دەھەی فەجر و کاڕیگەریەکانی لە سەر کۆمەڵگا

لە ١٢ی ڕێبەندانی سالی ١٣٥٧ ھیجری شەمسی دا دوای ١٥ سال دورخستنەوەی خومەینی لە ئێران بۆ عێراق، تورکیە و فەڕانسە لە لایەن رژیمی پاشایەتیەوە، گەڕایەوە بۆ ناو خاکی ئێران و لە ٢٢ ڕێبەندانی ١٣٥٧ دوایی تێپەربوونی ١٠ ڕۆژ رژیمی پاشایەتی رووخا و ئینقڵابی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خۆمەینی سەریھەڵدا.
لە سالی ١٣٦٠ ھیجری شەمسی بۆ یەکەمین جار ناوی دەھەی فەجر بۆ ئەو ١٠ رۆژە لە لایان عەبدولمەجید مەعادیخواە وەزیری ڕۆشنبیری ئەوکاتی ئێران پێشنیارکرا و تا ئێستاش ھەر ھەڵگری ئەو ناوەیە.

کۆماری ئیسلامی ھەر لە سەرەتاکانی ئینقلابەوە تا ئێستا گرینگیێکی تایبەتی بەو ١٠ ڕۆژانە داوە و بەردەوام ویستویێتی گەورەتر نیشانی بدا.

ھەر لە سەرەتایی ئینقلابدا بودجەیێکی بۆ تەرخان کرا وبە ھەمو شوێنە گشتیەکان ڕاگەیاندرا کە دەبێ ئەو ١٠ ڕۆژە بە باشترین شێوە پێشانی خەڵک بدرێ و بۆ ھەمیشە لە مێشک و ھزری خەڵک دا بمێنێ.

حکومەت لەو ١٠ ڕۆژەدا ئەمنیەتی سنورەکان زیاد دەکا و بە وردی ئاگاداری ناوخۆ دەبێ، داوا لە ھەمو ئۆرگانەدەوڵەتیەکان دەکا کە لە رێپێوانی ٢٢ ڕێبەندان دا بەشدار بن، لە قوتابخانەکان و زانکۆکان قوتابیەکان ئامادە دەکەن و دەیانھێننە سەر شەقام، ئەو داوایەی کۆمار دروستە وەکو داوا وایە بەڵام لە راستیدا شوێنە دەوڵەتیەکان پێیان خۆش بێ یان نا دەبێ بەشدار بن.

بەو کارە کۆماری ئیسلامی دەیھەوێ بە خەلکی ئێران بڵێ کە ئەوە ئینقلابی ئیسلامیە کە ئەمنیەتی بۆ دروست کردون و خەڵکیش دەبێ بە گیان و دل ئەو ئینقلابە بپارێزن.

رژیم بەو کارەی جگە لەوەیکە توانیویێتی تا ڕادەیەک کاریگەری بخاتە سەر مێشک و ھزری کۆمەڵگا، لە لایەکی دیکەوە بە پڵانێکی باش و کار لە سەر کراو ھەولی داوە بە وەڵاتانی غەربی بڵێ، خەڵکی ئێران بەو حکومەتە رازین و ھەمو سالێک لەو ڕۆژەدا خەڵک بە ھاتنە سەر شەقام دەنگدانیان بۆ ئینقلابی ئیسلامی دووپات دەکەنەوە.

بە ھۆی چونە سەری زانیاریەکانی خەڵک لە دونیای سیاسەتدا و دەست بە دەست کردنی زانیاریەکان لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان ئەو چەند سالەی ڕابردو جیاوازتر بوە و ڕێژەی خەڵک لە رێپێوانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە وە خەڵک چیتر بروایان بەو رژیمە نەماوە.

ئێمەی کوردی دانیشتوانی ڕۆژھەڵات کە لە ژێر سێبەری ئەو داگیرکەر و دیکتاتۆرانە دا ژیان بەرێ دەکەین دەبێ وەکو ھەمو خەڵکی ئیران ئەو ١٠ ڕۆژە بەرز راگرین و بە بەشداری خۆمان لە رێپێوانی ٢٢ ڕێبەندان دا بڵێین کە ئێمەش بە بوونی ئەو حکومەتە رازین . بەڵام لەوەتا کۆماری ئیسلامی ھەیە ھیچ کات کورد بە دل و گیان بەشداری لەو ١٠ ڕۆژەدا نەکردوە و تەنیا لە روی ناچاری و ناشارەزا بوون لە مێژوو بەشداریان کردوە. ئێستا لە ڕۆژھەڵاتیش ھاوکات لە گەل بەشەکانی کەی ئێران دەنگی نارەزایەتی لەو حکومەتە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر دەبێ.

بە بەشداری نەکردنمان لە رێپێوانی ٢٢ ڕێبەندان، دەتوانین بە بەرپرسانی حکومەت نیشان بدەین کە چیتر ئێمەی کۆمەڵگای ئێرانی باوەرمان بە ئینقلاب نەماوە و دەبێ ئێرانێکی تازە بە دموکراسیێکی یەکسان بۆ ھەمونەتەوەکان بە بێ جیاوازی دروست ببێتەوە.

ئێمە دانیشتوانی کۆمەڵگای ئێران چیتر بەشداری لە رێپێوانی دەھەی فەجر دا ناکەین.

ڕەحمەت مەحموودپوور