دیزاینی مێزۆپۆتامیای نۆێ. جەماڵ عەڵیاڵی

خەریکە هێدی هێدی گشتی پازلەکە ئامادە دەبیت، هەر چەند ناتەواوە بەڵام کرچ و کاڵ نیە، پێویست ناکات مرۆڤ زۆر هۆشمەند بیت بۆ ئەوەی کە هەستی پێ بکات. کێشەکە لە ڕووبەردا بۆتە بە کێشەی شیعە و سووننە. ئاشکرایە کە هۆکارەکانی ئەو ئاڵۆزییەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە سەر کۆمەڵێک هۆکاری تر. لەو کورتە بابەتەدا هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە بە ناوبردنی چەند ڕووداوی مێژوویی وەکوو ڕیشەی ڕووداوەکانی هەنووکەیی، ڕوانگەیەک بخاتە بەرچاو.
بە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بەتایبەت پێشکەوتن لە بواری زانست و تەکنۆلۆژی، بیری مرۆڤەکان تیژتر دەبێت و زیاتر لە دەوری وڵامی زانستییانە بۆ پرسیارەکانیان کۆ دەبنەوە. ئەوە دۆخێکی تایبەتی خوڵقاند. ئاکامی ئەو دۆخە تایبەتییە ئیسلامی وەکوو ئاخەرین دینی سەر زەوی ترساند، ترس لەوەی کە خەریکە ڕکێفی لە دەست دەر دەچێت و پێگە لە دەست دەدات. هەر بۆیە نزیکەی سەد ساڵ لەمەو بەر شیعەکان خەڵکیان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە وەکوو ئەفریقا کرد بۆ ئەوەی کە لەوێندەرێ شۆێن پێی خۆیان بکەنەوە. ئەوکات سووننە لە پڕۆسەی پێشکەوتنی جیهانیدا دواکەوتبوو هەر بۆیە هەستی بەو ئاڵوگۆڕە نەکرد و وەپاش کەوت بەڵام ئێستا ئەوە نزیکەی پەنجا ساڵێکە کە خەریکە وشیار دەبێتەوە. لە خۆشەویستی عەلێ نەبوو کە ئێران کە دەگەڵ ئەمریکا و ئوروپا لە سەر کێشەی ئەتۆمی رێک کەوت. ئێران بەو هەڵوێستە، کاتی زیاتری وەچەنگ کەوت بۆ ئەوەی کە لە یەمەن خۆی بە هێز بکات، ئەوە لە بەشە نۆێیەکانی پازلی سیاسی ناوچەکەبوو.
لەوناوەدا پشکی ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر مێزۆپۆتامیا جیاوازە، سوریا و عێراق بە دەردێکی دووچار هاتوون کە تازە ئەگەرتەنانەت دۆخەکە بگەڕێتەوە پاش، دیسانیش بە سەد ساڵیتر وەکوو خۆیان لێنایەتەوە، ئەوەی لەو وڵاتانەیە و زیندوویە، یان لە دەرەوە ژیاوە یان لە ئازاری دەروونی رەنج دەبات، واتە خەڵکێکی لە زۆر بارانەوە نەخۆش و زورهان دەبێ ئەو دوو وڵاتە ئاوەدان بکەنەوە ئەویش پاش هێوری و هێمنی. دراوسییەکانی میزۆپۆتامیا بوونەتە دوو بەش، بەشێکیان کەم تا زۆر، بە دەردی سوریا و عێراق چوون و بەشێکیان لە ترسی مۆتە بە سەر بەرازدا کەوتوون و زیاتر بەرەو زلهێزەکان ڕۆیشتوون. بەشێکی زۆر کەم، لە راستیدا تەنیا تورکیا و ئێران لە سەر تەنافی پاڵەوانی خەریکی تەنافوازین و هەر بینا ئەوانیش لاسەنگ بوون و بەلایەکدا کەوتن.
ئەوانەی سەروو هیچیان گرفتی کورد و کوردستانیان نین! گرفتی کورد و کوردستانیان ئەوەیە کە تا ئێستا هەستیان بە پێداویستییەکانی هەنووکەیی نەکردووە! زۆربەیان هەر وەوکوو جاران وەکوو مناڵێک بە نۆقلە بەلاسکەیەک هەڵدەفریوێن یاخود سەر دەکەنە ناو بەفر بەو هیوایە کە کەس نەیانبینێت. ئەوەتا پاش زیاتر لە ٢٥ ساڵ حکومەتی کوردی لە باشوور، ئێستاش حکومەتی یەکدەست نیە و ئەوەی کە هەیە زیاتر لە پارێزگایەکی هاوبەشی تورکی و ئێرانی دەچێت، جگە لە موچە و هەڕەشە لە قاڵبی ئاسایش و پێشمەرگە دا، چ شتێک لە مێدیاکانی فەرمی ناکەوێتە بەرچاو. دەبوایە پاش ئەو ماوەیە لە حکومەتی کوردی، ئێستاکە باسی سەرکەوتنی خۆێندکارانی کورد لە ناوەوە و لە دەرەوە کرابا، باسی ئاوەدانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ باشوور کرابا، باسی دابینکردنی کەرەستەی پێداویست بۆ لەش ساخی مناڵان کرابا. قەیدی ناکات، با لەسەر پشتیوانی کردن لە کوردانی بەشەکانیتر هیچ باسێک نەکرا با… لێرەدا مەبەستم گرینگی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمە کە بە داخەوە جگە لە گەندەڵی و سەردانەواندن بۆ داگیرکەران تا ئێستا چی لێ هەڵنەوەریوە. هۆکارێکی گرینگی ئەو دۆخە، کەم تەرخەمی و ناوشیاری، لە خراپترین حاڵەتدا نەزانی و چەوتەزانی ڕۆناکبیری کورد بوو! یەک لەوان نووسەری ئەو بابەتە. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر کارتێکەری فەرهەنگی چەوتی داگیرکەران.
لە دۆخی هەنووکەییدا گرینگ ئەوەیە کە لە ئەگەری هەڵایسانی ئاگرێکی قورسی نێوان شیعە و سووننە ئاخۆ ئێمەی کورد چ دەکەین؟ ئایا ئەوەندە بیرمەندی لە ناو کورددا هەیە کە بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانە و بە ڕووحی شۆڕشگێرانە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی، وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی، بەرژەوندی حێزبی وەلابنێت و نەبێتە بە داردەستی شیعە و سووننە؟ پرسیارێک کە وەکوو هەویری ماڵی “قەرەتاژدین” ئاوی زۆر دەبات.
جەماڵی عەڵیاڵی