په‌یامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ یه‌كیه‌تیی ژنان، به‌ بۆنه‌ی‌ ٧٩مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

په‌یامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ یه‌كیه‌تیی ژنان، به‌ بۆنه‌ی‌ ٧٩مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
ژنانی تێکۆشەری مەیدانی خەبات!
٧٩ ساڵ‌ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ ٢٤ی‌ ڕه‌شه‌ممه‌ی‌ ساڵی‌ ١٣٢٤ی‌ هه‌تاویدا، یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وه‌ك یه‌كه‌مین ئۆرگانیزاسیۆنی ژنان له‌ كوردستانی‌ ئێران و به شێوەیەکی مودێڕن دامه‌زرا.
ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، دەرفەتێکی لەبار بۆ گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتە ئاراوە، کە تێیدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی پێشەوای مەزنی کوردان، یەکەمین حکوومەتی کوردیی لە شکڵی کۆماریدا ڕاگەیاندرا. کۆمارێک کە ئەگەرچی کەمتەمەن و جوانەمەرگ بوو، بەڵام لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنیدا، خەرمانێک دەسکەوت و بەرهەمی بەنرخی وەکوو ئاڵای کوردستان و ناوی بەرزی پێشمەرگە و سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوانی بەدوای خۆیدا هێنا، کە تا ئێستاش نەتەنیا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لە خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستانی داگیرکراودا هەبووە و هەیە.
ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لەو دەسکەوتانە بوو کە لە ژێر سێبەری کۆماری دێموکراتیکی کوردستاندا لەدایک بوو و هاوکات لەگەڵ خەباتی یەکسانیخوازی، شانی وەبەر خەباتی نەتەوایەتیش دا و تا ئێستاش لێی بەردەوامە.

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست!
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا ئەو پەیامەتان پێشکەش دەکات، کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە ڕاستیدا ملمڵانێی وڵاتانی زلهێز و شەڕی ئابووری و هێژمۆنی نێوانییان، نەتەنیا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو هەموو جیهان بەگشتی بەرەو ئاڵۆزی و هاوکات ئاڵوگۆڕ پەلکێش دەکات و بێگومان ئێران و کوردستان و گەلی کوردیش بەدەر لەو ململانێیانە نییە و نابێ و بگرە بۆتە چەقی گۆڕانکارییە سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکییەکان.
کەواتە لەم قوناغە هەستیار و مەترسیدارە کە نەتەوە و نیشتیمانەکەمان خەریکە تێیدا تێپەڕ دەبێ، گەلێک گرینگە کە کورد بەگشتی و کوردی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، ئەولەوییەتی یەکەمییان ببێتە بەها و بایەخدان بە گۆشارە جۆراوجۆرەکانی سەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەتەواوی ئیزۆلە بووە و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەتەواوی شڵەژاوە و ڕەنگ و بۆنی هەرەس و داڕمانی لێ نیشتووە.
دەبینین کە هەژاری و دۆخی ئاڵۆزی ئابووری، خەڵکی ئێرانی بۆ هاتنە ئارای راپەڕین و ئاڵوگۆڕێکی جەماوەری و بنەڕەتی ئامادە کردووە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە ژنانی تێکۆشەری ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، بارتەقای رابردووی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەیان، لە هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا ڕۆڵ بگێڕن و هاوتەریب لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکە کۆمەڵگا، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادییە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی خۆیان تێکۆشن.
بەخۆشیەوە بینیمان کە لە شۆڕشی “ژینا”دا، ژنان پێشەنگایەتی خەباتیان نە تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ئێران بە دەستەوە گرت و نیشانییاندا کە چۆن دوای شەهیدبوونی ژینا، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی جڵەوی شۆڕشەکەیان بەدەستەوە گرت و شۆڕشییان خزاندە نێو نەتەنیا شار و گوندەکانی سەرتاسەری ئێران، بگرە خزاندییانە نێو زەین و مێشکی تاک بە تاکی جوغڕافیای سیاسیی ئێران و نەتەوە ژێردەستەکانی ئێرانی
لە خەوی غەفڵەت ڕاچڵەکاند.

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

ئەمساڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر لە هەوڵدایە کە بەستێنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەرتەسک بکاتەوە و لەو پێناوەدا هەرچی لەدەست بێ درێغی ناکات. ئەوەش بەرپرسیاریەتی و ئەرکی سەر شانمان قورستر دەکات و دەبێ ئێمە بە ورە و گڕ و تینێکی نوێ و زیاتر لە ساڵان ئامادە بین بۆ پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری.
نەورۆز وەک بۆنەیەکی گەورەی نەتەوەیی بکەین بە دەرفەتێک بۆ نیشاندان و سەلماندنی ناسنامە و خۆشەویستییمان بەرامبەر نیشتمانەکەمان.
هەر بۆیە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوا لە ژنانی ئازادیخواز و مافویستیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات، کە ئەمساڵ قۆڵی هیمەت و هەڵمەتی لێ هەڵماڵن و هاوشان و هاوڕێ لەگەڵ پیاوان بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز‌دا بکەن و بە جامانە و هەوری و جلوبەرگی خاکی، بە گۆڤەند و دیلانی کوردەواری، بەرگری لە شوناسی نەتەوەییی خۆیان بکەن. هەموومان یەکدەنگ و یەکگرتوو جارێکی‌تر بە دەست لەنێو دەستی یەک سەمای سەربەستی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بگێڕن و سروودی خۆڕاگری و ئازادی و ئازایەتی بچڕنەوە.

چونکە ژنی کورد، چ ئەوانەی بە دەیان ساڵە لە نێوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵات ئاوێتەی خەباتی یەکسانیخوازی و نەتەوەیین، چ ئەوانەی لە ڕۆژئاوا بۆ مان و مەوجوودییەتی خۆیان چوونە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ تاریکپەرەستان، چ ئەوانەی پارلەمانی تورکیەیان کردۆتە سەنگەری بەرخۆدان، چ ئەوانەی لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەوری کارایان هەیە و چ ئەوانەی لە پارلەمان و حکوومەتە رۆژئاواییەکان رۆڵ دەگێڕن، سەلماندوویانە کە کورد نەتەوەیەکی زیندوو و ئازایە و لەو زیندوویەتی و ئازایەتییەش، ژنی کورد پشکی شێری بەردەکەوێ.
کەوابوو با رێز لە خۆمان و نەتەوەی خۆمان بگرین و لەو نەورۆزە کە لە راستیدا پێوانەی هێز و باوڕی نەتەوەییمانە، ڕووسوور و سەرکەوتوو دەر بچین و بسەلمێنین کە کوردستان سەنگەری لەگیراننەهاتووی ئازادییە لە سەرتاسەری ئێران و بۆ ئەوە دەبێ نەتەوەکانی دیکەی ئێران وانەکانی فیداکاری و بەرخۆدانی لێ فێر ببن.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژوویییە لە هەموو ئێوەی بەڕێز و ژنانی کوردستان دەکەین.

سەرکەوتن بۆ خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی کوردی، بەرانبەر بە ١٨ی مارسی ٢٠٢٥ زایینی