عەبدوڵا حەسەنزادە: تا ئێستا فکری داعشم بە کۆکراوەیی نەدیوە تا بیخوێنمەوە کە داعش چیی دەوێ . وشە/کۆیە-هیدایەت جان
عەبدوڵا حەسەنزادە، نووسەر و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ “وشە” تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی درووستبوونی داعش و پێی وایە، لە دەورووبەری داعشدا زۆر شتی ناتەبا و بەرامبەر بەیەک کۆ بوونەوە و لەبارەی هێرشی داعش بۆ کوردستان، ئاشکرای دەکا: “داعش دەیەویست رێگەیەک بەرەو تورکیه بکاتەوە، واتا سنووری ئازادی لەگەڵ تورکیه هەبێ.
بۆیە هەم لە باشووری کوردستانەوە و هەمیش لە رۆژاوای کوردستانەوە هەوڵی دا، بۆ نموونە کۆبانی بۆچی زیادە لە هەموو شوێنێک بووە به ناوچەی چالاکیی داعش؟ لەبەر ئەوەی لەو رێگایەوە بە ئاسانی بە تورکیهوە دەلکێ”. هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە له دهوروبهری داعشدا هێندێ گرێ کوێره بهرچاو دهکهون و باس لەو وڵاتانە دەکات کە شەڕی داعشیان راگەیاندووە و رای دەگەیەنێت: “لەهەمان کاتدا کە دژایەتیی داعش دەکەن، قازانجیشی لێ دەکەن و قازانجیشی پێدهگهیهنن”. عەبدوڵا حەسەنزادە تیشک دەخاتە سەر ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دروشمی رۆژهەڵات تەوەری حزبی دیموکراتی کوردستان و هەندێک پرسی تری وەک پێوەندی کورد و رۆژاوا و گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
* رای جیاواز لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی داعش هەیە، هەندێک لەوان داعش بە دروستکراوی ئێران دەزانن و هەندێک تورکیا و وڵاتانی عەڕەبی تاوانبار دەکەن بە دروستکردن و پاڵپشتی ئەو رێکخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە هەرێمی کوردستان بەر گوێمان کەوتوە، ئیسلامییەکان داعش بە دەستکردی رۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا ناو دەبەن، بۆچوونی ئێوە لەسەر دروستبوونی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە چییە؟
– ئەوە یەکەمجارە بۆ میدیایەک قسە لەسەر داعش دەکەم، لەوەتا ئهمن لە دنیای سیاسەتدا هەم، هەر دیاردەیەک هاتوەتە پێش، بۆچوونێکم لەسەری هەبووە، جا ئەو بۆچوونە دروست بووە یان نا، خهڵکی دیکه داوهر بوون یان تێپەڕینی رۆژگار ساغی کردوەتەوە، بەڵام تا ئێستە نەمتوانیوە لەسەر داعش ساغ ببمەوە. چون لە دەورووبەری داعشدا زۆر شتی ناتەبا و بەرامبەر بەیەک کۆ بوونەوە. بۆ نموونە، ئێران و ئەمریکا له دوو خاڵی بەرامبەر بەیەکتردا ڕاوهستاون، بەڵام بەیەکەوە هاوکاری دەکەن، ئۆپۆزیسیۆنی سووریه دژی بەشار ئەسەدە، کەچی لەگەڵ دوژمنێکی بەشار ئەسەد، واتا داعش شەڕ دەکات، کورد و دەوڵەتی ناوەندی لە عێراق ناکۆکییان هەیە، بەڵام کورد لەگەڵ داعش شەڕ دەکا کە بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەتە بە دەوڵەتی ناوەندی، یان پێچەوانەکەی دەوڵەتی ناوەندی شەڕ لە دژی داعش دەکا کە ئەویش خزمەتکردنە بە کورد. سعوودی و قەتەر، پشتی داعشیان گرتوە و یارمەتییان داوە، بەڵام فڕۆکەکانیان دەچنە سەر داعش، تورکیه لەلایەک بریندارەکانی وەردەگرێت و لەلایەکیش رێگە دەدا به خاکی ویدا پێشمەرگە بچن بۆ کۆبانی، کەوابێ ئەوهەموو ناتەباییە کە لە دەوروبەری داعش و کاری داعشدا کۆبوونەوە، وای کردوە ئهمن نەتوانم ساغ ببمەوە، بەڵام لەسەر هۆیەکانی دروستبوونی داعش و شتی دیکهی وەک داعش، بەتایبەتی ئەوانەی رەوتی ئیسلامی توندڕەون، پێموایە هۆکارەکەی هەر ئەو ناتەبایی و کەموکوڕییەیە کە لە دەسەڵاتداریی ئەو وڵاتانەدا هەیە.
بۆ نموونە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەسەرکار لابچێ، رەوتێکی توندڕهوی حکوومەتیی ئیسلامخواز لە ئێراندا ئەستەمە سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، چونکه خەڵکی ئێران حکوومەتی ئیسلامییان دیتوە و ئەزموونیان کردوە، بەڵام خەڵکی وڵاتانی دیکه کە سەرمایەدارییان دیوە، فیۆدالیتە و سۆسیالیزمیان بینیوە، هیچیان وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانیان نەبوون، بزووتنەوەی ئیسلامیی توندڕەویان وەک دواپەنا هاتوەتە بەرچاو و پەنای بۆ دەبەن، بۆ ئەوەی لەم دنیایه خۆشبەختییان پێ بدات و لەو دنیاش بەهەشت. ئەوەی کە بەرچاوە، هەرکام لەو هێزانەی لە دەوروبەری داعشدا کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵی هەیە، یان بە جۆرێک سوود لە داعش وەردەگرن، یان داعش لەسەر خۆیان بە مەترسی دەزانن، بۆیە لەوێدا دەبینی زۆر شتی ناکۆک لەگەڵ یەکتر و بەرامبەر بە یەک لە پێوەندی لەگەڵ داعشدا کۆ بوونەتەوە.
* داعش کە ئێستا دنیا لەگەڵی لە شەڕدایە، زۆرینەی هەرە زۆری هێزەکەی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ کورددا چڕ کردوەتەوە، هەر لە رۆژاواوە تا باشووری کوردستان، وەک ئەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە دژی کورد دروست کرابێت، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو بابەتە چییە ؟
– زۆربهی هەرە زۆری بەرە چالاکەکانی داعش لەگەڵ کوردە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری بەرەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کورد نییە، لەبەر ئەوەی داعش ئێستا بەشێکی زۆر لە سنوورەکانی سووریه و تەنانەت ئوردەنیشی گرتوەتەوەو به جۆرێک پهلی بۆ وڵاتانی دیکهش هاویشتوه، واتا بازنەی چالاکییەکانی داعش بەربڵاوترە لەوەی بڵێین لەگەڵ کوردە. لە سەرهەڵدانەکانی ئەو دواییانەی داعشدا رایەکم بۆ دروست بووە، رەنگە لەو رایەدا بەتەنیا بم، بەڵام لێی پەشیمان نیم، پێموایە داعش لە سەرەتاوە نەیدەویست بەکردەوه دژی کورد بێتە مەیدانەوە، بەڵام داعش دەیەویست رێگەیەک بەرەو تورکیه بکاتەوە، واتا سنووری ئازادی لەگەڵ تورکیه هەبێ. بۆیە هەم لە باشووری کوردستانەوە و هەمیش لە رۆژاوای کوردستانەوە هەوڵی دا، بۆ نموونە کۆبانی بۆچی زیادە لە هەموو شوێنێک بووە به ناوچەی چالاکیی داعش؟ لەبەر ئەوەی لەو رێگایەوە بە ئاسانی بە تورکیهوە دەلکێ، تەنانەت تورکیهش بە جۆرێک لە جۆران، یارمەتیی دەدا، تانکەکانی هێناوەتە سەر سنوور، بەڵام تا ئێستاش گوللەیەکیان نەتەقاندوە. لە سەرەتادا کورد له باشوور پێی وابوو لە جووڵەی داعش قازانجی کردوە، کە کردووشیەتی، چونکه ئەو ناوچانەی لەلایەن سوپای عێراقەوە چۆڵ کرانو بهشێک له خاکی کوردستان بوون، کورد بە توانایی و وشیارییەوە گرتنیەوەو کۆنتڕۆڵی کردن، بەڵام لە کۆتاییەکەیدا دیتمان داعش وەرسووڕاو بۆ ئەوەی ئەو رێگایە بکاتەوە، لەگەڵ کورد کەوتە شەڕەوە. لە هەمان کاتدا لە بواری فکریو فەلسەفییەوە داعش ناتوانێ لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد بێ، جا لە سووریه بێ یان لە ئێران و عێراق و تورکیه یان هەر شوێنێکی دیکه.
* دوای دەستپێکی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش و بەتایبەت ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات لە بەرەکانی ئەو شەڕەدا، لە رۆژهەڵات جووڵەیەک دەستی پێ کردەوە، کۆمەڵێک گەنج لە رۆژهەڵاتەوە پێوەندییان بە حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە کرد بۆ ئەوەی بیان نێرن بۆ بەرەکانی شەڕی داعش، پێتان وا نییە ئەوە جۆرێک لە جۆشدانەوەی هەستی نەتەوەیی بوو لەناو رۆژهەڵاتدا؟
– ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ دەربڕینی ئەو هەستە نەتەوەییەی لە ویژدانی کوردەکاندا هەیە، دەزانین کە داعش پێوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، رەنگە ئێمە ئاگادار نەبین، لەوانەیە داعش لە رۆژهەڵات کار و چالاکییان هەبێ، ئەگەر هیچ نەبێ رەنگە بنکەی بچووک بچووکی فکرییان هەبێ، بەڵام راستەوخۆ پێوەندییان بە رۆژهەڵاتەوە نییە.
ئێستا هەستی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵات لە هەموو بەشەکانی دیکه زیاتر لە جووڵەدایە، زۆر جار ئەو نموونەیە دەهێنمەوە کە کورد لە باشووری کوردستان بەشی خۆی لە کوردایەتی وەرگرتوە و لێی به ئاوات گهیشتوە، ئەو تامەزرۆییەی نییە، دەبینی کوردێک سەرباری هەموو مەترسییەکان لە رۆژهەڵاتەوە دێتە باشووری کوردستان هەر بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان و کوردستانی ئازاد ببینێ، ئەو تامەزرۆییە لە رۆژهەڵات زۆرە و بۆ دەربڕینی ئەو هەستە خەڵکەکە هاتە مەیدان، لەگەڵ ئەوەدا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگە نادا کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا باسێک لە مافی کورد بکا، بۆ دەربڕینی هەستێکی ئاوا دەرگای بۆ دەکاتەوە. مەبەستی ئەوەیە لەلایەک ئەو کەفوکوڵە لەنێو کورد دا دامرکێنێتەوە، لەلایەکیش وا نیشان بدا کە کورد لە ئێران هیچ کێشەیەکی نییە و ماوەتەوە کۆمەگ بە بەشەکانی دیکە بکا، بۆیە رێگە بەوە دەدا. رەنگە ئەو دوو شتە هۆکاری سەرەکیی ئەو جۆش و خرۆشە بووبن کە کوردی رۆژهەڵاتی پێ دەرکەوت.
* باستان لەوە کرد کە رەنگە داعش بنکەی فکریی لەناو رۆژهەڵات هەبێ، بەڕای ئێوە فکری داعشییەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا تا چەند زەمینەی هەیە بۆ گەشەکردن؟
– با لەپێشدا دان بەوەدا بنێم کە تا ئێستا فکری داعشم بە کۆکراوەیی نەدیوە تا بیخوێنمەوە کە داعش چیی دەوێ، بەڵام لە کۆمەڵی کوردستاندا فکرێکی گشتگیرتر لە داعش هەیە بەناوی ئیسلامخوازیی سیاسیی یان ئیسلامخوازی توندڕەو، لە کوردستان پێش بیستنی ناوی داعشیش هەندێ رێکخراوی ئیسلامیی توندڕەو هەبوون و رۆژهەڵاتی کوردستانیش لێی بێبهش نهبووه.
لەبارەی داعشەوە تەنیا شتێک کە لەبیرم بێ ئەوەیە کە زانیمان لە سەقز جارێک ئاڵای داعش هەڵکراوە، ئەوە ئەگەر یەک کەسیش بێ، نیشانەی ئەوەیە هەستەیەک هەیە لەوێ، واتا ئەو بنکە فکرییە هەیە، بەڵام لەسەریەک پێموایە فکری ئیسلامی توندڕەو لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کەمتر شانسی سەرکەوتنی هەیە، لەبەر ئەوەی سیستمی ئیسلامییان ئەزمون کردوە، بۆیە پێم وانییە سەر بکەوێ. نموونەیەک بهێنمەوە، لە سەرەتای شۆڕشی ئێراندا، خاڵی بەهێزی موجاهیدینی خەڵقی ئێران، ئیسلامیبوونیان بوو، لەبەر ئەوەی خەڵکەکە بڕوایان بە سیستمی ئیسلامی ههبوو، هەرچی لە کۆماری ئیسلامی دەبڕا، پاڵی وە موجاهیدین دەدا. لەپاشان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە خۆی دەرخست و خەڵک ناسیان، ئەوجار ئیسلامیبوون بوو بە خاڵێکی لاواز بۆ موجاهیدین، خەڵک دەیانگوت باشە ئەوانیش هەر ڕێژیمی ئیسلامییان ناوێ، لەبەر ئەوە ئیسلامیبوونەکە بوو بە خاڵی لاوازی موجاهیدین. بۆیە پێموایە ئیسلامی توندڕەو لە رۆژهەڵات ئەو شانسەی نییە، بەڵام ناتوانی بڵێی هێلانەیان نییە، لەوانەیە بیانبێ.
* لە میدیاکانەوە زۆرجار باس لە چوونی گەنجانی رۆژهەڵات بۆناو داعش دەکرێ، هەر میدیایە و باس لە ژمارەیەک دەکا، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نییە پشتڕاستی ئەو هەواڵانە بکاتەوە. بەڕای ئێوە چ هۆکارێک هەیە کە بەمشێوەیە دەیانەوێ رۆژهەڵاتی کوردستان بە داعشەوە بلکێنن؟
– ئەوە هەر لە رۆژهەڵاتەوە نییە، وەک راگەیەندراوە، لانی کەم لە شەست وڵاتەوە خەڵک دەچێتە نێو داعشەوە. ئەوە پێمان دەڵێ فکری دینی، لەگەڵی بین یان لە دژی، ناتوانین بە کەم بگرین، لەبەر ئەوەی کاریگەریی خۆی هەیە، هەتا ئێستا هیچ فەلسەفەیەکی دیکە، هیچ قوتابخانەیەکی فکری و سیاسی نەیتوانیوە بەقەد فکری رادیکاڵیزمی دینی “تەنانەت ئەگەر ئیسلامیش نەبێ” وا لە خەڵکی بکات بەم شێوەیە لە گیانی خۆیان بگوزهرێن، کەوایە ئەوە هەر پێوەندیی بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نییە، خەڵک لە ئورووپا و ئەمریکاوە دێنە نێو داعش، رەنگە بەشی زۆری ئەندامانی داعش خەڵکی ئەو وڵاتە مسوڵمانانە بن کە داعشیان تێدا دهرکهوتوه، بەڵام بەشێکیشی خەڵکی وڵاتانی رۆژاوایی وەک ئینگلیز و فەڕەنسان،که کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی داعش و هاتوونەتە نێو ڕیزهکانی.
بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان یان باشووری کوردستان، پێم وایە ئەوانەی دەچنە نێو داعش، بە دەگمەن نەبێ، بەساڵداچووەکان نین، زیاتر جۆش و خرۆشی گەنجانەیە کە دەیەوێ تێر ببێت و دەرفەتێکی بۆ خۆنواندن هەبێ، بۆ نموونە ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێک بۆ بزووتنەوەی چەکدارانە هەبا کە لاوەکان بۆلای خۆی رابکێشێ، پێم وایە خهڵک بەو رێژەیە نهدهچوونه نێو داعش. ئەگەریش هەڵکەوتبایە بچن، تاقمێکی یەکجار کەم دەچوون. بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لاوەکان دەرفەتی کار و خوێندن و پێکەوەنانی بنەماڵەیان نییە، گهنجهکه دەیەوێ ئەو وزەیەی هەیەتی دەری بخا و داعشیش بە دەرفەتێک دەبینێ، لە هەمان کاتدا کاریگەریی پڕوپاگەندەی فکری و دینییش ناتوانین بە کەم بگرین.
* لە هەواڵەکاندا زۆر جار بە ژمارە باس لە چوونی گەنجانی رۆژهەڵات دەکرێ بۆناو داعش، بەڵام هەرچی رێکخراوە ئیسلامییەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتە ئەو هەواڵانە بە ناڕاست وەسف دەکەن، لەگەڵ ئەوەدا دان بەوەدا دەنێن کە گەنجانی رۆژهەڵات پێوەندی بە داعشەوە دەکەن بەڵام نەک بەو رێژە زۆرهی میدیاکان بڵاویان کردوەتەوە، بە بڕوای ئێوە ئەو ئامار و ژمارانە هیچ بنەمایەکیان هەیە و باوەڕپێکراون؟
– لەبارەی زۆر شتی لەو جۆرە خەڵک هەروا لەخۆوە ژمارە دەدەنە دەرەوە، دەڵێن لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ١٠٠ کەس چوونەتە نێو داعش، چ بهڵگهیەکت هەیە کە ٥٠٠ کەس نین، چ بهڵگهیەکت هەیە کە ٢٠ کەس نین؟ بەشێک لەوانە کۆمەڵێک لێکدانەوهیە کە هەر کەس لە روانگەی خۆیەوە دەیڵێ، رەنگە جاروبار پڕوپاگەندەی داعش و داعشییەکانیش کاریگەریی هەبێ بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە بەهێزین و خەڵکمان لەگەڵە، رای دەگەیەنن کە ئەوەندە کەسە هاتوونە نێو داعش، بۆ نموونە ٦٠٠ چینی هاتوون، رەنگە ١٠ کەس لە چینەوە چووبن. ئەگەرچی بابەتەکە ئەوەندە کەم نییە، تا ئێستا هیچ بزووتنەوەیەکی نادەوڵەتی نەیتوانیوە ئەوەندە دنیا بەخۆیەوە سەرقاڵ بکا، بەڵام وەک باسم کرد، دیار نییە ئەو رێژانەی باسیان لێوە دەکرێ چۆنە.
له دهوروبهری داعشدا هێندێ گرێ کوێرهی دیکهش بهرچاو دهکهون. بۆ نموونه لەم رۆژانەی دواییدا بڵاو کرایەوە کە داعش ساڵانە دوو ملیارد و نیو دۆلار داهاتی نەوتی هەیە، باشە خۆ ئەو نەوتە لە بازاڕی نێوخۆییدا نافرۆشرێو دیاره بە دەرەوەی دەفرۆشێ، پرسیار ئهوهیه ئهگهر ڕاسته ههموو دهوڵهتانی دهوروبهر بهڕاستی دژی داعشن ئهونهوته چۆن و بهکوێدا دەچێتە دەرەوە؟ مانای ئەوەیە یان تورکیه لێی دەکڕێ یان ئێران لێی دەکڕێ، یان سعودیە رێی پێ دەدا، یان ئۆردۆن رێی پێ دەدا، یان لە عێراق و کوردستانی عێراقەوە دهڕوا، بۆ ئەوە ناتوانم پەنجە لەسەر جێیەک دابنێم، بەڵام دەزانم ئەو نەوتە لە شوێنی ژیانی داعش بەکار نابرێ و نابێ بە پارە، واتا دەچێتە دەرەوە، کەوابێ لەهەمان کاتدا کە دژایەتیی داعش دەکەن، قازانجیشی لێ دەکەن و قازانجیشی پێدهگهیهنن. ههر لهجێدا ئهگهر داعش چوار دهوری دوژمنه پێویستییهکانی چۆنو له کوێ دابین دهکا؟ نامهوێ لایهنێک تۆمهتبار بکهم، بهڵام دووباره دهڵێم مهسهلهی داعش ئهوهنده ئاڵۆزه سهری لێدهرناکهم.
* ئێوە باسی ئەوەتان کرد کە ناکرێ ئیسلامی سیاسی لە وڵاتێکدا فەرامۆش بکرێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەندێک هێز و رێکخراوی ئیسلامی میانەڕۆ بوونیان هەیە و ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات تا ئێستا بە شێوەیەک هەوڵی پەڕاوێزخستن و پشتگوێ خستنی داون، لەم دواییانەدا لە ناوخۆی رۆژهەڵات بینیمان کۆمەڵێک گرووپی ئیسلامی سەلەفی دەرکەوتن کە ناسنامە و شوناسێکی ئاشکرایان نییە، پێتوا نییە کاتی ئەوە هاتبێ ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵات پێوەندی لەگەڵ ئەو رێکخراوە نەرمرەوانە بگرێت و رایانکێشێتە ناو کایەی دیموکراسییەوە بۆ ئەوەی بەر لە تەشەنەکردنی توندڕەوی و سەلەفییەت بگیرێت لە رۆژهەڵات؟
– لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە باشووری کوردستانیش، ئەو هێزانەی ناوی ئیسلامی لەسەر خۆیان دادەنێن ئەگەر لە بەرامبەری هێزە نەتەوەییەکانیان دابنێین، ئەوا کارێکی نا دروستمان کردوه. چونکە یەکەم، ئەوانە هەستی نەتەوەییان هەیە و کوردن، دووەم، ئەوانەی لەنێو هێزە نەتەوەییەکانیشدان، بەشێکی یەکجار زۆریان مسوڵمانن، ئەو دووانە دوژمنی یەکتر نین. لە رۆژهەڵاتی کوردستان گوتمان داعش رەنگە هەندێک پێگەی هەبێ، بەڵام هێزە ئیسلامییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزی وا توندڕەویان تێدا نییە و هێزی واشیان تێدا نییە دژایەتیی ماف و ئازادییەکانی کورد بکا. رەنگە لەگەڵ سیاسەتی ئەم حیزب یان ئەو حیزب، لەسەر هەندێک بنەمای فکری ناکۆکییان هەبێ، بهڵام ناکرێ ئهوانه به دوژمنی ماف و ئازادییهکانی کورد دابنرێن. بۆیە بە باوەڕی من چ ئێستاو چ له ئایندەیەکی “هیوادارم” چاوەڕوانکراودا کە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکتر دهبێ، حیزبە سیاسییەکان دەبێ بەدوای رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێزە ئیسلامییانەدا بگەڕێن نەک ئەوەی بیانخهنه بهرهی دوژمنانهوه. چونکه ئێمە ناتوانین هەم دهگهڵ کۆماری ئیسلامی و هەم دهگهڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دژایهتی بکەین.
* کورد لە ئێستادا هەم لە باشوور و هەم لە رۆژاوای کوردستان پێوەندیی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بەهێزە، کورد بووە بە باس و خواس و سەرنجی میدیا و سیاسەتمەدارانی رۆژاوایی، لەو پێوەندییەدا رۆژهەڵاتی کوردستان لە چ پێگەیەک دایە؟
– هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێمە جۆرێکە کە بزووتنەوەی کورد لە سێ بەشی باشوور، باکوور و رۆژاوادا زەقتر و ئاشکراترە تا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە حاڵێکدا، لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ ماوەی چەند ساڵ رۆژهەڵات چالاکترین بەشی بزووتنەوەی کورد بوو، ئەوە هەلومەرجێکە زۆر جار لە ئیرادەی کورد و شۆڕشگێڕانی کورد و تێکۆشەرانی بەدەرە، بەڵام ئەوەی کە ئەمریکا لەگەڵ کورد هاوکاری دەکا، بە بڕوای من، زۆرجار ئێمەی کورد لەڕووی لۆژیکەوە نایبینین یان تەعبیری لێ ناکەین، زیاتر لەڕووی چاوەوە دەیبینین، تەنیا ئەوەی لەبەر چاومانە، ئەگینا هەتا ئێستا ئەمریکا لەگەڵ کورد (وهک نهتهوهی کورد) هیچی نییە، هەتا ئێستا نە ئەمریکا و نە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی کوردیان وەکوو پرسی نەتەوەیەک، نەهێناوەتە سەر مێزی کاری خۆیان، بەڵکوو بە بۆنەی کێشەی سەدام حوسێن لەگەڵ کوردی عێراق هاوکاری دەکا، بە هۆی داعشەوە لەگەڵ کوردی سوریا و بەتایبەتی کوردی عێراق هاوکاری دەکەن، نەهاتوون پرسی کورد بهێننە نێو دەستووری کاری خۆیانەوە. با ئێمە لێمان تێک نەچێ. رۆژی شەموی رابردوو “١٣/١٢/٢٠١٤” بۆ یەکەمجار پارتی و یەکێتییان لە لیستی تیرۆری ئەمریکا هێناوەتە دەر. ئەوە بیست ساڵە هاوکارییان لەگەڵ دەکا، کەچی لە لیستی تیرۆری هاویشتوون. لە رۆژاوای کوردستان لەگەڵ پەکەکە هاوکاری دەکا، شاراوە نییە کە ئەو هێزانەی رۆژاوای کوردستان پاشماڵەی پەکەکەن، ئەگەر بە زمانیش حاشای لێبکەن، بۆخۆیان دەزانن کە بەشێکن لە پەکەکە، ئەمریکا هاوکارییان دەکا و دانوستانیان لەگەڵ دەکا، بەڵام هەر لە لیستی تیرۆریشدا هێشتوونیەتەوە. کەوابێ مهسهلهی کورد، پرسێک نییە کە لەسەر مێزی وڵاتانی رۆژاوا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێ، بەڵام کێشەی داعش بەتایبەتی کە ئێستا بۆیان دەرکەوتوە ئەوەندە ریشەی هەیە کە لە وڵاتەکانی خۆیانەوە هێز وەپاڵ داعش دەکەوێ، لە ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ئورووپاوە خهڵک ههن دەچنە نێو داعش. ئهمه بۆیان بووە بە کێشەیەک کە مەترسیی لەسەر هەمووان هەیە و هەڕەشەیان لێ دەکا، لە دۆخێکی ئاوادا هاوپەیمانێکیان دەست کەوتوە کە لە بەرەی ئاشکرای داعشدا رووبەڕووی داعش وەستاوە و دیارە ئەگەر ئەو بەرەیە تێک بشکێ، مەترسی لەسەر ئەوان زیاتر دەبێ، بۆیە بە بڕوای من، ئەو هاوکارییانەی کە لەگەڵ کورد و بەتایبەتی کوردی باشووریان کردوە کەمتر له پێویستە. سپاسیان دەکەم بەڵام پتر لەوە هەڵدەگرێ کە بناغەی بەرگریکردنی کورد بەهێزتر بێ لە بەرامبەر داعش دا، بەداخەوە ئومێدیشم نییە کە زیاتر بەهێزی بکەن، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێکی زۆر لایهن دژی ئەوەن، ئێران لە دژیهتی، تورکیا و عێراق لە دژی ئەوەن کورد بەهێز بێ، تەنانەت نایان هەوێ لە باری سەربازییەوە کورد لە بەرامبەر دوژمنەکەیدا بەهێز بێ ، لەبەر ئەوەی نیگەرانی بابەتی دیکهن.
* گۆڕانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە بابەتی زۆربەی چاودێران و میدیا جیهانییەکان، باس لەوە دهکرێت کە رۆژاوا نەخشەیەکی نوێی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە کردوە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو بابەتە چۆنە، ئایا ئەوە تەنیا لە ئاستی ئایدیایەک دەبینن یان پلانێکی لەم شێوەیە بوونی هەیە؟
– نزیک بە ١٢ ساڵ پێش ئێستا رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی ئەمریکایی لێرە بوو “جاناتان رانداڵ”، لێرە چاوپێکەوتنێکمان کرد کە زیاتر وەک گفتوگۆیەکی دۆستانە دهچوو، ئەو تەنیا لە رێگەی دکتۆر قاسملووەوە کە دۆستی بوو، منی دەناسی و ئهمنیش لە رێگەی کتێبەکەیەوە دەمناسی، لە چاوپێکەوتنەکەدا کە هاتینە سەر باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە، گوتی ئەوە بیرۆکەی “بووش” بوو کە مەغرووری سەرکەوتن لە عێراق بوو، ئەو باسەی هێنایه گۆڕێ، ئێستا لە ئەمریکا کەس باس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە ناکا. بەڵام بەو حاڵەش ئهمن پێم وایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک هەموو جێیەکی دیکە بە دڵنیاییەوە دەبێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و ئەو ناوچەیە زیاتریش ئەگەری ئاڵوگۆڕی تێدا هەیە، لەبەر ئەوەی جۆرێک لە سەقامگیری لە وڵاتانی دیکە دروست بووە، ئێستا ناتوانی چاوەڕوانی ئەوە بی لە ئورووپا گۆڕانی زۆر گەورە روو بدا، چون ئەوان گەیشتوونەتە جێگەیەکی تا ئاستێک دڵخواز”. قەت مرۆڤ بە ئامانجی خۆی ناگا” بەڵام تا رادەیەک دۆخەکەیان دڵخوازە. ئەوە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن کە هەزاران کەموکوڕییان تێدایە، ئەو ئاڵوگۆڕەش بە دڵنیاییەوە دەبێ، بەڵام دیاریکردنی کاتەکە بە ساڵێک و دوو ساڵ و پێنج ساڵ یان لەوەش زیاتر، نا دروستە.
* لەم دواییانەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان دروشمی رۆژهەڵات تەوەریی بەرجەستە کردەوە، باس لەوە دەکەن کە ئیتر هەموو وزەی خۆیان چڕ بکەنەوە بۆ ناوخۆی رۆژهەڵات، ئەوە لە نەستی ئینسانەوە پرسیارێک دروست دەکا کە ئەدی پێشتر وزەکانی خۆیان لە کوێ خەرج کردوە؟
– ئهمن چەند جارێک باسی ئەوەم کردوە، که ئەگەر لهبهر هەندێک هۆ نەبوایە، هێنانەگۆڕی بابەتێک بەناوی رۆژهەڵات تەوەری، شتێکی زیادە بوو. لەبەر ئەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بنی ڕا بۆ ئەوە دروست بووە کە رۆژهەڵات تەوەر بێ. دوو سێ مانای سەیرو سەمەرە بۆ رۆژهەڵات تەوەری دروست کران، وهک ئهوه که حیزبی دیموکرات وازی لە هاوپەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان هێناوه، نا وا نییە، یان دەیهەوێ هەموو کوردەکان بیر لە رۆژهەڵات بکەنەوە و بەشەکانی دیکە وەلا بنێن، نەخێر ئاواش نییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، کوردی رۆژهەڵات بەجۆرێ لە جۆران، هەستەکەی زیاتر رووی لە بەشەکانی دیکەیە. زۆرجار ئەو نموونەیەم هێناوەتەوە: دوو شاری کوردی، یەکیان لە رۆژهەڵات و یەکیان لە باشوور، بە جیاوازیی نزیک بە ساڵێک لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بۆمبارانی شیمیایی کران، لەوساوە تا ئێستا بە دەیان جار هەم لە شارە کوردییەکان، هەم لە ناوەندی ئێران، کوردەکان یادی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجەیان کردوەتەوە، کەچی جارێکیش یادی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتیان نەکردوەتەوە. راستە ئەوە بەشێکی لەبەر ئەوەیە “خەفەقان” لەوێ هەیە، بەڵام دەرفەتی هەیە دەری ببڕێ، خۆ کۆماری ئیسلامی ئەو بۆمبارانەی نەکردوە، ئەوە بەعسی عێراقه ئەو تاوانەی کردوە، بەڵام یادی ناکەنەوە. لە زۆر بابەتی دیکهشدا کوردی رۆژهەڵات، سەرنجەکەی بۆ دەرەوەیە، بابەتی رۆژهەڵات تەوەری، مەبەستی ئەوەیە کە بڵێ کار بۆ رۆژهەڵات لە ئەولەوییەتی ئێمهدایە. ئەمریکاش ئەمریکا تەوەرە، کورد لە باشوور، باشوورتەوەرە، رۆژهەڵات تەوەری واتا تەوەری بزوتنەوەکەت رۆژهەڵات بێ، ئێستا کوردێکی باشوور، تەوەری کارەکەی باشووری کوردستانە، بەڵام بەو مانایە نییە کە کاری بە کوردەکانی دیکە نییە و هاوپەیوەندیی لەگەڵیان نییە، یان ئەگەر بۆی بکرێ یارمەتییان نادا و لە خەمیاندا نییە. بوونی ئەفکاری حیزبێک بە میحوەری کاری ئەو حیزبه، شتێکی زۆر سروشتییە. لەبەر ئەوەی بە جۆرێک لە جۆران کوردەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت حیزبەکانیش سهرنجیان زیاتر لهسهر ڕووداوهکانی دهرهوهی ڕۆژههڵات بوو، ئەو بابەتە هاتە گۆڕێ کە بڵێین لەپێشدا با لە خەمی خۆماندا بین و بۆخۆمان هەبین، ئەوجار بە هێزێکی زیاترەوە بیر لەوانی دیکە بکەینەوە، دیارە ئەوە رووی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام بۆ هەموو رێخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راستە کە هەموویان بۆیە دروست بوون کە لەوێدا کار بکەن، ئێمە زۆرمان ناوی ئێرانمان کردۆته بهشێک له ناوی حیزبهکانمان، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەتەی دامەزراوە قەت ناوی عێراقی لە ناوەکەیدا نەبووە، کهچی میحوەری کارو تێکۆشانی هەر باشووری کوردستان بووه، کەوابێ ئەو باشوور تەوەرە، دەبێ ئهمنیش رۆژهەڵات تەوەر بم، لە هەمانکاتدا بەپێی توانا، هەم ئێمە هاوکاری ئەوان بکەین و هەم ئەوان پشتیوانی لە ئێمە بکەن.