یادی ٢٥ ساڵەی تیرۆر و شەهید کردنی ١٠ پێشمەرگەی دێموکرات لە پەڕەژاڵ. حەمەرەسووڵ کەریمی

ساڵێک دوای تیرۆرکران و شەهید کردنی ڕێبەری پایەبەرزی گەلەکەمان شەهید دوکتور عەبدوڵرەحمان قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر، هێزەکانی پێشمەرگەی دێموکرات، بۆ یادو بیرەوەری و بۆ زەربە لێدان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکی چالاکی و عەمەلیاتی چەکداری بوون. لە خواروی کوردستان را تا سەرووی کوردستان بە گشتی هێزەکانی پێشمەرگە زەربەی گورچووبڕیان لە پەیکەری لەرزۆکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەوەشاند و دوژمنیش لە ئاست هێرشی پێشمەرگەدا زەبوون و دەستاوەستان مابۆوە.
هێزەکانی رژێم کەم و زۆر لە بەرەبەری تیرۆری ناجوانمێرانەی شەهید دوکتور قاسملوو دا لە مۆڵگە و لە سەنگەرەکانی خۆیان نەدەهاتنەدەر و نەیاندەوێرا بجوڵێن و کەمتر هاتووچۆیان دەکرد. بەو حاڵەشەو لە ٥ ی پووشپەرەوە تا ٢٥ ی پووشپەر هێزەکانی پێشمەرگە توانیبوویان چەندین زەربەی تووند لە هێزەکانی رژێم بدەن و تامی شکستیان پێ بچێژن.
ئەو چەند عەمەلیاتەی خوارەوە تەنیا لە دەفتەری بیرەوەری خۆمدا بوون و هێزەکانی پێشمەرگەی دێموکرات لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دا، کەم و زۆر عەمەلیاتی چووک و گەورەیان بەرێوەبردوون و ئەگەر لێرەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە داوای لێبوردنم هەیە.
هێزی زمزیران لە ڕۆژی ٥ ی پووشپەردا لە عەمەلیاتێکی بریسکەئاسادا و لە چەند خولەکێک دا توانیان دەست بە سەر پایەگای گوندی “نیسکاوێ” لە ناوچەی سەردەشت دابگرن و دوای کوشتنی چەند کەس لە بەکرێگیراوان و بە دیل گرتنی ٨ کەس مەیدانی شەرەکەیان بە بێ دانی شەهید بەجێ هێشت.
هەر ئەو هێزە پێشمەرگەیەی هێزی زمزیران، لە ڕۆژی ٩ ی پووشپەر دا لە نێوان گوندەکانی وەتماناوێ و شینوێ لە “خرێ دووهەزاری” گروهی بەناو زەربەتی سەردەشتیان لە داوی خۆیان خست و ئەو گروهی بەناو زەربەتەیان تەفروتونا کرد و بۆ خۆیان بە سڵامەتی مەیدانی شەرەکەیان بە جێ هێشت.
هێزی ئاگری لە مەڵبەندی شیمال لە ڕۆژی ١٥ ی پووشپەر لە ناوچەی شپیران دەستیان بەسەر مۆڵگەیەکی زۆر گرینگی دوژمن داگرت و ٢٠ کەسیان لێ بە دیل گرتن و دواتر پایەگایەکەیان بە هەموو کەل و پەلەکانەوە تەفروتونا کرد و بۆ خۆشیان بە سڵامەتی مەیدانی شەرەکەیان بە جێ هێشتبوو.
هەر لەو ڕۆژەدا هێزی شەهید پێشەوا دەستیان بە سەر پایەگای نیزامی “پیروبایز” لە چەند کیلۆمیتری شاری مەهاباد لە سەر جادەی مەهاباد، پەسوێ داگرت و دوای کوشتن و بەدیل گرتنی هەموو بەکرێگیراوەکان، مۆڵگەی ڕژێم تەفروتونا دەکەن و بۆ خۆشیان بە سڵامەتی دەرباز دەبن.
لە ڕۆژی ١٨ ی پووشپەر لە تەنیشت شاری شنۆ، پێشمەرگە بەدەستوبردەکانی هێزی کێلەشین، لە سەر جادەی شنۆ بۆ پیرانشار ستوونی بەکرێگیراوانی ڕژێم دەخنە داوی خۆیان و زەربەیەکی تووندیان لێدەدەن و بە دەیان کەسیان لێدەکوژن و هاوکاتیش ٢١ کەس لە کوژراوەکان شناسایی دەکەن و بۆ خۆشیان بە سڵامەتی بەرەو شوێنی دیاری کراوی خۆیان وەرێ دەکەون.
لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ ی پووشپەر دا، هێزەکانی شەهید پێشەوا و بەیان لە ناوچەی گەورکی سەقز، دوای دوو شەو و دوو ڕۆژ شەری نابەرابەر توانیان زەربەیەکی قورس لە پەیکەری هێزی زۆر و بۆری ڕژێم بدەن و بە دەیان کەسیان لێ بکوژن و هاوکاتیش بە دەیان کەسیان لێ بەدیل بگرن و دواتر بە داخەوە بە دانی ٨ شەهیدی قارەمانی پێشمەرگە مەیدانی شەرەکە بە جێ دێڵن.
ئەوانە تەنیا بەشێکی بچووکن لە عەمەلیاتی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهید بوونی شەهیدی مەزن دوکتور ڕەحمان قاسملوودا.
ئەگەر رژێم لە ترسی زەربەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات، نەیدەوێرا سەر لە قاوخی خۆی بێنێتەدەر، هاوکات رژێم بۆ زەربە لێدان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە شێوەیەکی ناجوانمێرانە، لە پیلان و بەرنامە دابوو. رژێم بە ناردنی سیخور و نۆکەر و تیرۆریست بۆ نێو هێزی پێشمەرگە دەیهەویست وڕەی پێشمەرگە دابەزێنێ. یەکێک لەو سیخورە نۆکەر سفەتانە لە هێزی ٢ی ڕێبەندان دا خۆی مەڵاس دابوو.
هێزی ٢ ی ڕێبەندان هێزێکی دەست وەشین و پارتیزانی دێموکرات بوو، دوژمن لە ناوچەی سەقز و هاوشار و دەوروبەری سەقزدا نەیدەوێرا سەر ببزوێ و هەر بۆیە رژێم بۆی لە بەرنامەی جۆراوجۆر دابوو بۆ زەربە لێدان. مەڵبەندی ٢ بە گشتی دوای چەند ڕۆژ بە ڕێگا دا ڕۆیشتن دەچنە شوێنێک بە ناوی هەرمێ دۆڵ لە ناوچەی شلێری سەقز.
دەستەیەک پێشمەرگەی ١٢ کەسی بۆ چاوەدێری دەچنە شاخێک بە ناوی پەڕەژاڵ. ئەو دەستە پێشمەرگەیە لەبەر ئەوە پێشتر ڕیگایەکی دوور و درێژیان بریبوو، زۆر شەکەت و ماندوو دەبن. هاورێی فەرماندە لیستەی نیگاهبانی ئامادە دەکات و دواتر پێشمەرگەکان لە بن سێبەری گاشەبەردێک و لە تەنیشت یەک لە کیسەخەوەکانیان دا سەر وەسەر ڕەخت و فیشەکدانەکەیان دەکەن و وەک فریشتە چاو لێکدەنێن. خەوێکی قورس بە سەریان دا زاڵ دەبێ. ئەوان لەوە دڵنیان کە ئەو شوێنەی لێی ماونەوە شوێنێکی ئەستەم و جێگای مەترسی نییە، هەر بۆیەش زۆر بە ئارامی و لە ژێر ترووسکە ترووسکی ئەستێرە و تریفەی مانگەشەوی پووشپەر دا لە بەر ماندوویی و شەکەتی و بە ئاواتی ئاسۆ و ڕۆژێکی نوێ چاوەگەشەکانیان لێک دەنێن و دەخەون.
بەرەبەیانی ئەبووبەکری سیخوور و نۆکەر سففەت، دەرفەت دێنێ و بە هەڵگرتنی چەند چەکێکی تەنیشت پێشمەرگەکان لە سەر گاشەبەردەکە ڕا، هەر ١١ پەپوولە خەوتووەکان، لە نێو کیسەخەوکانیاندا وەبەر دەسترێژی گوللە دەدا و ١٠ کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی گەل، ئەوانەی بە دڵێکی ئاسوودەوە خەوت بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاسۆی بەیانی و شەبەقی ڕۆژ، جارێکی دیکە چەک لە شان بەرەو خەبات هەنگاو بنێن شەهید دەکا و بۆ خۆشی بەرەو مۆڵگەیەکی ڕژێم ڕادەکا و خۆی دەگەیێنێتەوە باوەشی رژێمی تیرۆریست پەروەری کۆماری نائیسلامی ئێران.
دواتر یەکێک لە پێشمەرگە دەرباز بووەکان، هەواڵی جەرگبڕی شەهید بوونی ١٠ کەس بە کادرو پێشمەرگەکان ڕادەگەیێنێ و هاورێیانی مەڵبەندی ٢ بە دڵێکی خەمین و بە پەرۆشەوە تەرمی ١٠ کوڕە پێشمەرگەی دڵ پڕ لە هیوا لە تەختی عەواڵان بە خاکی نیشتمان دەسپێرن.
ناوی ئەو ١٠ شەهیدە سەربەرزەی گەلەکەمان بریتن‌لە:
شەهیدان خالید عەبدوڵڵاهی، خالید شەعبانی، سەیفوڵڵا نەعلبەندی، مستەفا حاجی زادە، جەماڵ کورتەکی، هادی پاڵانی، ڕەحیم بەهانەت، محەممەد سێتقی، فەریدوون قادری و لوقمان ئەلیاسی.
ئەو پۆلە پێشمەرگەیە لە هەمان ڕۆژ دا شەهید کران کە ڕێبەرەکەیان ساڵێک پێشتر بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لە ویەن شەهید کرابوو. ئەوان چرای تەمەنیان بە دەستی ڕەشی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی کوژایەوە، بەڵام ترووسکەی چاوەکانیان وەک بریسکە بریسکی ئەستێرە لە ئاسمانی ساماڵی کوردستان دا هەروا دەبریسکێنەوە، ئەوان بە جەستە لە گەڵمان نەماون، بەڵام بیر و ڕیباز و ئامانجیان هەروا پڕ ڕێبوارە و هەنووکەش لاوانی وڵات لە سەر باوەر و ئیمان و ئیرادەی ئەوان خەباتی خۆیان لە سەنگەری بەرگری کوردستان دا، لە سەنگەری قوتابخانەدا، لە سەنگەری بەندیخانە و سەنگەرە جۆراوجۆرەکانی دیکە دا درێژە دەدەن.
لە کۆتایی دا هیوادارم کە ناو و ناوبانگی ئەو ١٠ شەهیدەم بە درووستی نووسیبن، چونکە ٢٥ ساڵ بە سەر ئەو کارەساتە تیرۆریستیەدا تێپەر دەبێ.
ڕووحیان شاد و ڕیگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.
ڕووڕەشی بۆ کۆماری سێدارەی ئێران و تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی.

وێنەکان لە ماڵپەری شەهید وەرگیراون

www.shehid.com
حەمەرەسووڵ کەریمی