ڕەشبگیرەکەی ئەمجارە لە کوردستان و ئەرکی ئێمە. عەلی بوداغی

دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیریان لە کوردستان وەڕێ خستووە. لەو شەپۆلە نوێیەدا ئەوەندەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لە ئامار و زانیاری دەکەن، زیاتر لە ٧٠ کەس لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان -مەهاباد، ڕەبەت، مەریوان، شنۆ، سنە، بۆکان، نەغەدە، سەوڵاوا و پیرانشار- و دەرەوەی کوردستان -کەرەج و تاران- کە نیزیک بە تەواویان لە چالاکانی مەدەنیی کوردن، دەسبەسەر کراون.
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان و بنەماڵەی گیراوەکان ئەم گرتنانە بەبێ حوکم و بەڵگەی قەزایی و ڕێوشوێنی قانوونی و، سەرەڕۆیانە بە شێوەی شاڵاوبردنە سەر ماڵ یان شوێنی کاردەسبەسەرکراوان بووە و بەشێکی زۆر لەو گیراوانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیان‌دا لێیان دراوە و سووکایەتییان پێ کراوە. هاوکات دەست بەسەر کەلوپەلی شەخسیی ئەوان (موبایل، تەبلێت، لەپتاب، کتێب و…) داگیراوە و لەکاتی دەسبەسەرکرانیان‌ڕا هەتا ئێستا نە هۆکاری گیرانیان باس کراوە، نە کەس لە بنەماڵە و کەسوکاریان سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی ئەوان؛ لە شوێنی ڕاگیران و بەندکرانی ڕۆڵەکانیان ئاگادار کراون. هەروەها هیچ کام لە دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی (وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران و…) بەرپرسایەتیی دەسبەسەرکردنی ئەو خەڵکەیان بەرعۆدە نەگرتووە و تەنانەت حاشاشیان لەو گرتنانە کردووە.
بە سەرنجدان بەوەی بەشی زۆری دەسبەسەرکراوانی ئەو ماوەیە چالاکانی مەدەنین، دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکەش بۆ بێ‌هەست و خوست کردنی کۆمەڵگە و سەرکوتی بزووتنەوە مەدەنییەکان شمشێری لە ڕوو بەستووە. ڕق و قینی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی و کولتوورییەکانی کوردستان پێش هەموو شتێک بۆ خۆشەویستی و نەخش و ڕۆڵی ئەم ناوەندانە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێکخستنی خەڵک بۆم کاری هەرەوەزیی مرۆڤدۆستانە گێڕاویانە. هەرکاتێکیش کار و جموجۆڵی مەدەنی و ڕێکخراوەیی ئەو ناوەندانە بەرهەست و دیارتر بووبێ، دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمیش -کە هەر چەشنە بزاوتێک لە کوردستان بە چاویلکەی ئەمنیەتی دەبینن و نایانەوێ کاری ڕێکخراوی جەماوەری لە کوردستان پەرە بستێنێ و ئاکسیۆن و ناڕەزایەتیی گشتیی لێ بکەوێتەوە- دەهریتر بەربوونەتە گیانی ڕێکخراوە و چالاکانی مەدەنیی کورد و هەوڵی خنکاندنی ئەم کەمە هەناسە و بزووتنانەیان داوە.
ڕوون و ئاشکرایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەشبگیرە ترسی زۆری ڕێژیمە لە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئێستادا سەرەڕای بارودۆخی کۆرۆنا بەڵام هەر کەڕەتەی توێژێک و هەر جارەی لە شوێنیک سەر هەڵدەدەن. هەروەها کۆماری ئیسلامی هەر کاتێک پێویستیی بە پاشەکشە، سازان و ڕێککەوتنێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردووە، لە نێوخۆدا هەوڵی داوە بە سڕ‌کردنی کۆمەڵگە و سەپاندنی کەشی قورسی سەرکوت بەرەنگاری خواستەکانی خەڵکی وڵات بێتەوە. لەو پێوەندییەش‌دا کوردستان وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو لە ڕووی ئابووری بەڵام زیندوو لە ڕووی سیاسی هەمیشە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە توانای چارەسەکردنی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکانی نییە و بە بیرکردنەوەی میلیتاریستی و دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان دەڕوانێ، نایهەوێ و ناشتوانێ گەشەکردنی کۆمەڵگەیەکی ڕەخنەگر و مافویست و، باڵاکردنی تاک و ڕێکخراوەی دەروەست بە ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی لە کوردستان ببینێ؛ بۆیەشە بە بیری خۆی پێی وایە بە سەرکوت و زەبروزەنگ دەتوانێ پاشەکشەی پێ بکا.
لە پێوەندی لەگەڵ شەپۆلی نوێی سەرکوت و ڕەشبگیرەکان‌دا پێ لەسەر دوو خاڵ دادەگرین:
یەکەم، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ئیلیت و نوخبەی کورد و دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات نابێ لە هەمبەر ئەو ڕووداوە بێدەنگ و بێ‌هەڵوێست بن. بێدەنگی و تێپەڕین لە تەنیشت ئەو ڕووداوانە دەرفەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن ئاسانتر و دەست‌ئاوەڵاتر لە سەرکوتی خەڵک بەتایبەت چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەردەوام بن. مەحکووم‌کردنی ئەم کردەوانەی ڕێژیم و هێنانە سەر خەتی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هێنانە بەرباسی ئەو بابەتە لەگەڵ وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی بڕیاردەر لە پرسی ئێران‌دا گرینگ و، ئەرکێکی هەنووکەییە کە دەبێ هەموو لایەک هەوڵی بۆ بدەین.
دووهەم، هەمووان دەبێ بزانن بەرپرسایەتیی گیانی ئەو دەسبەسەرکراوانە لە ئەستۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییە، چونکی ڕابردووی تاوان و جینایەتەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە چاوی کەس شاراوە نییە. کەم نین ئەو بەندکراوە سیاسییانەی هەر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرەڕۆیانە گیران و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا. بەسەرهاتی شوانە سەید قادر، سارۆ قارەمانی، برایم لوتفوڵڵاهی، تالیب بەساتی‌وەند، سەجاد ئیسماعیلی و… بەحەق ئەو نیگەرانییە لە دڵی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان و خەڵکی کوردستان‌دا دروست دەکەن. هەروەها زۆرن ئەو کەسانەی دوای دەسبەسەرکرانیان یان پەروەندەسازییان بۆ کراوە، یان بە ساڵ لێیان نەپرسیونەتەوە و لە چارەنووسی نادیاردا هێشتوویاننەتەوە. ئەوە دەخوازێ هەموو لایەک بە پەرۆشەوە لەو بابەتە بڕوانن و بە گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامی تێچووی ئەم جۆرە ڕەفتار و کردەوانە بۆ ڕێژیم زۆر و قورس بکەن.