هەر برینێک خوێنێ تایبەت بەخۆی لەبەردەچێ! ئێقباڵ سەفەری

هێرشی تێرۆریستی چوارشەمەی رابردوو رێکەوت ٢٠١٤/٠١/٠٧ بۆسەر نۆسینگەی گۆڤاری چارلی هیبدۆ لە شاری پاریس و گوژرانی دە کەس لە نۆسەران و بەڕێوەبەرانی ئەو گۆڤارە، جارێکی دیکەش نیشانی دا کە تۆنئاژۆی ئایینی، مەزهەبی، سیاسی و ئتنیکی لەهەرکوێ بێ، نە سنور دەناسێ و نەش جێگەو پێگەی مرۆڤایەتی پێدەزانێ.

تا ئێرە قسەیەکمان نییە و ئەم کردەوە نوێیەی سەر گۆڤاری چارلی هیبدۆ و گیانلەدەستدانی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە ، جێگای داخ و کەسەرە و بێجێگە لە ئیدانەکردن، دەبێ هاودەردی لەگەڵ بنەماڵە، کەسوکار و خەڵکی فەرانسە بکرێ.
بەڵام مەبەست لەنووسینی ئەم کورتە لێکدانەوە بەرلەوەی ئیدانەکردن و هاودەردیکردن بێ، وەبیرهینانەوەی چەندین کردوەی تێرۆریسمی دەوڵەتی ساڵانی رابردودیە کە دەبێ هەڵویستەیەکی هەرچەند کورتیش بێ، لەسەریان بکەین.
– لە هەشتاکاندا و رێک لەو پاتەختەی کە گۆڤاری چارلی هێبدۆی لێ هەڵکەوتوە، دوکتۆر شاپۆری بەختیار و کازمی رەجەوی بەدەستی تێروریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێدرا. بەڵام ئەم جنایەتە نەگ هەر خەڵکی ئازادیخۆازی فەرانسەی نەهینایە سەر شەقام، بەڵکوو دەوڵەتی فەرانسەش بە دریژکردنەوە و پەراوێزخستنی چۆنیەتی رۆداوەکە، چاوپۆشی لێکرد و کردی بە قوربانی ساتوسەودای بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
– بەدوای ئەوەدا و لە شاری ویەن پاتەختی وڵاتی ئوتریش، تێرۆریستی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی گیانی لە چوار شۆرشگێری کورد سەند کە ناسراوترینیان دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ئەم پۆلە مرۆڤە ئازادیخوازەش کرانە قوربانی ساتوسەودای بازرگانی وڵاتی ئوتریش لەگەڵ بریاردەران و ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە. بەڵام نە خەڵکی فەرانسە و نە خەڵکی ئوتریش، نەگ هەرنەهاتنە سەرشەقام بۆ ئیدانەکردن دژبەوتێرۆر و ئەو لەناوبردنە فیزیکیانە، بەڵکوو چ هەڵوێستیکی ئەوتۆشیان نەنواند تاکوو گۆشار بخەنە سەر دەوڵەتەکەیان بۆ بەدواچونی ئەو کردەوە تێرۆریستیانە لە وڵاتەکەیان.
– ئەوکاتەی کە سەڵمان رۆشدی کتێبی ئایەکانی شەیتانی نووسی، هەموان دیتمان و بیستمان کەچۆن دەسبەجێ فەتوای کوشتنی لەلایان ئیمامەەکەی جەمارانەوە دەرچوو و چەندین ملیون پارە تەرخانکراوە بۆ کوشتنی ئەو نووسەرە. نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ کە چەندین کەس لەوانەی کە رۆمانەکەی رۆشدیان وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانکانی دیکە، تێرۆرکراون و نە ئینگلیسیەکان و نە فەرانسیەکەن و نە خەڵکی هیچکام لە وڵاتانی ئورۆپایی نەهاتنتە سەر شەقام.
ئەگەرچی دەزگای دادوەری ئاڵمانو نەگ دەوڵەت و خەڵکی ئاڵمان، بکۆژانی دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێانیان گرت و سزای باوی وڵاتی ئاڵمانیان بۆ بڕینەوە، بەڵام هیچکات خەڵکی ئاڵمان نەیانتوانی ببنە گوشار بۆسەر دەوڵەتەکەیان کە تاکوو دواین قۆناخی ساتوسەودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چووبونە پێش بۆ پەنکۆرکردنی ئەو کردوە تێرۆریستیەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم کردەوە تێرۆریستیانەی کە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، مشتێکن لە خەرواری تێروریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کە زۆربەیان لە پاتەختەکانی وڵاتانی ئوروپایی و بگرە ئەمریکاش، ئەنجام دراون.
– ئەگەر بمانهەوێ سۆچێک لە کردوە تێرۆیستەیکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی وڵات لەبۆ قەڵاچۆکردنی جیابیران و خەباتکاران و بەتایبەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە هەڵدەینەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی تێرۆرە زەنجیریەییەکان و بەتایبەت پەروانە و داریوشی فرۆهەر کە بە ئەنجامدانی ئەو جینایتە، ماشینی تێرۆری مەلاکانی خاوەن فەتوا ئاشکرا و  ریسوا کران.
ئاکامگیری: ئێستا لەبەرەکەتی دەسەڵاتی بەرفراوان و خۆهەڵقورتاندنی کۆماری ئیسلامی لە بەشێکی بەرچاو لە گۆی زەوی، بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی و ئورۆپایی، هەبوونی دەیان دەزگای تلڤیزیونی بە دەیان زمانی بێگانە و هاندانی توندئاژۆی ئایینی و مەزهەبی، ململانێ ریژیمەکانی دیکتاتۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی بەرینی وڵاتانی ئیسلامی، نانبەنرخی رۆژ خواردنی سیاسەتوانانی ئورۆپایی و ئەمریکی، کەڵکی خراپ وەرگرتن و خراپتێگەیشتنی کۆنەپارێزانی بیرتەسکی ئایینی لەو دێموکراسیە باوە لە وڵاتانی پێشکەوتو و زۆر هۆکاری دیکە، کەڵەگای تێرۆریسمی کوێر و تیرۆریسمی دەوڵەتی لەبەر دەرگای وڵاتانی پیشەیی خۆی بەعەرزە داوە. ئەم کەڵەگایە کە خۆی لەبەر دەرکی ماڵی تاچرەکان، میترانەکان، هۆڵموتکۆڵەکان، شیراکەکان و …، جێگیر بووە، بەمزوانە هەڵناستێ و ئەوێ بەجێ ناهێڵێ. ئەو تینۆیەتی و خوێنی دەوێێ. خوێنی ئەوکەسانە دەڕێژێ و لەنێویان دەبا کە دەمرن بۆ ژیان دەیانهەوێ داهاتو دروست بکەن.  ئەمرۆ چارلی هیبدۆیە و بەێانی نۆرەی ئیندپندت، دووبەێانی واشینگتۆنپۆست و سێبەێانیش ئافتۆنبلادت. کەوابێ ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە لەلایەکەوە دەسەڵاتداران لە وڵاتانی ئورۆپایی و ئامریکایی دەست لە ساتوسەوداکردن لەگەڵ کۆنەپارێزان، ملهۆڕان و دیکتاتۆران و هاندەران و پشتیوانانی راستەقینەی تێرۆریسمی کوێر و تێرۆریسمی دەوڵەتی هەڵگرن و پلانێکی تۆکمە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هەمووچەشنە توندئاژۆیەکی ئایینی، مەزهەبی، ئیتنیکی و سیاسی دابنێن. هیچکەس نابێ لەوەدا گۆمانی هەبێ کە سەرچاوەی کێشەکانی توندئاژۆی ئایینی و مەزهەبی، بەتایبەت خەزاییەکان و تەکفیریەکان و کردوە تیرۆریستیەکانی سێ دەیەی رابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و پشتیوانی ماڵی و تەبلیغی دوو وڵاتی ئێران و سعۆدی. باڵگە لەوە رۆنتریش هەیە کە هەموو رۆژیک بە سەدان شیعە بەدەستی سوونە و بە سەدان سوونە بەدەستی شیعە، لە پاکستان و ئەفغانستان، سوریا و عێراق، ئێران و یەمەن، لوبنان و بەحرەین و…، سەردەبڕدرێن یان بەدەم تەقینەوەی بۆمبەکانەوە لەتوپار دەبنەوە، بەڵام وجدانەکان لە ئورۆپا نایەنە دەنگ. کەچی کاتێک باسی هاتنەخواری بەهای نەوت دەکرێ، دەنگەکان بەجوانی دەبیسرێن و دەستەوداوینی ئۆپک دەبن، هەروەک دەزانی کە نرخی مرۆڤ کە یەک فات نەوتیش کەمترە.
٢٠١٤/٠١/٠٩ ئێقباڵ سەفەری.