پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی شۆڕشی بەلاڕێ‌دابراوی گەلانی ئێران

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ٤٢ ساڵ بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە زستانی ١٣٥٧دا ڕادەبرێ. سەرکەوتنی شۆڕشی خوێناویی ساڵی ٥٧ ئاکامی ڕاپەڕینی گەلانی وەزاڵەهاتوو لە ستەم و بێدادی و بەرهەمی قوربانیدانی هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران بۆ تێپەڕین لە دەسەڵاتی پاشایەتی و بنیات‌نانی حکوومەتێکی کۆماری و گەلی بوو. ئەم ڕاپەڕینە هەموو ڕێکخراوە و تەیفە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمی حەمەڕەزا شا، هێزە سیاسییە دێموکرات، میللی، چەپ و پێشکەوتن‌خوازەکان و زۆربەی نیزیک بە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران تێیدا بەشدار بوون، بەڵام شۆڕش لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرانیەوە بەلاڕێ‌دا برا و دەست بە سەر دەسکەوتەکانی داگیرا.
ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی لە ماوەی پتر لە ٥ دەیە دەسەڵاتی سیاسیی خۆیدا بە پێخوست‌کردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، مۆنۆپۆل‌کردنی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆیدا و زەوت‌کردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران بەستێنی ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵکی خۆش کردبوو. بۆیە شۆڕشی ڕێبەندانی ٥٧ ڕاستە بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی و گۆڕینی ڕێژیمی سیاسیی وڵات‌ سەرکەوت، بەڵام ئامانجە بنەڕەتییەکانی شۆڕش و ئەو مەبەستانەی کە لە دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک‌دا ڕەنگیان دابۆوە، وەدی نەهاتن.
کۆمەڵانی خەڵکی ئێران خوازیاری دێموکراسی، کرانەوەی سیاسی و دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوون. ئەوان لە دژی دەسەڵاتی تاک‌تەوەریی “شاهەنشا” و گه‌نده‌ڵیی دەربار و کاربەدەستانی حکوومەت ڕاپەڕیبوون. گەلانی ئێران بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێنی کۆمه‌ڵگەی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و دەستەبەری ژیانێکی ئاسوودە لەسەر بنەمای وەدیهێنانی مافە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان شۆڕشیان کردبوو. بەڵام دوای ٤٢ ساڵ لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو دروشم و ئامانجانەی ئەوکات بناغەی شۆڕشیان لەسەر داندرا، لە ئێستاش‌دا ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن و لە دژی کۆماری ئیسلامی خەباتیان بۆ دەکەن.
خەڵک بۆ ئاوەدانیی وڵات خرۆشان و قەرار بوو نە ئاسەوارێک لە “کاخ نشینی” و نە شوێنەوارێک لە “کۆخ‌نشینی” بمێنێ. بڕیار وابوو هەژاری لە وڵات بنەبڕ بکرێ و مەودای چینایەتی کەم بکرێتەوە. تەنانەت نازناوی شۆڕشی هەژاران (انقلاب مستضعفین” دەدرایە پاڵ ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٥٧، بەڵام ئەمڕۆکە هەژاری بە سەرەکیترین قەیرانی ئێران دادەنرێ. ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە وڵاتێک‌دا کە لە ڕیزی سێهەم وڵاتی خاوەن نەوت و گاز و وزەی دنیایە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیانە کۆمەڵایەتییەکان پەرە دەستێنن و خەساری کۆمەڵایەتیی نوێ سەر هەڵدەدەن کە “کۆرپەڵە فرۆشی”، “گۆڕخەوی”، “گورچیلەفرۆشی” و … نوێترینی ئەو دیاردانەن. هاوکات ڕۆژ نییە لە وڵاتەکەمان دەیان کەس بەهۆی هەژاری و بێ‌ئەنوایی پەنا بۆ خۆ کوشتن نەبەن و زبڵگەری بۆتە یەکێک لە ڕێگاکانی زیندوومانەوە بۆ دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە.
خەڵک بە خوێن و قوربانیدان “شا”یان کە خۆی بە “سێبه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی” دادەنا، له‌ عه‌رشه‌وه‌ هێنایە خوارێ، بەڵام ئێستا “وەلیی فەقیهـ” جێگەی گرتووەتەوە. خەڵک شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی بۆ ماف و ئازادییەکانی کرد، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ حوکمی ئێران دەکا خەڵکی لە هەموو ماف و ئازادییەکانی بێبەش کردووە، بە زەبری چەک ئەوانی سەرکوت و دەمکوت کردووە. خەڵک لە گەندەڵیی کاربەدەستانی نیزامی پاشایەتی بێزار بوون، بەڵام ڕێژیمێک کە بە دروشمی نەهێشتنی گەندەڵی هاتە سەر کار، کە ئێستا خۆی یەکێک لە گەندەڵترین نیزامی حوکمڕانییە لە جیهان‌دا.
ئازادی و مافە مەدەنی و دێموکراتیکەکان دروشم و خواستی سەرەکیی شۆڕش بوون، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا دەیان هەزار کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران بە تاوانی! ئازادیخوازی گیانیان لێ ئەستێندرا. هەر ئێستا لە ڕەشبگیرییەکی نوێ‌دا و لە ماوەی کەمتر لە مانگێک‌دا پتر لە سەد چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێزی و هەڵسووڕی کۆمەڵایەتیی کورد بەکۆمەڵ و بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێ دەسبەسەر کراون. هەر لەو ماوەیەدا زۆر چالاکی سیاسیی بەلووچ و عەرەب ئێعدام کران و شەپۆلی گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی سیاسی لەنێو هەموو کەمە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێران‌دا بەردەوامە. سەرکوتی ئازادییە سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و ئاینییەکانی کۆمەڵانی گەلانی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی‌دا پێمان دەڵێن لە نێوان ئەوەی گەلانی ئێران خوێنیان بۆ دا و ئێستاش تێچووی زۆری بۆ دەدەن، لەگەڵ ئەوەی دەستیان کەوتووە مەودا گەلێکی زۆرە.
ژنان کە شانبەشانی پیاوان لە ڕیزەکانی شۆڕش‌دا بەشدار بوون و خواست و داوای سیاسی، مەدەنی و ڕەگەزیی خۆیان هەبوو، ئێستا دوای ٤٠ ساڵ هێشتا بۆ کۆمەڵە مافێک خەبات دەکەن کە پێشتر بەشێک لەوانیان هەبوو و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هاتنە سەر کاری لێی زەوت کردن. یاسای پشتیوانی لە خێزان وەک دەسکەوتی چەند دەیە خەباتی ژنان لە حەوتووی دووهەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕش‌دا بە بڕیارێکی ئایەتوڵڵا خومەینی هەڵوەشا. ژنان لە سێبەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی‌دا بۆ دواوە گەڕاونەتەوە، لە زۆربەی سێکتەرەکانی کۆمەڵایەتی‌دا بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردنەوە پەراوێز خراون. هەڵاواردنەکان هەر بە قانوونی تەڵاق، فرەژنی، قانوونی بەرعۆدەبوونی بەرپرسایەتیی منداڵ، بەشە میرات، خوێنبایی، پیاوانەبوونی زۆر کار و بەرپرسایەتی سنووردار نابن، ژنان لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەهۆی ڕوانینی ڕەگەزی لە هەموو بەستێنەکان‌دا سیستماتیک وەلا دەنرێن و تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبووە کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی توندوتیژیی دژی ژنان پەسند بکا.
خەڵک بە بەخت‌کردنی گیانی ئازاترین ڕۆڵەکانیان شۆڕشیان سەرخست، بەڵام ڕێژیمێک دەسکەوتەکانی خەڵکی بەتاڵان برد کە ئەمڕۆ بە هۆکاری نائەمنیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەناسرێ. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا سەدان میلیارد دۆلاری لە سامانی گشتیی وڵات بۆ سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە، تەیارکردنی میلیشیای جۆراوجۆر بۆ شەڕی نیابەتی و ئیدۆلۆژیی هیلالی شیعی و بۆ بەرژەوەندیی تاقمەکانی سەر بە خۆی لە لوبنان، یەمەن، بەحرەین، سووریە و عێڕاق تەرخان کرد
ووە. لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا حەشیمەتی وڵات دوو هیندە و نیو زیادی کردووە، بەڵام هەر بەپێی ئاماری ڕەسمیی دەزگای قەزایی ڕێژیم ژمارەی بەندکراوان ١٥ هێندەی سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتییە کە ئەوە خۆی تەعبیر لە قوڵبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و، لەو سۆنگەیەوە پەرەسەندنی تاوان لە وڵات‌دا دەکا. لە ئێستادا ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی حەوتەمین وڵاتی دنیایە کە سانسۆڕ پیشەیانە، بەپێی حەشیمەتەکەی و ئاماری لەداردراوان یەکەم وڵاتە لە ئێعدام‌کردنی بەندکراوان‌دا، ڕێژیمێکە کە بە کوشتنی ئازادیی مێدیایی و ڕاکردنی نوخبە و ئیلیتەکانی دەناسرێتەوە و وڵاتێکە کە لە ڕووی پلەی داهاتی سەرانە، تەندروستی، خۆشبژیوی، هیوا بە ژیان لە نزمترین ڕیزبەندییەکانی دنیادا جێ دەگرێ.
تەما وابوو ئێرانی دوای شۆڕشی ٥٧ وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن پێگە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌دا بێ، بەڵام دەبینین ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین وڵاتی سپۆنسەری تێرۆریزمی دەوڵەتی دەناسرێتەوە و باڵوێزخانە و کۆنسول‌خانەکانی ئەم ڕێژیمە لە چوارقوژبنی دنیا بەجێی نوێنەرایەتی‌ و داکۆکی‌کردن لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، وەک ڕایەڵکەیەکی تێرۆریستی دەجووڵێنەوە. هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو کە دادگای “ئانت ڤۆرپ”ی بێلژیک، هاوشێوەی بڕیاری مێژوویی دادگای مێکونووس، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە پشتگیریی لە تێرۆریزم مەحکووم کرد و لە بڕیارێکی گرینگ‌دا دیپلۆماتێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئوتریشی مەحکووم و بە ٢٠ ساڵی زیندان سزا دا.
کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان جیاواز و تایبەتترە. ئەم ڕێژیمە هەر لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، بەهۆی هەبوونی بزووتنەوەیەکی شوناس‌خوازی و ماف‌ویستی لە کوردستان شەڕێکی ماڵوێرانکەری بەسەر گەلی کورد‌دا سەپاند. هێزە سیاسییە بەرپرسەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆریان هەوڵ دا لە ڕێگەی وتووێژ و لێک‌تێگەیشتنەوە لە چوارچێوەی ئێران‌دا پرسی کورد چارەسەر بکەن؛ بەڵام هەر لە سەرەتاوە وەڵامی ئاشتیی گەلی کورد بە لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان، سەپاندنی شەڕ و ئابلۆقەی ئابووری، کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیل، ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و تێرۆر و سەرکوت و زەبروزەنگ درایەوە. ئەم شەڕەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر کوردستانی‌دا سەپاند، ئێستاش لە شێوەی جۆراوجۆر و لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی، ئابووری و کولتووری‌دا درێژەی هەیە. ڕوانگەی میلیتاریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی ئەم بەشە لە ئێران لە ڕەوتی گەشەکردنی وڵات‌دا پتر پەراوێز بخرێ، کانگا و سەرچاوە سروشتییەکانی بە تاڵان ببرێ، نرخی بێکاری لە کوردستان چەند هێندەی نێونجی بێکاری لە وڵات بێ و، دیاردەی زیانباری وەک کۆڵبەری و کۆڵبەرکوژی تێیدا پەرە بستێنێ. هاوتەریب لەگەڵ ئەم سیاسەتە، شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی بۆ لێدان لە هۆوییەت و شوناسی نەتەوەیی، شێواندنی مێژووی خەباتی سیاسی و تواندنەوەی زمان و کولتووری کۆمەڵایەتیی کورد بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو بەردەوام بووە.
چل‌ودوو ساڵ ئەزموونی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بووەتە هۆی بێ‌مافی و چارەڕەشی گەلانی ئێران بەتایبەت نەتەوە غەیرەفارسەکانی وەک کورد، عەڕەب و بەلووچ، بەڵام ڕوحی شۆڕشگێڕی و ناڕەزایەتیی خەڵک هەروا زیندوویە. ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامی کەمترین شەرعییەتی سیاسیی لە کۆمەڵگەدا هەیە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی و توندوتیژی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان، جارێکی دیکەش شەقامیان کردووەتەوە بە سەنگەری مافخوازی.
پاش ٤٢ ساڵ ئێستاش دروشم و ئامانجە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە خۆی لە ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران‌دا دەدیتەوە، هەروا ئامانجی گەلانی ئێرانن و بە دڵنیاییەوە هەتا کاتی دابینبوونی ئەو ئامانجانە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن. لە ئێستاش‌دا کە کۆماری ئیسلامی لە نەبوونی ڕەواییەتی گەلی‌دا، بارودۆخی نێوخۆییش تەنگی پێ هەڵچنیوە، پێویستە هێزە دێموکرات و گۆڕانخوازەکان بەرەی خەبات و خۆڕاگرییان لەدژی ڕێژیم پتەوتر بکەن. یەکیەتی، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی بۆ سەرخستنی شۆڕشی نیوەتەواو و بەلاڕێدابراوی ساڵی ٥٧، ئەرک و پێویستییەکی چارەنووسسازە.
سەرکەوێ بزووتنەوەی ماف‌خوازیی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی،
وەدی بێن ئامانجەکانی شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دفتەری سیاسی
٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی