ناوەندی ڕووناکبیریی کوردیی- ڕووناکی

بژی ئازادیی بیر و ئەندێشە و دەربڕین!
هێرشی تیرۆریستی بۆسەر نووسینگەی گۆڤاری “شارلی ئیبدۆ” لە پاریس، یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و یەکێک لەو سزا هەرە قورسانە بوو کە مرۆڤی ئەم سەردەمە لەسەر دەربڕینی بیروڕا بە خۆیەوە دیتووە.

ئێمە ئەو هێرشە، وەک هێرشێک بۆ سەر شارستانیەت و ڕۆشنبیری و وەک هەوڵێک لە دژی پێشکەوتن و بیری ئازاد مەحکووم دەکەین. لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤدا، ناوی پاریس بیرهێنەرەوەی تەوژم و تەکانی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشی مرۆڤ لە پێناو داهاتووی گەشتردا بووە و، ئەم ڕووداوەیەش بەو شەپۆلە بەرینەی لە جیهاندا بۆ هاوپشتی و هاوسۆزی لە گەڵ پاریس بزواندوویەتی، بۆ داهاتوویەکی درێژ پاریس دەکاتە هێمای خۆڕاگری و هەوڵدان بۆ پێشکەوتن و شارستانیەت. ئێمە خۆمان بە بەشێک لەو هاوپشتییە جیهانییە دەزانین و لە خەباتی عادلانەی ئەم سەردەمەدا بۆ داکۆکی لە ئازادیی بیر و ئەندێشە و دەربڕین بەشداری دەکەین.
ناوەندی ڕووناکبیریی کوردیی- ڕووناکی
سوئێد ٨/١/٢٠١٥