بەڕیوەچوونی سمینارێکی گشتی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حدک بە بەشداری سەدان کەس لە وڵاتی سوید

بەڕیوەچوونی سمینارێکی گشتی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حدک بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ مەی ٢٠١٥ی زایینی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، سمینارێکی گشتی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزب پێک هێنا. لەو سمینارە دا کە نوێنەرایەتی بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، دۆست و لایانگرانی حیزب لەو وڵاتە و هەروەها پەیامنێری چەندین ڕاگەیاندنی کوردستانی و جیهانی ئامادە بوون، بەڕێز خالید عەزیزی بە شێوەیەکی گشتی تیشکی خستە سەر ڕووداو و گۆڕانگارییەکانی جیهان، ناوچەی خۆرهەڵاتی نیوەراست، ئێران وکوردستان و هاوکات سیاسەتە ڕوون و ئاشكراکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە سەر ڕووداو و پێشهاتەکان خستە ڕوو.
سمینارەکە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی سوید، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و یەک خولەک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و نەتەوەکەمان دەستی پێکرد. پاشان هاوڕێیان حەمەدەمین ڕەشیدی و شلێر حەسەنپوور، ئەندامانی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید، وتەیەکی کورتیان سەبارەت بە باس و بابەتەکانی سمینارەکە پێشکەش کرد.
بە دوای ئەواندا هاوڕی خالید عەزیزی وێڕای بەخێرهێنانی هەموو میوانان، خۆشحاڵی خۆی لە ئامادە بوونی ئەو بەشە زۆرە لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید دەربڕی و وتی بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە کە لە نزیکەوە و پاش کۆتایی قسەکانم گوێم لە پشنیار و تێبینییەکانی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست بێت، چونکا سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی خاوەن ڕابردوو و خاوەن تەجروبە، خەمخۆر بە نیسبەت قەزییەی کوردەوەی تێیدا نێشتەجێیە و لەو بابەتەوە هەموو کات توانیوەیەتی کەیفییەتێکی بە هێزی هەبێت لە چۆنیەتی بە قوەت کردنی دەنگی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی کورد.
عادەتەن دەڵێن ئەو وەزعییەتەی کە ئێستا تێیداین زۆر هەستیارە و ناسکە، بەڵام بە بڕوای من بۆ نەتەوەیەک و بۆ حیزبێکی سیاسی کە لە حاڵی تێکۆشان دایە و بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، هەمو ڕۆژەکانی وایە. بەڵام ڕەنگە زۆر هەستیاری و ناسکی هەلوو مەرجێک فەراغێک درووست بکات بۆ بەرچاو ڕوونی بۆ سیاسەتی گەورە بۆ داهاتوو. بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانی دا گوتی: من زۆرتر تێدەکۆشم کە قسەکانم لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان کوردستانی ئێران دا چر بکەمەوە، چونکا ئەندامی حیزبێکم کە مەیدانی تێکشانی لەو بەشەی کوردستانە، لە هەمان کاتیشیدا بە مەسئوولییەتەوە تەنزیمی عەلاقاتی سیاسی خۆی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان کردووە و هەرواش چاوەڕوان ئەکرێ لە حیزبی دیموکراتی کوردستان.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنی پێناسە دەکەین؟ ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە چۆن پێناسە کراوە؟ ڕەنگە بۆ زۆربەی ئێمە، کە لێرە دانیشتووین و چالاکی سیاسیی بووین، پرسیار ئەوە بێت کە حیزبی دیموکراتی کوردستان کە پێ دەنێتە ٧٠ ساڵی، خەبات و تێکۆشان لە لایەک، قوربانی فیداکاری لە لایەک، ئیفتخاری کۆماری کوردستان و یەکەم پێناسەی کوردی، بە ئاڵا و سروود و پێشمەرگە، بە موئەسسەیەکی دەوڵەتی لە لایەک، دەربەریەکی زۆر بۆ ئەندامان و ڕێبەرانیشی تێکەڵ بەوە، تێرۆر و شەهید کرانی کۆمەڵێک زۆر لە ئەندامان و ڕێبەرانیشی، بۆ حیزبێک کە ئەو پاشخانە بە قووەتەی لە خەبات و تێکۆشان هەبوو، قەتعان بێ هەڵە و پەلە نەبووە بۆ حیزبێکی سیاسی، ئێعتراف بە هەڵە و پەلەکانی بەرچاو ڕوونییەکی زۆری بۆ پێک دێنێ کە چۆن لەگەڵ ئەو سیناریۆ ناڕوونانە بەرەوڕوو بێتەوە کە ئەگەر لە بەشەکانی دیکە کوردستان پێچیدە بوون، بێگومان لە ئێران پیچیدە تریشە. کارنامەی درووست بوونی ئێران، یەکەم وەک ئیمپراتووری ئێرانی و دواییش ئەوەی کە ئایین تێکەڵاو بە سیاسەت بوو، پێناسەیەکی دوو لایەنەی داوە بە ئێران، کە یەکیان ئایینی و ئەوەی دیکەیان پان ئێرانیزمە، کە ئەو جۆرە پێناسەیە نە لە سووریە، نە لە عێراق و نە لە تورکیە هەبوو. بەڕێز عەزیزی لەو بروایە دا بوو کە بە پێی ئەو فاکتەرانە، چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بەشەی کوردستان، لەگەڵ ئەو سیناریۆ ناڕوونانەی کە لە داهاتوو دا دێنە پێش، بێگوومان کارەکان قوورستر دەکات. بەڕێز سکرتێری گشتی حدک پێی وابوو کە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە بەدرێژایی مێژوو بەرەوڕووی ڕۆژهەڵاتی کورستان بووەتەوە، بەڵام هاوکات کۆمەڵێک شانس و دەرفەتیش دێنە پێش و دەبێ بزانین چۆن لە داهاتوو دا بزانین مودیرییەتیان بکەین. ئێران تایبەتییەکی خۆی هەیە کە دەبێ بە خوێندنەوەی تەواوەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، چونکا ئەو خۆی لە هەموو کێشەکانی ناوچەکە و جیهان هەڵدەقوورتێنی و خۆی دەخاتە ڕیزی زلهێزەکانەوە، ٥+١ دێت لەگەڵی دادەنیشیت و ئەوش ١٠ ساڵ یارییان پێ دەکات. ئێران هێندە خۆی بە زل دەزانێ، کە ئەگەر لای زۆت فاکتەری یەکەم نەبێ، ڕازی نییە بە فاکتەری دووهەم بوون لە ناوچەکە دا. ئێران بە شیوەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ قەزیە کرد لە ناوچەکە دا دەکات. خۆ بە دۆستی کورد لە سوریە و عێرا ق و تورکیە دەزانێ، بەڵام لە هەموو شێوەیەکی سەرکوت و گرتن و کوشتار دژ بە کوردی وڵاتەکەی خۆی کەڵک وەردەگرێ. ئێمە دژی پەیوەندی ئێران لەگەڵ پارجەکانی دیکە کوردستان نین و پێمان خۆشە ئەو پەیوەندییە دا پەرە بستێنێ، بەڵام ئێران لە سۆنگەی بەرژەوەنییەکانی خۆی مامەلە لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان دا دەکات و بە قازانجی خۆی نازانێ کێشەیان بۆ دروست بکات.
بەڕێز عەزیزی پێی وابوو کە ئێران لەو پشتیوانییەی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ پەڕاوێز خستنی کورد لە ئێراندا کەڵکی وەرگرتووە و هەموو کات وای نیشانداوە کە کورد لە ئێراندا کێشەیەکی نیە. لە ئاستی نێودەوڵەتی دا و بە تایبەت کێشەی ناوەکی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا دا لەو بڕوایە دان کە هیچ پوەندییەکی بە قەزیەی کوردەوە نیە و لەوانەیە کە تا دەیان ساڵی دیکە درێژەی هەبێ. ئەو پێی وابوو کە ئێران دەیەوێت لە هەموو فاکتەرەکان بۆ زەق کردن و نیشاندانی تواناکانی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دا کەڵک وەرگرێ و تەنانەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیمتیاز وەرگرێ، ئەوە جگە لەوەی کە دەیەوێت بە جیهانی بسەلمێنێت کە توندرەوی سوونە کێشەیەکی جیهانی و ناوچەییە کە لە ئیستا و داهاتوو دا دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکە قسەکانی دا هاتە سەر باسی ڕۆژهەڵات مێحوەری کە ماوەیەکە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هاتووەتە ڕۆژەڤ و لەو بڕوایە دا بوو کە دەبێ ئەو هەستە لە هەمووان دا بەهێز بکرێ چونکا بە هیز بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێتە هۆی بە هێز بوونی پارچەکانی دیکەش. بەڵام لەتبوون و پارچە پارچە بوونی حیزبەکانی بە کێشەی سەرەکی گەشە نەکردنی ئەو بەشەی کوردستان زانی کە بەشی هەرەزۆری ئەو کێشانە، لە ٧٠ ساڵ تەمەنی حیزبی دیموکرات دا بەر ئەو حیزبە کەتووە. هەرچەندە پێی وابوو کە ڕۆژهەڵات مێحوەری بووتە کێشەیەک بۆ حیزبەکەمان، بەڵام بەو حاڵەش پێی لەسەر ئەو سیاسەتەی حیزبەکەی داگرتەوە کە دەبێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان بەو ئاقارە دا ڕێکخەن و گوفتمانی خۆیان بۆ جارێکی دیکە بووژانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشە ڕواکەی. حێزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ئەو ڕابردووە پڕ لە سەرەوەری و هاوکات پاشخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە بە درێژایی چەندین ساڵ خەباتی خۆی بە دەستی هێنابوو چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا کە لە ساڵانی زووەوە ڕێبەری ئەو ڕەوتە بگرێتە دەست، بەڵام بە داخەوە ناکۆکی نێوخۆیی و لەتبوونە نەیتوانی ئەو ئەرکە قوورسە بگرێتەئە ئەستۆ.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا بەڕێز خالید عەزیزی هاتە سەر باسی فیدرالیزم و لەو پەیوەندییە دا ووتی: چەمکی فیدرالیزم لە ئێستا دا تا رادەیەکی زۆر باوی نەماوە و قەزیەی کورد زۆر لە فیدرالیزم مەترەحترە لە ئێراندا. هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ناوچەکە و نەوعی ئەو سیستەمانەوە گێرایەوە کە لە ناوچەی ئێمە دا دەسەڵات دارن، نموونەشی بۆ ئەوەی سەرنەکەوتنی فیدرالیزم لە عێراق هێنایەوە.
شعوری سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوونە سەرەوە دایە، ئەوەش سانسێکە. خەڵک خەریکی دامەزراندنی کۆڕ و کۆمەڵ و بنیاتی مەدەنی و کاری بە کۆمەڵن. هەرچەندە لەو بوارە دا زۆر جاریش تووشی گیران و ئەزیەت و ئازاری ڕژیمی دەبنەوە.
پەرەسەندنی ئیمکان و هەلی پەیوەندی گرتنی خەڵک بە یەکتری و بوونی دنیای مەجازی بە هەلێکی باش زانی بۆ گەشە سەند و توند و تۆڵ کردنی پەیوەندی خەڵک لە ناو خۆ و دەرەوە وڵات و پێی وابوو کە ئەوە کارتێکەری باشی دەبێ لە سەر حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانیش. هاوکات پێی وابوو کە کوردستانی ئێران لە کێشەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئێراندا زۆر شانشی باشی هەیە، بەڵام پیویستی بە مودیرییەت و ڕێبەرێیەکی باش هەیە. هەر بۆیە دەبێ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەوڵ خەباتی داهاتوویان دا زیاتر خۆیان بە کێشەی کوردەوە خەریک کەن و خۆیان لە درووشـن گەلێکی وەک فیدرالیزم بۆ ئێران خۆ بپارێزن، چونکا لە وڵاتێکی فرە نەتەوە دا دەستەبەر کردنی ئەو چەمکە کارێکی ئاستەمە.
بە دوای وتەکانی بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، چەندین پرسیار ئاڕاستەی بەڕێزیان کرا کە زۆر بە وردی وڵامی دانەوە.
ئەو سمینارە پاش نزیکەی ٤ کاتژمێر کۆتایی هات.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید