یادی شەهید قادر ئەمینی لە کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت. ڕەحمان خالیدنژاد

زستانێکی زۆر سارد بوو، بەفرێکی زۆر شاری سەردەشتی بە هەموو جوانیەکانیەوە بە تەواوی داپۆشیبوو، دێمەنێکی سێحراوی و سرنج راکێشی پێ دابوو، شۆرشێکی گەرم و گوڕ بۆ وەدەست هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی گەلێکی ژێر دەستە لە ناوچەکەدا لەئارا دابوو، هێزی سەرکوتکەرو داگیرکەری رژیمی کۆماری سێدارە لە پادگانی شارو مۆڵگەکانی دەوروبەری مۆڵێان خوارد بوو و لە کەمینی لە داوخستنی لاوانی بە هەست و شۆرشگێری شار دابوون.
بەیانی رۆژی ١١-١٠-١٣٦١ی هەتاویی بوو، ئێمە کۆمەلەێک لاوی مێر منداڵی بەهەست و شۆرشگێر لە ژوورە تاکەکەسی‌یەکانی زیندانی خانەی موعەلیمان دا زیندانی کرابووین ، بەیانی ئەو رۆژە دەنگە دەنگی پاسداران و دەرگای ژوورەکان هەموومانی کپ و مات کردبوو. دوای ماوەیەک، بێدەنگی‌یەکی سامناک پەردەی بە سەر زینداندا کێشا و ئێمەش بە لێدان و قسەکردن لە پشت دیواری ژوورە تاکەکەسی‌یەکانی زیندان خەبەر و باسمان لە یەکتر دەپرسی. ئەو رۆژە یەکێک زوو زوو دوپاتی دەکردەوە کە منم قادر، قادری ئەمینی ئەورۆ بەیانی گرتوویانم ، لە بەر وەی هاوڕێ قادرمان هیشتا برینی لاقە پەریوەکەی کە لە کریکاریدا بریندار ببوو سارێژ نەببووە، هەموومانی تاساند، لەو رۆژە بە دواوە خۆشترین ساتەکانی ژیانی لاوەتیمان لە زیندانی سەردەشتەوە تا دەگاتە زیندانەکانی بانە، سەقز، سنە، بۆکان، مەهاباد، ئەوین و زیندانی دەریای ورمێ رژیمی کۆماری سێدار و ئیعدام دا بە سەر برد .
شەهید قادر ئەمێنی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیێکی زەحمەتکێش و کاسبکار لە دایک بوو، وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەم لە تەمەنی حەوت ساڵی ناردرایە قوتابخانە و لە دەورانی دەبیرستاندا بوو کە شۆرشی گەلانی ئێران بەسەر داهات، شەهید قادر وێرای زۆربەی لاوان و خویندکارانی شار بەشداری هەموو خۆپێشاندانەکانی دژی رژیمی پادشایەتی دەکرد. دوابەدوای هاتنە سەر کاری رژیمی کۆماری ئیسلامی و هێرش و پەلاماری بۆ سەر کوردستان و بەرگری ئازایانەی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مان و مەوجودیەتی گەلی کورد و سەردەمێکی نوێ لە خەبات بۆ بە دەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، شەهید قادر وێرای ئەوەی ورزشکارێکی باش بوو و توانایەکی زۆر باشی لە دەوەندەگی و یاری تۆپی پێدا هەبوو لە هەمانکاتدا وەک زۆربەی لاوەکانی ئەو سەردەم هەستێکی نەتەوەپەرستی و شۆرشگێرانەی لە ناخدا هەبوو کە لە ئاکار و کردەوەی رۆژانەیدا ئەو هەستە شۆرشگێریەی لێ بە دی دەکرا.
لە سەرەتای بەهاری ١٣٦٠ی هەتاویدا وێرای چەند لاوێکیتر بە رەسمی پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە کرد و لە شانەیەکی نەهێنی شاردا سازمان درا، شەهید قادر ئەندامێکی هەڵسور و چالاکی ناو شار بوو ئێمان و بیرو باوەرێکی قوولی بە حیزبی دێموکرات هەبوو، نەقش و رۆڵێکی بەرچاوی لە رێنوێنی کردن و هاندانی لاوان بۆ ناو رێزی شۆرش هەبوو، شەهید قادر وێرای چەند هاوڕێیەکی دیکەی لە سەرەتای زستانی ١٣٦١ی هەتاویی دەستگیر کرا، پێنج ساڵ زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ورەی پۆڵاینی دێموکرات پەروەرانەی شەهید قادر بروخێنێ، لە زیندانیشدا لە رێنوێنی و هاوکاری و هاندانی زیندانیەکان بۆ درێژدان بە خەبات لە دوای ئازادبوونیان غافڵ نەبوو، هەر بۆیە بە دوای ئازاد بوونی لە زیندان بە ورەیەکی بەرزەوە سەر لە نوێ پێوەندی بە تەشکێلاتی حیزبەوە گرتەوە کە مەخابن ماوەیەکی کەم بە دوای ئازاد بوونی لە کیمیاباران کردنی سەردەشت لە رۆژی ٧ی پوشپەری ١٣٦٦ی هەتاوی وێرای دەیان کەس لە خەڵکی شار شەهید بوو .
هەزاران سڵاو لە رووحی پاک و بێ گەردی شەهیدی جوانەمەرگ قادر ئەمینی.