بەیاننامە: خەڵکی زامداری مەهاباد چاوەڕوانی پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستانن

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
دۆستان‌و دڵسۆزانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ، هەزاران کەس لە خەڵکی قارەمانی شاری مەهاباد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر تاوانی کوژرانی فەریناز خوسرەوانی، لە بەر دەرکی هوتێل تارا کە تاوانەکەی تیدا ڕوودابوو، کۆ بوونەوە. هێزەکانی ناسراو بە دژە شۆڕش کە لە پێشترەوە لە دەوروبەری ئەو هوتێلە جێگیر کرابوون، بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵکەکە دەست بە کار بوون و بە لێدان بە باتووم و بە گازی فرمێسکڕێژ و تەنانەت بە چەکی گەرم بەرەوڕووی خەڵکی نارازی بوونەوە. توند‌و تیژی نواندنی هێزە چەکدارەکان لە لایەک وموتتەهەمبوونی دامودەزگا‌ی ئیتلاعات‌و دەزگا حکوومەتییە پێوەندیدارەکان لە ڕوودانی تاوانەکە‌و لێنەپرسینەوەی لە لایەکی دیکەوە، خەڵکی خرۆشاوی مەهابادی لە سەر پەلاماربردن بۆ سەر ئەو هوتێلە و بە گژداچوونەوەی هێزە چەکدارەکان شێلگیرتر کرد. لە ئاکامی تێکهەڵچوونی هیزە چەکدارەکان و خەڵک دا چەندین کەس لە خۆپێشاندەران بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان جێگای مەترسیە. خەڵکی تووڕە لە دەستدرێژی‌و ستەمی دامودەزگا سەرکوتکەرەکان‌و مۆرە بەدناو و فاسدەکانی ئەو ڕێژیمە، لە درێژەی خۆپێشاندانەکە دا هۆتێلەکەیان ئاگر تێبەردا. ناڕەزایەتیدەربڕێنی خەڵک و تێکهەڵچوونیان لە گەڵ هیزە چەکدارەکان هەتا کۆتاییەکانی شەوی رابردوو بەردەوام بوو. بە گوێرەی هەواڵەکان دەیان کەس لە لاوەکان گیراون و ژمارەیەک لەوان بۆ میاندواو ڕاگویزراون. زۆر لە بریندارەکانیش لە ترسی گیران بە برینداری، نەیانتوانیوە بچنە نەخۆشخانەی دەوڵەتی‌و لە بارودۆخێکی خراپ دا دەرمان کراون. لە ئیستا دا بارودۆخی مەهاباد بە تەواوی نیزامییە. هێزێکی زۆری سەرکوتکەر کە لە شارەکانی دیکە ڕا بۆ سەرکوتی خەڵک و کۆنتڕۆڵکردنەوەی وەزعەکە هێنراون، شاریان بە تەواوی تەنیوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی دووبارەی پەلاماری دەستدرێژیکەرانە بۆ سەر فەرینازخوسرەوانی کە بووە هۆی مەرگی ناوبراو، بێدەنگنەبوون‌و هەڵویستگرتنی خەڵکی قارەمانی مەهاباد لە ئاست ئەو تاوانە، بەرز دەنرخێنێ. خەڵکی مەهاباد، نیشانیان دایەوە کە لە ئاست سووکایەتی و تاوان دەرحەق ڕۆڵەکانی خۆیان بێدەنگ نابن و چاویان لە ئاست خوینی بە ناحەق ڕژاو و گیانی بە ناحەق ئەستیندراوی کچێکی لاوی شارەکەیان نانووقێنن. حیزبی دیموکراتی کوردستان هەر لەو کاتە دا توندوتیژی نواندنی دامو‌دەزگا پیوەندیدارەکان‌و هیزە سەرکوتکەرەکان کە لە جیاتی لێکۆڵینەوە لە تاوانبارانی سووکایەتی پێکردن وگیانلەدەستدانی کچێکی کورد، کەوتوونە دەسڕێژ لە خەڵکی نارازی، بە توندی مەحکووم دەکا.
داوای لە خەڵکی سەرجەم شارو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە کردەوە پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی زامداری مەهاباد ڕابگەیەنن . ئیستا نۆرەی خەلکی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتە کە بە پشتیوانیی مەهابادی خرۆشاوی زامدارەوە بچن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی دیکەوە هێزی چەکداری بۆ سەرکوتی مەهابادییە خرۆشاوەکان هێناوە، پیویستە لەمڕۆوە و بە تایبەتی بە دوای نوێژی هەینی دا، خەڵکی شارە جۆربەجۆرەکان رێپێوانی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن، هەم تاوانی پەلامار بۆ سەر فەریناز و دەیان تاوانی دیکەی کاربەدەستانی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دژی ڕۆڵەکانیان مەحکووم بکەن، هەم هاودەنگی و پشتیوانیی خۆیان لە نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی مەهاباد رابگەیەنن.
لەم کاتوساتەش دا بە دەرفەتی دەزانین هەموو ئەو چەکدار و کاربەدەستە کوردانەی خزمەتی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەکەن، وریا بکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ ئەوان بۆ سەرکوتی خەڵکی هاوشاری و هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیان بە کار بێنێ. وەختی ئەوە هاتوە چاوی خۆیان بکەنەوە و لە جیاتی جێبەجیکردنی پیلانی بکوژانی خوشک و برا وخەڵکی هاوشاری و هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیان ، لە گەڵ خەڵکی بێزار لە ستەم و تاوان، هاودەنگی بنوێنن و ڕابردووی خۆیان بەهەڵویستێکی بوێرانە و شەرافەتمەندانە بکڕنەوە.
لە ڕۆلەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دۆستان و دلسۆزانی گەلی بەشخوراوی کورد لە ڕادەی ئێران و جیهان دا داوا دەکەین لەم بارودۆخە هەستیارە دا، پشتیوانی خەڵکی وەزالەهاتووی ڕۆژهەلاتی کوردستان بن و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەگونجێ،لە بەرامبەر هێرش و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دا، پشتیوانیان لێ بکەن.
ئێمە جارێکی دیکە سلاو بۆهەڵوێستی بوێرانە و خرۆشانی جەماوەریی خەڵکی قارەمانی مەهاباد دەنێرین. بۆ بریندارەکان چاکبوونەوەی هەر چی زووترو بۆ گیراوەکان ئازاد بوون و گەڕانەوە بۆ نیو بنەمالەکانیان بە ئاوات دەخوازین.
چاوەروان‌و هیوادارین خەڵکی شارو ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامیی بسەلمێنن کە خەڵکی خرۆشاوی مەهاباد بە تەنیا نین و لە بەرامبەر سەرکوت و دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە بەرامبەر خەڵکی هەر شار‌و ناوچەیەک، یەکگرتووانە دێنە مەیدان.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤
٨ ی مای ٢٠١٥