هەرگیز چاکەیەکی خێر لە سەر ڕێگای حیزبی قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی سەوز نەبوویەوە! محەممەد سلێمانی

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی میللی و دێمۆکڕات و پێشکەوتنخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدرێژای مێژووی لە دایکبوونیەوە ( ٢٥ی گەلاوێژی ، ١٣٢٤ی هەتاوی)

زۆر سەربەرزانە خەباتی کردوە و هەرگیز لە سەر حیسابی بەشەکانیتری کوردستاندا، پەرەی بە شۆڕشی گەلی بندەستی کورد نەداوە و ئەگەر قۆناخێکی گرینگ و هەستیار لە هەر پارچەیەك هاتبێتە پێشەوە و جووڵانەوەی نەتەوەی گەیاندبێتە سەر هێڵی نزیك لە ڕزگاربوون، پشتیووانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لێکردوە و هەوڵیداوە لە هەموو روویەکەوە پاڵەپشتیان لێ بکات. حدکا وەك هێزێکی دیار و گاریگەری کوردستان گەلێک شانازی گەورەی لە مێژووی تێکۆشانی سیاسیدا تۆمارکردوە و کاتێکیش کۆماری کوردستان لە چوارچرا بە فەرمی ڕاگەیاندرا و داموودازگە حکوومەتیەکان جێگرکران و، پاشان قۆناخی حوکمڕانی بە شێوەیەكی سەرکەوتوانە لە سنووری حکوومەتی کوردستاندا بە دیاری پەرەیگرت و لە ماوەی کورتی تەمەنیدا دەسکەوتی زۆری بەدەست هێنا و ستیە سەر خەرمانی خەبات و تێکۆشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

حدکا لە هەموو کات و ساتێکی مێژووییدا، دەرگای بەسەر ڕۆلە لێقەوماوەکانی گەلی کورددا کراوە بووە و هاوکاری و یارمەتی گەورەی بە جووڵانەوەی بەشەکانیتری کوردستانکردوە. چوونکی بنەمای فیکری سیاسی و نەتەوەی حیزب لە سەر ئەو ئەساسە بیناکراوە و بە دڵنیایەوە بەردەوامدەبێت لەسەر درێژەپێدانی ئەو ڕێچکە نەتەوەیەی کە لە پێناویدا لە مێژوو ساڵە خەبات دەکات و خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە و سێ دانە، لە دیارترین و کاریگەرترین ڕێبەرەکانی( قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی) لە پێناوی ئازادی سیاسی و نیشتیمانی گەلی کوردستاندا، گیانیان فیداکردوە. وەختێك حکوومەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندرا و، پاشان بارزانیەکان بە سەرۆکایەتی سەرکردەی ناسراوی کورد خوالێخۆشبوو ” مەلا مستەفا” دەگەنە شاری مەهاباد، پێشەوای نەمر، وەك سەرۆکی حکوومەتی کوردستان زۆر بەگەرمی پێشوازیان لێدەکرێت و بەکردەوەش بارزانیەکان کرانە هاوبەشی دەسەڵات و وەك میوان سەیرنەکران و بەڵکوو حیسابی خانەخوێیان بۆکرا. بەڵام ” بەداخەوە هەرگیز ئەوەمان نەبینی لە بەر ڕێگای خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری حیزبی قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی سەوزبێتەوە ” و هەتا ئەگەر بۆ جارێکیش بێت هەست بە میوانی و خەدر لێکراوی خۆمان نەکەین لە کوردستاندا. ئەو رووداوانەی بەدوایاندا بەسەر حیزب و جووڵانەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتوون، زادەی ئەو قۆناخە سیاسی و مێژوویەبوون کە بەداخەوە بە هۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستکران و هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە سەر سنوورەکاندا. حیزبی دێـمۆكراتی کوردستانی ئێران بە ڕەزامەندی خۆی بۆ ئاگاداری بیروڕای خەڵکی کوردستان ، دەست بەرداری بناری قەندیل و کاروچالاکی سیاسی خۆی نەبووە. بەڵکوو بە هۆی ئەو فشار و زەختەوە بووە کە لە لایەن هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان لەسەری بووە. ئێستا زۆر لە دڵسۆزانی چالاکبوونەوەی خەباتی سیاسی لەو بەشەی کوردستاندا، هاوکاری و پشتیووانی لە رەوتی چالاكبوونەوەی شۆڕش لەو بەشەی نیشتیمان دەکەن و فێعلن ڕێگەریەك بەدی دەکرێت لە بەردەم گەڕانەوەی هێزە کوردیەکان بۆ سەر سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور. بەڵام ئەو جارەیان بە داخەوە ” پکک” هاتۆتە ” نێوانی تێکۆشەرانی حدکا و ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ” لە سەر سنوورەکان و پێیان وایە بۆ گەڕانەوەی هێزی سیاسی ڕۆژهەڵات کە هەڵقوڵا و زادەی ئەوێن لە پکک ئیزن بخوازن، دەخوا رێگای گەڕانەوەیان بۆ دەکاتەوە یان بە پێچەوانەوە هەڵسوکەت دەکەن. زۆر لە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گوومانی هەبوونی ڕێکكەوتنێکی سنوور پاراستن لە نێوان حکوومەتی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بە هاوپشت و هاوخوێنی هەر چوار بەشی کوردستان دەزانێت و هیچ پارچەیەك بە نەیار و دژی خۆی و شۆڕشە رەواکەی سەیر ناکات، ئەوەی پکک کایش ئێستا دەیکات، بێگوومان زیانی زۆر بە بووژانەوەی شۆڕش لە کوردستان دەگەیەنێت و پێمان خۆشە ئەوانیش وەك کوردێك سەیری بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەی لە بەشەکانیتری کوردستان بکەن.
بەداخەوە زۆر جار لە کوردستان بە شێوەی جۆر بەجۆر هەوڵی پەراوێزخستنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بەسەر رووداوە سیاسیەکانی ئێران و کوردستاندراوە و هەتا لە زۆر قۆناخی دیاریکاروەدا، لە گەڵ گیروگرفتی گەورە بەرەوروو بۆتەوە. تازەترینیشیان کێچەڵفرۆشی پارتی کرێکارانی کوردستان بە حیزبی جێگای باوەڕو متمانەی کۆمەڵانی هەروای خەڵکی کوردستانبووە. حدکا لە سایەی هەبوونی سیاسەتێكی ڕاست و ئوسسوڵیەوە و ئاستی وریای و وشیاری سیاسی پێك هاتەی تەشکیلاتی حیزب، زۆر بەخێرای بەسەر قۆناخە سەختەکانی سەر ڕێگای خەبات و بەرخۆدانیدا زاڵبووە و هەتا ئێرەش هیچ کەندوکۆسپێك نەیتوانیوە لە رەوتی خەباتدا ، پێشی رەورەوی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بگرێت. بەروەکەیتریشدا هێزێكی سیاسی وەك ” حدکا کە لە رووی ماددی و مەعنەویەوە پشت ئەستوور بێت بە هێزی لە بەبڕاننەهاتووی خەڵکەکەی خۆی و پەرێزی تێکۆشانی سیاسی پاك و خاوێن بێت و پەڵە و لەکەی ڕەش بە ناوچاونیەوە نە نیشتبێت، زۆر بەدژواری هەوڵەکانی پەراوێزخستنی بەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی وڵات، کە بە هۆی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران و ژمارەیەك لە کەسەدیارەکانی نێو بزووتنەوەی نیشتیمانی کورد دەدرێت سەرکەوتووبێت ” .
حیزبی دێمۆکڕات لە ماوەی خەباتی سیاسیدا، بۆجارێك لە جاران” بە لایەنگری و پشتیووانی لە سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستاندا بوووبێت، لوولەی چەکەکانیان بەرەو سینگی خەبات گێڕانی کورد نەگرتووە و لەو ڕێگایەدا خوێنی ڕۆڵەی کوردیان بەدەستی نەڕژاوە و، حیزب و تەشکیلاتەکەی بە ئەزموون وەرگرتن لە شەڕی نێوخۆی و براکۆژیەوە، نەفرەت لە تێکەڵچوونی شەڕی چەکداری خۆبەخۆ دەکات.
هێزێکی سیاسی و بەکرداری وەك حدکا، لە هەر قۆناخێکی دیاریکراوی سیاسیدا بووبێت، هەمیشە ڕەچاوی بنەمای فیکری سیاسی و نەتەوەی خۆیکردوە و بڕیار و قەرارەکانی بەجۆرێك بووە کە تێیدا زیان بە ئاستی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی نەگەیەنێت و، بەدڵنیایەوە هەر بەو بەرپرسیارەتیەش هەڵسووکەوتی لە گەڵ رووداوی نەخوازراوی ” کێلەشێن ” و دروستبوونی بارگرژی لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کردوە و دەیکات. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەمافی ڕەوای سیاسی و تەشکیلاتی خۆی دەزانێت، بۆ دەست پێکردنەوەی شۆڕش و خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئیزن لە کەس وەرنەگرێ و مافی پکک نیە وەك هێزێك کە زادەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیە، گیروگرفت لە گەڵ هێزەکانی ئەوێدا دروست بکات و خۆی بکات بە پادشای سەرسنوورەکان و بکەوێتە نێوان کۆماری ئیسلامی و تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکراتەوە.
محمد سلێمانی
09.06.2015