خەڵکی شاری سەردەشت کەوتنە بەر هێرش و تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران

دوابەدوای ڕاسانی خەڵکی بوێری شاری مەهاباد لە سەر کوژرانی فەرنیاز خوسرەوانی کچە کوردی مەهابادی، خەڵکی شاری سەردەشت بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری مەهاباد و بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆری بۆ سەر کەرامەتی خەڵک، لە هەڵوێستێکی جوامێرانەدا بە شەقامەکانی شار دا بە درووشم دان هاتنە خوار.
شایانی باسە کە خۆپێشاندەران بە درووشمی “مەهاباد تەنیا نییە و سەردەشتیشی لە پشتە” و هەروەها چەندین درووشمی دیکە، جارێکی دیکە نیشانیان دا کە جەستەی برینداری هەر گۆشەیەکی کوردستان، ئازارەکەی ئی هەموو خەڵکی کوردستانە و خەڵکیش بە گشتی سەر بۆ زوڵم و زۆری و هەڕەشەکانی گۆپاڵ بەدەستانی ڕژێم دانانوێنن.
هێزە چەکدار و دەمامک لە سەرەکانی سوپا و هەندێک جاشی خۆفرۆش بۆ اپێشگیری کردن لە خۆپێشاندەرانی وەزاڵەهاتووی شاری سەردەشت بە چەندین ماشێنی پڕ لە چەکدار پێش بە خۆپێشاندەران دەگرن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە لە نێوان خۆپێشاندەران و چەکدارەکانی ڕژێم تێکهەڵچوون ڕووبدا و دواتریش هێزەکانی رژێم تەقەیان لە ئاپۆرای خۆپێشاندەران کردووە.
بە گووتەی شایەد حاڵەکان چەند کەس لە خۆپێشاندەران بریندار بوون و هەروەها بە هۆی بەرگری قارەمانانەی خۆپێشاندەران چەند کەسیش لە هێزە چەکدارەکانی ڕژێم بریندار بوون.
جێگای ئاماژەیە کە بەداخەوە چەند کەس لە کوڕ و کچانی شاری سەردەشت گیراون و لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و بێ‌حورمەتیان پێ کراوە و تا ئێستا لە چارەنووسیان هەواڵێک لەبەر دەست دانییە، هاوکات رژێم خەریکی گەران بە دوای بەشێک لە خۆپێشاندەران دایە و دەیهەوێ بە گرتن و راودوونانی لاوانی شار، خەڵک چاوترسێن بکات.
لە سەریەک خۆپێشاندەران تا درەنگ وەختانێک هەروا با دارو بەرد بەرگریان لە خۆیان کردووە چەند کەسیان لە هێزەکانی رژێم بریندار کردووە و شیمانەی ئەوە دەکرێ خۆپێشاندەران بۆ ئازادی گیراوەکان جارێکی دیکە بێنەوە سەر شەقامەکان.