سهروتاری پێشمەرگە جیهانی پاراستووە. سەرچاوە: کدپ ئیفۆ(KDP.info)
بەڕێز د. حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر نیزامی كۆماری ئیسلامیی ئێران نەبوایە هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعشهوه. بەڕێز سەرۆككۆماری ئێران ویستوویەتی ڕۆڵی وڵاتەكەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بۆ خەڵكی سنە ڕوون بكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چەند ڕاستییەك هەیە كە پێویستە بەڕێزیان و خەڵكی خۆشەویستی شاری سنە لێی ئاگادار بن:
یەكەم: داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە دڕندەیە لە هەموو وڵات و كیشوەرەكان پێكدەهێندرێن. داعش هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و هەموو جیهان، بۆیەشە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەركی هەموو لایەكە.
دووەم: هەرێمی كوردستانی عێراق سوپاسی ئەو وڵات و لایەنانەی كردووە كە لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیی كوردستانیان داوە بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە. لە ڕاستیدا یارمەتیدانی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیدانی خۆیان و پاراستنی خۆیشیان بووە لە هەڕەشەی تیرۆریستان. هەرێمی كوردستان سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكات كە بەشدارن لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، ئامادەی هەماهەنگیكردنیش بووە لەگەڵ هەر وڵات و لایەنێك كە بیەوێت شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات.
سێیەم: كوردستان لەو شەڕەدا باجی گەورەی مرۆیی و ماددیی داوە. پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگری لە خاكی كوردستان كرد و تیرۆریستانی تێكشكاند. هەزار و دووسەد شەهیدی قارەمان و حەوتهەزار بریندار، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوە گەلی كوردستانە نەیهێشتووە دەستی گڵاوی تیرۆریستان بگاتە شارەكانی كوردستان. ئەوە پێشمەرگە بوو بە خوێن و ئازایەتیی خۆی ئوستوورەی داعشی شكاند و نەك تەنیا كوردستانی پاراست، بەڵكو بووە قەڵغانێك بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئەوە پێشمەرگە بوو بووە بەربەستێك كە جیهان و دراوسێكان لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تیرۆر بپارێزرێن.
چوارەم: هەرێمی كوردستان پێزانینی بۆ یارمەتی و كۆمەكی هەموو لایەك هەبووە و یارمەتییەكانی كۆماری ئیسلامییش لەكاتی خۆی و كاریگەر بوونە، بەڵام ئەوەی لە مەیدان شەڕی كردووە و خوێنی داوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە.