چەند دێرێک لە سەر شەهید قادر ئەمینی. نووسینی: حەمەرەسووڵ کەریمی

شاری سەردەشت یەکێک لەو شارە دڵڕفێن و جوانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە وێرای ئەوە سرووشت و دیمەنی جوانی هەیە هاوکات خەڵکێکی دڵفراوان و شۆرشگێر و بە ئەمەگیشی هەیە.

لە سەریەک شاری سەردەشت شوێنی زیندووبوونەوەی شۆرشە جۆراوجۆرەکانی گەلی کورد بووە. هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی نسکۆ و تووشی لاواز بوون هاتوون، لەو مەڵبەندە دڵرفێنە و لە باوەشی خەڵکی دڵسۆزی ئەو مەڵبەندە، خۆیان گرتۆتەوە و خۆیان ڕێکخستۆتەوە.
خەڵکی ئەم دەڤەرە وێرای سەختی ژیان، هەمیشە بۆ بژیوی خۆیان هەوڵی سادقانە و ژیرانەیان بۆ کارو کاسبی و بژیوی خۆیان داوە. یەکێک لەو بنەماڵە تێکۆشەر و خۆشناو و بە ئەمەگانەی شاری سەردەشت ماڵی بەرێز مام خدری ئەمینی‌یە.
مام خدر کەسێکی دیار و جێگای باوەری خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو، بۆ بژیوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی هەموو جۆرە کارێکی یاسایی دەکرد، ساڵانێک وەک کەسێکی دیار لە دوخانیاتی سەردشت کاری دەکرد و زۆر کەس پێیان دەگووت مام خدری دوخانیاتی، ساڵانێکی دوور و درێژ وەک کەسێکی جێی باوەری، چەند دوکاندارێک کاری دەکرد و دووکاندارەکانیش سەروەت و سامانی خۆیان، لەبەر پاکی و سادەقی و ڕاستگۆیی مام خدر لە لای ئەو بەرێزە بەجێ دەهێشت و مام خدریش بە چاوی دڵ ئاگاداری دووکانەکانی دەکرد.
لە ئامیزی مام خدر و هاوسەری ژیانی دا پوورە زڵێخا، چەند کوڕ و کچی نیشتمان‌پەورەر پەروەردە بوون. مام خدر و پوورە زڵێخا، منداڵەکانیان فێری ژینگەپارێزی، خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان کرد. هەر کام لە منداڵەکانیان سەربردەی تایبەت بە خۆیان هەیە. کوڕی گەورەی مام خدر ناوی قادر بوو. بەرێز قادر ئەمینی کەسێکی دەرس خوێن، مرۆڤێکی وەرزشکار لە بوارەکانی تۆپی‌پێ، هەڵاتن (دوندگی) دا بوو، مرۆڤێکی سادە و خۆنەویست و گەلدۆست بوو، کوڕی ڕۆژی تەنگانە و یارمەتیدەری هەموو لایەک بوو.
شەهید قادر ئەمینی لە راپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی کاریگەری هەبوو، لە هەموو خۆپێشاندان و مانگرتنەکاندا لەگەڵ چەند کەس لە هاوپۆلی‌ و هاورێکانی دا پێشەنگی گشت لایەک بوو، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهید قادر بوو بە یەکێک لە ئەندامە هەڵسوور و چالاکەکانی حدک و بە دڵەوە کاری بۆ ڕزگاری گەلەکەی دەکرد. شەهید قادر چاونەترسانە هەوڵی سازماندەیی و زیادکردنی ئەندامی بۆ حیزب دەدا. ئەندامێکی چالاک، ڕاستگۆ و بە ئیمان بوو، ژیانی خۆی بۆ کارەکانی حیزبی لە مەترسی دەخست و هەر کارێکی سەخت و دژوار بوایە، کاک قادر و هاورێکانی بە سێ‌و دوو لێکردن بەرێوەیان دەبرد. کاک قادر دوای پشووی خوێندنی هەموو ساڵێک، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بژیوی ژیانی بنەماڵە بێ ڕووی لە کرێکاری دەکرد و بەم شێوەیە پشووی هاوینی تەواو دەکرد و دڵخۆش بوو بەوەی کە دەتوانێ یارمەتیدەری باوکی زەحمەتکێشی و بنەماڵەکەیان بێ.
هاوینی ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی لەگەڵ چەند کرێکاری دیکە لە سەر چۆمی کەڵوێ لە نێوان گوندەکانی قوڵتێ و باڵان خەریکی خیز بارکردن دەبن، دەستەیەک پێشمەرگەی حدک بۆ زەربە لێدان لە دوژمن کەمین دادەنێنەوە، ئەو ماشێنەی کە کاک قادر و کرێکارەکانی تێدابوون، ماشێنی بارهەڵگری شارەداری شاری سەردەشت بوو، پێشمەرگەکان بە هەڵە لە ماشێنەکە تەقە دەکەن و بەداخەوە کاک قادر بە تووندی بریندار دەبێ. هەر بەو ماشێنە شەهید قادر دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت. دوای ماوەیەک چارەسەری پزیشکی بەداخەوە دوکتور بریار دەدا لاقی لە سەرەوەی ئەژنۆ ڕا ببرنەوە و بەم شێوەیە کاک قادر لاقێکی لە دەست دەدا و کەم‌ئەندام دەبێ.
دوای سارێژ بوونەوەی برینەکەی، کاک قادر بە خۆی و دارشەقەی دەستیەوە جارێکی دیکە دەست بە تێکۆشانی حیزبی دەکاتەوە. ئەو بەشێک لە جەستەی خۆی بە دەستی خۆشەویستانی خۆی، واتە پێشمەرگەکانی دێموکرات لە دەست دابوو، بەڵام ئەو دەیزانی هیچ بوغزێک لە کاری پێشمەرگەکان دا نەبووە و تەنیا هەڵەیەک ڕوویداوە، شەهید قادر ئەو هەڵەیەشی نەکردە بوغز بۆ ئەوەی واز لە ئەندامەتی حیزبەکەی بێنێ، بەڵکوو چالاکانەتر لە پێشوو دەستی بە کاری حیزبی کردەوە و ئەوەندەی لە توانای دابوو، بانگەشەی بۆ کاری حیزبی دەکرد و ژیانی خۆی بۆ کاری حیزبی تەرخان کردبوو. کوڕێکی چاونەترس و بە ئیمان بوو، ئیرادەیەکی پتەوی هەبوو، هەر بۆیەش خەڵک خۆشیان دەویست.
زۆر بەداخەوە شەهید قادر لە لایەن خۆفرۆشێکە دەخسترێتە ژێر چاوەدێری و دواتر ڕاپۆرتی لێدەدرێ و لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە زستانی ساڵی ١٣٦١ ی هەتاوی دەگیرێ و لە تەورێز حوکمی ئێعدام بە سەر خۆی و هاورێیەکانی دا دەسپێندرێ، بۆ جێ‌بەجێ کردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی شاری گەوهەر دەشت دەکرێن، پێش ئەوەی حوکمەکە جێ‌بەجێ بکەن، ئایەتووڵڵا خومەینی لە نوێژی هەینی دا و لە کاتی خوتبە دا عەفوو و بەخشین بۆ هەندێک زیندانی دەردەکا. بە خۆشیەوە کاک قادر و هاورێیانی لە دادگای پێداچوونەوە دا حوکمی ئێعدامەکەیان هەڵدەوشێننەوە، بۆ ماوەی نزیک بە ٤ ساڵ لە بەندیخانە دا ڕادەگیرێ و بە دڕندانەترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێ. بە گووتەی هاوبەندیەکانی: شەهید قادر کورێکی بوێر و قسە لە ڕوو دەبێ و ئەشکەنجە و ئازار و لێدانیش ناتوانێ بە چۆکی دابێنی. شەهید قادر لە بەندیخانەش دا کوڕێکی بە جەرگ و بە ئیمان دەبێ و بە هیچ شێوەیەک نەهێنی‌یەکان نادرکێنێ و وەک کەسێکی خۆڕاگر و سادق، دوای نزیک بە ٤ ساڵ مانەوە لە زیندان دا ئەوجار بە کەفالەت ئازاد دەکرێ.
شەهید قادر دوای ئازادبوونی لە زیندان دا، هەروا وەفادار بوو، بە ڕێباز و ئامانجی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەوجار شەهید قادر بە ئەزموونێکی دیکەوە وەک ئەندامی حیزب دەست بە تێکۆشان دەکاتەوە. ئەمجارەیان چاوکراوەتر و بە ئەزموونتر لە پێشوو ئەرکە حیزبی‌یەکانی ڕادەپەرێنێ. شەهید قادر لە بەندیخانەدا فێری خۆراگری و چاونەترسی ببوو، بەڵام لەخۆبایی نەببوو، هەر بۆیە بە وردبینی و بە سرنجی زیاترەوە کاری بۆ حیزبەکەی و گەلەکەی دەکرد. شەهید قادر بۆ ئەوەی نەبێتە سەرباری بنەماڵەکەی بە کەم ئەندامیش دەستی بە کار و کاسبی کردوو و لە نزیک مەیدانی فەرمانداری و لە بەردەم یەکێک لە دووکانەکانی سەر ئەو شەقامە دووکانێکی بچکۆلانەی شەربەت فرۆشی دادەنێ و بەم شیوەیە دەست دەکا بە کاسبی و یارمەتی کردنی بنەماڵەکەی. لەگەڵ هاورێ و هاوکارەکانی دا لە کاتی پشوو و لە کاتی ئیسراحەت دا باسی جۆراوجۆریان لە سەر دۆزی ڕەوای کورد دەکرد و بە شانازی‌یەوە باسی کوردایەتی و حیزبایەتی دەکرد.
شەهید قادر وەک کەسێکی دیار و خۆشەویست لە نێو کۆمەڵگادا دیار بوو، خەڵکی خۆشدەویست و ئەوانیش قادریان خۆشدەویست، ڕێزی تایبەتی لە خەڵک دەگرت، مرۆڤێکی بە هەست و دڵسۆز و هەڵسوور بوو. شەهید قادر کەسێکی خەمخۆر بە گەل و نیشتمان بوو، بە هۆی کەم ئەندام بوونەوە وەک جاران نەیدەتوانی وەرزشکارێکی باش بێ، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو جێ بۆشایە پڕ بکاتەوە بەردەوام خەریکی خۆ پێگەیاندن و خوێندنەوە بوو، ژیانی شەهید قادر پڕ بوو لە ئازار و نەهامەتی جۆراوجۆر، بەڵام شەهید قادر فێری بەزین و خۆ دۆران و نائومێدی نەبوو، لەگەڵ هەموو کەوتن و نەهامەتیەکانی سەر ڕێگای ژیانی دا بەوپەری ئومێدەوە هەڵدەستایەوە و بەگژ هەموو نەهامتی‌یەکان دا دەچۆوە و تەنانەت بۆ هاورێ و ئەندامانی بنەماڵەکەشی ببوو بە نموونەی خوو و ڕەشتی بەرزی ئینسانی، هەر بۆیەش، هەموو لایەک بە چاوی قارەمانێکی نەبەز و سەرکەوتوو سەیریان دەکرد و ڕێزیان لێدەگرت.
ژیانی شەهید قادر بەم شێوەیە دەچوو پێش، لە دووکانە بچکۆلانەکەی دا خەریکی شەربەت فرۆشی و کاسبێ دەبێ و دڵی پڕ لە هۆمێدی هەروا لێدەدا و چاوڕوون و دڵگەش هەنگاو بەرەو ژیانێکی باشتر و بەرەو لووتکە هەڵدێنێتەوە.
لە گەرمەی شەری نێوان عێراق و ئێراندا، شاری سەردەشت چەند جارێک دەکەوێتە بەر بۆمبارنی فرۆکەکانی حکوومەتی بەعس، زۆر بەداخەوە کاتژمێر ١٦:١٠ خولەکی ئێوارەی ڕۆژی ٧ ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی شاری سەردەشت دەکەوێتە بەر هێرشێکی شیمیایی فرۆکە بۆمب هاوێژەکانی حکوومەتی نەگریسی بەعس و چوار شوێنی پڕ حەشیمەتی شار بە تۆزی سپی گازی خەردەل دادەپۆشرێ. بەداخەوە یەکێک لە بۆمبەکان لە چەند میتری دووکانە بچکۆلانەکەی شەهید قادر وەعەرز دەکەوێ و شەهید قادریش بە تووندی بریندار دەبێ. هەر ئەو ڕۆژە و بە گورج و گۆڵی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە دەگەیندرێتە نەخۆشخانەی شاری تەورێز. مخابن گازی شیمیایی و خەردەلی بۆمبەکان کاری خۆیان کردبوو، جەستەی شەهید قادری دڵ پڕ لە هیوا دەسووتێ و لەشی پڕ بلۆق و ئاو دەبن. بە هۆی هەڵمژینی تەپ‌وتۆزی گازی خەردەل هەناوی ئەو نەمرە گیرۆدە بە گاز دەبێ و دوای نزیک بە ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژی ٠٨-٠٤-١٣٦٦ ی هەتاوی دا لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز لەبەر ئازاری زۆری برینەکانی سەر لە سەر ڕانی کاک نادری برای چاوەگەش و پڕ لە هیواکانی لێکدەنێ و گیان دەبەخشێ، بەم شێوەیە شەهید دەبێ و داخێکی گەورە لە سەر دڵی بنەماڵەکەی و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی دادەنێ.
تەرمی بێ گیانی شەهید قادر دەگەڕێندڕێتەوە شاری سەردەشت و لە نێو و خەم و پەژارەی بنەماڵە و خزم و دانیشتووانی شاری سەردەشت دا لە گۆڕستانی شاردا بە خاک دەسپێردرێ.
ژیانی شەهید قادر و بەهارەکانی تەمەنی زۆر کەم بوو، بەڵام ژیانی کورتی ئەو نەمرە هەم بۆ لێ فێربوون دەبێ و هەمیش بۆ ئەوە دەبێ، شانازی بەو هەموو فیداکاری و لەخۆبردوویی و کوردایەتی ئەو نەمرەوە بکەین.
ژیانی شەهید قادر لێوڕێژ لە سەداقەت و ڕاستی بوو. ئەرک و کاری وەک ئەندامێکی حیزبی بۆ ئەوە دەبێ لێی فێر ببی. نەبەزی، خۆراگری، ئیمان و ورەی بۆ ئەوە دەبێ بکرێنە وانەی فێربوون. خۆراگری لە زینداندا، لە ژێر تووندترین ئەشکەنجەکان دا و بە جەستەی کەم ئەندامی نیشانەی ورە بەرزی و نەبەزی شەهید قادر بووە. ئەندامی حیزبێک بی، بە هەڵەی چەند پێشمەرگەی ئەو حیزبە لاقێک لە دەست بدەی، بەڵام هەروا خۆراگرانە و بە ئیمانەوە کار لەو حیزبەدا بکەی کاری هەموو کەسێک نییە و هەر تەنیا کاک قادر دەتوانێ دڵی ئاوا گەورە بێ و دوای کەم ئەندامبوونی هەروا بە ئیمانەوە بۆ ئەو حیزبە کار بکەی و لە زیندان و گرتووخانەی تاریکی کۆماری ئیسلامی دا ئاوا خۆراگرانە و سەربەرزانە زیندان و بەند ببەزێنێ و بێتەوە نێو کۆڕی بنەماڵە و بە سەربەرزی ژیانی خۆی درێژە بدات.
وەک هاورێیەکی شەهید قادر ئەمینی داوای لێبوردنی لێدەکەم، کە چەندین ساڵە نەمتوانیوە وەک خۆی یادی بکەمەوە. هەموو ساڵێک لەبەرەبەری ٧ ی پووشپەردا بە گشتی یادی هەموو شەهیدەکانمان کردۆتەوە، بەڵام جێگای خۆیەتی کە ئەمساڵ بۆ یاد و کار و ئەرکی شەهید قادر وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک مرۆڤێکی تێکۆشەری سیاسی، وەک زیندانیێکی سیاسی، وەک وەرزشکارێکی نموونە، وەک مرۆڤێکی نیشتمان‌پەوروەر، وەک لاوێکی خوێن گەرمی نیشتمانەکەم، ڕێزی لێ بگرین و لێرەوە سەری ڕێز دابنوێنم و بڵێم هاورێ گیان لە دڵ و هزری ئێمە دا نەمردووی بەڵکوو هەروا زیندووی.
یاد و ناوت بەرز و بەرێزە. هیوادارم کە ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەروەها دۆستان و هاورێیانی نزیک شەهید قادر کار و خوو و رەوشتی بەرزی ئینسانی کاک قادر بکەنە وانەی ژیانیان و منداڵەکانمان وەک ئەو نەمرە فێری خۆراگری و نیشتمان‌پەروەری و گەلدۆستی بکەین.
سڵاو لە شەهیدانی ٧ ی پووشپەری شاری سەردەشت، سەری ڕێز لە بەرامبەر هەموویان دا دادەنوێنم و یاد و ناویان هەروا بەرز و بەرێز بێ. سڵاو لە خەڵکی بە ئەمەگی شاری سەردەشت ئەوانەی خەمخۆری دۆزی ڕەوای گەلەکەمانن، ئەوانەی ناهێڵن ئەو ڕۆژە بە فەرامۆشی بسپێردرێ. ئاواتەخوازم کە هەموو زامدارانی شیمیایی شاری سەردەشت تەندرووستی خۆیان بۆ بگەرێتەوە و چیدی بە ئازاری ژیانەوە ژیان تێپەر نەکەن و بەڵکوو ژیانیان بە بێ ئازار درێژە بدەن، ڕووحی گشت شەهیدانی ئەو ڕۆژە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان و ڕووحی شەهید قادر ئەمینی شاد بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی