نەورۆز. برایم فەڕشی

نەورۆز. برایم فەڕشی

نەورۆز وەک سەرەتای دەستپێکردنی بەهار و ساڵی نوێ، کۆنترین جەژنی ناسراوی مرۆڤایەتییە کە جێگای لە ناو ئەفسانە و مێژوو، فەرهەنگ و سیاسەت، بە تایبەت بۆ کورد بۆتەوە. لایەنی سروشتی، بەرهەمهێنان، کار و پیشە گرێدراو لە گەڵ ژیانی مرۆڤ، ئەم جێژنە دەکاتە کۆنترین جێژن، لە بەر ئەوەی بەهار وەرزی سەرهەڵدانەوە، بۆژانەوەی زەوی و فراوانی بژیوی ژیانی مرۆڤ و تازەبوونەوەی سروشتە. مێزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) واتە سەرزەمینی نێوان دیجلە و فورات هەتا ناوچەکانی ڕیزە چیای زاگرۆس، ناوەندی سەرەتای کشت و کاڵ و نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە پاش ڕەوی گەورەی مرۆڤ لە ئافریقاوە بووە. ئەمەش بە پێی نوێترین زانیاریی و لێکۆڵینەوە، سێزدە هەزار ساڵ پێش ڕووی داوە و دروستکردنی گوند و شار و پێکهاتنی کۆمەڵگای لێکەوتۆتەوە، کە کانگای فەرهەنگ و دابونەریت و جێژنەکان بووە. دواتر لێرەوە ڕەوی تر بەرەو ئورووپا وشوێنیتر ڕووی داوە.

ئەمڕۆ ئەوە ڕوونە کە شارستانیەت لیرەوە سەری هەڵداوە. ئەفسانە، ئایین، پێکەوەبوون، ڕێوڕەسم و دابونوریت، فەرهەنگ، زمان بەرهەمی ژیانی گرووپی و کۆمەڵایەتی و کشت وکاڵ و کار بووە و و بێژمار بۆنە و ڕێوڕەسمیان لێکەوتۆتەوە.

نەورۆز جەژنێکی گرێدراو لە گەڵ زاوزێی سروشت و بەرهەمی سروشت و مرۆڤە. جەژنێکی دوور لە خەیاڵی ئایینی و ئەفسانەیی، هەرچەند گرێدراوەتەوە بە ئەفسانە و میتولۆگی و داستانی جەمشیدی پارس و کاوەی ئاسنگەری کوردی لێکەوتۆتەوە.

بێگوومان توخم و ڕێوڕەسمی میترایی لە نەورۆزدا دەبیندرێ کە خۆی لە جولە و هەڵپەڕکێ و دەستگرتن و بازنەیی گێڕاندا دەبینێتەوە، کە لە هەموو چەشنەکانی هەڵپەڕکێی کوردیدا هەیە و لە ڕێوڕەسمی نەورۆزشدا خۆی دەبینێتەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە میللەتانی مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس کە ئەمڕۆ لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئورووپا دەژین، خۆیان لەم جەژنە سروشتییەدا نەدیتبێتەوە و تێگەیشتنی کۆن و نوێی خۆیان تێکەڵ نەکردبێ.

نەورۆز کە خۆی لە سەرەتای بەهاردا دەبینێتەوە، ئێستاش بە چەشنی جیاواز لە وڵاتانی باڵکان هەتا هیندوستان دەبیندرێ. دەبێ ئەوەش بگوترێ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئایینی عیسایی ئایینی زاڵ ئایینی میترایی لە ئورووپا بووە و کاریگەریی لە سەر تێگەیشتن و کەلتووری ئورووپا هەبووە و سەمبول و نیشانەکانی ئەم فەرهەنگە کۆنە کە لە مێزۆپۆتامیا و زاگرۆسەوە سەری هەڵداوە و لە ناو میللەتانی تردا پەرەی ساندووە، کە لە نەورۆزدا خۆی دەبینێتەوە.

یۆنسکۆ ساڵی ١٩٨٨ نەورۆزی وەک فەرهەنگی ئینسانی و جەژنی کوردەکان پێناسە کرد و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ بەڕەسمی وەک جەژنێکی ناو میللەتان ناساندی، کە دەبێ وەک فەرهەنگی مرۆڤایەتی بپارێزرێ. یۆنسکۆ لە لاپەڕەی خۆیدا دەنووسێ:” نەورۆز کە لایەنی ڕێوڕەسم، دابونەریت، فەرهەنگ، لایەنی گۆڕینی جلوبەرگ، تازەبوونەوە و خواردنی تایبەت و دۆست و بنەماڵە لە یەک نزیککردنەوە و دیاریی بەخشین بەیەکتر بە تایبەت بۆ منداڵانی، هەیە، جەژنێکە بۆ ئاشتی و ئاشتیخوازی.” سەرجەم ئەو لایەنانەی یۆنسکۆ باسی لێوە کردوە لە جێژنی نەورۆزی کورداندا دەبیندرێ!

نەورۆز جگە لە تازەبوونەوەی ژینگە و زاوزێی سروشت و بەرهەمهێنان، ڕەمزی سەرکەوتنی ڕۆشنایی بە سەر تاریکیدا بووە، هەر بۆیە ئاور دەوری تێدا دەگێڕێ و هەڵپەڕین و مۆسیقا و کۆبوونەوەی بنەماڵە و خەڵک لە دەوری یەک و خواردنی سروشتی لە ئامێزی نەورۆزدا، دەبیندرێ. بۆ کورد ئەم جەژن و ئەم بۆنەیە ڕووی سیاسی و ئازادیی و ناسنامەیی پەیدا کردووە و لە هەموو جیهان بۆتە یەک لە ڕەمز و سەمبولەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کوردەکان.
هەرچەند مێژووی نەورۆز بۆ سەردەمی ئەنتیک، حەوسەد هەتا هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام دەبێ گەلێک کۆنتر لە سەردەمی زەردەشت بێ، لە بەر ئەوەی تێگەیشتنی میترایی لە بوونی نەورۆزدا دەبیندرێ. ئاو و ڕووناکی و سرشتی میترایی لە ژیانی مرۆڤی کورددا بەردەوامە و تازەکردنەوەی ئاو لە بەرەبەیانی ڕۆژی نەورۆز، یەک لە ئەرکەکانی بنەماڵە کوردەکان بووە و لە زۆر شوێن بەردەوامە.
زیاتر لەوە، نەورۆز لە ناو کورد و نەتەوەکانی تر، لایەنی فەرهەنگی، هونەریی، کۆمەڵایەتی هەبووە و هەیە. ڕێوڕەسمەکانی بەر لە نەورۆز، ئێوارە و ڕۆژ و شەوی نەورۆز هەتا گەیشتنی سێزدەبەدەر، وەک کۆسەبەبە، کۆسەگەردی، کۆسەی هەجیج، کۆسە گەلین و گەلێکی تر خۆ لە شانۆدا دەبیننەوە، کە هەمان شێوە و فۆڕمی هەیە کە لە یۆنان سەردەمی چێکردنی شانۆ باو بووە. کۆسە گەلین ڕێک هەمان داستانی مەڕ و مرۆڤە کە بۆتە سەرەتای شانۆی تراژێدی لە یۆنان.
میرمیرێن کە هەتا سەردەمی ڕەزاشا لە کوردستان باو بووە و بۆ پازدە ڕۆژ دەستەڵاتی شار و گوند دەکەوتە دەستی میری هەڵبژاردە و دەوری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و هونەریی نواندن لە چەشنی شانۆی تێدا دەبیندرێ، کە نزیکترین هۆنەر بە فەلسەفەیە، گرێدراوی نەورۆز و ئازادییە و جێگە و پێگەی خەڵک تێیدا دەبیندرێ، کە لە سەردەمی ئەنتیک بە چەشنێک لە دێموکراسی ناسراوە و ئەم ڕۆژانە لە باسی دێموکراسی ئاماژە بەو چەشنە لە دێموکراسییەی مێزۆپۆتامیا دەکرێ، بۆ وێنە لە باسەکانی “ڕاینەر ماوسفێلد” پرۆفیسۆری بواری پسیکۆلۆگی!
فەلسەفەی بوونی نەورۆز و لایەنەکانی سروشتی، کۆمەڵایەتی، هونەریی، فەرهەنگی، سیاسی هەڵدەگرێ زۆرتر باس بکرێ و باس کراوە کە لە ئەدەبیات و بازنەی ئاکادێمی ئورووپا بۆتە جێی باس، کە لەم کورتە باسەدا جێی نەبۆتەوە.
ئاوڕدانەوە لە مێژوو، کەلتوور، ئەدەبیاتی زارەکی، هونەریی بەیت، حەیران، دەنگبێژیی، گێڕانەوە، زارگێڕانەوە، دابونەریت و سەدان و هەزاران گەمەی ناو کوردەواری، ئایینە هەمەجۆرەکانی ناو کورد، سەما و هەڵپەڕکێ و زمانی فرە دەوڵەمەند، جیهانێکی چەندان هەزار ساڵە دەردەخەن کە هەموویان هێشتا وەک نەورۆز خۆیان دەرنەخستووە. ناسین و ناساندنی سەردەمێکی گرنگی مرۆڤایەتی لە مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس کە نەرۆز تەنیا یەک وێنەیەتی، ئەرکە!
نەورۆزتان پیرۆز
برایم فەڕشی
ئاڵمان – کۆڵن
١٥/٢/٢٠٢٥