سنووری ڕاکێشڕاو! جەماڵ عەڵیاڵی

لەو ماوەی ڕابووردوودا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین فرە ئاڵوگۆڕی بە سەرا هاتووە. خاڵی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕانە ئەوەیە کە ڕۆڵی کورد وەکوو پوتانسیالێکی قورس لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر وەکوو خۆی نەگۆڕ ماوە.

ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردەواری چەندە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی لە ئاڵوگۆڕەکاندا بگێڕێ پێوەندی بەوە هەیە کە کۆمەڵگای کوردەواری بە چ شێوازێک مامەڵە دەگەڵ ڕاستییەکان دەکات. بابەتی بەرچاوی خۆێنەر هەوڵێکە بۆ شڕۆڤەی خاڵێکی گرینگ لە دۆخی ئەو ڕۆژانەی دوایی کوردستان لە ڕوانگەیەکیترەوە.
داگیرکەرانی کوردستان بە هەر نێوێک و بە هەر شێوازێک بێت ئامادە نین دەست لە کوردستان هەڵگەرن. بە ناسیۆنالیست و شوڤینیستەوە، بە ئیسلامی و بەعسییەوە، بە چەپ و سۆسیالیستەوە، کە باسی سەروەری نەتەوەی بندەست دێتە ئاراوە، ئەو کات گشتیان هاودەنگن لەسەر ئەوە کە نەتەوەی بندەست هەر دەبێ بندەست بمێنێتەوە. ئەگەر ئەتوو وەکوو کوردێکی ئازاد ملت بۆ کەچ نەکرد ئەو کات هەرچی بخوازن بەسەرت دێنن. داگیرکەر لە هیچ کردەوەیەک بۆ پاراستنی “مافی ڕەوای خۆی” سڵ ناکاتەوە. داگیرکەر بە بیرۆکەی ئیسلامییەوە کە خۆی لە گشت لایەنێکتر زیاتر بە حەق دەزانێ، لەو ساڵانەی کۆتاییدا سەرچاوەی چەپەڵترین کردەوەکانی نامرۆڤانەییە دژی گەلان، بەتایبەت نەتەوەی کورد. ئەوان خەڵکیان لە سینەمادا برژاند، مزگەوتیان خستە ژێر بۆردومان و لەو ساڵەی کۆتاییدا، کۆمەڵکووژی کوردان و بە کۆیلەگرتنی ژن و مناڵ بۆتە بە یەک لە ئامانجەکانیان. ئەوەی کە چەندە و چۆن هێڵی نامرۆڤانە دەبەزێنن لە لایەک پێوەندی بە ڕادەی سەرکەوتنی وان لە سیاسەتەکانیاندا هەیە و لە لایەکیترەوە پێوەندی بە ڕادەی پێشکەوتنی سەرجەمی کۆمەڵگای کوردەواری لە خۆێندنەوەی ڕاست و مەوزووعییانە لە دۆخەکەیە.
تورکیا لە کێبەرکێی خۆی دەگەڵ ئێراندا لە مەر سەروەری جیهانی ئیسلامیدا دۆڕاندی. لە ئاستی ناودەوڵەتییەوە زۆر لە وڵاتان خۆێندنەوەیەکی نۆێیان لە سەر تورکیا وەدەست کەوت. لە ناوخۆوە، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیش دۆڕاندی. بۆ بەرپەرچ دانەوەی نەهامەتییەکانی، پێوەندی خۆی دەگەڵ داعەش بەتینتر کرد بەڵام نەک هەر زەرەر و زیانی خۆی لە ناوچەکە و لە جیهاندا قەرەبوو نەکردەوە بەڵکوو زیاتر شکستی هێنا. لە کاتێکدا کە لایەنی ئێرانی لە زۆر بابەتەوە سەرکەوت و تەنانەت شەڕی خۆی دەگەڵ زڵهێزەکان بۆ یەمەن ڕاکشاند. تورکیا ئەو جارە ڕووی نگریسی خۆی باشتر ئاشکرا کرد و بە ناوی هێرش بۆ سەر داعەش، دەستی کرد بە بۆردوومانی ناوچەکانی هیزی پاراستنی گەل، هەر ئەو هێزەی کە لە دۆخی هەنووکەییدا یەک لە متمانە گرینگەکانە بۆ پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد. داگیرکەر باش دەزانێ مەترسی چ لایەنێک زیاترە، هەر بەو هۆیە زیاترین تەوژم و هێرشی خۆی ئاراستەی ئەو لایەنە دەکات.
ئالۆزی دۆخەکە لەوە دایە کە یەک لە هێڵەکانی بزاوی رزگاری کوردستان ئامادەیە گشت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی فیدای بەرژەوەندییەکانی عەشیرەتی خۆی بکات. یەکەم، وەکوو دیاردەیەکی گشتی، ئەوە خاڵی هەرە لاوازی بزاوی رزگاری کوردستانە. دووهەم، ئەوە هەروەکی بینیومانە دەبێتە هۆکارێک بۆ چەپەڵی و دڕندەیی زیاتر لە لایەن داگیرکەرانەوە. ئێمە بینیمان کە هەم تورکیا و هەم ئێران بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان دەگەڵ پێکهاتنی کیانێکی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند. هەڵبەت داگیرکەر هیچ ستاتۆیەکی “کیان” بۆ باشووری کوردستان نابینێ و لەو بارەوە زۆر ناحەق نیە چونکە باشووری کوردستان لە باری سیاسییەوە پارێزگایەکی هاوبەشی ئێرانی تورکییە و لە مەر پارچەکانیتری کوردستانەوە ئەو ڕۆڵەی نیە کە دەبوایە هەیبێ.
ئەوەی کە وەکوو پێداویستێکی گرینگی ڕۆژ هەنووکە دێتە بەرچاو گرینگی سنوورەکان لە بیر و باوەڕی تاکی کورد لە گشت پارچەکانە. ئەگەر مرۆڤی کورد لە داڕماندنی سنوورەکان لە مێشکی خۆیدا سەرنەکەوێت، ئەوا ئەو پۆتانسیالەی کە لە ناوچەکەدا هەیەتی لە دەستی دەدات و ناتوانێ ڕۆڵی خۆی تەنانەت بە نیوەچڵیش بگێڕێ. واتە، ڕاکردنی سنوورەکان لە بیر و باوەری تاکی کورد ڕۆڵێکی مەزنی لە دەستپێکی پڕۆسەی پێکهاتنی “کیان”ە بۆ نەتەوەی کورد. ئەو سەردەمە بەسەر چووە کە پاشناوی “کوردستان” لە ناوی فەرمی هێزە سیاسییەکاندا وەکوو پێویستییەکی سەرەکی بۆ دامەزراندنی کیانی کوردی بێت.
هاوژیانی نەتەوەی بندەست دەگەل بیرو هزری داگیرکەر بە شێوەی خودموختاری یا فیدراڵی یا خود هەر شێوەیەکیتر، ساویلکەییە. بایخمەندی دان بەو بیرۆکەیە بۆ پێداچوونەوە بە مەبەستی هاوژیانی نەتەوەی بندەست دەگەڵ نەتەوەی سەردەست، گەوجێتییە. بۆ سەڵماندنی ئەو دوو پۆستوولاتە پێویست نیە مرۆڤ پیتۆڵ بێت، تەنیا ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی نەتەوەکەت تێڕا دەکات. مێژووی نەتەوەکەت! نەک ئەو مێژوویەی کە داگیرکەر بۆی نووسیوی و بەناوی مێژووی نەتەوەکەت دەرخواردت دەدات. مێژووی ڕاستەقینەی نەتەوی کورد لە بەیت و حەیران و لاوکدا بە سانایی بەدی دەکرێت. مخابن ئەو دوو پۆستوولاتە لە دۆخی هەنووکەییدا، قوورساییەکی تایبەتی لە بزاوی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا هەیە. هۆکاری ئەوەش، تەسلیم تەڵەبی بەشێک لە بزاوی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردە کە دەگەڕێتەوە سەر “متمانە بە خۆ نەبوون لە فەزای فەرهەنگی داگیرکەردا”. شڕۆڤەی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەیی کوردستان بە بێ وەبەرچاوخستنی ئەو ئەو دوو پۆستوولاتەی سەرەوە وەک بنەمای بۆچوون، جگە لە “ماستاو” وەکوو تەنیا بژیوی مرۆڤ لە ژیاندا، چ واتایەکیتری نیە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە جەرگەی گێژەڵووکەی هاوکێشەکانی سیاسیدا، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد هەڵکەوتووە، ئەو دەرفەتە کاتێک بە تەواوی کەلکی لێوەردەگیرێ کە سەرجەمی کۆمەڵگای کوردەواری بتوانێ سنوورەکانی دەستکردی داگیرکەر لە بیر و باوەری خۆی بشواتەوە. باوەڕی بە هێزی نەتەوەیی، پشتیوانی جەماوەری کوردستان مسۆگەر دەکات و بە پێچەوانە، مل کەچ کردن بۆ سنوورە دەستکردەکان، سەرەڕای تەسلیم تەڵەبی، دەبێتە هۆی تواندنەوەی نەتەوە. “چەوتەزانییە” ئەگەر نەتەوی کورد لای وابێ کە دەتوانێ دەگەڵ داگیرکەران بە فیدراڵی ژیان بە سەر بات بەڵام نەتوانی دەگەڵ پارچەکانیتر، کوردستان دامەزرێنێت.
جەماڵی عەڵیاڵی