بێچووە پشیلەی دەستەمۆ – ڕوانینێک لە ناوەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بۆ سیخوڕیی

بێچووە پشیلەی دەستەمۆ – ڕوانینێک لە ناوەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بۆ سیخوڕیی
ماڵپەڕی چێک پۆینت
وەرگێڕ لە ئینگلیزییەوە: کەمال حەسەنپوور
پێشەکی
سەرەڕای ئاشکرا کردنی ” Domestic kitten(بێچووە پشیلەی دەستەمۆ)” لە لایەن چێک پۆینت لە ٢٠١٨، APT-C-50 دەستی لە ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوەکانی سیخوڕیی لە شارۆمەندانی ئێران کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ڕێژیم دەکەن، لە ناویاندا بەرهەڵستکارانی ناوخۆیی، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، لایەنگرانی داعش، کەمینەی کورد لە ئێران و تاد. هەڵ نەگرتووە.
لەو وتارەدا، توێژینەوەی چێک پۆینت بەربڵاویی ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئاشکرا دەکا، ژمارەیەک هەڵمەت کە لەلایەن APT-C-50 بەڕێوە چوون، شێوازەکانی بڵاو کردنەوەی پرۆگرامەکە و لێکۆڵینەوە لەسەر تاکە بە ئامانج گیراوەکان دێنە بەر باس. جگە لەوە، ئێمە لێکۆڵینەوەی تەکنیکیی لەبارەی پرۆگرامی خراپکاری تۆپی تووکن FurBall ، کە لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە کەڵکی لێ وەرگیراوە، سەرچاوەکەی و ئەو پەردانەی کە بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەو پرۆگرامە خراپە بەکار هێنراوە دەخەینە بەر دیدی خوێنەران.
گشتی
توێژەرانی چێک پۆینت لەو دواییانەدا تەواوی ئۆپەراسیۆنی چاودێریی بێچووە پشیلەی دەستەمۆ دژی شارۆمەندانی ئێرانی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ڕێژیمی ئێران دەکەن ئاشکرا کردووە. ئۆپەراسیۆنەکە بۆخۆی گرێدراوی دەوڵەتی ئێرانە و لە لایەن APT-C-50 بەڕێوە دەچێت.
ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ٢٠١٧ دەستی پێکرد و لە ١٠ هەڵمەتدا ١٢٠٠ کەسی کردبوو ئامانجئ خۆی کە لە ٦٠٠ هەڵمەتدا سەرکەوتوو بوو. ئێستا لە ٤ هەڵمەتی چالاک پێکهاتووە، تازەترینیان لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دەستی پێکرد. لەو هەڵمەتانەدا، قوربانییەکان فریودران کە بەرنامەی خراپ دابەزێنن کە بە چەند شێوە بڵاو دەکرێنەوە، لە ناویاندا ماڵپەڕێکی بلاگی ئێرانی، کاناڵی تێلێگرام و تەنانەت بە کورتە نامە (SMS) بە لینکێکی پرۆگرامە خراپەکەوە.
تواناییەکانی بەرنامەی خراپی بێچووە پشیلەی دەستەمۆ (کە ئێمە ناومان ناوە تۆپی تووکن)، دەرخەری ئامێری کۆکردنەوەی زانیاریی، کۆ کردنەوەی کورتە نامە و پێوەندییە تەلەفۆنییەکان، تۆمار کردنی دەنگی دەوروبەر بە مایکرۆفۆنی ئامێری گیرۆدەبوو (تەلەفۆن، کۆمپیوتەر)، تۆمار کردنی پەیویەندییە تەلەفۆنییەکان، دزینی فایلی مێدیایی (وەکو ڤیدیۆ و وێنە)، لیستەی بەرنامەکانی دابەزێنراو لەسەر تەلەفۆنەکە، شوێنێ هەڵگرتنی هەڵکەوتەی ئامێرەکە، دزینی فایل لە شوێنی پاشەکەوتی دەرەکیی (وەک یو ئێس بێ یان کارتی مێمۆری) و شتی دیکە.
هەڵمەتەکان و قوربانییەکان
نزیکەی سەرجەم ئەو هەڵمەتانەی ئێمە سەرنجمان داونێ کەڵک لە هەمان ژێرخان وەردەگرێ کە بێچووە پشیلەی دەستەمۆ لە ٢٠١٨ کەڵکی لێ وەردەگرت، واتە ماڵپەڕێک بە نێوی فیرموەیر سیستەم ئاپدەیت. ئێمە هەڵمەتەکان بە ئادرەسی شوێنی پاشەکەوتی زانیاریی کۆ کراوەر لێک جیا دەکەینەوە.
تۆپی تووکن بۆ شاردنەوەی ئامانجە خراپکارانەکەی خۆی لە ژێر پەردەی جیاوازدا حەشار دەدا. هەندێک لەو پەردانە بریتین لە:
• VIPRE Mobile security، ئاپێکی ساختەی ئاسایشی مۆبایلە
• ISIS Amaq، ناوەندی بڵاو کردنەوەی ئاژانسی هەواڵدەریی ئەعماق کە هی داعشە
• Exotic Flowers، جۆرێکی دەستکاریکراوی یارییەکە کە لە گوگل پلەی گیر دەکەوێ
• MyKet، شوێنێکی داگرتنی ئاپی ئاندرۆئیدە
• Iranian Women Ninja، بەرنامەیەکی کاغەز دیوارییە (wallpaper)
لە تازەترین هەڵمەتدا ’hass’، APT-C-50، لاسایی بەرنامەیەکی رێستورانی موحسین دەکاتەوە کە لە تاران هەڵکەوتووە. پەردەی هەڵمەتی ’mmh’ لە بەرنامەیەکی لایەنگرانی داعش و نوسخەیەکی دەستکاریکراوی پرۆگرامی Exotic Flowers کەڵک وەرگیراوە کە لە گوگل پلەی دەست دەکەوێ.
شێوەی گەیاندنی بەرنامەکانی تۆپی تووکن بە دەست قوربانییەکان لە هەڵمەتێکەوە بۆ هەڵمەتێکی دیکە جیاوازە. لە هێندێک لە هەڵمەتەکاندا، ئێمە سەرنجمان داوەتە کورتە نامە بە لینکێکەوە بۆ دابەزاندنی پرۆگرامە خراپەکە، لە کاتێکدا لە لەوانی دیکەدا کەڵک لە ماڵپەڕێکی بلاگی ئێرانی وەک هەڵگری تۆپی تووکن وەرگیراوە. لە هەڵمەتی دیکەدا، ئێمە پێمانوایە پرۆگرامەکە لە کاناڵی تێلێگرامدا بڵاو کراوەتەوە.
ئێمە توانیمان قوربانییەکانی بێچووە پشیلەی دەستەمۆ لە شوێنی جیا جیای دنیادا بدۆزینەوە، لە ناویاندا ئێران، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، پاکستان، ئەفغانستان، تورکیە و تاد.
ئێمە توانیمان دوو ئادرەسی ئای پی پێوەندیدار بە سێرڤێری برنامە خراپەکە دەستنیشان بکەین. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەو ئادرەسانە بۆ ناردنی ڕێنوێنی بۆ سێرڤێرەکە کەڵکی لێ وەرگیراوە: ئادرەسەکان ئەوانەن، 94.182.215.98 و 188.158.60.100. بە گوێرەی ماڵپەڕی ip2location.com [کە بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی ئای پی کەڵکی لێ وەردەگیرێت]، هەردوو ئادرەسەکە لە نێوخۆی ئێرانن، یەکەمیان لە تاران و ئەوی دیکە لە کەرەج.
لە کاتی لێکۆڵینەوە لە نوسخەی نوێی تۆپی تووکنی بێچووە پشیلەی دەستەمۆ بۆمان دەرکەوت کە لە ڕاستیدا لە بەرنامەیەکی چاودێریی دایک و باوکان بەسەر مناڵاندا بە ناوی KidLogger کەڵک وەرگیراوە. بە لەبەرچاوگرنی ئەو ڕاستییە کە تۆپی تووکن بەشێکی زۆری ژێرخانی پرۆگرامەکەی لەگەڵ هی KidLogger یەکە، وێدەچێ ئەوانەی ئەو پرۆگرامەیان نووسیوە کەڵکیان لە کۆدی پرۆگرامی KidLogger کە لە گیت هاب [شوێنێکە کە نووسەرانی پرۆگرامی کامپیوتێر کۆدی بەرنامەکانیان بۆ کەڵک لێوەرگرتنی خەڵکی دیکە بە بەلاش بڵاو دەکەنەوە] بڵاو بۆتەوە کۆپی کردبێ.
شێوەی خۆ پاراستن
پرۆگرامی SandBlast Mobile هی کۆمپانیای چێک پۆینت بەرنامەیەکی ناوازەی پارێزگاریی لە موبایلە کە چەند خزمەتگوزاریی جیاوازی بۆ یارمەتی بە پارێزگاریی لە موبایلەکەتان هەیە. ئەو بەرنامەیە لە موبایلەکەتان دژی هەموو جۆرە هێرش، لە ناویاندا دابەزاندنی پرۆگرامی خراپ و بەرنامەی ئەوتۆ کە پرۆگرامی خراپی لەناودا شاردرابێتەوە، پارێزگاریی دەکا.
[بە کوردی و بە کورتی باشترین شێوەی خۆ پاراستن کلیک نەکردن لەسەر لینکی نەناسراو و دانەبەزاندنی بەرنامە و ئاپە کە نازانن سەرچاوەکەی کێیە. بەرنامەکانتان تەنیا لە Google Play و App Store دابەزێنن. وەرگێڕ]