێ به چاوی ده‌رفه‌ت ببیندرێ، به‌ڵام داعش مه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ن.
کاک خالید عه‌زیزی له‌و وتووێژه‌دا تیشکی خسته‌سه‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی ئێران له قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یران له ناوچه‌که‌دا ده‌ستی ده‌که‌وێ‌و وه‌ک چۆن له تووشکردنی کورد به شه‌ری داعش ڕۆڵی زۆر کاریگه‌ری بینی‌و به تێوه‌گلاندنی کورد له هه‌رێمی کوردستان‌و کوبانی له شه‌ڕی داعش سه‌رنجی ئه‌و گڕووپه‌ی له گرتنی به‌غدا دوور خسته‌وه، ده‌یه‌وێ له چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌که‌ش‌دا وه‌ک فاکته‌رێک ده‌ربکه‌وێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و وتووێژه‌دا به ئاماژه به‌وه‌ی شه‌ڕو خه‌باتی چه‌کداری ناتوانێ خۆی له خۆیدا پرسی کورد‌و ناکۆکییه‌کان له نێوان کورد‌و ناوه‌ند له تاران چاره‌سه‌ر بکا، پێی له سه‌ر پێویستیی وتووێژ‌و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی پرسی کورد داگرته‌وه‌و هۆکاری ڕووتێکردنی حیزبی دێموکرات له چه‌ک بۆ به‌رگری کردن له خۆی بۆ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی‌و سیاسه‌تی سه‌رکوت‌و کوشتاری کورد له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه گه‌ڕانده‌وه.
بۆ گوێگرتن‌و داگرتنی ئه‌و وتووێژه کلیک له سه‌ر ئه‌و لینکه بکه‌ن: