دوور و نزیک دەگەڵ ڕۆژنامەی “کوردستان” عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

دوور و نزیک دەگەڵ ڕۆژنامەی “کوردستان”

(بە بۆنەی حەفتاوپێنجەمین ساڵی دەرچوونیەوە)
عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

٢٠ی ئەم مانگە (بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی) ٧٥ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی «کوردستان» ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا تێدەپەڕێ. ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە هاوکارییەکی کەمم دەگەڵ «کوردستان» هەیە، پێم خەسار بوو لەم بۆنەیەدا ئاوڕێک وەسەر ئۆگری و پێوەندیم بەو ڕۆژنامەیەوە نەدەمەوە.

دەزانین هەرچەند لەلای زۆرکەس یەکەمین دەورەی کوردستان وەک زمانحاڵی کۆماری کوردستان ناسراوە، ئەم ڕۆژنامەیە دوازدە ڕۆژ پێش دامەزرانی کۆمار وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەستی بە وەشان کردووە و هیچ‌ وەختیش بەڕەسمی ناوی ئۆرگانی کۆماری کوردستانی لەسەر دانەنراوە. لەو سەردەمەدا ئەمن منداڵێکی حەوت ساڵە بووم و تەنانەت ناوی «کوردستان»یشم بەر گوێ نەکەوتووە. بەڵام زۆر دواتر بۆم دەرکەوت خۆم و هاوتەمەنەکانم زۆر لەو شێعرانەمان لەبەر بووە کە لەو ڕۆژنامەیەدا چاپ کراون. بەڕاستی دەگەڵ ئەوەی ڕەنگە کەمتر لە مانا و پەیامی سروودەکانی سەردەمی کۆمار تێگەیشتبم، بەڵام ئێستا بەئاواتم هێندەی ئەو سەردەمەم سروودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئەودەم لەبەر بان.

“کوردستان” دوای ڕووخانی کۆمار چەند دەورەی کورت‌ماوە و درێژماوەی لێ دەرچوون کە دووربەدوور و تاک‌وتەرا نەبێ لێیان ئاگادار نەبووم و بەپێویستیش نازانم لەم دەرفەتەدا لێیان بدوێم، چونکە هەر بەم قەڵەمە لانی‌کەم دووجار لە ژمارەکانی پێشووی “کوردستان”دا باسیان کراوە. ئەوەی جێی باسی منە و بیرەوەری و -ببوورن- کاریگەریم دەگەڵی هەیە، دوا دەورەی ڕۆژنامەکەمانە کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٩٤٩وە دەستی پێ‌کردوە و تا ئێستا بەردەوامە، بەجۆرێکی دیکە بڵێین مانگی ڕێبەندانی دادێ پەنجایەمین ساڵی بڵاوبوونەوەیەتی.

تازە وەسەریەک کەوتبووینەوە و کەمێک لە ئازاری پەرش‌وبڵاوی حەسابووینەوە. چونکە ماوەیەک بوو لەبیر چووبووینەوە، دەبوو کار بکەین بۆ ئەوەی لەنێو کۆڕوکۆبوونەوە سیاسییەکان‌دا جێیەک پەیدا بکەین. یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەرکردنی ڕۆژنامە بوو کە هەم پێویستیی بە چالاکی و پێوەندی‌گرتن هەبوو، هەم بیروڕا و بۆچوونە سیاسییەکانمانی دەگەیاندە دۆستان. لە “لەفاف”دا دەڵێم هێندێ کۆسپ و تەگەرە هاتنە سەر ڕێگامان، بەڵام دوکتۆر قاسملوو گوتی نرخەکەی هەرچی بێ، دەبێ بیدەین و ڕۆژنامەی ئۆرگان دەربکەین. وا بوو دەرمان‌کرد و “بێ‌ئارەق”یش دەرچووین.

دەستەی نووسەران پێنج ئەندامی دەفتەری سیاسی بوون: د. قاسملوو، کەریمی حیسامی، هێمنی شاعیر، حەمەدەمینی سیڕاجی و من. هەرچەند کەم‌تاکورتێک دەستی نووسینم هەبوو بەڵام نە قەتم ڕۆژنامەنووسی دیبوو، نە تەنانەت ڕۆژنامەخوێنییش. بۆیە هەموو گیانم نیگەرانی بوو. دانیشتین بۆ هەرکەس وتارێک دیاری کرا کە بینووسێ. دیارە بابەتێکیش بۆ من دانرابوو کە “تڵپاتێ تەڕ”م لێ‌نەدەزانی. پەنام بۆ دوکتۆر برد ڕێنوێنیم بکا، زۆر بێڕەحمانە گوتی وتاری خۆتە و بۆخۆت دەبێ بینووسی. زۆر ناڕەحەت بووم بەڵام چار نەبوو، چووم شتێکم ئامادە کرد و ڕۆژی دواتر بۆم بردەوە. دوای دووسێ سەعات کە وێی‌دامەوە، دیتم ئەوەندەی دەسکاری کردووە کردوویەتە “جگر و دل زلیخا”. بەناچار چوومەوە لای، گوتم ئێستا کە ئەوەی نووسیومە بەکەلک نایە پێم بڵێ چ‌بنووسم. بێڕەحمانەتر لە جاری پێشوو گوتی بۆ من نەبوویە ئەندامی دەفتەری سیاسی، بڕۆ کاری خۆت بۆخۆت بکە. کفری دنیام کرد و لە دڵی خۆم‌دا هەزار قسەم پێ‌گوت کە نایەوێ هیچ فێر بم. بۆ جاری دووەم کە پاکنووسم کردەوە یەک‌دوو نووکەقەڵەمی تێ‌سرەواند و گوتی بینێرە بۆ چاپ.

بۆ ژمارە ٢ی ڕۆژنامەش داستانەکە دووپاتە بۆوە، دیسان لەمن پەنابردن و لە دوکتۆر پاڵ‌پێوەنان. لە ژمارە ٢ڕا ئەمن سەرپەرستی کاروباری چاپخانە بووم. ئاخر ڕۆژ بوو کە چوومە چاپخانە، جێی ستوونێک یان بە مۆدی ئێستا بڵێین جێی ٢٠٠-٢٥٠ وشەیەک کەمیمان هەبوو. شەوێ بابەتێکی کورتم نووسی و بەیانی بردم بۆ دوکتۆر، گوتم بەپەلە بۆم چاک بکە چونکە دەبێ بیبەمە چاپخانە لەسەری مەحتەلن. سەرم سوڕما، کە خوێندیەوە بێ دەسکاری وێی‌دامەوە گوتی باشە. لێرەدا بوو کە تێگەیشتم ئەو بێڕەحمییەی بۆ ئەوە بووە کە پشت بەخۆم ببەستم و فێر بم. ئەمە بۆمن بووە دەرسێک و هیوادارم بۆ هەموو قەڵەمێکی تازەش ببێتە ئەزموونێک.

لە “کوردستان” کاری جۆراوجۆرم کردووە: وتارنووسین، وەرگێڕان -پتر لە فارسی و عەرەبی بۆ کوردی و جارجاریش لە کوردییەوە بۆ فارسی-، هەڵەبڕی، کاری چاپخانە، تایپ و پۆلی‌کۆپی، بەرپرسایەتیی ئەدەبی و زمانی و چەند دەورەش سەرنووسەری. پێم خۆشە لێرەشدا هەر بۆ ئەزموون‌وەرگرتنی لاوەکان وەبیر بێنمەوە کە د. قاسملوو دەگەڵ هەموو کارەکانی چاوی بەسەر “کوردستان” و بەگشتی ڕاگەیاندنەوە هەبوو. زۆرجار کۆی دەکردینەوە و لەسەر ڕێوشوێنی نووسینی سیاسی و ئەزموونی خۆی قسەی بۆ دەکردین. بەهەق ئامۆژگارییەکانی بەسوود بوون بەتایبەتی کە دەهاتە سەر باسی پڕەنسیپ و ئەخلاقی سیاسی، زۆری پێ‌دادەگرت کە واقیعبین بین و “بە خەیاڵ نەبین بە ماڵ”، زمان و قەڵەممان خاوێن بن و بە جنێو و قسەی دزێو پایەی باوەڕەکانمان نەهێنینە خوار. دەگەڵ ئەوەی ڕووخاندنی ڕێژیم -پاشایەتی یان ئیسلامی- دروشمی حیزب بوو، هەموو جارێ دەیگوت مەشی‌ڕووخێنن یانی ڕووخاندن مەکەنە بنێشتە خۆشەی سەر زاران.

بیرەوەریم دەگەڵ “کوردستان” زۆرە و ئەگەر بمەوێ زۆری بگێڕمەوە “مثنوی هفتاد من کاغذ شود” بۆیە واز لەوە دێنم و هەوڵ دەدەم بەکورتی و بێ دەمارگرژی «کوردستان» -بە هەموویەوە- هەڵسەنگێنم. هێندێک دەڵێن وشەی ڕۆژنامە بە مانای نامەی ڕۆژە، یانی بڵاوکراوەیەکە ڕۆژانە دەردەچێ و دەنگوباس و بابەتی ڕۆژ باس دەکا. ئەگەر بەو مانایە چاو لێ‌بکەین، “کوردستان”ی ئێمە پاش دەورانی کۆمار هیچ وەخت “ڕۆژنامە” نەبووە، چونکە جگە لەوەی ڕۆژانە دەرنەچووە، بە دەگمەن نەبێ بابەت و باس‌وخواسی ڕۆژیشی تێدا بڵاو نەبۆتەوە. هەشن دەڵێن ڕۆژنامە بەرامبەری شەونامەیە، واتە بە بڵاوکراوەیەک دەگوترێ کە بە ئاشکرا و بە ڕەسمی بڵاو دەبێتەوە و خوێنەران بێ‌ترس لە گیران و ڕاوەدوونانی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتییەکان دەیکڕن و دەیخوێننەوە و لەلای خۆیان ڕایدەگرن. بەم مانایەش بیگرین “کوردستان”ەکەمان پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان تەنیا چەند مانگێکی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا بڵاو بۆتەوە و بە ئازادی گەیشتۆتە دەستی خوێنەرانی. ئەگینا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە نێوخۆی وڵات بە نهێنی بڵاو دەبێتەوە و لەڕاستیدا شەونامەیە.

سەرباری ئەمانەش “کوردستان” کە چارەنووسی بە چارەنووسی حیزبی دێموکڕاتەوە گرێ دراوە، هەر ماوەیە لە جێیەک و هەر جارە بە قەبارەیەک دەرچووە و نەک هەر ڕۆژانە بەڵکوو حەوتووانەش دەرنەچووە. ئێستا دەوری ٣٠ ساڵە “کوردستان” بە ڕێکوپێکی مانگی دوو ژمارەی لێ دەردەچێ، ئەگەر بەو حیسابەش بێ دەبووایە لەو پەنجا ساڵەدا ١٢٠٠ ژمارە دەربکا. کەچی بەداخەوە ئێستا کە مانگێکمان بۆ پەنجایەمین ساڵی دەرچوونی ئەم دەورەیە ماوە تازە ژمارە 790ی دەردەچێ کە ئەمە ناکامییەکی گەورەی پێوە دیارە. بەڵام بە هەمووی ئەمانەوە “کوردستان” ڕۆژنامەیەکی سەنگین و سەربەرز و بەئیعتیبارە و بۆیە دەبێ شانازیی پێوە بکەین. جا بزانین بۆ؟

پێش هەموو شتێک چونکە زمانحاڵی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانە کە بەڕابردووترین ڕێکخراوی چالاکی هەموو کوردستانە و پتر لە سێ چارەکەسەدەیە جێ‌متمانە و نوێنگەی ویست و ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە. خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان لە کۆنەوە ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی خۆیان لە بەرنامەی ئەم حیزبەدا دیتۆتەوە و هەربۆیەش لە پشتی ڕاوەستاون و هەموو پێداویستییەکانی مانەوە و پێشەوەچوونیان بۆ دابین کردووە.

“کوردستان” هەمیشە ڕۆژنامەیەکی بە پڕەنسیپ و واقیعبین بووە، هیچ‌کات تووشی هەڵچوون و لەخۆدەرچوون نەبووە و هەوڵی نەداوە کوردستان‌یان و بەگشتی خوێنەرانی بە دروشمی بریقەدار و بێ‌نێوەرۆک و ئومێدی بێ‌بناخە سەرگەرم بکا و هەڵیان‌خەڵەتێنێ.

حەفتاوپێنج ساڵ و هەر ئەم دەورەیەی پەنجا ساڵە هەڵگری پەیامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانی ئێرانە، هەرگیز لە شاڕێی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لای نەداوە، لە سەختترین هەلومەرجی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا و بە هەر شێوازێک بۆی گونجابێ پەیامی پیرۆزی ئەم حیزبەی گەیاندۆتە کۆمەڵانی خەڵک و پێوەندیی پیرۆزی حیزب و گەلی پاراستووە و بەهێزی کردووە.

لە زوربەی حاڵەتەکاندا زمانێکی پاراو و ڕەسەنی کوردیی بەکار هێناوە کە بە شاهیدیی بەشێک لە گەورەترین ئەدیبان و ڕووناکبیرانی خاوەن‌نەزەری کورد شیاوی ئەوە بووە ڕەچاو بکرێ و ئەزموونی لێ‌وەربگیرێ.

ئەو شانازییەشی هەیە کە زۆر لە شەهیدە مەزنەکانی بزووتنەوەی کوردی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هەروەها ناودارانی نەمری دێموکرات تا دواهەناسەکانی ژیانیان هاوکار و پشتیوانی بوون. لەوانە هەر وەک نموونە سێ ڕێبەری شەهید قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، کەریمی حیسامی، حەمەدەمینی سیڕاجی، هێمن شاعیری ناوداری کورد، عەبدوڵڵای شەریفی، جەلال میراوەیی، تەها عەتیقی، فەتاح کاویان، عوسمانی ڕەحیمی، سەید سەلام عەزیزی و …

حەفتاوپێنج ساڵەی دەرچوونی “کوردستان” دەکەمە دەرفەتێک بۆ ئەوەی گەرمترین پیرۆزباییم پێشکەشی هەموو خەڵکی کوردستان بکەم و بەتایبەتی سڵاو و دەست‌خۆش و ماندوونەبوونیم عەرزی نووسەران و ئیشکەرانی چالاک و ماندوویی‌نەناسی “کوردستان” بکەم کە بە لێوەشاوەیی پەیامی پیرۆزی ڕۆژنامەکەمانیان پاراستووە و دەپارێزن و لەجیاتی مەمانانی “خانەنشین” و لەکارکەوتووش ئەو ئەرکە پیرۆزە بەجێ دەگەیەنن.