یەکێتی نەتەوەیی! کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان! جەماڵ عەڵیاڵی

رژێمی داگیرکەری تورکیا پاش شکستەکانی لە پانتایی ناودەوڵەتی و ناوچەییدا کەوتە سەر ئەو پیلانە کە بە بیانووی دژایەتی داعەش، هەڵیکوتایە سەر هێزەکانی پاراستنی گەل بە بۆردوومانی فرۆکە و تۆپخانە.

لەو ناوەدا گەلێک هاووڵاتی زەرەرمەند بوون، گەلێکیش گیانیان بەخت کرد، مینای ئەو دڕەندەییە لە بۆردوومانی ئەمڕۆی زەرگەڵەدا بەدی دەکرێ. پێویستە لە دوو ڕوانگەوە دۆخەکە هەڵسەنگێنین. یەکەم لە ئاستی ڕونگەی داگیرکەرانەوە، دووهەم لە ئاستی نەتەوایەتی لە پێوەندی دەگەڵ ڕوانگەی یەکەمدا. نووسەر لەو بابەتە کوورتەدا هەوڵ ئەدات گرینگی پێوەندی ئەو دوو ڕوانگەیە بخاتە بەر چاوی خۆێنەری بەرێز. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لە دۆخی هەنووکەییدا تەنیا باسی دوو داگیرکەر دەکرێت، تورکیا و ئێران، لە بەرئەوە کە ئاشکرایە داگیرکەری ئێران بە شێوەیەکی ئاوتوماتیکی داگیرکەرانی عێراقی و سووری لەخۆوە دەگرێتەوە.
وێرای یارمەتییەکانی ناودەولەتی، یێکینەکانی پاراستنی گەل و هاوپەیمانانیان توانیویانە سەرکەوتنی مەزن وەدەست بخەن و کوردستانی ڕۆژئاوا بەرەو قۆناخی کۆتایی پاککردنەوە لە دزێو و نامڕۆڤان بگوازنەوە. سەرراست کردنەوەی پانتایی کوردستانی ڕۆژئاوا دەتوانێ بە تۆسقاڵێک مشوور و عاقڵمەندی لە لایەن کوردستانی باشوورەوە ببێت بە، بەهێزترین ئامرازی سیاسی لە ئاستی ناودەوڵەتییەوە بۆ پێکهێنانی کیانی سەربەخۆتی نەتەوەیی. هەر بۆیە داگیرکەری ئێران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە دەگەڵ ئەو سەرکەوتنە نیە. هەر بۆیە داگیرکەری تورکیا بە بیانووی هێرش بردن سەر داعەش هەڵیکووتایە سەر هێزەکانی پاراستنی گەل و هەر بەو زووییانە، هێرش دەباتە سەر یێکینەکانی پاراستنی گەل لە کوردستانی ڕۆژئاوا. واتە، داگیرکەر دەزانێ چۆن و بە چ شێوازێک هێرش بەرێتە سەر کاریگەرترین ئاڵقەی کیانی سیاسی نەتەوەی کورد.
لە پێوەندی دەگەڵ ڕوانگەی داگیرکەر پێویستە ڕوانگەی نەتەوەیی ئەو دۆخە بخەینە بەرچاو. ئەوەی داگیرکەر بۆ نەتەوەی کورد و کوردستانیان دەخوازێ، لە دژی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەییە. بە پێچەوانە، ئەوەی لەلایەن داگیرکەرەوە بۆ نەتەوەی کورد حەرامە، ئەوە بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەییە. ڕاست و درووستی ئەو پۆستوولاتەی سەرەوە بە دەیان و سەدان جار بە درێژایی مێژوودا تەجرەبەکراوە، تەجرەبەکردنەوەی دووبارە جگە لە گەوجێتی چیتر نیە! ئەگەر یەکێتی و هاوپەیمانی لەنێوان باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکەران تووشی ئەو سەخڵەتییە بکات، کەواتە بۆ بەرەنگاری دەگەڵ داگیرکەر و پیلانە نامڕۆڤانەکانیەوە، ئەوە تەنیا ئامرازی سەرکەوتنە! واتە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێ ئامرازی سەرکەوتووی پێکهێنانی کیانی سەربەخۆی نەتەوەی کوردە. داگیرکەری فرەڕەنگی کوردستان وێرای گشتی ناکۆکیەکانیان، لە سەر یەک خاڵ کۆکن، ئەویش نەبوونی کیانی نەتەوەی کورد! پێویستە هێزی کوردی و تەنانەت تاکی کورد لەو تەجرەبەیەی داگیرکەران دەرس وەرگرێت و سەرەڕای ناکۆکییەکان دەگەڵ یەکتر، بەکردەوە یەکبوونیان لە سەر ئەو خاڵە گرینگە، واتە “کیانی سیاسی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد” کۆک بن!
ڕێگەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێ “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” یاخود هەر دەزگایەکیتر کە سەرجەمی هێزەکانی کوردستانی لە ژێر چەتری خۆی کۆ بکاتەوە. ئەگەر ئێستا هەست بەو پێداویستییە نەکرێ، بە ڕای نووسەر دەگمەنە لە دۆخێکیتردا هەست بەو پێداویستییە بکرێ! زەمینە و ڕێکخەری ئەو پێداویستییە، وازهێنان لە بەرژەوەندییەکانی کەسایەتی و حیزبییە. پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ گەلی کورد لە هەر چوارپارچە داگیرکراوەکەدا و سەرجەمی هێزەکانی سیاسی نەتەوەی کورد دەتوانێ پێگەیشتوویی سیاسی و مشوور و عاقڵمەندی بنۆێنێ و “کیانی سیاسی سەربەخۆ” بۆ خۆی دەستەبەر بکات؟ زۆر بە دوور نیە کە لە داهاتوویێکی نزیکدا تارمایی وڵامی ئەو پرسیارە دیاربکات. بە هیوای سەرکەوتنی نەتەوەی کورد و کوردستانیان.
جەماڵ عەڵیاڵی