بۆ کۆچی ئازیزێک،کاک رەسوڵ لەیلانەیی. ئازاد عەباسیان.

ئەمشەو پێکێکی دیکەم لە شوشە مەیەکەم کە بە خەمی کۆچ خەوێندرابوو،هەڵدا. هەک چەن تاڵ بوو ئەم پێکە. نازانم بۆ تەواو نابێ ئەم شوشەیە؟ هەر هەڵی دەقوڕێنم و پێک پێک هەڵیدەدەم بەڵام ئەم شوشە لەعنەتیە هەر لە جێی خۆیەتی و پەنجەیەک دانابەزێ. وا دیارە جێ خۆی داکوتاوە لەسەر سفرەی کۆڕی دۆستان.
لێوەکانم تا هات سڕ بێ،کۆچێک گەرمی داهێنایەوەو فرمێسکی غەریبی بە لێشاو سوراوی شەرابەکەم دەسڕێتەوە.
ئەمشەویش هەر وەک شەوەتاڵەکانی ژیان،هەواڵێکی لە ناکاو باسی  کۆچی دیکەی ئازیزێ دەهۆنێتەوەو دایەپیرە بە بیستنی ئەو هەواڵە سوژنی چنین و رەستنەکەی لە دەستی خۆی رۆدەکا و مامە پیرە توتن و پەڕەکەی هێند خوساون بە فرمێسکەکانی کە بۆی داناگیرسێ.
ئەمشەو دیسان
شەوێکی دیکەی پاییز
فریشتەکان بە گەڵای زەردی شارەکان جلکی بوکێنیان پۆشی و شمشاڵەکەی ژێر لێوی کاکەی شوان ژەنگی هێنا و لە جیاتی نۆتەی لا،نۆتەی ژێر دۆ دەچڕێ.
ئەمشەو  لەیلانێ و زمزیران و زێوێ میوانداری داڵاهۆ و ئاویەرو دەڕەی قاسملو دەکەن و میوانەکان دەسڕەی سەرچۆپیکێش کە بە خوێن چندراوە  بە دیاری دەهێنن.
هەمزە ساردکەیی و قادرەکان و هەژاری کوڕە هەژار چاوەڕوانی میوانەکەیانن و شێخ غەریبی گۆڕ غەریب قوژبنی ئاسمانەکان دەگەڕێ بۆ هاوسەنگەرەکەی کە دیسانەوە ئاگری نەورۆز هەڵگیرسێننەوە. لە ژووری میوانەکان،حەمەی نەدیمی و بێهروزی دڵڕفێن هەر وەک ئاربەبا و بابۆس رازاونەتەوە و لێو بە بزەن و جار جاریش فرمێسکێکی خێر نەدیوی هەڵدەڕێژن و بزەی سەربەرزی بە لێوانیان دا دێنن.
لە دەشتەکەی کۆیە،ئەو شوێنەی کە ژیان مانای تایبەت بە خۆی هەیە، ئەو شوێنەی کە ئەوین وەک خۆی دەنوسرێ و فرتی تێدا نیە، ئەو شوێنەی کە لە وانەی خۆڕاگری دا هەموو مامۆستان، چاوم بە هەڤاڵانی کاک رەسوڵ کەوت بە چاوێکی سوڕ هەڵگەراو و کۆمەڵێک فرمێسکی جەرگ بڕ.
کوڕەکەی کاک رەسوڵی شەهیدم بینی کە چۆن بابی لە ئامێز گرتبوو بە ئاڵای کوردستانەوە، هەر ئەوەندەم پێ دەگوترێ کە بڵێم
بۆ دەگریت کاکە گیان
بیرەوەر گیان تۆ ئاڵای کوردستانت لە ئامێز گرتووە و ئاڵای کوردستانیش باوکتی لە ئامێز گرتوە، مەگری برا گیان با قوڵپی گریانی ئێمەش رۆحی باوکت نەخەجڵێنێ.
مەگری کاکە گیان، بابت وانەی خۆڕاگری و ئەوینی لا زۆر کەس پێناسە کرد. فێری کردین کە مردن لە پێناو ژیان دا دەبێ ببێتە سەرچاوە. مەگری کاکە گیان چاو لە ئاڵاکەمان کە چۆن بە قورسی و توندوو تۆڵی ئامێزی بۆ باوکت گرتۆتەوە، چاو لێکە خۆری سەر ئاڵاکە چۆن خۆی دەڕەخشێنێ و وا خۆی دەرخستوە کە هەر ئەو خۆرە و گەرمای 21تیشکەیەی دونیا دەهەژێنێ، چاو لێ کە خۆری ئاسمان ئەمڕٶ فرمێسک دەبارێنێ و خۆی شاردوتەوە و شەرم لە خۆری سەر ئاڵاکەمان دەکا.
هەستە کاکە گیان
باوکت بەسەر بەرزی ژیا، کوێستانەکانی قەرەژدابان و خوڕڕەی چۆمی کەڵوێ و شەوانی بێ دەنگ و سامناکی

زمزیران و مەزراکانی لەیلانە، ئەو شەو بە دیتنی ئەو وێنەیەی تۆ هەموو تاسە بارن و سکاڵا دەبەنە لای رۆحی باوکت و داواکارن کە تۆ ئاوا نەبینن.
مەگری کاکە گیان، نا نا بگری کاکە گیان ئەمنیش گریانم دێ هەموان گریانمان دێ، ئەتۆش تێر بگری با دەشت و شاخەکانی کوردستانیش کە هەموو بیرەوەریان دەگەڵ ترپەی دڵ و لاقی بابت هەیە هەست بە بێنازی و غەریبی نەکەن.
بگری کاکە گیان ئەو خەمە هی هەموانە، تۆ دەگریت بۆ غەمی بێ ناز بوونی،بێ ناز بوون لە نازی بابت. بەڵام نەگریت بۆ ئەو شتەی کە بابت نەیدەهێشت فرمێسک لە چاوی پێشمەرگەیەک بێتە خوارێ کە ئەویش شەهیدان بوو، چونکە ئەویش باوەڕەی قوڵی بەوە هەبوو کە پێ ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین.
تێر بگری کاکە گیان ، با فرمێسکەکانت هێور کەرەوەی دڵت بێ
ئازاد عەباسیان.