پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 69 ساڵەی دامەزرانی «دەوڵەتی جمهوریی کوردستان»ەوە
خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
هۆگرانو درێژەدەرانی ڕێگاو ئامانجەکانی جمهووریی کوردستان!
جارێکی دیکە پێ دەنێینەوە نێو بیرەوەریی دامەزرانی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد.
لە2ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا،69ساڵ بە سەر دامەزرانی یەکەم دەوڵەتی نەتەوەیی مودێرنی کوردیدا رادەبرێ. بە بۆنەی یادکردنەوەی ئەم ڕووداوە گرنگو پڕشوێنەوارەی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کورد،بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەین. هەر لەم کاتەش دا ئەم یادە مێژووییە بە دەرفەت دەزانین تا لە لایەک ئاوڕێک لە پێگەو جێگە کۆماری کوردستان لە مێژوودا بدەینەوە.لە لايەكی دیکە،لە بەر ڕووناکایی ئەزموونو دەرسەکانی نزیک بە 7 دەیە خەباتی نەتەوەکەمانو حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستەیەک لە پرسە گرنگەکانی ئەمڕۆی کوردستانو ئەرکەکانمان بەرامبەریان بکەین.
پێکهاتنی کۆماری کوردستان، ئەو ڕووداوە سیاسیو نەتەوەییەیە کە دەهێنێ هەموو ساڵێ بە شانازییەوە یادی بکەینەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانو لەمەش زیاتر نەتەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆیدا، هەر کامیان بە هۆو دەلیلی تایبەت، لە سەریانە هەموو ساڵێ بەو پەڕی ڕێزو وەفاوە یادی ئەو ڕووداوە گرنگە بکەنەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، حەقیەتی شانازی بە خۆی بکا، چونکە دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە پڕشوێنەوارە بووەو پێشەوای ئەم حیزبە، سەرۆکایەتیی ئەو کۆمارەی کردوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەر وەک بە کردەوە سەلماندوویانە، لە شانازیکردن بەم ڕووداوە سیاسییە غافڵ نەبوون، چونکە کۆمار هەڵقووڵاوی ئیرادەی ئەوانو نوێنگەی ئارەزووی ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە بندەستی بووە. دڵگەرم بە پشتیوانیو هاوکاریی ئەوان بوو کە پێشەوا قازی محەممەدو حیزبەکەی لە خۆیان ڕادی، دەست بۆ ئەم کارە گەوەرەیە – راگەیاندنی کۆماری کوردستان- ببەن. نەتەوەی کوردیش حەقی خۆیەتی دامەزرانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا، وەک یەک لە گەورەترین ڕووداوە سیاسییەکانی مێژووی خۆی لە سەدەی بیستەمدا چاو لێ بکاو بە شانازییەوە هەموو ساڵێ یادی بکاتەوە. چونکە بە دامەزرانی ئەو کۆمارە، پێگەیشتوویی سیاسیو نەتەوەیی خۆی سەلماندو بەردەوامیی خۆی لە سەر ئیرادەی ڕزگاری لە بندەستیو ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی کوردی، جارێکی دیکەو ئەمجارەیان بە ناوەرۆکێکی نوێو دەوڵەمەندەوە، دووپات کردەوە.
کۆماری کوردستان، ڕووداوێک نییە بە مێژوو سپێردرابێو کۆتایی بە کاریگەرییەکانی هاتبێ. کۆتایی هاتنی تەمەنی کورتخایەنی ئەو دەوڵەتە کوردییە، نەبوو بە کۆتایی ڕێچکەیەک کە حیزبی دیموکراتی کوردستانو کۆماری کوردستان گرتبوویانە بەر. بە پێچەوانەوە، ئەم کۆمارە کوردییە، بەو خزمەتانەی لە ماوەی دەسەلاتدارەتیی خۆی لە بواری جۆراوجۆردا کردنی، رێگاو ئامانجێکی ڕوونی خستە بەردەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو نەتەوەپەروەرانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان:ڕێگای ڕاگەیاندنەوەی دەسەلاتی کوردیو هەڵکردنەوەی ئالای کوردستانو پێکهێنانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بە ناوەرۆکێکی دیموکراتیکو مەدەنیو سەردەمیانە لە دەرفەتی لەبارتری داهاتوودا.
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتێکی کوردی لە فۆڕمی کۆماری، لە نێو ئێرانێک بە سیستەمی دەسەلاتدارەتیی شایەتییەوە، هەروەها لە ناوچەیەکدا کە ڕێژیمی شایەتیو سیستەمی دەسەڵاتداریی کۆنو دواکەوتوو، حوکمی وڵاتانیان دەکرد، بە ڕێکەوت نەبوو. ئەم بڕیاڕە لە باوەڕی دامەزرێنەرانی کۆمارو لە سەرووی هەموانەوە پێشەوا قازی محەممەد بە ئیرادەی خەڵک لە دیاریکردنی سەرۆکایەتیو بەڕێوەبەرانی خۆیانەوە، سەرچاوەی گرتبوو. ئەو ڕێزەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا لە کەمایەتییە نەتەوەییو ئایینییەکان دەگیراو، ئەو مافانەی بۆیان دابین کرابوو، هەروەها ئەو خزمەتو هەنگاوانەی لە بواری خوێندەوارکردن، پەرەپیدانی زمانو کولتوورو چاپەمەنیو لە پیوەندی لە گەڵ ژنان، لاوان، منداڵان، لە کارنامەی کۆماردا تۆمار کراون، شایانی ڕێزلێناننو بۆ سەردەمی ئیستاش دەتوانن ڕێنوێن و جێگای لێ فێربوون بن.
کۆماری کوردستان، لە زۆر بواری دیکەدا، بە جۆرێک جووڵایەوە کە دەسەلاتی کوردی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا، دەتوانێو پیویستە بیانکا بە سەرمەشق. ئەم کۆمارە خۆی نەک بە هی چینێکو بەشێکی کۆمەڵ، بەڵکوو بە هی هەموو چینو توێژەکانو هەموانیش بە هی خۆیان دەزانی. گوندیو شاری، بازرگانان، ڕووناکبیران، مامۆستایانی ئایینی، هونەرمەندان، مالیکان، وەرزێڕانو خەڵکی ڕەشوڕووت، سەرۆک هۆزەکانو بە گشتی هەر توێژو گرووپێکی دیکەی کۆمەڵ، هومێدیان پێببەسستبوو. لە راستیدا، کۆمار بناغەی دەسەڵاتدارەتیی خۆی لە سەر یەکیەتیی نەتەوەییو پێکهەڵکردنو ڕیزگرتنی جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵ دانابوو.
لە بارەی نەتەوەکانی دراوسێشەوە، بە تایبەت ئازەربایجانییەکان، کۆماری کوردستان ڕێگای ڕێزگرتن لە یەکترو هاوپەیمانەتیی گرتەبەر. ئەگەرچی ئازەربایجانییەکان دەیانەویست ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کیانی خۆی نەبێتو بەشێک بێت لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان، پێشەوا قازی محەممەد نەچووە ژێر باری ئەم داوا ناڕەوایەو، پێداگر بوو کە کوردیش خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بێت. ئەو هەم سەربەخۆیی سیاسیو مافی سەروەریی نەتەوەکەی خۆی بە بەرامبەرەکانی سەلماند، هەم ئەو پەیامەی بە گوێی ئەوانو نەوەکانی داهاتوو گەیاند کە بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد وەک دۆستو هاوپەیمان لە گەڵ نەتەوەکانی دەوروبەری هەڵسوکەوت بکا، پێویستە لە لایەن ئەوانەوە، دان بە بوونی وەک نەتەوەیەک دابنرێو ڕێز لە بڕیارو ئیرادەی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بگیرێت. ئەم وانەیە لە ئێستاشدا دەکرێ ببێتە بناغەی پیکەوەژیانی بە ئاشتیی دانیشتوانی ئێرانی فرەنەتەوە .
ڕۆلەکانی نەتەوەی کورد!
ئەویندارانی ئامانج و ڕێبازی پڕشکۆی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان!
خەڵکی بەوەفا و ئەمەگناسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
با هەرلە بەر ڕووناکیی ئەزموونی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستانو وانەکانی، ئاوڕ لە سەر هێندێک پرسی گرنگی ئەمڕۆی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بوەستین. کۆماری کوردستان، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری مەهاباد پێک هاتبوو، بێ ئەوەی بە مافی خۆی بزانێ بڕیار بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان بدا، باوەشی بۆ تێکۆشەرانو دڵسۆزانی کورد لە هەموو پارچەکان کردبۆوە. ئەگەر بارزانییەکان بە سەرۆکایەتی مەلامستەفا بارزانیو ئەگەر ئەفسەرانی شۆڕشگێڕو مامۆستایانو ڕووناکبیرانی نەتەوەییو دڵسۆزی باشوورو بەشەکانی دیکە، بێهیچ چاوەڕوانییەکو تەنیا بە نیازی خزمەت هاتبوونە ژێر سێبەری دەسەلاتی کۆمار، دەولەتی جمهووریی کوردستانیش، بەو پەڕی ڕیزو پێزانینەوە، شانبەشانی خەڵکی خۆوڵاتیو تەنانەت لە پێشەوەی ئەوانیش، کاروباری ئەم دەسەڵاتە کوردییەی پێ سپاردبوون. نەریتی هاوکاریی دوولایەنە لە نێوان دەسەلاتی کوردیو تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکە، لە کۆماری کوردستانەوە داهاتوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان پرەنسیپی «پێویستیی هاوکاریی نێوان بزووتنەوەی کورد لە بەشەجۆراوجۆرەکان بێخۆتێهەڵقوتاندن لەکاروباری یەکتر»ی لە دڵی ئەم نەریتەی کۆماری کوردستان هەڵێنجاوە. پرەنسیپێک کە بە هەر دوو باری دا، ئێستاو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لە هەموو کات زیاتر شیاوی بەڕێوەبردنو جێبەجێکردنە. هەم بزووتنەوەی نەتەوەییو خەباتی ئازادیخوازیی کورد لە هەر بەشێک پێویستی بە پشتیوانیو هاوکاریی نەتەوەیی بەشەکانی دیکە هەیە، هەم هێزە سیاسییەکانی هەر بەشێک، بۆ ئەوەی زیان بە یەکیەتیی نەتەوەیی کورد نەگەیەنن، پیویستە خۆ لە دەستێوەردانی کاروباری بەشەکانی دیکە ببوێرن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەستکردن بە پشتگوێخرانو لە بیربرانەوەی یەک یا هەر دوو دیوی ئەم پڕەنسیپە لە لایەن هیزە سەرەکییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، کە بە کردەوە لە پەراوێزخستنی پرسی کوردو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانی بە دواوە بووە، لە مانگەکانی ڕابردوو دا، پێداگری لە سەر سیاسەتو گوتاری ڕۆژهەڵاتتەوەری هێنایە ئاراوە. پێداگریی حیزبی ئێمە لە سەر ڕۆژهەڵاتتەوەری، لەو ڕوانینو لێکدانەوەیە هاتوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو هیزو لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشە، دەبی خاوەندارەتی لە پرسی نەتەوەیی خۆیان بکەن. بەو مانایە کە تێکۆشانو خەبات بۆ پرسی ڕەوای کورد لە ئێرانو ڕۆژهەلاتی کوردستان، بکەن بە ئەولەوییەتی یەکەمی خۆیانو، نابێ لە سۆنگەی هاوخەمیو هاوپێوەندیی لە گەڵ نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە، ئەم ئەولەوییەتەیان لە بیر بچێتەوە. هەروەها ڕۆژهەڵاتتەوەربوون بەو مانایەشە کە ئەم بەشەی کوردستان، پیویستە لە نێوەندی سیاسەتی کوردیدا، جێگەو پێگەی خۆی پێ بدرێتەوە. خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی درێژو پڕلە قوربانیدانەو ئەم خەباتە هەر ئیستاش لە فۆڕمی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە.خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە هاوکاریو پشتیوانیی بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەش، هیچ کات کەمتەرخەم نەبوون. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکێکی گەورەی لەخاوەنەتیو داهێنانی زۆر لەدەسکەوتەکان، نەریتەکانو پڕەنسیبەکانی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا هەیە کە نموونە هەرە دیارەکەی، دەوڵەتی جمهووریی کوردستانە. هەر بۆیە حەقی خۆیەتی کە هەستێتەوەو جێگە و پێگەی شیاوی خۆی بەدەست بێنێتەوە.
خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! دریژەدەرانی ڕێگای کۆماری کوردستان!
ئێمە دەزانین کە بەرەوپیشچوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، لە گرەوی یەکڕیزیی خەڵکەکەمان و یەکگرتووییو هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە دایە. لەم بیرەوەرییە مێژووییەدا، جاریکی دیکە بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەینەوە کە لە هەوڵو تێکۆشان بۆ لێکنزیکبوونەوەو دروستکردنی بەستێنی گونجاو بۆ هاوخەباتی و کاری هاوبەش، غافڵ نەبین. هەر وەها بە باشی لەم ڕاستیە ئاگادارین کە یەکگرتوویی دیموکراتەکان، دەتوانێ کاریگەرییەکی گرنگی لە بووژانەوەی خەباتو گەشانەوەی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێ. لەم یادە دا، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە ڕێزو پێزانینەوە ئاماژە بە هەوڵەکانی چالاکانو کەسایەتییە دڵسۆزەکانی کوردستان لە پێناوی بردنە پێشی داوای یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان بە تایبەتی لەمڕۆژانەدا، بکەین. بە دڵنیاییەوە ئێمە بە گێانێکی بەرپرسانە بەرەوڕووی پەیامی ئەوان کە لە ویستی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتوە، دەبینەوە. هیوادارین بە هەوڵی هەموو لایەک بوار و بەستێنی گونجاو بۆ جێبەجێبوونی ئەم ویستە پیرۆزە، پێک بێ.
سڵاو لە 2ی ڕێبەندان، ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان،
سڵاو لە پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان،
سڵاو لە تێکڕای هۆگران و ئەویندارانی ڕێبازی نەتەوەیی و دیموکراتیکی دەولەتی جمهوریی کوردستان بە تایبەتی ئەوانەی لەم ڕێگایە دا گیانیان پێشکەش کردوە.
بە گوڕتر بێ خەبات لە پیناوی ڕزگاریی نەتەوەکەمان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
1ی ڕێبەندانی 1393
21ی ژانویەی 2015