گیارەنگ مۆمی ١٣ ساڵەی دەست بەکار بوونی خۆی هەڵکرد.

بە بۆنەی دەستپێکی ١٣هەمین ساڵڕۆژی دەست بە کاربوونی ماڵپەری گیارەنگ، ڕۆژنامەی ئێلکترۆنی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوێنەران و هەموو ئەو بەرێزانەی کە بە ناردنی بابەت و شێعر و هۆنراوە و نووسینی جۆراوجۆر ماڵپەری “گیارەنگ” یان دەوڵەمەند کردووە دەکەین.
هاوکات سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان. بێ‌شک هاوکاری خوێنەران و نووسەران بۆتە پشتیوانێکی مەعنەوی بۆ بەرێوەبردن و بۆ چالاکتر کردنی گیارەنگ.
جێگای ئاماژەیە کە ماڵپەری گیارەنگ بێ کەم‌وکوری و بێ گیروگرفت نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەم و کوری و گیروگرفتەکان نەیان توانیوە ببنە لەمپەر لەپێش وەشانی گیارەنگ. ئەگەرچی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بە هۆی هەندێک گیروگرفت وەک پێشوو نوێ نەکراوەتەوە، بەڵام بە پێی ئاماری ماڵپەرەکەمان بە خۆشیەوە سەردانەکانی خوێنەران و هەروەها ئێوە ئازیزان نیشانی داوە کە گیارەنگ سەری لە نێو سەری ماڵپەرە کوردی‌یەکان دا دیارە و ئەوەش هانمان دەدا کە بە ڕێچکەی ڕۆژنامەگەری کوردی دا لە ڕێگای نوێ کردنەوە و هەروا قورس و قائیم هەنگاو بنێین.
ڕەسالەت و مێژووی کاری گیارەنگ هیممەت و ئیرادەی کۆمەڵێک نووسەر و خوێنەرە کە جێگای ڕێز و پێزانینی بەرێوەبەری گیارەنگن. ئەگەر چاو لە ڕیکەوت و وەشانی گیارەنگ بکەی بۆ ئەو کەسانەی شارەزای بواری ڕۆژنامەگەری کوردین دەر دەکەوێ کە گیارەنگ بۆ ڕێزدانان لە ڕۆژی ٢٢ ی ئاپریل کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە دەست بەکار بووە، ماڵپەری گیارەنگ وەشان و تاقیکاری خۆی چەند ڕۆژ پێشتر دەست پێکردبوو. جێگای ئاماژەیە کە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، مێژووی گەلەکەمانن، لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی دا فرۆکە شەڕکەرەکانی بەعس بە هاویشتنی چەند ناپاڵمێکی گەورە زانکۆی شارو چەند گەڕەکێکی قەڵادزێیان وێران کرد و لە ئاکام دا ١٣٤ هاوڵاتی شاری قەڵادزێ شەهید بوون و بە دەیان کەسی دیکەش خەڵتانی خوێن کران و بە هەزاران کەسیش ئاوارە و پەریوەی شارو گوندەکانی دەوروبەر و تەنانەت ئەو دیوی سنووری دەستکرد بوون و لە شاری سەردەشت و ڕەبەت و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەندین مانگ مانەوە، ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی بۆتە چرای ڕووناکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی، ئەوە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵکراوەی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان، هەر بۆیە گیارەنگ خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە وەشانی خۆی لەم دوو رۆژەدا دەست پێکردووە و ڕێز بۆ هەر دوو مێژووەکان دادەنێ و خەباتی ڕۆژنامەگەری کوردی و شۆرشی کوردستان بە یەکەوە لێک گرێدراون. کۆماری کوردستان و شۆرشی گەلی کورد هەمیشە پاڵپشتی سەرەکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی بوون و لە ژێر سێبەر و سایەی کۆمار و شۆرشی کورد دا پەرە بە کاری ڕۆژنامەگەری کوردی دراوە و ئەوەش جێگای شانازی‌یە هەم بۆ کۆماری کوردستان و هەم بۆ شۆڕش و بزاڤی کوردستان.
لێرەدا جێگای خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ بنەماڵەی بەدرخانی‌یەکان سەر قافڵەی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی و هەروەها سڵاو بنێرین بۆ بیری پێشەوا و کۆماری کوردستان و ڕێبەرانی شۆرشی گەلی کورد و خۆراگری شاری قەڵادزێی دووجار شەهید و هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ڕۆژنامەگەری و شۆرشی کوردستان.
لە کۆتایی دا سوپاس بۆ هاورێیان کاک مەریوان نستانی و کاک برایم عەزیزی کە بەردەوام بۆ جوانکاری ماڵپەری گیارەنگ و لابردنی گیروگرفتەکان یارمەتی بەردەوامیان داوین و لێرەوە چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستیان پێشکەش دەکەین.
بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی
٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٥