بەیاننامە دەوڵەتانی جیهان پێویستە پەیامی پشتیوانیی جیهانی بۆ کۆبانی ببیسن

ئەمڕۆ١ی نڤامبری٢٠١٤،لە چەندین وڵاتانی جیهان کۆڕ‌و کۆبوونەوە‌و ڕێپێوان‌و چالاکیی جۆراوجۆری دیکە بە پشتیوانی لە خۆراگریی کۆبانی بەرامبەر بە پەلاماری لەشکری داعش، بەڕێوە دەچێ.

دەیان کەسایەتیی بە ناوبانگی جیهانی کە ژمارەیەک لە براوه‌کانی خەڵاتی نۆبێل، ناودارانی بواری زانست و داکۆکیکارانی بەناوبانگی ئاشتی، ئازادی و مافی مرۆڤ لە نێویان دا دەبینرێن،ماوەی چەند ڕۆژێکە ١ی نڤامبریان وەک ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە خۆڕاگریی کۆبانی ناودێر کردوە. لە ماوەی جەند ڕۆژی رابردوو دا، بە سەدان بزووتنەوە ، حیزب و ڕێکخراو، دامەزراوە و ناوەند و کۆمەڵەی مەدەنی پێشوازییان لەم بانگەوازە کردوە.

پشتیوانیی کەسایەتییەکان و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی جیهان لە خۆڕاگریی کۆبانی، لە راستیدا بە دەنگەوەهاتنی ویژدانی بەشەرییەتە لە ئاست خۆراگرییەکی بێ وێنەی ڕۆڵەکانی نەتەوەیەکی بندەست بەرامبەرهیزێکی تیرۆریستی هار و دڕندە. مرۆڤایەتیی لاگر و داواکاری پێشکەوتن، دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادژیان، ئەمڕۆهاوپێوەندیی خۆی لە خەبات‌و خۆڕاگریی شیاوی ئافەرینی بەشێک لە نەتەوەیەکی بندەست رادەگەیەنێ کە بە کەمترین کەرەستە و سادەترین چەک، بەڵام بە باوەڕێکی پۆڵایینەوە، بەرامبەر هێرشی هێزێکی خوێنڕێژ و تاریکیپەرست، ڕاوەستاوە.

بانگەوازی “هەرەوەزی جیهانی لە دژی داعش و بە پشتیوانی لە کۆبانی” هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ژنان و پیاوانی بەشدار لە خۆڕاگریی کۆبانی هەر تەنیا بەرگری لە خۆیان و شارەکەیان و نیشتمانەکەیان و نەتەوەکەیان ناکەن، ئەوان بەرگری لە ئینسانییەت دەکەن، نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئەو مرۆڤانە و ئەو هیزانەی جیهان دەکەن کە سەر بۆ وەحشیگەری، دڕندەیی و دواکەوتوویی، نەوی ناکەن.

ڕێپێوان‌و خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایانەی خەڵک لە باکوور، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە پستیوانیی خۆڕاگریی کۆبانی و، وەک ناڕەزایەتیدەربڕین لە بێهەڵوێستی و کەمتەرخەمیی هاوپەیمانیی دژە داعش، بە خۆشییەوە لە سەر هەڵوێستی وڵاتانی پیوەندیدار، کاریگەر بوو و، بۆ خۆڕاگریی کۆبانیش، دەسکەوتی خۆی هەبوو.هێرشی هەوایی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆ سەربنکە‌و سەنگەرەکانی چەکدارەکانی داعش لە دەوروبەری کۆبانی‌و هاوکاریی ئەمریکا لە گەیاندنی یارمەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە شەڕڤانانی کورد لەو شارە و، ڕێگەپیدانی تورکیە بە چوونی هێزی پێشمەرگە بە هانای خوشک و براکانیان لە کۆبانی، بەشێک لەو دەسکەوتانە بوون.ئه‌مانه‌ له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، بڕیاری مێژوویی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و پارلمانی کوردستان بۆ ڕه‌وانه‌کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ کۆبانی، ڕه‌هه‌ندێکی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییان به‌م خۆڕاگرییه‌ داوه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌مانه‌ش وەک دەبینین هیرش و گەمارۆی داعش بۆ سەر کۆبانی هەر وا درێژەی هەیە. ڕێگای گەیاندنی یارمەتی بە کۆبانی هەر وا سنووردار‌و پڕ کێشە‌‌و کەند‌و کۆسپە. ئەگەری داگیرکرانی کۆبانی لە لایەن چەکدارەکانی داعش‌و مەترسیی کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی ئاوارەبووی ئەو شارە،هەر لە جێی خۆیەتی.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەرامبەر پشتیوانیی جیهانی لە خۆڕاگریی کۆبانی، ئەو پەڕی سوپاس و پێزانینی هەیە‌و هیوای وایە ئەم هاوپێوەندییە جیهانییە، گوشارێکی وا بخاتە سەر وڵاتانی هاوپەیمان،کە لەمە زیاتر خەڵکی خۆراوای کوردستان پشتگوێ نەخەن‌و لە شەڕ لە گەڵ داعش دا چی دیکە بە تەنیایان نەهێڵنەوە. خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانیش مافی بێ ئەم لا و ئەولای خۆیانە لە سێبەری پشتیوانی و هاوکاریی نیودەوڵەتیدا، ئاشتی‌و ئاسایش‌و ئازادییان هەبێ .ئەوانیش وەک خوشک و براکانیان لە باشووری کوردستان، پیویستە لەشەڕ لە گەڵ دوژمنێک دا کە کۆمەڵگەی جیهانی بە دوژمنی خۆی دەزانێ، هەست بە پشتیوانیی دەوڵەتانی جیهان بکەن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١ی نڤامبری٢٠١٤

١٠ی خەزەلوەری١٣٩٣