لە بیرەوەری تێرۆری ناجوامێرانەی سەرکردەیەکی جوامێردا! کەریم فەرخەپوور

ڕۆژ 16ی سەرماوەزە،”جەک لەندەن” لە ژێر حەبای ئاخوندەکانی “تاران” دا، بە کەڵبە گڕەکانیەوە هەڵگری پەیامی مەرگە و تینووی خوێنی قارەمانێکی کوردە، ئەو قارەمانەش کەس نیە بێجگە لە مامۆستا “حەسەن شیوەسەڵی” تێکۆشەر و خەباتگێڕی سەرسەختی رێگەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری.

چ کارەساتێکی سامناک روویدا ، چ هەواڵێکی شوم و خەمهێنەر، کارەساتێک کە چەند ساڵێکە بۆتە خەمی ئازادیخوازانی کورد و غەیرە کورد.
مامۆستا “حەسەن شیوەسەڵی” لە خانوە قوڕینەیەکی گوندێکی هەژارنشینی کوردستان، لە باوەشی دایکێکی رووسووری کورددا پێگەیشت و بە پشتیوانی باوکێکی وەرزێر و دەست قەڵشیو رەوانەی حوجرەی مزگەوت کرا، ئەو کات حوجرە مەکۆی شۆڕش و قوتابخانەی کوردایەتی بوو، کاک حەسەن شیوەسەڵی هەر لەوێ فیری ئەلف و بێی سیاسەت و نیشتیمانپەروەری بوو و دڵ و مێشکی بە چرای زانست رووناک بۆوە. دوای حوجرە ڕاپێچی بەندیخانە کرا و لەوێ لەژێر ئەشکەنجە و زەبر و زەنگی “ساواک” دا فێری وانەی خۆڕاگری و نەبەزین بوو و هەر لەوێوە ڕێگەی چیای گرتەبەر و بوو بە پێشمەرگەیەکی ئازا ، بوو بە فەرماندەیەکی لێهاتوو، بوو بە مامۆستا و سیاسەتوان، بوو بە پیاوێکی ناودار و بە ناوبانگ، بوو بە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێگەی هیوا و ئومێدی هەژارەکان، بوو بە چقڵی چاوی دوژمن ، بوو بە ڕەمزی فیداکاری و رزگاریدەری نیشتیمانێکی داگیرکراو.
گەورەیی و عەزەمەتی ئەو زاتە شۆڕشگێڕەی کورد تەنیا لای ئەوانەیە کە هاوبەند و هاوخەباتی بوون یا لە نزیکەوە ناسیویانە و دۆست و هاوڕێ و هاوبیری بوون. من شانازیی ئەوەم هەیە کە ماوەیەک تا کاتی برینداربوونی وەک پارێزەر و پاسەوان و باوەڕپێکراو لە پەلی فەرماندەیی و شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت لە خزمەتی دابم هەر بۆیە هەمیشە لە دڵمدایە و لە حاست گەورەیی ئەو مامۆستایەم سەری رێز دادەنوێنم. سەردانواندن لە حاست ڕێبەرێک کە قوتابخانەیەک بوو بۆ فێر بوون، کێوێک لە خۆڕاگری، پیاوێک سەرتاپا ئازایەتی، پێشمەرگەیەک تا سەر ئێسقان بیر و باوەڕ، مەلایەک لە نیشتیمانپەروەری،زانایەک لە مەیدانی سیاسەتدا،کتێبێک لە شێعری هەمە جۆر، لە جوان چاکیدا خەونی سەدان کیژی شۆخ وشەنگ، دنیایەک بیرەوەری تاڵ و شیرین، سەنگەرێکی لە گیران نەهاتوو، هەمیشە دەم بە خەندە،رەنگێک لە ڕەنگە جوانەکانی “گیاڕەنگ”، هاوڕێ و هاوڕێبازی ئاوارە و قوتابیەکی بە ئەمەگی قوتابخانەی پێشەوای مەزن و یار و یاوەرو هیوا و ئومێدی دوکتۆر قاسملووی ڕێبەر.
ئای لە دەست ئەم ساتە وەختانەی کە ویژدان دەخەوێ، کورد دەبێتە داردەستی داگیرکەر و برای خۆی دەکاتە قوربانیی ماددە و خەیاڵ و ئارەزوو . ئەو رۆژەی کە دوژمنی داخ لە دڵ خەونی پێوە دەدی هاتە دی، ” حەسەن شیوەسەڵی ” کەوتە نێو تەنووری باڕوت و ئاگری ساددەیی و دڵپاکی و خۆشباوەڕی ، هاوسەنگەرانی سەرتاپا بوونە خەم و بۆ هەژاران بوو بە فرمیسک و داخ و حەسرەت.
مامۆستا ئازیز، لە سایەی ڕابردووی پڕ لە شانازیت، ئەمڕۆ پەنجەکانت بوونەتە پێنووسی دەستی مناڵانی هەژاری گوند و سەرجەم خوێنداکارانی نیشتیمانی داگیرکراو و وانەی فیداکاری نەبەزینیان پێ دەنووسنەوە، سۆمای چاوە لە دەست چوەکانت بوونەتە چرای ڕیی تێکۆشانی خەباتکارانی ڕێی ئازادی، بوونە ئەستێرەی هیوا بەخشی ئاسمانی تار و خامۆشی نیشتیمان، بیر و هزرت بیر و هزری هەموومانە و ئاواتەکانت خەون و ئاواتمانە.
غرووری کوردانە وپێشمەرگانەت بە پانتایی پێدەشتەکانی کوردستانە بەڵام لە پەنا دەستت شێرە ژنیک هاوبەشی بەشێکی بەرچاوی شانازیەکانتە، هاوڕازێک کە هاوتا و نموونەی دەگمەنە، دایکێک سەرتاپا سۆز و فیداکاری، فریشتەیەک تەمەنێک لە هاوکاری و خۆشەویستی بۆ تێکۆشەرێکی ناوداری کورد، خاتوو “کلسووم” و بیر و هزری نیشتیمانپەروەرانەی. چەپکێک گوڵی رەنگاو رەنگ، میداڵێک لە ئیفتیخار و شانازی پێشکەشە بەو شاژنەی کورد.
مامۆستا گیان، هەموو ژیانت لە ڕێی کورد و دێموکڕات دا سەختی و سەرفرازی و نەهامەتی بوو، گەلێک شانازیت بۆ کورد تۆمار کرد و لە پێناویدا بە شەهیدی زیندوو ناو دەبرێی. ساڵوەگەڕی بریندار بوونی جەنابت هاوکاتە لە گەڵ ساڵوەگەڕی کارەساتی لێکترازانی ریزەکانی حیزب، کتێبی شانازیەکانی حەسەن شیوەسەڵی بۆ کۆتایی لاپەرەکانی ئەم وەرزەی ژیانت پێویستی بە تۆمار کردنی شانازی و شاکارێکی دیکە هەیە . هەر وەک جاران تۆ مامۆستا و ئێمەش قوتابی، هەر وەک جاران تۆ مامۆستا و من” کوڕە چکۆڵە “. چەند ساڵێکە بە دەست مەسەلەیەکی ماتماتیکەوە گیرمان خواردووە، پرسیارم لە زۆر عالم و زانا کرد، لە دەرگای زۆر کەسم دا، لە بەر زۆر کەس پاڕامەوە و دەستی زۆر کەسم ماچ کرد، کەس نەیتوانی حەلی بکات و هەموویان لە حاستی دا داماون. دایکی پێشمەرگەیەکی شەهید لە زمان ئاوارەی شەهیدەوە ئادرەسی تۆی پێدام و دەڵێ “تەنیا کەسێک کە بتوانێ ئەم مەسەیە حەل بکات مامۆستا ” حەسەن شیوەسەڵی” یە”، هەر بۆیە دەستەو داوێنی جەنابت بووم، کلیلی ئەم گرێ پووچکەیە هەر جەنابتی ، مێژوو و ڕابردوو بە خوای ویژدان بسپێرە، دەزانم چەندە دڵ پڕی لە ژیان و چارەنووس و بە سەرهات و رووداوەکان، منیش دڵم پڕە لە زوخاو، گوێچکەکانم لە دەست داون هێندەی گوێم لە وشەی ” بە سەرچاو، با بزانم چیم پێدەکرێ، ئەوە خەریکم، خەمت نەبێ، پەلە مەکە، جێبەجی دەبێ، جا من چکارەم ،، زەمانی دەوێ، ئیشاڵڵا خێر دەبێ و زۆر شتی تر کە لە بیستنی ئەم وشانە بێزارم. بیکە بە خاتری سەداقەت و فیداکاریت، لە بەر خاتری دایکی ئەو هەموو شەهیدانەی کە ڕۆڵەکانیان بە فەرمانی جەنابت بوونەتە گڕکانی قەڵای دوژمن، بە خاتری ئەوانەی کە لە سەنگەری بەندیخانە، مەکتەبی فیداکاری جەنابت، چاوڕێی گزینگی خۆری ئازادین، بە خاتری ئەو هەموو گەنج و لاوانەی کە لە رێگەی پیرۆزی دێموکرات دا و لە سەنگەری پێشمەرگانەی بەڕێزتان دا ئامادەی گیان بەخت کردنن. دوور لە فیزیک و شیمیا و فەلسەفە، بە پێچەوانەی عیلمی ماتماتیک، بفەرموو (1+1 ) چۆن دەبێتەوە ‘ یەک ‘؟ نابێتە دوو، مێشکم پڕە لە دوو، بێزارم لەو هەموو دوو دووە، بێزارم لە بەڵێنی فریودەرانەی ئەو سیاسیانەی کە بە شێت و نەزانمان دەزانن. من وڵامی “یەک”م گەرەکە.
لە کۆتایی دا وێڕای رێز و خۆشەویستیم، سەد مخابن دەستت نییە تا دەستت ماچ کەم بەڵام تکایە با دەستی کەسیتر ماچ نەکەم، چاوەڕێی هەوڵ و هیممەتی جەنابتین. هیوادارم ببیە فریشتەی نەجاتی حیزب و ئەهریمەنی دووبەرەکی لە گۆڕ بنێی .
سەرفرازیت ئاواتمە.
قوتابیت “کەریم فەرخەپوور”
16ی سەرماوەزی 1393