پەیامی سەرەخۆشیی دەفتەری سیاسیی حدک بە بۆنەی کۆچی‌دوایی نووسەر،وەرگێڕو ڕۆژنامەنووسی بەخزمەت ئەحمەد قازی

پەیامی سەرەخۆشیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی‌دوایی نووسەر،وەرگێڕو ڕۆژنامەنووسی بەخزمەت ئەحمەد قازی
دوێنێ یەكشەمە ١٧ی جۆزەردان، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر‌و پڕ خزمەت، ئەحمەدی قازی لە تەمەنی ٧٩ ساڵی دا، بە داخەوە کۆچی‌دوایی کرد.
ئەحمەدی قازی کە لە بنەماڵەی بەناوبانگی قازییەکان بوو‌و باوکی، ئامۆزای پێشەوا قازی سەرکۆماری کوردستان بوو، ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە ئاوایی قازیاوای مەهاباد هاتبووە دنیا. کاک ئەحمەد دوای تەواوکردنی سەرکەوتوانەی قۆناغی بەرزی خوێندن لە زانکۆی تاران‌و وەرگرتنی لیسانس لە زمانی ئینگلیزی‌‌دا، ڕووی کردە کاری مامۆستایەتی. هاوکات وەک کۆمەڵێک لە فەرهەنگیانی دۆست‌و هاوڕێی ئەو سەردەمەی کە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون، تێکۆشانی خەباتکارانە‌و نیشتمانپەروەرانەی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا بردە پێش. ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی بە تاوانی تێکۆشانی حیزبی‌و سیاسی، لە لایەن ساواکەوە گیرا‌و، چوار ساڵ لە بەند‌دا مایەوە.
دوای ئازادبوون لە بەندیخانە درێژەی بە خزمەتە فەرهەنگییەکانی دا. بە دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەحمەدی قازی جارێکی دیکە دەرفەتی بۆ هەڵکەوتەوە تا لە ڕاستای ئامانجەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا، توانای فکری‌و لێهاتوویی ڕووناکبیرانەی خۆی بۆ خزمەتی نەتەوە‌و نیشتمانەکەی بە کار بێنێ. لە دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە‌و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات، کاک ئەحمەد بوو بە هاوکار‌و هاوڕێیەکی زۆر نزیکی ڕێبەریی حیزب تا ڕادەیەک کە بە ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکرات هەڵبژێردرا. ئەو بە قەڵەم‌و فکر‌و زمان‌و توانای دەوڵەمەندی خۆی، یارمەتیدەری نزیکی سکرتێری گشتی‌و دەفتەری سیاسیی حیزب لە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی‌دا بوو. لە دانوستانەکانی نێوان هەیئەتەکانی حیزبی دیموکرات‌و تاران، لە نووسینی ئەدەبیاتی سیاسی‌‌و ئامادەکردنی گەڵاڵەی جۆراوجۆردا‌و لە هەر بوارێکدا کە حیزب پێویستی پێ با‌و ئەو لە توانای‌دا هەبا، یارمەتیی ڕێبەیی حیزبەکەی دەکرد. لە سەرەتای دەیەی ٦٠ی هەتاوییش‌دا، کە نەیتوانی تێکۆشان‌و خەباتی سیاسی لە چیا‌و لە دەرەوەی شارەکان درێژە بدا، گەڕایەوە سەر خزمەتە فەرهەنگییەکانی‌و خەرمانی وەرگێڕان‌و نووسینەکانی دەوڵەمەند کرد.
دوای کۆچی‌دوایی مامۆستا هێمن، ئەرکی بەرپرسایەتیی گۆڤاری سروەی گرتە ئەستۆو بۆ ماوەی نزیک ٢٠ ساڵ، ئەو ئیمکان‌و دەرفەتە بەرتەسکەی بۆ خزمەتی زمان‌و ئەدەبی کوردی‌و پێگەیاندنی نەسڵێکی نوێ لە هۆگرانی زمان‌و فۆلکلۆر‌و مێژوو‌و ئەدەبی کوردی تەرخان کرد.
مامۆستا ئەحمەدی قازی لە ژیانی فەرهەنگیی‌و ڕۆژنامەنووسیشی‌دا، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری سیاسی‌و ئەو گۆشارانەی کەسایەتییە فەرهەنگییەکان لە ئێران لە گەڵیان بەرەوروون، هیچ کات نەک هەر پشتی لە گەلەکەی نەکرد، بەڵکوو هەوڵی دا لە سەنگەری کاری فەرهەنگیشەوە خزمەت بە نەتەوە‌و نیشتمان‌و بیری پێشکەوتوانە‌و مرۆڤدۆستانە بکا. لەو دەرفەتانەش‌دا کە کاتی سەفەر ‌و هاتوچۆ بۆ هەرێمی کوردستان بۆی دەرەخسا، لە دیداری کەسایەتییەکانی حیزبی دیموکرات‌و نیشاندانی دڵسۆزی‌و هاوپێوەندی لە گەڵ ئەم حیزبە‌و خەباتەکەی درێغی نەدەکرد.
بە کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەدی قازی، کوردستان کەسایەتییەکی پڕ خزمەت‌و، حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و تێکۆشەرە دیار‌و دێرینەکانی دیموکرات، دۆستێکی دڵسۆز‌و بەنرخی خۆیان لە دەست دا.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ئەم خەسارە گەورەیە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا ئەحمەد قازی‌و هەموو قازییەکان، هەروەها سەرەخۆشی لە تێکڕای هۆگرانی خزمەتە فەرهەنگییە بەنرخەکانی ئەو مامۆستایە دەکا.
دەفتەری سیاسیی
حیزبی دیموکراتی کوردستان
٨/٦/٢٠١٥
١٨/٣/١٣٩٤