کۆچی دوایی بەرێز حاجی حەسەن حەدداد لە شاری سەردەشت

بۆ بەشی زۆری ئەو کەسانەی کە لە ناوچەی سەردەشت و موکریان و پشدەر و بیتوێنی باشوور دەژین بنەماڵەی حاجی مینەی کورێ (حەدداد) ناسراون، بنەماڵەی حەدداد وەک بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناوی سەردەشت و دەوروبەری ساحەب مەسەلەت و ساحەب قسە و دەست ڕۆیشتوو بوون، بۆ بژیوی ژیانی خۆیان پیشەی ئاسنگەری و تەجارەتیان هەڵبژاردبوو، لە پیشەی ئاسنگەری دا وەک وەستای دەست ڕەنگینی ناوچەی سەردەشت دەناسران و کاری ئاسنەواڵەیان بۆ وەرزێر و جوتێاران دەکرد و کەمم نەگووتوە ئەگەر بڵێم لە شارەکانی باشووری کوردستان و عەجەمستان را بۆ کڕینی بەرهەمە ئاسنی‌یەکانی دەستی حەددادەکان دەهاتنە سەردەشت.
بنەماڵەی حاجی مینەی حەدداد هەر لە هەڕەتی دەستپێک و دەمەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژکاف) وە تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبن و لەگەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و درووست بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبنە پێشمەرگە و ئەو ڕێگایە تاکوو ئێستاش هەروا پشت بە پشت و نەوە بە نەوە درێژەی کێشاوە و بە گشتی بۆ بنەماڵەی حەدداد بۆتە پیناسەی بەرزی نیشتمانی و نەتەوەیی.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، چەند ساڵ دواتر حیزبی دێموکرات دەست بە خۆ ڕێکخستنەوە دەکا و بنەماڵەی حەدداد لە یەکەم بنەماڵەکانی سەردەشت و ناوچە دەبن کە قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵن و دەبنە ئەندامی نەهێنی حیزب و دواتر ڕێگای شۆڕش و کوردایەتی دەکەنە ڕێگایەکی واڵا بۆ خۆیان و هەموو خزمەکانیان و دیارترین کەس و گەورەترین و بە تەمەن‌ترین ئەندامی بنەماڵەکەیان زیندەیاد کاک کەریم حەدداد تیکەڵ بە شۆڕەسوارانی ڕێگای شەهیدانی کۆماری کوردستان دەبێ و لە باشووری کوردستان وێرای سەدان کادر و ڕێبەری بە توانای حیزبی دێموکرات بە دژی رژێمی حەمەڕەزشا خەباتی سیاسی و نیزامی دەست پێدەکا.
حاجی مینە وەک باوکێک ئەرکی پێراگەیشتن بە خاو و خێزانی کاک کەریم حەدداد لە سەردەشت دەگرێتە ئەستۆ و لە گەورەکردنی منداڵەکانی کاک کەریم دا ڕۆڵی سەرەکی دەگێرێ، هەروەها بە هۆی ئەوە کاک حاجی حەسەن برای بچووکتری زیندەیاد کاک کەریم حەدداد دەبێ، وەک برایەک دەبێتە خەمخۆرێکی گەورەی کوڕ و کچەکانی کاک کەریم حەدداد.
کاک حاجی حەسەن حەدداد کەسایەتی دیاری بنەماڵەی حەدداد بوو، هەستی نیشتمان‌پەروەری و دێموکرات بوون لە بیرو هزری دا و لە ئاکار و کرداری دا بۆ دۆست و دوژمن دیار بوو، هەر بۆیە لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شۆڕشی گەلانی ئێران، حاجی حەسەن چەکوچ بە دەست وەک کاوەی ئاسنگەر دەبێتە پێشەنگی ڕاپەرین و خۆپێشاندانەکانی شاری سەردەشت و لە هاندانی خەڵکدا نەترسانە دێتە مەیدان و تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و تێکەوەپێچانی رژێمی حەمەڕەزاشا بە کوڕ و کچ و نەوە و خوشک و براکانی‌یەوە هەروا پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خۆپێشاندانەکان دەبن و ماڵ و حەوشە و دووکانیان دەبێتە جێگای حاوانەوەی خەڵکانێک کە لە گوندەکان را بۆ بەشداری لە خۆپێشاندانەکان دا هاتبوونە شاری سەردەشت.
لەگەڵ ئاشکرابوونی حیزبی دێموکرات و دامەزرانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بە گشتی بنەماڵەی حەدداد دەبنە کۆڵەکەی حیزبی دێموکرات و لە دامەزراندنی بنکە و بارەگا و مەقەرەکانی حیزبدا نەخشی یەکەم دەگێرن و بۆ ئارامی و ئاسایشی شاری سەردەشت بە چەک و چۆڵ و بە ماڵ و سەروەتی خۆیان دەبنە پشت و پەنای خەڵک و ئەوەی لە دەستیان هات دریغیان لێ نەکرد.
دوای سەقامگیری حیزبی دێموکرات و ئارامی شارەکان، حاجی حەسەن حەدداد بۆ ئەوەی سەرافەتی هەموو بنەماڵە بکا لە سەر کار و کەسابەت و پیشەی خۆی دەمێنێتەوە و وەک تاقە ئەندامی بنەماڵەی حەدداد درێژە بە کار و کاسبی خۆی دەدا. لە کاتی گیرانەوەی شاری سەردەشت بە دەست رژێمی خوێنرێژی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وێرای بەرگری قارەمانانە، هاوکات کەم شەو و ڕۆژ هەبوو کە هێزی موعینی بە فەرماندە هێزی زیندەیاد کاک کەریم حەدداد زەربەی قورس لە پەیکەری لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی نەدەن، لە شەری سێ ڕۆژەی شاری سەردەشت دا بە هۆی ئەوە کە هێزی موعینی و هێزی بەرگری بۆ گرتنەوەی شار و زەربەلێدان لە پادگانی سەردەشت و بنکەکانی سەر بە رژێم لە نێو شاربوون، لە سەنگەربەندی و درووست کردنی شوڕە و قەڵای بەرگری، کاک حاجی حەسەن ڕۆڵێکی بەرچاوی گێرا و بە هێنانەدەری کۆلکە و سندان و ئاسنەواڵەی دووکانی خۆی لە ڕاستە شەقامی شاردا و هەروەها لە کۆڵانی ماڵی خۆیان دا بەرامبەر بە پاسگای ژاندارمەری سەنگەری پۆڵایینی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان درووست کرد و وێرای میوانداری کردن لە پێشمەرگە بۆ خۆشی پێشمەرگە ئاسا یارمەتیدەر بوو بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ئەو هێرشە و بۆ دابین کردنی پێداویستی‌یەکانی خواردن و جێگای حاوانەوە.
دوابەدوای پاشەکشەی حیزبی دێموکڕات لە شاری سەردەشت، دوژمنی دڵڕەق کە لە بەرامبەر هێزی موعینی و هێزی بەرگری دا زەبوون بوو، دەستی بە ڕاودوونان و گرتنی خەڵک کرد و لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دا تا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی رژێم سێ جار کاک حاجی حەسەن حەدداد ڕاپێچی گرتووخانە و زیندان دەکا و هەموو جۆرە ئەشکەنجە و بێ‌ڕێزی‌یکیان لە سەر تاقی کردووتەوە. لە یەکێک لە گیرانەکانی دا ئەوپەری بێ حورمەتی پێدەکرێ، لە مەیدانی گەورەی نێو پادگانی سەردەشت دا لە نێو تەلەبەند و تۆڕدا ڕایدەگرن و پێی دەڵێن با هێزی پێشمەرگە تۆپبارانی پادگان بکا و پێی دەڵێن کە یەکەم کەس دەبێ کە بە دەستی برا و کەس و کاری خۆت دەکوژرێی، دوژمن پێی وابوو ئاوا دەتوانێ پێش بە هێرشی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی دێموکڕات بگرێ. کاتێک جاشی خۆفرۆش و خائین سوورەی باوێ لە لایەن هێزی موعینی‌یەوە دەگیرێ، ڕژێم حاجی حەسەن حەدداد و ڕەحیم حەکیم‌زادە دەگرن و هەڕەشەیان کوشتنیان لێدەکەن، ساڵحزادە فەرمانداری ئەو کاتی شاری سەردەشت پێیان ڕادەگەیێنێ کە ئەگەر سوورەی باوێ بە دەستی پێشمەرگە بکوژرێ ، ئەوە ڕژێم حاجی حەسەن و ڕەحیم حەکیم‌زادە بە تۆڵەی سوورەی باوەیی خائین ئێعدام دەکا.
دوای ئازادبوونی لە زیندان بنەماڵەکانی حەدداد جیا لە حاجی حەسەن حەدداد، هەموویان بە گشتی ڕێگای شۆڕش و خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات دا هەڵدەبژێرن و خۆنەویستانە بەشداری لەم شۆڕشە خوێناوی‌یەدا دەکەن. کاک ڕەئوف حەدداد کوڕی گەورەی وەستا حەسەن لەگەڵ مام و ئامۆزاکانی بوونە پێشمەرگەی دێموکرات و بە دڵەوە و بوێرانە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
جارێکیان رژێم حاجی حەسەن ناچار دەکا بچی کە کاک ( رەئوف حەدداد) ی کوڕی کە پێشمەرگە بووە بێنێتەوە، لە دیالۆگ و قسەی نێوان باوک و کوڕدا دەڵێ: ناردوویانم تۆ لەگەڵ خۆم بەرمەوە، بڕیاری گەڕانەوە بە دەست خۆتە، بەڵام پێش ئەوەی بڕیار بدەی پێم خۆشە ئەوەت پێ بڵێم، ئەگەر تەنانەت چوار رۆژیش پێشمەرگە بووبی، دوژمن لێت خۆش نابێ و بۆیە ئەگەر خۆت لە شاخ فڕێ بدەی پێم خۆشترە تا کوو گەڕانەوەت بۆ نێو باوەشی ڕژێم.
حاجی حەسەن حەدداد لە شاردا مایەوە بەڵام دڵ و دەروونی، بیرو هزری هەر لە لای براکانی زیندەیادان، کەریم حەدداد، حاجی حوسێن و تێکۆشەر کاک لەتیف حەدداد و کوڕی پێشمەرگە کاک رەئوف و هەروەها برازاکانی و بنەماڵەکانیان بوو، ئاوات و ئارەزووی بە یەک گەیشتنەوەیان و ئازادی کوردستان و گەرانەوەی کەس و کاری گەورەترین هیواکانی حاجی حەسەن بوون، وەستا حەسەن بە دڵەوە ڕۆژ ژمێری بۆ گەرانەوەی کوڕ و برا و برازاکانی دەکرد و بە چاوی دڵ دەیروانی‌یە ئەو ڕۆژانە.
حاجی حەسەن مرۆڤێکی نیشتمان‌پەروەر و کورد دۆست و خۆشەویست بوو، دڵ و دەروونی گەرم بە چەشنی کورەی ئاسنگەران بوو، سادە و ساکار و خاکەڕایی بوو، لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی گشت لایەک دا بەشدار بوو، خەمخۆری هەژاران و نەداران بوو، لەگەڵ سەرکەوتنی کورد شاگەشکە دەبوو و لەگەڵ هەموو نەهامەتی‌یەکانیش زەردەخەنەی لە سەر لێو دەپەڕی و خەم و پەژارە میوانی دەبوو، بۆ شەهیدانی کوردستان و قەڵای دێموکرات ڕەشی پۆشی، خەمی دووری ئازیزانی و کۆجی دوایی یەک لە دوای یەکی ئازیزانی دوورە وڵاتی زووتر لە تەمەنی خۆی پیری کردبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەوڵی دەدا وەک تاقە یادگاری بنەماڵەی حاجی مینە، ئاوەدانی ئەو بنەماڵەیە بپارێزێ و میواندۆستی و هەستی یارمەتی کردن ببێتە هەوێنی کاری ڕۆژانەی و منداڵ و نەوە و کەس و کاری فێری خۆشەویستی و وەفاداری و ئەمەگداری بکا.
بەداخەوە ماوەی چەند مانگێک بوو، کاک حاجی بە هۆی بە ساڵاچوویی و نەخۆشی وەزعییەتی جەستەیی باش نەبوو ودواتریش بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشێ کۆڕۆنا زیاتر لە پێشوو لاوازتر بوو، مخابن وەستا حەسەن نەیتوانی بە سەر ئەو نەخۆشی‌یە ماڵوێرانکەرەدا زاڵ بی و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٤ ـ ٠١ ـ ٢٠٢١ لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو و دیاری شاری سەردەشت کاک حاجی حەسەن حەدداد، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کاک لەتیف حەدداد و کاک ڕەئوف و کاک ئەحمەد حەدداد و کوڕ و کچ و خوشک و برازا و خوشکەزاکانی بە گشتی لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی کوردستان، لە بنەماڵەکانی گەورەی حەدداد، حەسەن‌پوور، حەکیم‌زادە و عەلیدووست دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. ڕووح و ڕەوانی شاد و جێگای بەهەشتی خوا بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی
١٥ ـ ٠١ ـ ٢٠٢١