هێزی پشتیوان لە کۆبانێ . جەماڵ عەڵیاڵی

پاش دمەقاڵەگەلێکی ناونەتەوەیی لە ناوچەکەدا، ئاخرەکەی هێزی پشتیوان بەرەو کۆبانێ وەڕێ کەوت. ئەگەری ئەوە هەیە کە پاشماوەی ئەو دمەقاڵەیە لە شێوازی کارتێکەری داگیرکەران رەنگ بداتەوە، بەو واتایە کە ئەوان لانی کەم بەشێک لە ویست و داخوازی خۆیان بە سەر نەتەوەکەمان، داسەپێنن. لە ڕاستییدا ئەو مەترسییە هەر دەم لە ئارادایە، تەنانەت ئەگەر نەتەوەی کورد لە خەباتی رزگاریخوازی و دێمۆکراتی خۆیدا سەر کەوێ و لەو ڕێگەوە گشتی کوردستانیان لە ژیانێکی ئاسایی بەهرەمەند بن، تەنانەت ئەو کاتیش ئەو مەترسییە کەم نابێتەوە. لەو ناوەدا، مەبەستی ئەو نووسراویە، خستنە بەرچاوی ئەو فاکتەرەیە کە هەم پێویستە و هەم کەمتر دەکەوێتە بەرچاو.
دوو لایەنی سەرەکی هێزی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا لە ئەنجامی دانووستانەکانی دۆهۆک لە سەر داهاتووی ڕۆژئاوا رێک کەوتن. ئەوە بوو بە هەوێنی گەرمکردنی بیرۆکەی “ناردنی هێزی پشتیوان” بۆ کۆبانێ. شاندێکی هاوبەشی ڕۆژئاوا، پاش رێککەوتنەکە سەردانی لایەنەکانی کوردستانیان کرد و هەر وەکی بینیمان بەر لە چەند ڕۆژ هێزی پشتیوان بەرەو کۆبانێ کەوتە ڕێ. ڕووداوەکانی ئەو ماوەی ڕابووردوو ئەوە دەسەلمێنێ کە نەتەوە کورد جگە لە یێکێتی لە ئامانجدا، یێکێتی لە گفتماندا چ ڕێگەیەکیتری کەم زەرەری بۆ نەماوە. ئەو یێکێتییە لە چ ڕێیەکەوە پێکدێت گرینگی تایبەتی هەیە. بە ڕای نووسەر ئەوە ساویلکەییە ئەگەر پێمان وابێ داگیرکەر وازی لە تەماحە چەپەڵەکانی هێناوە. بە پێچەوانە، بە گۆێرەی زانیارییەکان، نەتەوەی کورد قۆناخێکیتری تێکۆشانی خۆی بەرەو پێش بڕیوە، هەر بۆیە داگیرکەرەکان تیژتر لە جاران هەوڵی تێکڕماندنی خەباتی کوردیان هەیە.
لە قانوونمەندییکانی فەلسەفەدا، واتە “مەنتیق” باسی ئەوە دەکرێ کە هەر پڕۆسەیەک لە کۆمەڵە فاکتەرێکی دژبەر پێکهاتوون، پێگەیشتنی پڕۆسه، ئاکامی تێکهەڵچوونی ئەو دوو لایەنە دژبەرەیە. بەو گۆێرەیە، پڕۆسەی خەباتی رزگاریخوازی و دێمۆکراتی نەتەوەی کورد لە چەند قۆڵەوە دژبەرایتی لەخۆ دەگرێتەوە. ئەگەر ئەو فاکتەرە دژبەرانە لە دوو بەرەدا کۆکەینەوە، ئەوسا لایەنێکی “ئەرێنی” و لایەنێکی “نەرێنی” مان هەیە.
ئێستا ئەگەر ئەو سێ دێر و نیوەی سەرەوە لە سەر داگیرکەرەکانی کوردستان جێ بەجێ بکەین ئەو سا دەردەکەوێ کە داگیرکەرەکان خۆیان پڕن لە لایەنی نەرێنی لە ناوبەینییاندا. تەنیا لایەنێکی ئەرێنی کە لە نێوان داگیرکەرەکاندا هەیە بە کوورتی “دژایەتی دەگەڵ نەتەوەی کوردە”. گرینگی ئەو خۆێندنەوەیە لەوە دایە کە ئەوکات مرۆڤ هەست دەکات کە پانتاییەکی بەرفراوان لە خانەی داگیرکەردا هەیە کە نەتەوەی کورد دەتوانێ ڕمبازێنی خۆی تێدا بکات، واتە دیپڵۆماسی کارامە. کاتێک داگیرکەران لە سەر گشت بابەتێک جگە لە “مەسەلەی کورد” دەگەڵ یەکتر نالێکن ئەو سا دەبێ و پێویستە هێزەکانی سیاسی کوردستانیان لەو خاڵە بە هێزە کەلک وەرگرن و پارسەنگی تەرازووەکە بۆ خۆ داشکێننەوە. ڕاستە کە ئەو سیاسەتە، کارامەیی خۆی پێویستە بەڵام هاوکات، لاوازییەکانی ئەو ڕێبازە دەتوانێ چارەسەر بکرێ.
چارەسەری لاوازییەکانی ئەو سیاسەتە یەک ڕێگەی مسۆگەری هەیە، ئەویش یێکێتی نەتەوەییە، پێداویستییەکی گرینگ و کەمتر بەرچاو. کەرەستەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە باکوور هەیە، لە ڕۆژئاوا هەیە، لە باشوور لانی کەم لە قەوارەیەکی سیاسیدا هەیە، تەنیا ئاڵقەی لاواز لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەنووکە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە! ئەویش بە هۆی خۆێندنەوەی هەڵەی هێزەکانی سیاسییە! ئێستا ئێتر کاتی ئەویە کە هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵات خۆێندنەوەیەکی هاو تەریب دەگەڵ ڕووداوەکان و ڕاستییەکانی بەر دەم ڕەچاوکەن ئەگینا زۆر درەنگ دەبێت و جگە لە نەتەوەی کورد و گشت کوردستانیان، کەس لەوە زەرەرمەند نابێت. بە باوەڕی نووسەر، هەر کەس و لایەن وفاکتەرێک کە دژی یێکێتی نەتەوەیی هەڵسووکەوت و هەڵوێستی هەبێت، دەکەوێتە خانەی داگیرکەر، هۆکارەکەی، هەروەکی ئاماژەی پێدرا، قوورسایی یێکێتی نەتەوەییە لە هەمبەر سیاسەتی داگیرکەران دژ بە نەتەوەی کورد.
جەماڵ عەڵیاڵی ٣٠/١٠/٢٠١٤