قەیرانی ڕێگە هەڵبژاردن. جەماڵ عەڵیاڵی

ئەو چەشنە قەیرانە شێوەی مڵۆزمێک دەکات کە دەتوانێ لە چەشنی زێروو هێدی هێدی خۆێنی لەشی بزووتنەوەیەک هەڵمژێ. ئەوە دەقی ئەو ئازارەیە کە کەوتۆتە گیانی بزاوی دێمۆکراتی و رزگاریخوازی نەتەوەی کورد. بابەتی بەر چاوی خۆێنەری بەرێز هەوڵێکە بۆ شیکارێکی خێرا بە سەر ئەو دیاردەیەدا.

سەرکۆی هەڵوێستی نەتەوەی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا بانگەشە بۆ دابینکردنی دێمۆکراسی بۆ کوردستانیان و رزگاربوون لە ژێر بندەستییە بەڵام سەرکۆی هەلوێستی هێزەکانی سیاسی هەر ئەو نەتەوەیە هیچ دیار نیە، نەک بەو واتایە کە هێزەکانی سیاسی خاوەنی هەڵوێست نین، بەڵکوو بەو واتایە کە هەڵوێستەکان زۆر لێک جیاوازن. هەر ئەو جیاوازییە بۆتە بە هۆکارێک بۆ لێکترازان و یەکتر بە هەند نەگرتن. ئەگەر ئەو دوو خاڵە لە بەراورد دەگەڵ یەکتردا هەڵسەنگێنین ئەوسا دەبینین کە دۆخەکە گوزارە لە ناتەبایی زانست و کردارئەدات، واتە خوازیارییەکان جیاوازییان دەگەڵ کردەوە هەیە. خوازیارییەک کە کردەوەی تایبەت بە خۆی نەبێت، خوازیارییەک کە بە کردەوەی تایبەت بۆ مەبەستی دەستەبەرکردن، هەنگاوی بۆ هەڵنەگیرێت ناتوانێ دەستەبەرکرێ. لێرەدا بە پێوەرەی باوی ڕابووردوو، دەگەینە ئەو ویستگەیە کە دەڵێ: دۆخێ زیهنی و دۆخی عەینی پێکەوە تەبا نین.
هۆکاری ئەو جیاوازییە لە چیدایە؟ ئایا نەتەوەی کورد دەتوانێ جارێکیتر وا بە هاسانی دۆخێکی ئەوتۆ لەباری وەک هەنووکە بکەوێتە دەست؟ دۆخێک کە تەنانەت داگیرکەران واتە دووژمنی “قەستە سەر”ی نەتەوەی کوردی وەزمان هێناوە کە دەڵێ لە مافی کوردان داکۆکی دەکات! ئایا هێزەکانی سیاسی کۆمەڵگای کوردەواری ئەوەندەیان کارامەیی سیاسی هەیە کە بتوانن لە دۆخی هەنووکەییدا خێرێکیان لەو ڕێچکەیەدا هەبێ؟
هۆکاری سەرەکی ئەو ناتەباییە بەکوورتی دەگەرێتەوە سەر کارتێکەری فەرهەنگی داگیرکەر لە سەر ڕووناکبیری کورد. با واز لەو پێچ و پەنایانە بێنین و بە ڕاشکاوی و بوێرییەوە بڵێین کە ئەو کارتێکەرییە چەوتە هەر ئێستا وەکوو ژەهر مێشکی زۆربەی هێزەکانی سیاسی تێکداوە ئەوەندەی کە ئێستاش لە دۆخەکە تێنەگەیشتوون و هەستیان پێنەکردووە کە ئیتر جیگەی پشوودان نەماوە و پێویستە بە گوورجی هەنگاوی ڕاستەوخۆ هەڵبگیرێ. هێزەکانی سیاسی ئێستاش بەو ڕاستییە تاڵەیان پێنەزانیوە کە هەر چوار داگیرکەری کوردستان هەوڵی تێکشکاندنی یەکجارییان بۆ نەتەوەی کورد دەست پێکردووە ئەگینا قاسم سولەیمانی داکۆکی لە مافی کوردی نەدەکرد! ئەگەر مێشک ژەهراوی نەبووبێ چۆن دەکرێ بەو قسانەی سۆلەیمانی باوەڕ بکرێ؟
هەلێکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد رەخساوە، ئەگەر لە کیس بچێت، ئەوا بە هاسانی هەڵناکەوێتەوە، یەکگرتوویی لە سەر ئامانجی سەرەکی کە مان و نەمانی نەتەوەیەکە، تەنیا زامنی سەرکەوتنە. بۆ ئەو یەکگرتووییە، کۆڕێک، لیژنەیەک، شۆڕایەک، کۆنفرانسێک، کۆنگرەیک…کە گشتی لایەنەکان پێکەوە گرێ بدات پێویستە. لەو ڕێگەوە بارتەقایی کورد وەکوو نەتەوەیەک قوورس و گوونجاو دەگەڵ دۆخی هەنووکەیی جیهانی دەکات. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەگەر داگیرکەر و ناحەزان لێگەرێن ئەوە نزیەی ١٤ سالە هەیە و بۆتە بە سازەیەکی ناسراوی جیهانی، کەواتە بۆچی لەو سازەیە بۆ ئەو مەبەستە کەلک وەرناگیرێ؟ بۆ دیتنی ڕاستییەکان بەر لە گشت کەرەستەیەک، پێویستە سنوورەکانی ژەهر لە مێشکدا بسڕێتەوە.
جەماڵی عەڵیاڵی ٩/١٢/٢٠١٤