راگەیندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

راگەیندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە دادگاییکردنی دیپلۆمات تێرۆریستێکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دادگاییکردنی دیپلۆمات تێرۆریستێکانی ئێرانیی لە بێلژیک راگەیەندراوێکیان دەرکرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دادگای” ئێنتۆرپ” لە بێلژیک “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” تێرۆریستی ئێران کە وەک دیپلۆمات لە باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن کاری دەکرد بە دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستیی و نانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە پاریس، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، تاوانبار و دواتر لەلایەن ئەو دادگاوە بە ٢٠ ساڵ بەندکران حوکم درا.
٣ تاوانباری دیکەی ئەو پەروەندەیە بە ناوەکانی ” نەسیمە نعامی” بە ١٨ ساڵ، “ئەمیر سەعدوونی” بە ١٥ سال و “مێهرداد عارفانی” بە ١٧ ساڵ زیندانیی حوکمدران. هەروەها قازی ئەو پەروەندەیە بە داوای دادستانی لەگەڵ بێبەریکردنی ئەوان لە هاووڵاتیی بوونی بێلژیک ڕەزامەندی خۆی دەربری.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا بۆ سەرکوتکردن و لە ناوبردنی دژبەرانی خۆی و پەرەپێدان بە تێرۆریزم لە نێو خۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە هێچ کردەوەیەک درێغی نەکردووە و سڕینەوەی فیزیکی دژبەران و جیابیران لە بەرنامەی کاری ئەو ڕێژیمەدا بووە.
بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازییەکانی ئێران، بەردەوام لە قوربانیانی تێرۆریزمی ئاشکرای ئێران بووە و لە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە بەدژی خەڵکی کوردستان دەتوانین ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەین وەک نانەوەی بۆمب بۆ حیزبە کوردییەکان، مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکان، تێرۆری ڕێبەران (تێرۆری د. قاسملوو لە ڤییەن، تێرۆری د. شەرەفکەندی لە بێرلین و سدیق کەمانگەر لە عێراق) و کادرەکانی ئەوان لە دەرەوەی وڵات بە تایبەتی تێرۆری د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە بێرلین، کە بوو بەهۆی بەڕێوەبردنی داداگای میکۆنوس و ڕیسواکردنی نێو نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی لە هەوڵی دەزگای قەزایی بێلژیک دەکا و هاوکاتیش هەوڵی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی مەحکوم دەکا و داوای پێڕاگەیشتنی جێددی و بێ‌لایەن و بە دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری وڵاتان و کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بە پەروەندەکانی تێڕۆری دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە ڕابردوو و ئێستادا دەکا.
لە ڕوانگەی ئێمەوە بردنە سەری ئاستی وشیاری، یەکگرتوویی و هاوکاریی هەرچی زیاتری حیزبەکان و چالاکانی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دەتوانن بە بەرستێکی گەورە بن بۆ سەر ڕێگای ماشێنی کوشتار و تێرۆری کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٦ی فێوریەی ٢٠٢١ ی زاینی
١٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی