ڕاگەیەندراو بە بۆنە کۆچی ناوەختی تێکۆشەری دێرینی دیموکرات کاک عومەر حەمیدی

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە بەیانیی یەکشەمە ١ی مارس(ڕەشەمە) تێکۆشەری سەرەدمە سەختەکانی خەبات و تێکۆشان، هاوڕێ عومەر حەمیدی لە وڵاتی فینلاند، بە هۆی راوەستانی دڵ، کۆچی دوایی کرد.

عومەر حەمیدی ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی (١٩٦٠ی زایینی) لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی ناوچەی شنۆ دا لە دایک بوو. لاوێکی ١٩-٢٠ ساڵان بوو و دوا ساڵی قۆناغی دەبیرستانی دەخوێند کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. هەر لە یەکەم مانگەکانی دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستاندا چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان و لە ڕێکخراوی حیزب دا، ڕووی کردە کاری تەشکیلاتی.

تێکۆشانی ماندوویی نەناسانە لە نێو خەلکی دڵسۆز و دیموکراتپەروەری ناوچەی شنۆ و ڕاکێشانی متمانەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بوو بە هۆی ئەوە عومەر حەمیدی بێتە ڕیزی یەکەمین ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی لە شارستانی شنۆ. زستانی ١٣٥٩بەرپرسایەتیی ڕێکخراوی حیزب لە ناوچەی حەسەننوورانی پێ سپێردرا. بەهاری ١٣٥٩ پێشنیاری کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات بۆ کارکردن لە ناوچەی هەوشاری بێ دوودڵی قبووڵ کرد. دوای ئەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە سەرناوچەی هەوشار دا گرت، جارێکی دیکە بۆ تێکۆشان ڕووی کردەوە ناوچەی شنۆ. ساڵی ١٣٦٣ لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار کار و ئەرکی حیزبیی درێژە دا. هەر لە کۆمیتە شارستانی پیرانشاریشەوە، بۆ بەشداری لە دەورەی بەرزی سیاسی، بە فێرگەی حیزب ناسێندرا.  کاک عومەر حەمیدی لە کۆنگرەکانی هەشتەم، نۆیەم و دەیەمی حیزب بە ئەندامی ڕێبەڕیی حیزب هەڵبژێردرا. لە ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دا، چەندین بەرپرسایەتیی قورسی لە سەختترین هەلومەرجەکان دا گرتە ئەستۆ کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە بەرپرسایەتیی کۆمیتە شارستانەکانی شنۆ و رەبەت، بەرپرسایەتیی مەڵبەندی ٣ و مەلبەندی سپی سەنگ بکەین.
عومەر حەمیدی ڕۆڵەی هەلومەرجە سەختەکان و تێکۆشەری ڕۆژی تەنگانە بوو. لە هەر شوێنێک و لە هەر ناوچەیەک، حیزبەکەی بە پێویستی زانیبا، ئامادەی خزمەت بوو. کادرێکی بە ئەزموون و پێشمەرگەیەکی نەترس و خەباتکارێکی خەڵکدۆست بوو. شانبەشانی بە دەستهێنانی ئەزموون لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دا، لە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن لە ڕووی سیاسی و فکرییەوەش غافڵ نەبوو. دوایین بەرپرسایەتیی ئەو، ئەندامەتیی کۆمیسیۆنی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بوو.
بنەماڵەی عومەر حەمیدی، بەو هۆیەوە کە کوڕەکەیان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە تێکۆشانی شۆڕشگێرانەی حیزبی دیموکرات دا هەبوو، لە ئەزیەت و ئازاری دەزگای ئیتلاعات بێبەش نەبوون. کاک محەممەدی باوکی، لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجە و لێدانی کاربەدەستان و بەکرێگیراوانی دەزگای سەرکوت و جاسووسیی ڕێژیم دا، تووشی ئازار و نەخۆشیی درێژخایەن بوو.  هاوڕێ عومەر حەمیدی لە کۆتاییەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی ، لە تێکۆشانی تەواووەختی حیزبی دوور کەوتەوە، ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و سەرەنجام لە وڵاتی فینلاند گیرسایەوە. ئەو، لە دەرەوەی وڵاتیش ئەوەندەی بۆی کرابا بەشداری کوڕوکۆبوونەوە و چالاکییە نەتەوەییەکان دەبوو، ڕێزی لە تێکۆشان و خۆڕاگریی هاوڕێیانی لە کوردستان دەگرت و ئەوانی بۆ یەکگرتوویی و بەردەوامبوون لە سەر ڕێگای پڕشانازیی دیموکرات هان دەدا و، لە پشتیوانی و هاوپێوەندی لە گەڵ ئەوان دریغی نەدەکرد.
بە کۆچی ناوەختی عومەر حەمیدی، حیزبی دیموکرات، تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکان، و خەڵکی کوردستان، ڕۆڵەیەکی بوێرو بەوەفای خۆیان لە دەست دا. بەم بۆنەیەوە ، سەرەخۆشی و هاودەردیی گەرمی خۆمان بە هاوسەر و منداڵەکانی لە وڵاتی فینلاند و بە بنەماڵە بەڕیزەکەی لە شاری شنۆ ڕادەگەیەنین.
یادی خەبات و تێکۆشانی هاوڕێی خۆشەویست عومەر حەمیدی لە لای حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان
١ی مارسی ٢٠١٥
١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٣