بزەی ژیان، لە نێوان دۆزەخ و بەهەشت!! برایم فەڕشی

سەروسیمایان، جل وبەرگیان، بەرزایی قەدوباڵایان، هەڵس و کەوتی لەشیان، جولە و ڕێگا ڕۆیشتنیان، دەچێتەوە سەر پاڵەوانی فیلمی ترمیناتۆر. لە سەربازەکانی ڕۆژئاوا دەچن، کە لە شەڕەکانی ئەفغانستان، عێراق و باقی شوێنەکانی جیهان وەک (سەربازی مودێرن و سەربازی داهاتوو) ڕمبازێنیان دەکرد و جاربەجار بۆ گەمە و گاڵتە، کەرامەتی ئینسانەکانیان لە ئەبوغەریبەکان پێشێل دەکرد. لە فیگۆرەکانی گەمەی کامپیۆتێر دەچن، کە ڕۆژانە بە ملیۆن منداڵ خۆیان لە جێگای پاڵەوانەکانیان دادەنێن.

بە پێچەوانەی سەربازانی مودێرنی ڕۆژئاوا،  ئەوان بەرگ ڕەش و جیهادی مودێرنن، ئەوان هەر بە چەک و تەقەمەنی و تەکنیکی سەربازانی مودێرن و تەنانەت  هێندێکیان بە سەروسیمای ڕۆژئاوایی، دەردەکەون و دەکوژن. هەر ئەوانە لە شەنگاڵ و کۆبانی و باقی شوێنەکانی وڵاتی ئێمە سەردەبڕن، بە کۆمەڵ دەکوژن، مرۆڤ دەفرۆشن، دەسترێژی دەکەنە سەر گیان و لەشی ژنان. بە وتەی خۆیان،جیهاد دەکەن بۆ پاککردنەوەی جیهان لە ناپاکی، بۆ ڕەزای خودا، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکانی پەیامبەری موسڵمانان. خوشک و براموسڵمانەکانیان، لە ترسان، یان لەبەر مەسڵەحەت، یاخود هاوڕابوون، لە حاند ئاکار و کردەوە و بیروبۆچوونیان، بێدەنگن. تەنانەت کوردانی موسڵمان و ڕابەرانی ئایینی ئیسلام، لە هەر چواربەشی کوردستان و باقی شوێنەکان، لە حاند جنایەتەکانی گرووپی داعش و دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی ئێمە، بێدەنگن! هەروەک چۆن خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە حاند جنایەتەکانی سەربازانی مودێرن لە وڵاتی بەرگ ڕەشەکان، بێدەنگ بوون و بێدەنگن!

دوو لە بەرگ ڕەشەکان، دوێنێ لە ناو مترۆپۆلی پاریس، ڕاست ئەو کارەیان کرد، کە دەستەڵاتی سیاسی و دەوڵەتی و پاراستنی وڵاتانی ئوروپا، لێی تۆقیبوون و بەردەوام هۆشداریان بە خەڵک دەدا.  تێرمیناتۆرەکانی ئیسلامی هێرشیان بردە سەر شوێنێک کە لە لایەن دەوڵەوت و پۆلیسی پاریسەوە، دەپاراسترا. ئەم شوێنە بەناوبانگ بوو لە ڕەخنەگرتن و بە سوخرەگرتنی لایەنەکانی جێگای ڕەخنەی ئایینەکان! ئەم شوێنە پێشتریش کەوتبووە بەر هێرشی تاقمەکانی ئیسلامی. سەرەڕای هەموو چەشنە پاراستنێک، بەرگ ڕەشەکان لە چەقی نیوەڕۆدا، خۆیان بە ناو باڵەخانەی گۆڤاری شارلی ئەبدوو  دا کرد و ١٢ کەس  لەوانە دوو پۆلیسان کوشت. پاشان لە ناو شەقام خۆیان نوواند و ڕاوەشاند و بە دەنگی بەرز درووشمی خۆیان جاردا و سواری ماشێن بوون و بۆی دەرچوون.  فیلمی سەرکەوتنی ڕووداوەکەش لە هەموو مێدیای جیهان بڵاو  کرایەوە و بوو بە هەواڵی سەرەکی مێدیا و باس و خواسی ناو ماڵەکانی گوندەکەی جیهان.

بکوژەکانی نووسەر و کاریکاتۆریستەکانی گۆڤاری شارلی ئەبدوو، بە سیستمی دژ بە گولە تەیارکرابوون، ئەوان لە سیستمی پاراستنی فەڕانسە دەربازبوون و بەرپرسانی سیاسی و پاراستنیان نوقمی سەرلێشێواوی کرد.  دوو کەس، دوو تاقە کەس، بە خولقاندنی ڕووداوێک، هەموولایەکیان تاساند، هەوروەک چۆن، چەند کەس لە یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ بە وتەی پسپۆڕەکان، ئاقاری سیاسی جیهانیان بەرەو نیزامی کردن و ئەمنیەتی کردنی جیهان برد ، کە تراژێدیاکانی ئەفغانستان، عێراق، سوریا، لییبی، ئەلجەزایر و کوردستانیان لێ کەوتەوە!
وێرانی، ئاوارەیی و ‌قڕکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانە و کارەساتی لە چەشنی پاریس، دوو ڕووی قەرەپووڵێک دەنوێنن و دەبێ پرسیار بکەین کە بەرهەمی کام سیاسەت، کام تئۆری و بەرهەمی عەقل و مەنتقی چ کەسانێکە و جیهان بەرەو کوێ دەبات!؟ گەلۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە بوونەتە بارمتەی  ئەم لایەن و ئەو لایەن؟ لایەنێک لە ژێر ناوی دێموکراسی و ئەوی تر لە ژێر ناوی ئەڵا، کارەسات دەخوڵقێنن. بەروبوومی ئاکاری هەر دوولا، نە دەرکەوتنی روخساری دێموکراسی و نە ڕوخساری حەقتەعالەلڵایە! ئەوەی دەوەستێ ژیان و هەست و نیستی خەڵکە و ئەوەی لە کارناکەوەی کارخانەی چەك و پێداویستییەکانی شەڕە. ئەوەی دەماسێ گیرفانی تاجرانی نەوت و خوێن، ئەوەش کە تاڵان دەکرێ، زەوی و ئینسانی قڕکراو و تاراندراوە.
دەستی دەوڵەتان، کۆنسێرنەکانی نیزامی، ئابووری و مێدیای زاڵ، هەتا دێ درێژتر و دەستی خەڵک هەتا دێ لە ژیان و چارەنووسی خۆیان، کورتتر دەکرێتەوە. دەوڵەتان و کۆنسێرنەکانی ماڵی و نیزامی سیاسەت دەگێڕن و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر، کە هەر دوو لا، دەدەنە بەر ڕەخنە، سەردەبڕدرێن و لە ناو ڕۆژنامە و کتێبەکانیاندا لە خوێن دەگەوزێندرێن.
گەر سەلمان ڕوشدی نەتوانێ کتێب بنووسێ، گەر گۆڤارەکان نەتوانن بزە بخەنە سەر لێو، نەتوانن ڕەخنە بگرن، گەر نووسەر، هونەرمەند، بیرمەند لە بیرکردنەوە وازبێنن و ببنە کۆیلەی پەیڕەوانی عیسا و موسا و محەممەد و مووچەخۆری ناوەندەکانی سیاسی، نیزامی و ماڵی جیهان، چ پێویست بە خێڵی بیرمەند هەیە؟

ئەگەر دەوڵەت و حکوومەت و سیستمی پاراستنی وڵاتێکی وەک فەڕانسە، نەتوانێ پێش بە کارەساتی ڕۆژی حەوتی ژانویەی ٢٠١٥ بگرێ، کە پۆلیس لە باڵەخانەکەی نیشتەجێ بووە، ئەگەر سیستمی سیاسی، پاراستن، جاسووسی، ئەمنیەتی و چاوەدێری وڵاتێکی وەک ئامریکا، نەتوانێ بەرگری لە هێرشی چەند لاو بۆ دوو بورجی(World Trade Center ) وڵاتەکەی لە ناو مەقەڕی فەرمانڕەوایی خۆی بکات، گەر سەرجەم سیستمی چاوەدێری جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگاداری جموجۆڵی چەند هەزار کەس لە سوریا و عێراق نەبن، کە لە ماوەی چەند ڕۆژدا دوو وڵات داگیر بکەن و وڵاتێکی نوێ بۆ خۆیان دابمەزرێنن، گەر دەریاکانی جیهان بکەویتە ژێر کۆنترۆڵی چەند گرووپ بۆ ڕاوورتکردن، دەبێ بوونی دەوڵەت و سیستم و دام و دەزگاکانی جیهان، بۆ چ بن؟

گەر گرووپەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، تالیبان، ئەلقاعیدە، بوکوحەرام و دەیانی تر و تاکە کەسی وەک ئەو دوو برایە،  ژمارەیان لە ١٥ ساڵی داهاتوو چەند قات بێت و سیاسەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لێرەلەوێ ئەفغانستانیزەکردنی وڵاتان بێ، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی ٧ ملیارد کەسی بێدەنگی ئەم جیهانە؟! تۆ بڵێی لە بارودۆخێکی وادا دۆزەخی مزگێنی دراو لە کتێبەکانی ئایینیدا، نەبێتە ئەمری واقع و “کاروانی راهیان بهشت” درێژتر نەبێت و دەرگای جەننەت لە سەر گازی پشت بۆ گەیشتن بە خزمەتی حۆریانی هەزاربەهەزار نەکرێتەوە؟!
بۆ ئەوەی ڕێگای دۆزەخ و بەهەشت نزیک نەبێتەوە، دەبێ پارێزگاری لە هەر بزەیەک بکرێ کە دەکەوێتە سەر لێو، دەبێ نەهێلیین فرمێسک بکەوێتە سەر گۆنای کەس، دەبێ نەهێلیین زمان گرێدرێ، دەنگ کپ کرێ ، قەڵەم لە خوێندا بگەوزێندرێ چ لە پاریس چ لە وڵاتی ئێمە و لە هەر شوێنێکی تری ئەم گوندە!
برایم فەڕشی
٨ی ژانویەی ٢٠١٥