بەیانی باشێکی ناخۆش و هەواڵێکی دڵتەزێن !

ئەمرۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١ ی مارسی ٢٠١٥ ی زائینی، هەر کە ئێمێلم کردەوە بەداخەوە لە لایەن هاورێیەکی خۆمەوە هەواڵی کۆچی نابەوەخت و ماڵئاوایی یەکجاریی هاورێی لە مێژینەم، کاک عومەر حەمیدی، هاورێی ڕۆژە سەختەکانی خەباتی شاخ و شار، هاورێی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات و ئەندامی هەڵسوور و بە باوەری حیزبی دێموکراتی کوردستانم بیست. سەرەتا نەمدەویست ئەو هەواڵە قەبووڵ بکەم و دەمگووت بڵێی هاورێمان بە شۆخی ئێمەی لە سەر کار دانەنابێ، بۆیە بە گورجی تەلەفوونم بۆ بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند کاک کەریم ڕەسووڵی کرد و هەواڵەکەم لێ پرسی، کاک کەریم وێرای بەداخ بوونی خۆی هەواڵەکەی پشت ڕاست کردەوە و بە یەکجاری کۆشکی خەیاڵەکانمی تێکرووخاند و هەموو ئەگەرەکانی نێو خەیاڵمی وەراستی گێران. ئای کە هەواڵێکی ناخۆش و جەرگبڕ بوو، هیچم لە دەست نەدەهات جیالەوە کە وەک فیلمێکی سینەما هەموو بیرەوەری‌یەکانی خۆم و کاک عومەر و هاورێیان لە پێش چاوم دابنێم و ئەژنۆی خەم و پەژارە لە ئامێز بگرم. خەندە و بزە و ئاکارەکانی لە پێش چاوم بوون، قسە خۆشەکانی لە گەڵ خوێندنەوەی شێعر و هەڵبەستەکانی لە گوێم دا دەزرینگایەوە. ورە و ئیمانی پۆڵایینی بە شۆڕش و کارەکانی هەموویان لە چەند خولەکێک دا وەک حەلقەیەکی سینەما هات و ڕۆیشتن ، ئاخر هەر چەند ڕۆژ پێش ئێستا بوو بە تەلەفوونی زۆرمان باسی ڕابردوو و داهاتووی خۆمان و گەلەکەمان کرد و ئەو قسانە هەموویان لە مێشکم دابوون و ئاوات و ئارەزووەکانی کە تەنیا ڕزگاری گەلەکەمان و گەرانەوەمان بوو بۆ نێوخۆی وڵات هەروا لە گوێم دا دەزرینگایەوە.
زیاتر لە ٢٨ ساڵە کاک عومەر لە نزیکەوە دەناسم، لەگەڵی هاورێ و هاوکار و هاوخەبات بووم، لە نێو حیزبدا، کەسێکی خۆشناو، گەنجێکی هەڵسوور و بە بڕشت، کادرێکی لێوەشاوە و خەڵکی و خاکی بوو، مرۆڤێکی دەم بەخەندە و خۆشەویست و لەبەردڵان بوو، ماوەی چەند ساڵێک لە ئۆرگانێک بە یەکەوە کارمان کردووە، بەرپرسی کۆمیتە شارستانی ڕەبەت بوو، لەوێ زیاتر خاکی و خۆماڵیانەم هاتە بەرچاو و زیاتر لە پێشوو ناسیم، کادرێکی بە مانا کوردستانی بوو، هەر لە سەرووی کوردستان تا خوارووی کوردستان و ناوەندی کوردستان گەڕا و پێشمەرگە و کادر و ڕێبەرێکی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر بوو، تا بڵێی حیزبی و دڵسۆز بە گەل و نیشتمان بوو، هەمیشە ئامادەی کار و ئەرکەکانی حیزبی بوو، کادرێکی سیاسی و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، خەمخۆری کار و ئەرک و مافەکانی ئەندامی حیزبی بوو.
کاک عومەر لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکان دا لە تەنیشت کادرو پێشمەرگەکان بوو و هەمیشە لە قوڵایی ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بوو، خەمی لە چۆنیەتی بەرێوەبەری کۆمیتە و پەل و لک و هێز دەخوارد و هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە سادەکان هەستان و دانیشتنی هەبوو و لە بنکەکانی حیزبی هەوڵی دەدا لەگەڵ پێشمەرگەکان هەموو جۆرە یاری و وەرزش و دانیشتنێک بکات. زۆر لێزانانە کاری بۆ هاوکاری گشتی و یەکگرتوویی دەکرد، ئەوەندەی لە توانای دابوو بۆ حیزب و بە گەل و نیشتمانی کردی و لە ٢٨ ی بەفرانباری ١٣٦٦ ی هەتاوی لە کۆنگرەی ٨ حیزب دا بوو بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەی ٩ وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەی ١٠ وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێراوەو بە دڵسۆزی‌یەوە لەو بەرپرسایەتیانەش دا کاری کردووە و سەرکەوتوو بووە و نەمر کاک عومەر دوای کۆنگرەی ١١ ی حیزب ڕیگای تاراوگەی هەڵبژارد و لە دەرەوەی وڵاتیش وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حدک لەگەڵ کۆمیتەی فینلاند کاری دەکرد و بە پێی توانا و دووری خۆی پەیوەندی بە حیزبەوە دەگرت.

لە سەریەک کاک عومەر بە مانای وشە کورد و شۆرشگێر و درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە سەروەری شەهیدان بوو، سەد مخابن ئەمرۆ بە نەخۆشی‌یەکی کوت‌وپڕ لە نەخۆشخانەی شاری ڤاسا لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد و بەو کۆچە نابەوەختەی دڵی هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی و دڵی گشت ئەویندارانی ڕیگای ئازادی خەمبار و پەشێو کرد.
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان لە شاری شنۆی هەردەم پێشەنگ و هاوسەری ژیانی خاتوو پڕشنگ و منداڵەکانی و هاورێ و هاوخەباتیان و دۆست و ئاشنایانی دەکەم و لە خەمە گەورەدا خۆم بە شەریک و هاودەردیان دەزانم و بە دڵنیایەوە برا و هاورێ و کەسێکی گیانی بە گیانی خۆمم لە دەست داوە و بە دڵ نارەحەت و پەشێو و بێ قەرارم.
زۆر پێش ئێستا داوای چەند وێنەی کۆنی دەورانی پێشمەرگایەتیم لێکرد و بەشێکی بەرچاو لە وێنەکانی خۆی بۆ ناردم کە ئەوە جیا لە بیرەوەری‌یەکان باشترین یادگارین کە لای خۆم دەیان پارێزم و بە چاو لێکردنیان جارجار خۆ دەبەر دەست و تفەنگ و باوەری پۆڵایینی دەمرێنم و دەڵێم هاورێم بمبورە کە جیا لە چەند دڵۆپ فرمێسکی خالیسانە چیم بۆ ژیانت لە دەست نەهات.
لە کۆتایی دا هەزاران سڵاو لە خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی کاک عومەر، هەزار سڵاو لە گەورەیی و ناو و هەیبەتی کاک عومەر و ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
لەگەڵ ڕێز و حورمەت
حەمەرەسووڵ کەریمی